رێبوار حەمەلاو شوانی
ئاڵوزی و تێكچوونی بارودۆخی ئەمڕۆ عێراق و كوژرانی دەیان كەس لە ماوەی تەنها چەند رۆژێكدا بە دەستی هێزە نادیار و دەمامك كراوی بەناو ئەمنیی،پێشهاتە ترسناكن بۆ ئایندەی نزیكی عێراق، و مەترسیدارە لەسەر سەقامكیری عێراق و تەنانەت بوونی عێراق وەكو دەوڵەت.
16ساڵەـ حوكمرانی عێراق، جگە لە ناكۆكی نانەوە، شەڕ ، ناسەقامگیری ، ئاڵۆزی و خراپتربوونی رەوشی تەناهی هیچ جۆرە پێشكەوتنێكی بە خۆوە نەبینیوە، بە شێوەیەك لە سەر ئاستی خزمەتگوزاری ، پەروەردە لە خراپترین دۆخدایە. جگە لەوەش دەستێوەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و كێشەی تائیفی و مەزهەبییەكان وایانكردووە هیچ متمانەیەك لە نێوان پێكهاتەكان نەمێنێتەوە، هەروەها بەنسبەت گەلی كوردیش كە بەردەوام مافە دەستوورییەكانیی پشتگوێ خراوە و هەوڵی پەراوێزخستن و سڕینەوەی دراوە و پاش رووداوەكانی16ی ئۆكتۆبەر، گۆڕانكاری گەورە بەسەر دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستاندا هات و زۆربەی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە ماددەی140ی دەستوور دەیانگرێتەوە كەوتنە ژێردەستی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقی و بارودۆخێكی ناهەموار و ناجێگیر هەموو ئەو ناوچانەی گرتەوە . گومان لەوەدا نییە ئەو هێز و دەسەڵاتەی كە ئێستا فەرمانڕەوایی لەو ناوچانە دەكات هێز و دەسەڵاتێكی نامۆیە بەو خەڵكە، ئەو خەڵكەش رانەهاتووە ئەو جۆرە ژیانە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس بەسەر بەرێت، هەربۆیەش حكوومەتی بەغدا ناتوانێت تاسەر بەردەوامی بەو شێوازە كاركردنە لەو سنوورانە بدات لە كاتێكدا كە باس لە جێبەجێكردنی دەستوور دەكات و خۆیشی باش دەزانێت كە ئەو ناوچانە ئاسایشی تێدا بەرقەرار نابێت ئەگەر بێتو خەڵكەكەی نەگەڕێنەوه سەر ماڵ و ژیانی خۆیان و ماددەی 140 جێبەجێ نەكرێت، بۆیە حكوومەتی بەغدا ناچارە ئەو بارودۆخە ئاسایی بكاتەوە و بە درێژایی مێژووش، عێراق وەكوو دەوڵەتێك لە رۆژی دامەزراندنیەوە، هەرگیز سەقامگیر نەبووە لە سایەی نكۆڵی كردن لە مافە رەواكانی گەلی كوردستان و هەمیشە كەركووك چەقی ململانێ بووە و هەر دەمێنێت تا یەكلایی دەكرێتەوە، بۆیە كەركووك پارویەكی ئاسان نییە و یارییەكەش كۆتایی نەهاتووە و ناوچەكە بەگشتی لە گۆرانكاریدایە و بەشێكی زۆری ئەو ململانێ نێودەوڵەتی و كێشمەكێشە هەرێمایەتییە لە سەر خاكی سوریا و عێراق بەرێوە دەچێت یەكلایی دەكرێنەوە . ئەگەرچی لە ئیستادا لە هەموو لایەكەوە گەل و خاكی كوردستان بە شێوازی جۆراوجۆر پەلامار دەدرێن لە ئەنجامی زۆر هۆكار كە یەكێك لەوانە یەكگرتنەوەی بەرژەوەندییەكانی نەیارانی گەلی كوردستانە و لە سایەی سیاسەتی نێودەوڵەتی وڵاتە زلهێزەكان لە ناوچەكەدا، بەڵام ئەو بەرژەوەندییانە تا سەر بە قازانجی ئەو لایەنانە تەواو نابێت كە لە ئێستادا خۆیان بەسەركەوتوو دەزانن . لە لای هیچ كەس و چاودێرێك شاراوە نییە كە هەریەكە لە وڵاتانی توركیا و ئێران بە هاوكاری روسیا و لە سایەی نەبوونی ستراتیجییەتی پێشوەختە و درەنگ بەخۆكەوتنی ئەمریكا رۆڵێكی گەورە و كاریگەریان لە رووداوەكانی ناوچەكە گێڕاوە و تا ئێستاش بەردەوامن لەسەر سیاسەتەكانی خۆیان سەبارەت بە داخوازییەكانی گەلی كوردستان، بەڵام هەریەكە لەو دوو وڵاتە دووچاری چەندین كێشە و گرفتی گەورەن و رەنگە لە ئایندەیەكی نەچەندان دووردا زۆر لەو كێشانە بەجۆرێك گەورە ببنەوە و ببێتە مایەی لە دەستدانی زۆر لە دەسەڵات و هەیبەتیان لە ناوچەكەدا، ئەزموونی گەلان و ناوچەكەش ئەوەمان پێ دەڵێن كە هیچ بارودۆخێك لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نەیتوانیوە تاسەر بەردەوام بێت لەسایەی كایەی دەسەڵات و بەرژەوەندیی نێودەوڵەتی لە ناوچەكەدا، ئەمە لە كاتیكدا روودەدات كە ناكۆكی و ململانێكانی نێوان هەریەكە لە ئەمریكا و روسیا لە لایەك، ئەوروپا و روسیا لە لایەكی ترەوە دەچێتە قوناغێكی دژوارەوە .هەروەها گوشارەكانی ئەمەریكا لە رووی ئابووری و دیپلۆماسی و سیاسییەوە و هەرەشە و هێرشە بەردەوامەكانی ئێران لە سەر ئاستی ناوچەكە ئاماژەیەكی روونن بەوە كە ئیدارەی ئەمەریكا ئامادەكاری دەكات بۆ زیاتر گوشار خستنە سەر ئێران و ئەگەری كشانەوەشی لە رێككەوتنی ئەتۆمی 5+1 لە ئارادایە وئەمەش وایكردووە كە وڵاتانی بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا بیر لە سەپاندنی سزای زیاتر بكەنەوە بۆ سەر ئێران. ئەمریكا جگە لە دۆسیەی ئەتۆمی نیگەرانییەكانی خۆی لە چالاكییەكانی ئێران نەشاردووەتەوە چ لەسەر ئاستی دەستێوەردانی لە كاروباری وڵاتانی ناوچەكە و چ لەسەر ئاستی پەرەپێدان بە موشەكە دوورهاوێژە بالیستییەكانی. جموجوڵە سیاسی و سەربازییەكانی ناوچەكە ئاماژە بەوە دەدەن كە ساڵی 2019 ساڵێكی پڕ لە رووداوی دژوار دەبێت و گورانكاری بەسەر ترازووی هێزدا دێت لەم ناوچەیە. ئەوەی جێگەی بایەخی ئەمریكایە و نەیشاردووەتەوە كە دەبێت حكوومەتی عێراق خۆی لە هەژموونی ئێران دوور بخاتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە كە بەشێكی زۆر لەو گرووپ و لایەنانەی ناو حەشدی شەعبی دژایەتیی خۆیان نەشاردووەتەوە لە بوونی ئەمریكا لە عێراق و ناوچەكە و لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراقدا رۆڵی كاریگەر دەگێڕن، هەربۆیەش لە قۆناغی داهاتوودا عێراق لەبەردەم چەندین ئەگەری كراوەدایە و رەنگە قۆناغێكی تری ئاڵۆزی گۆڕەپانی سیاسیی عێراق بگرێتەوە و سەر لەبەری بارودۆخەكە بگۆڕێت، هەر بۆیە دەبێت حكوومەتی بەغدا بارودۆخی كەركووك و ناوچەكانی تر ئاسایی بكاتەوە بۆ پێش رووداوەكانی 16 ی ئۆكتۆبەر. هەربۆیە، گوشارەكان و دوورخستنەوەی ئێران لە نێو جومگەكانی حوكمرانی عێراق بەردەوام دەبن و هەروەها خۆپیشاندان و نائارامییەكانیش بەشێكن لەو كاریگەرییە هەژموونگەراییەی ئێران كە چەندین ساڵە بۆتە هۆی دواكەوتوویی و فەشەلهێنانی رەوشی سیاسی _ ئابووری عێراق.
كەواتە بارۆدۆخی ئەمڕۆی عێراق بەرپابووی ئاڵۆزی و خۆپێاندان دەرەنجامی كێشەی كەڵەكەبووی چەندساڵەی پێشووە كە ئەمڕۆ حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی تێی كەوتووە و باجەجەی دەدات. بێگومان ئاڵۆزی و نالەباری دۆخی ئەمڕۆی عێراب لەبەرژەوەندی عێراق و عێراقییەكاندانییە و پێویستە حكوومەتی عادل عەبدولمەهدی ژیرانە بیر لە چۆنیەتی چارەسەر كردنی كێشەكانی بكات، بەشێوەیەك كە لە بەرژەوەندی خەڵكی عێراقدابێت.










