مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆكی بۆردی ئەمیندارانی زانكۆی ئەمەریكی كوردستان لە دهۆك، لە یەكەم ئاهەنگی دەرچووانی خولی یەكەمی زانكۆكە وتارێكی پێشكەش كرد.
لە وتارەكەیدا مەسروور بارزانی ڕای گەیاند،” خۆشحاڵم وەك دەرچووێكی زانكۆی ئەمەریكی لێرەدا بەشدار دەبم، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوو زانكۆكەكە پێشكەوتنی بەخۆیەوە بینیوە و بووەتە هیوای نەوەكانمان”.
سوپاسی سەرۆكی زانكۆكەكەی كرد و رای گەیاند، لە بارودۆخێكی سەخت توانی گرنگی بە پێشخستنی زانكۆ و پرۆسەی خوێندن و پێگەیاندنی نەوەكانی ئێمە بدات.
سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستانیشی كرد و گوتی: “سوپاسی برای بەڕێزم، نێچیرڤان بارزانی دەكەم، كاتێك سەرۆك وەزیران بوو، پشتگیری خوێندنی باڵا كراوە”.
مەسروور بارزانی، سوپاسی سەرۆك بارزانیشی كرد، كە لە كاتێكی سەختدا سەركردایەتی هەرێمی كوردستانی كرد و لە سایەی خەبات و تێكوشان و قوربانیدانی ئەودا، نەوەكانی ئێمە پێگەیشتوون.
سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەش كرد، زانكۆكە لە ماوەیەكی كەمدا پێشكەوتنی زۆری بە خۆیەوە بینیوە و ئێستا 645 قوتابی هەیە. هەروە ئاماژەی بەوە كرد، یەكێك لە ئەركەكانی حكوومەت لە كارنامەی كابینەی نۆیەم، گرنگیدانە بە كەرتی خوێندنی باڵا و بەرزكردنەوەی ئاستی توێژینەوەی زانستی لە هەرێمی كوردستان و گرنگی تایبەت بە پێشخستنی ئەو كەرتە دەدەن.
بەجێگەیاندنی ئەو ئەركانەش، پەیوەستە بە باشبوونی رەوشی ئابووری و هیوای خواست كێشەكان لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم بتوانێت خزمەتێكی باشتر پێشكەش بە هاووڵاتیان بكات.









