ئامادهكردنی – بڕیار كۆیی:
لە ڕۆژی 1993/9/14 بە ئامادەبوونی جەنابی سەرۆك بارزانی و بە سەرپەرشتی ژمارەیەك لە كەسایەتی و ڕووناكبیر و نووسەری كورد كۆنگرەی 90ساڵەی لە دایكبوونی بارزانیی نەمر لە پیرمام بەڕێوەچوو و ماوەی4 رۆژی خایاند، بەپێی گوتەی مومتاز حەیدەری كە خاوەنی بیرۆكەكە و یەكێك بووە لە ڕێكخەرانی كۆنگرەكە ئەمە یەكەمین كۆنگرەی سیاسی و نەتەوەیی و زانستیی بووە لەسەر ئاستی كوردستان، لە ماوەی چوار ڕۆژی كۆنگرەكەدا چەندین گوتار و پەیام و لێكۆڵینەوە سەبارەت بە بارزانیی نەمر پێشكەشكران و دواتر لە دووتوێی كتێبێكدا بڵاوكرانەوە، حەیدەری ئاماژە بە ئەوە دەكات كە جەنابی سەرۆك بارزانی لە هەر چوار ڕۆژەكەدا ئامادەی كۆنگرەكە بووە و بەردەوام سەرقاڵی نووسینی تێبینی و زانیارییەكان بووە، وێڕای خستنەڕووی وردەكاری چۆنیەتی ئامادەكردن و بەڕێوەچوونی كۆنگرەكە لەسەر زاری خاوەنی بیرۆكەی كۆنگرەكەوە،(خەبات) چەند گوتارێكی گرنگی چەند كەسایەتییەكی بەشداربووی كۆنگرەكەدا بڵاودەكاتەوە.
بیرۆكەكە چۆن بە جەنابی سەرۆك بارزانی گەیشت؟
مومتاز حەیدەری نووسەر و مێژوونووس و توێژەری كورد لە دیدارێكی تایبەتیدا لەگەڵ (خەبات) وردەكاریی چۆنیەتی درووستبوونی بیرۆكەی كۆنگرەكە و سەرپەرشتیكردن و بەڕێوەبەردن و ناوەڕۆكی كۆنگرەكەی ئاشكرا كرد، سەبارەت بە بیرۆكەی رێكخستنی كۆنگرەكە گوتی: من وەك هاووڵاتییەكی كورد وەكو قەڵەمێك ئەوەی هەستم پێكرد گەورە مرۆڤەكان لە جیهاندا ئەوەندەی یادی كۆچی دوایی دەكەنەوە یادی لە دایكبوونی ناكەنەوە، بەڵام سەبارەت بە كورد ڕەوشێكی سیاسی و دژوار و نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی دواكەوتوو بەڕێوەچووە گەورەترین ئەو مرۆڤانەی كە ڕۆڵێكی گەورەیان گێڕاوە لە دواڕۆژدا ڕۆژی لە دایكبوونیان تۆمارنەكراوەو زۆرینەی هەرە زۆرییان نەبووەتە دیاردەیەكی كۆمەڵایەتی لە مێژوو و ڕەوتی گەلی كوردستاندا بە هەموو بەشەكانییەوە، من بۆ یەكەمجار لە ساڵی1970 پێشنیاری ئەوەم كرد یادی70 ساڵەی شاعیری نیشتیمانپەروەری كورد “ڕەمزی مەلا” بكرێتەوە، لقی یەكێتیی نووسەرانی كورد لقی سلیمانی بە سوپاسەوە پێشنیارەكەمیان قبوڵكرد و یادەكەیان كرد، هەرچەند منیش بانگهێشت نەكرام، بەڵام ئەوەیان بابەتێكی ترە، دواتر سەیرمان كرد لە دوای ڕاپەڕینەوە دەرفەتێكی گەورە هاتە پێش، ئێمەش ژمارەیەك مرۆڤی گەورە بە هەردوو ڕەگەزییەوە كە تا ئێستا یادی لە دایكبوونیان ناكرێتەوە بەڵكو ڕۆژی كۆچی دواییان باس دەكرێت، ئەوەبوو لە ساڵی1993 لە 1ی ئاداردا كەناڵی كوردستان تیڤی هات چاوپێككەتنێكیان لەگەڵ من ئەنجامدا بۆ ئەوەی كە یادی كۆچی دوایی بارزانییان كرد، لەوێ ڕەخنەم گرت و پڕۆژەیەكم پێشكەشی جەنابی بارزانی كرد كە ساڵی 1993بكرێتە ساڵیادی 90ساڵەی لە دایكبوونی “بارزانیی نەمر” و 95ساڵەی دەرچوونی ڕۆژنامەی كوردستان كە لە پڕۆژەكەدا تۆمار كراوە”.
حەیدەری درێژە بە باسەكە دەدات و ئاماژەی بە ئەوە كرد كاتێك كە رێزدار سەرۆك بارزانی لە ڕێگای تیڤییەكەوە گوێبیستی ئەم پڕۆژەیە دەبێت دەپرسێت و پاشان دەڵێت كارەكە ئەنجام بدەن و سیاسەتمەداری كۆچكردووی كورد فەلەكەدین كاكەیی ڕادەسپێرێت كە سەرپەرشتی كارەكە بكات. گوتیشی: دواتر كاك فەلەكەدین كاكەیی هات لەگەڵم دانیشت و گوتی چی بكەین باشە؟ گوتم كەوایە لیژنەیەك دروست دەكەین. گفتوگۆمان كرد و ئەو بوو بە سەرۆكی لیژنەكە و من بووم بە سكرتێری لیژنەكەو دەستنیشانی ئەندامان كرا كە دكتۆرە شوكریە ڕەسوڵ و دكتۆر خەلیل ئیسماعیل و مامۆستا مەجید حەداد و مامۆستا حەسەن و مامۆستا حەمە كەریم هەورامی، ئەو پێنج كەسە بووینە لیژنەی ئامادەكاری كۆنگرەی 90 ساڵەی لەدایكبوونی بارزانی و دواتر لە دوای مانگی سێوە دەستمان بە كارەكانی پڕۆژەكە كرد، خۆی دەبووا ئەم پڕۆژەیە لە 14ی 3ی ئەو ساڵە بكرێت، بەڵام پاشان چەند مانگێك دواخرا، دواتر كە لیژنەكە دانرا یەكەم كاری لیژنەكە بانگەوازێكی نەتەوەییمان بڵاوكردەوە و خاڵەكانمان دەستنیشان كرد كە كۆنگرەیەكی وا دەبەسترێت، بەڵام كاتەكەمان دیاری نەكرد و بۆ ماوەی دوو مانگ هەر نووسەرێكی گەورە، هەر ئەكادییمیەك یان سیاسییەك بابەتێكیان لەبارەی جەنابی مستەفا بارزانیی نەمر “بارزانی و سوپا، بارزانی وەكو پێشمەرگە، بارزانی وەكو سەكردە…هتد” كۆمەڵە باسێكن، ئەو شتانە لە كۆنگرەكە كراوە دواتر وردە وردە باسمان بۆ هات، ئێمە باسەكانمان دەخوێندەوە و هەموویان كورد بوون، بەڵام زۆربەیان لە دەرەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان بوون، زۆربەیان كەسانی ئەكادیمی و نیشتیمانپەروەر و سیاسی و نەتەوەپەروەر بوون”.
ژمارەیەكی زۆر لە كەسایەتیی ناسراوی كورد لە زۆرینەی حزبە كوردییەكان ئامادەی بوون
مومتاز حەیدەری تیشكی خستە سەر سەرەتاكانی ئامادەكاری بۆ كۆنگرەكە و گوتی: دوای ئەوەی هەموو كارەكانمان تەواو كرد، بڕیاردا دوای یادی 11ی ئەیلول واتە شۆڕشی ئەیلوول بخرێتە ڕۆژی 14ی 9ـەوە، بۆ یەكەمینجار لە مێژووی نەتەوەیی و شارستانییەتی كورد دا یەكەمین كۆنگرەی نەتەوەی/ زانستی لە یادی90 ساڵەی لەدایكبوونی بارزانی نەمر ئەنجامدراوە، كە ئەمەش بووە دەستپێشخەرێكی باش، لەو كۆنگرەیەشدا بۆ ماوەی4 ڕۆژی نزیكەی50 بابەتی پڕا و پڕ هەموو ڕەهەندەكانی تایبەت بە ژیانی بارزانی نەمر كە یەكەم بابەتی كۆچكردوو “عەزیز محەمەد” بوو كە بە زمانێكی عەرەبی بوو، بابەتێكی كۆمەڵایەتی و زانستی و سیاسی و نەتەوەی پڕا و پڕ بوو، ڕۆژی دواتر ڕۆژنامەی خەبات بابەتەكەی عەزیز محەمەدییان بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی بڵاو كردەوە. لەو4 ڕۆژەدا كەسانی وەكو دكتۆر فوئاد مەعسوم و مامۆستا كەریم مەحموود و مامۆستا جەلیل و ناهیدە شێخ سەلام…هتد، هەركەس بابەتی خۆی پێشكەش كرد، تاوەكو ئێستاش كۆنگرەی لەم شێوەیە نەكراوە كە هەموو لایەنەكان تێیدا بەشدار بن و زۆر بە جوانی و زۆر بابەتیانە بەڕێوە بچێت.
ڕوونیشكردەوە كە “ئامادەبووان هەموو بە ڕاستگۆیی و بە قەناعەتەوە قسەكانیان كردووە لە دوای كۆنگرەكە4 ڕۆژ دواتر بەیاننامەی كۆتایی دەرچوو كە لە ئەو كۆنگرەیەدا چی كراوە و چی نەكراوە و ئەنجام و گرنگییەكانی ئەو كۆنگرەیە چی بوون تۆمار كراوە و هەموو ئەو دۆكیۆمێنتانە بە نامە لە كتێبی90 ساڵەی لەدایكبوونی بارزانی بە هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی تۆمار كراوە، ئەوەی كە بە كوردی بۆمان هاتبوو وەرمانگێڕایە سەر زمانی عەرەبی و ئەوەشی بە عەرەبی بۆمان هاتبوو كردمانەوە كوردی، ئەو كتێبە زۆر بە كورتی گرنگی ئەو بەیاننامەیە بوو بوو بە خاڵێكی گەش لە مێژووی شارستانیەتی كورددا كە گەورە مرۆڤەكانی كورد یادییان بكرێتەوە.
كۆنگرەی یادی100 ساڵەی لەدایكبوونی بارزانیی نەمر بۆ نەكرا؟
مومتاز حەیدەری ئاشكراشی دەكات كە بیرۆكەی كۆنگرەی یادی100 ساڵەی لەدایكبوونی بارزانیی نەمر لە ئارادابووە و لیژنەشی بۆ پێكهێنراوە بەڵام جێبەجێنەكراوە لەمبارەیەوە وردەكارییەكەی و هۆكاری جێبەجێنەكردنەكەشی خستەڕوو و گوتی: من پێشنیارم كرد و لە پێشەكی كتێبی90 ساڵەدا نووسراوە بەرەو یادی100 ساڵەی بارزانی دیسان سەرۆك بارزانی بڕیارێكییان دەركرد ئەوجارە لیژنەكە بۆ خۆیان دایانمەزراند نەك ئێمە، لیژنەكە پێكهاتبوو لە نوێنەری زۆرینەی حزبە سیاسییەكان، عەزیز محەمەد سەرۆكی لیژنەكە بوو، مەلا حەسەن نوێنەری شیوعی بوو، نوێنەری حزبی ئاشووریشی تێدا بوو، هەموو ڕێكخراوەكان هەتا یەكێتیی زانایانی كوردستانیش نوێنەریان هەبوو، كە موحسین دزەیی و من ئەندام بووین لەگەڵ چەند كەسێكی تر و دیسان كاك فەلەكەدین سەرۆكی لیژنەكە بوو و من سكرتێری لیژنەی یادی100 ساڵەی بارزانی بووم، ئەویش هەموو كەرەستەكانی ئامادە كرا بەڵام كارەساتی 1ی شوباتی بەسەرداهات كە پێشنیارمان كرد بۆ جەنابی سەرۆك بەهۆی ئەو كۆستە گەورەیەوە لەبری كۆنگرە كتێبێك بنووسرێت و ئەوەبوو جەنابی سەرۆك رەزامەندی دا.
حەیدەری دەشڵێ: شانازی بەوە دەكەم كە وەكو كوردێكی سەربەخۆ ئەو پڕۆژەیەم پێشكەشی جەنابی سەرۆك كردووە و كارم تێیدا كردووە كە زۆر بە جوانی جێبەجێ كرا و بوو بە بەشێك لە مێژووی شارستانی كوردیدا لە دەرەوەی حزبایەتی و سیاسەتی حزبەكان.
داوایەك ئاراستەی سەركردایەتی سیاسیی پارتی دیموكراتی
كوردستان دەكرێ
ئەو مێژوونووسەی كورد كە خاوەنی بیرۆكە و یەكێكیش بوو لە ئامادەكارانی كۆنگرەی90 ساڵەی لەدایكبوونی بارزانیی نەمر دەشڵێ: ئامانج لەو كۆنگرەیە ئەوەبوو كە نابێت بارزانیی نەمر تەنیا بەشێك بێت لە پارتی دیموكراتی كوردستان پێویستە بەشێك بێت لە كوردایەتی هەموو سەركردەكانمان بە هەموو نەتەوە و ڕەنگەكانیانەوە دەبێت بەشێك بن لە كوردایەتی نەك تەنیا حزبێكی دیاریكراو.
لەمیانەی دیدارەكەدا مومتاز حەیدەری ئەوەشی ئاشكرا كرد كە رێزدار سەرۆك بارزانی لە هەر چوار ڕۆژی كۆنگرەكەدا ئامادە بووە و بەردەوام تێبینییەكانی نووسیوەتەوە، دەشڵێ: لە یەكێك لە رۆژەكانی كۆنگرەكە جەنابی سەرۆك پەیوەندییەكی تەلەفۆنیی بۆ هاتووە و ڕووخسەتی لە ئامادەكارانی كۆنگرەكە وەرگرتووە بۆ ئەوەی بچێتە دەرەوە و تەلەفۆنەكە وەڵام بداتەوە لە ماوەیەكی كورتدا.
لە كۆتایی دیدارەكەدا حەیدەری گوتی كە پێویستە سەركردایەتی سیاسی پارتی كەمتەرخەم نەبن لە یادكردنەوەی ئەو كۆنگرانە بەڵكو كار بۆ كۆنگرەی دیكەش بكەن.
لە پاش كۆنگرەكە كتێبی كۆنگرەی90 ساڵەی لەدایكبوونی بارزانیی نەمر چاپكرا كە بە سەرپەرشتی و ئامادەكردنی هەریەك لە مومتاز حەیدەر و نەژاد عەزیز سورمێ بووە، لەو كتێبەدا سەرجەمی ناوەڕۆكی كۆنگرەكە و ئەو گوتارە و لێكۆڵینەوانەی كە ماوەی ئەو4 ڕۆژەدا پێشكەش كراون خراوەتە ڕوو كە لەنێویاندا كەسایەتی سیاسیی ناوداری كورد لە زۆرینەی حزبە سیاسییە كوردییەكان هەن، لێرەدا كورتەیەك لە گوتار و پەیامی چەند كەسایەتییەكی بەشداربووی كۆنگرەكە دەخەینە ڕوو.
چەند دێڕێك لە گوتار و پەیامی چەند كەسایەتییەكی ناوداری كورد كە لە كۆنگرەكەدا پێشكەش كراون:
مەحموود زامدار: “لە پێشدا ئەمەوێ ئەوە بڵێم: بۆ بارزانی خۆشەویستە و خۆشەویستی ملیۆنەها كوردی شەیدایە؟ بۆ بارزانی بە مەزنترین سەركردە لەقەڵەم دەدرێ؟ بۆ كە ناوی بارزانی دێ شریتی فیلمێكی درێژی تراژیدیای پڕ لە ئەرژەنگ و كارەسات و هەنگامە و قارەمانێتی و داستانی پێشمەرگایەتی فڕێم فڕێم و بە خێرایی لە بەر دیدەماندا كەرویشكە ئەكا ئەی بۆ تا ئێستاش هەزاران كەس هەن و دەڵێن و راستیش دەكەن كە: نەتەوەی ئێمە لەلای زۆر نەتەوەكانی تر و دامودەزگاكانیان هەر بە بارزانییەوە ناسراون؟ بۆ كە ئەوترێ (بارزانی) هەزاران دیمەن رەنگینە كەوانەی شاخ و دۆڵ و نسرم و لێرەوار و بنار و لووتكە و قەدپاڵ و لاشان و شكەفت و رووبار و كانیاو و جەنگەڵەت دێتە بەر دڵ و دیدە….؟
عەزیز محەمەد : “زەحمەتە قسە لە بارەی مستەفا بارزانییەوە بكرێ و بڕێك لە مافی خۆی پێبدرێ ئەگەر بێ و بناوان و كاروانی تێكۆشانی ئەو نەناسرێ كە دەیان ساڵی خایاند. ئەركێكی ئاوهاش بواری لێكۆڵینەوەیەكی بەتوانایە كە دەستهاوێژ و كتێبخانەیەكی تێروتەسەلیشی لەو بارەیەوە لە پاڵدا بێ نەك بواری بابایەكی رێبوار كەپشت بە بیرێكی كول ببەستێ. بارزانی لە ناو سەختیدا لە دایكبوو هێشتا منداڵ بوو گوێبیستی چەوسانەوە و گرتووخانە بوو و تیایاندا ژیا، واتە دەشێ بگوترێ قاڵبوونی شۆڕشگێرانەی ئەو كەوتبووە پێش هۆشە سیاسی و نەتەوەییەكەی لەسەر سنووری هەردوو سەدە و لەناو ئەو زوڵم و زۆرە سەختەدا لەدایكبوو كە بەرەوڕووی كەسوكار و گەلەكەی ببوو وەك ئەوەی بۆ ئەوە لە داكیبووبێ بەرەنگاری ئەم زۆردارییە ببێتەوە و پاشانیش لێی راپەڕی.
فوئاد مەعسووم: “جەنابی مەلا مستەفای بارزانی یەكێكە لەوانەی لە هەرە سەرەوەیە و لە لووتكەیە بۆیە یادكردنەوەی مەلا مستەفای نەمر شانازییە بە میژووی خۆمان، شانازییە بە رابردووی خۆمان، بە خەباتی خۆمان، من یەكێكم لەوانەی كە شەڕەفی ئەوەم هەبوو چەند جار بە خزمەتی بگەم و هەندێ جار دەرسی زۆر گەورەم لێوەرگرتوو، جارێكیان لە دەرەوە یاداشتێك نووسراوە بۆ كۆنگرەی سەرۆكایەتی عەرەب لەوێ فەقەرەیەك هەبوو دەڵێ ئەگەر مەسەلەی كورد لە عێراق چارەسەر نەكەن كوردستان دەبێتە (قوبرس) من یاداشتەكەم بۆ دەخوێندەوە وەستا و گوتی جارێكی تریش بۆم بخوێنەوە، منیش جارێكی تر بۆم خوێندەوە. گوتی ئەوە كێ نووسیویەتی وتم فڵانە كەس ئیتر سوێندی دام كە هەندێ قسە بوو كە زۆر تووند بوو، گوتی دەبێ پێی بڵێی. چونكە هەڕەشەكردن حدودی خۆی هەیە، وتی ئێستا پێت بڵێم لێت تووڕەببم بڵێم ئەو شاخەت پێدادەدەم، گوتی پێدەكەنی هەڕەشەكەم بە هیچ نازانی، بەڵام پێت بڵێم خۆم دەزانم چ دەكەم وتی دەترسی، وتی بۆیە ئاگاتان لە قسەبێ لە دەرەوە كە شت دەنووسن بە تەوازعەوە بینووسن و وەها تەحدید مەكەن ئێمە لە كوێ و (قوبرس) لە كوێ، بەڕاستی ئەوە تا ئێستا لە گوێم دەزرنگێتەوە”.
سامی عەبدولرەحمان: “من وەكو هەڤاڵێكی رێگای بارزانی وەكو قوتابییەكی ئەو دەمەوێ چەند تێبینی و سەرنجێك دەربارەی ئەم مرۆڤە مەزنە بەشداری لەو كۆنگرەیەدا بكەم، چونكە چەند جارێكی دیكەش بەشداریم كردووە لە یادی بارزانی، لەو باوەڕەدام كە زۆربەی ئەو كەسانەی دەچوونە دیتنی بارزانی هەستیان دەكرد كە لە حزووری پیاوێكی زۆر گەورەن، لە حزووری مرۆڤێكی بە هەیبەتن ئەو هەیبەتەی كە لە دوورەوە هەستی پێدەكرا و دەردەكەوت بەبێ تەكلیف و بەبێ مەزاهر كاتێ جەنابی بارزانی ئیحترامی پێشكەش كەسێك دەكرد هەستت دەكرد كە ئیحترام و وەقاری خۆی زیاتر دەبوو و پتر دەبوو ، پێشمەرگەكانی بارزانی پەیڕەوانی ڕێگای بارزانین لە رێگای دوورەوە لە رێگای سەدەها كیلۆمەتر هەستیان بە حزووری ئەو دەكرد و دەیان گوت چ بە ئاشكرا یا لە دڵی خۆیاندا كاتێ ئەم كارە دەكەم ئایا بارزانی چۆن تەماشای كاری من دەكا بە باش یان بە خراپ رازی دەبێت یان عادز دەبێت”.










