دیمانە – خەبات
لە دیمانەیەكی تایبەت بۆ خەبات، پ.د.ئەحمەد دزەیی سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین- هەولێر رایدەگەیەنێ، ئەمساڵ ساڵێكی جیاواز دەبێت بۆ ئێمە، بە تایبەت كە ئێمە لە قۆناغی خۆئامادەكردنین بۆ جێبەجێكردنی بۆڵۆنا پرۆسیس، هەر چەندە لە كۆلێژی ئەندازیاری ئەم سیستەمە لەمساڵەوە دەست پێدەكرێت. سەرۆكی زانكۆی سەڵاحەدین لەم دیدارەدا باسی چەندین پرس و كێشەو گرفتی پەیوەند بە قوتابی و مامۆستا و خوێندنی باڵا دەكات. ئەمەش دەقی دیمانەكەیە:
❊ بەپێی ساڵنامەی خوێندن ئەمساڵ كەی لە زانكۆی سەلاحەدین دەست بە خوێندن دەكرێت؟
- بەپێی ساڵنامەی زانكۆ كە ئێمە هەموو ساڵێك بۆ ساڵی داهاتوو دایدەنێین، ئەمساڵ لە 9/22 پڕۆسەی خوێندن لە سەرجەم كۆلێژەكانی زانكۆی سەلاحەدین هەولێر دەستپێدەكات. بەڵام دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئەمساڵ ساڵێكی جیاواز دەبێت بۆ ئێمە، بە تایبەت كە ئێمە لە قۆناغی خۆئامادەكردنین بۆ جێبەجێكردنی بۆڵۆنا پرۆسیس، هەر چەندە لە كۆلێژی ئەندازیاری ئەم سیستەمە لەم ساڵەوە دەستی پێدەكرێت.
❊ ئایا بۆڵۆنا پڕۆسس چۆن جێبەجێ دەكرێت و سوودەكانی ئەم سیستەمە چییە؟
- وەك خۆ ئامادەكردنێك بۆ ئەم سیستەمە، ئێمە لە زانكۆی سەلاحەدین ئەمساڵ سیستەمی خوێندن دەكەینە سیمستەر، بۆ ئەوەی لە ساڵی داهاتوو تەواو ئامادەبین بۆ جێبەجێكردنی بۆڵۆنا پڕۆسس. بەپێی ئەم سیستەمە نوێیەی كە بڕیارە لە سەرجەم زانكۆكان جێبەجێ بكرێت قوتابی دەبێتە سەنتەری خوێندن و چالاكییەكان، هەروەها مامۆستایان دەبێ لە پڕۆسەیەكی بەدواداچوونی بەردەوام بێت، هەروەها كاتژمێرەكانی خوێندن رێكدەخرێتەوە بەشێوەیەك كە هەمووی دەبێتە كریدیت. لە چوارچێوەی ئەم سیستەمە قوتابی دەبێت ئەركی خۆی بزانێت و چالاكییەكانی فراوان بكات لە رووی بەشداریكردن و ئامادەكردنی راپۆرت و پێشكەشكردنی سیمینار، بۆ ئەم مەبەستەش مامۆستا بە بەردەوامی پاڵپشتی قوتابی دەكات. ئێمە لە زانكۆی سەلاحەدین-هەولێر نەمانویست پەلەبكەین بۆ ئەم سیستەمە، بەڵكو تەنها ئەمساڵمان كردە ساڵی خۆئامادەكردن و زەمینەخۆش كردن بۆ ئەم سیستەمە.
❊ بەپێی ساڵنامەی خوێندن و سیستەمی سمیستەر، ئایا پشووەكانی خوێندن چۆن دەبێت؟
- بەپێی ئەوەی لەسەری رێكەوتین ئێمە ئەمساڵ پشووەكانمان بەم شێوەیە دەبێت، كە هەفتەیەك بۆ پشووی نێوان هەردوو سمیستەرەكە، هەفتەیەكیش بۆ جەژنی نەورۆز، لەگەڵ جەژنی رەمەزان، لە دەرەوەی ئەوە ئێمە پابەند نابین بەو پشووانەی دیكە بۆ ئەوەی بتوانین بەپێی سیستەمی خوێندن پڕۆگرامەكان تەواو بكەین.
❊ زانكۆی سەلاحەدین- هەولێر ئەم ساڵ پلانی چۆنە بۆ وەرگرتنی قوتابیان؟
- دوای پەسەندكردنی پلانەكەمان لە ئەنجوومەنی وەزارەت، ئێمە ئەمساڵ نزیكەی6000 شەش هەزار قوتابی وەردەگرین، سەرەڕای ئەوەی ساڵانی پێشوو لەم ژمارەیە كەمترمان وەردەگرت و كێشەی باڵەخانەو بەشە ناوخۆییشمان هەبوو. بەپێی پلانەكە زانكۆی سەلاحەدین بە سێ شێواز قوتابی وەردەگرێت. شێوەی یەكەم كە زانكۆلاینە، ئەویش یان لەرێگەی راستەوخۆ و تاقیكردنەوە دەبێت لە هونەرە جوانەكان و راگەیاندن و وەرزش و زانستە ئیسلامییەكان، یانیش بەشێوەی كریدیت. لە زانكۆ لاین4000 چوار هەزار قوتابی وەردەگرین. شێوازی دووەمیش بە پاراڵێڵە، ئەویش1000 قوتابی وەردەگرین، بەڵام دەبێت ئەوە بڵێین راستە بڕێك پارە لە قوتابی وەردەگیرێت، بەڵام جیاوازی نمرەكان بەشێوەیەكی زۆر نییە، بەڵكو چەند نمرەیەك جیاواز دەبێت. هەروەها شێوازی سێیەمیشمان دەبێت ئەویش خوێندنی ئێوارانە، كە نزیكەی1000 هەزار قوتابی وەردەگرین، ئەوانیش چەند بەشێكن لە كۆلیژەكانی پەروەردە و ئاداب و پەروەردەی بنەڕەتی و كارگێڕی و ئابووری. سەرەڕای ئەمانەش نزیكەی150 مامۆستای بنەڕەتی وەردەگرین لە كۆلێژی پەروەردەی بنەڕەتی.
❊ ئەمساڵ ژمارەیەكی زۆری قوتابی وەردەگرن، لەگەڵ ئەوەش لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاری ئەوە هەیە كە داهات دەبێت بگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی، ئایا ئەمە كێشەتان بۆ دروست ناكات لە پرۆسەی خوێندن؟
- ئێمە كێشەمان بۆ دروست دەبێت ئەگەر دەسەڵاتی راستەوخۆی بەكارهێنانمان نەبێت، چونكە كارەكانی ئێمە پێویستی بە پەلەكردنە، بۆیە ئەگەر دەسەڵاتی بەكارهێنانمان نەبێت، دووچاری رۆتیناتی كارگێڕی زۆر دەبینەوە، ئەمەش بەشێكی زۆری كارەكانمان پەك دەخات، بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە دابینكردنی باڵەخانە و بەڕێوەبردنی بەشە ناوخۆییەكان. بەڵام ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا كۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی دارایی كردووە، ئەوانیش تێگەیشتنێكی باشیان هەبووە بۆ تایبەتمەندی كارەكانی ئێمە. لێرەدا دەمەوێت ئەوە بڵێم كە زانكۆ تەنها بەو داهاتە بەڕێوەناچێت كە بەدەستی دەهێنێت، بەڵكو هەموو ساڵێك پێویستی بە داهاتی وەزارەتی داراییە بۆ راییكردنی كارەكانی. ساڵانە9 ملیار تا10 ملیار لە لایەن وەزارەتی داراییەوە دابین دەكرێت، هەروەها نزیكەی4 ملیار داهاتمان دەبێت، كە یەك ملیار بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و وەزارەتی دارایی دەگەڕێتەوە. ئەو سێ ملیارەی لە داهاتی خۆمان بۆمان دەمێنێتەوە زۆر هاوكاری كردووین لە راپەڕاندنی كاروبارەكانمان و پڕۆگرامەكانی خۆمان جێبەجێ دەكەین. ئەگەر100% بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی ئەوە رۆتینیاتی كارگێڕی بەشێكی زۆری كارەكانمان دەوەستێنێت. بۆیە ئێمە داوامان لە وەزارەتی دارایی كردووە سیولەمان لەبەردەست بێت بۆ ئەوەی ئیشوكارەكانی خۆمان جێبەجێ بكەین كە تاوەكو ئێستا هەمووی بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی دارایی بووە. بەپێی ئەو تێگەیشتنەی وەزارەتی دارایی بۆ سەربەخۆیی دارایی زانكۆكان، وا بڕیارە مانگانە برێك پارە بخرێتە بەردەستمان بۆ كەمكردنەوەی ئەم رۆتینیاتە.
❊ ماوەیەكی زۆرە خوێندنی ماستەر و دكتۆرا وەستاوە، ئایا پلان چییە بۆ دەستپێكردنەوەی؟
- خوێندنی ماستەر و دكتۆرا چەند ساڵێك بوو شكستی هێنابوو بەهۆی ئەو مەرجانەی كە دانرابوون بە تایبەتی مەرجی توانستی زمانی ئینگلیزی. دوای بەدواداچوونمان دەركەوت 400 قوتابی ماستەر و دكتۆرا نەیانتوانیوە دەست بە كۆرسی ئەكادیمی بكەن بەهۆی ئەو مەرجەوە. ئەم كێشەیە تا ئێسستاش هەر بەردەوامە، ئێمە وەك زانكۆی سەلاحەدین یاداشتێكمان بەرزكردەوە بۆ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بۆ ئەوەی بتوانین لە 1/10 دەست بە كۆرسە ئەكادیمیەكان بكەینەوە. لەگەڵ دەستپێكردنەوەی كۆرسە ئەكادیمیەكان، سەنتەرەكانی زمان بەگەڕبخرێن بۆ بەرزكردنەوەی توانستی قوتابیانی ماستەر و دكتۆرا بۆ ئەوەی ئاستەكانیان هاوتا بكەن لەگەڵ ئەو ئاستەی لە بڕیار و رێنماییەكان هەیە. چەندین كۆبوونەوە ئەنجام دراوە لەسەر ئاستی یاریدەدەرانی سەرۆك زانكۆكان بۆ ئەوەی رێنمایی نوێ دەربچێت بۆ چۆنیەتی دەستپێكردنەوەی پلانەكانی خوێندنی ماستەر و دكتۆرا، پاشانیش دەبێت ئەم مەرجانە لە ئەنجومەنی وەزارەت پەسەند بكرێت. رەنگە بۆ كۆرسی زستانە بتوانین دەست بە كۆرسەكان بكەین. هەروەها وا بریارە پێداچوونەوە بە مەرجەكان بكرێت لەوانە مەرجی زمان و تەمەن و بڵاوكردنەوەی توێژینەوە و شێوازی سپلیت سایت. هەموو ئەمانە گفتوگۆی لەسەر دەكرێت و رێنمایی تازە دەردەچێت.
❊ ئاڕاستەیەك هەیە پێی وایە سامانێكی زۆر دەچێتە دەرەوە بەهۆی خوێندن لە دەرەوەی وڵات، بەتایبەت لەو زانكۆیانەی ئاستیشیان بەو شێوەیە باش نییە، ئایا چی بكرێت بۆ ئەمە باشە؟
- هۆكاری سەرەكی ئەم دیاردەیە، مەرجی زمانی ئینگلیزیە، كە وایكردووە كەسانێكی زۆر روو لە زانكۆكانی وڵاتانی دەورووبەر بكەن بۆ خوێندن، هەرچەندە ئاستی زانكۆكانی خۆمان لەرووی زانستیەوە زۆر لەوان باشترە. بەڵام ئەمە بۆتە دیاردەیەك، كە تەنها بە كردنەوەی پلانی دكتۆرا و ماستەر دەتوانرێت رێ لەم دیاردەیە بگیرێت.
❊ پلانی چوار ساڵەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەكوێ گەیشت؟
- پلانی چوار ساڵەی وەزارەتی خوێندنی باڵا لە قۆناغی كۆتاییە، من كە سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری پلانی چوار ساڵەم، چەندین وۆرك شۆپمان كردووە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوونەوە بەتایبەت (د.هێمن فازڵ) بۆ ئەوەی روونكردنەوەی شێوازی پركردنەوەی فۆرمەكان و چۆنیەتی ئامادەكردنی پلانەكان. زانكۆكانیش بە رێك و پێكی پلانی چوار ساڵی خۆیان ناردووە كە ئەو پلانانە لە چوار بەش پێكدێت، پڕۆژە بەردەوامەكان، پڕۆژە پێشنیاركراوەكان، رێكارەكانی چالاكیە بەردەوامەكان، رێكارەكانی چالاكیە پێشنیاركراوەكان. هەروەها لەرێگەی ئەو پلانەوە دەرفەتێكمان قۆستەوە ئەویش بەدەستهێنانی ژمارەی فەرمانبەران و ناونیشانی ئەركەكانیان و داهات و خەرجیەكانیان، كە ئەمە زۆر هاوكاریمان دەكات لە داڕشتنەوەی پلانی چوار ساڵی وەزارەتی خوێندنی باڵا. وا بریارە لە ئایندەیەكی نزیك بە ئامادەبوونی وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەم پلانە رابگەیێنرێت.
❊ ئایا پڕۆسەی ریزبەندی نیشتمانی بەكوێ گەیشت؟ پێشبینیتیان چییە بۆ ئاستی ریزبەندی زانكۆی سەلاحەدین- هەولێر؟
- ریزبەندی نیشتمانی بۆ ئەمساڵ كارەكانی خۆی تەواو كردووە، بەڵام چەند رۆژێك دواخرا لەبەر ئامادەكاریەكانی پلانی چوار ساڵە. زانكۆكان هەموو چالاكی و داتاكانی خۆیان داخلكردووە تا مانگی ئەیلوول كە هەژمار ناكرێت. هەروەها ئەمساڵ لیژنەكانی زانكۆكان دەتوانن سەیری داتاكانی خۆیان و زانكۆكانی تریش بكەن. لیژنەی زانكۆی سەلاحەدین بە هەوڵ و ماندووبوونی هەموولایەك كە شایەنی دەستخۆشیە، توانیان داتا و چالاكیەكان داخل بكەن. ئەگەر سەیری ژمارەكان بكەین دەبینین كە ئەمساڵ زانكۆی سەلاحەدین زۆر لە پێش زانكۆكانی دیكەوەیە لە هەموو بەش و پێوەرەكان، بەو هیوایەین بگەینە ئەو دروشمەی كە هەڵمانگرتبوو، ئەویش گەیشتنە بە گروپیA كە بە تەنها لەو گروپە دەبین بەپێی ئەو داتایانەی لە ماڵپەڕی وەزارەت هەیە. هەروەها لیژنەیەك لەسەر ئاستی زانكۆكان پێكدێت بۆ هەڵسەنگاندنی كۆتایی. دەمەوێت دەستخۆشی لە هەموو مامۆستا و فەرمانبەران بكەم كە زانكۆیان بردۆتە پێشەوە. ئەمساڵ ئیمپاكت فاكتەرمان بەشێوەیەكی بەرچاو زیادی كردووە، بەشێوەیەك كە ئیمپاكت فاكتەر ئەمساڵ823 یە لە كاتێكدا پارساڵ 520 بوو. بە هەموو زانكۆكانی دیكەی هەرێمی كوردستان نەیانتوانیوە بگەنە ئەم ژمارەیە. هەروەها لە پێوەری سێیەمیش كە تایبەتە بە بەجیهانیبوونی زانكۆكان ژمارەكەمان زۆر زیاترە لە زانكۆكانی دیكە، بێگومان ئەمەش بە هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستایان و توێژەرانمانە.
سهرهتا چاوپێكهوتن سەرۆكی زانكۆی سەلاحەدین لە دیمانەیەكی تایبەت بۆ خەبات :لە سیستەمی بۆڵۆنا پڕۆسس...










