لە راگەیاندراوێكدا، بانكی ناوەندی عێراق بڵاویكردووەتەوە كە، بە ئامانجی جێبەجێكردنی مەرجی لیژنەی شوێنەوارە جیهانییەكانی یونسكۆ سەبارەت بە لابردنی پاشماوەكان لە شوێنەوارەكانی شاری بابل، یەك ملیار دینار بۆ نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكانی شارەكە تەرخان دەكات. بانكی ناوەندی عێراق ئەوەیشی خستووەتەڕوو لە ماوەكانی داهاتوودا، دوای راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی رۆشنبیری، شوێنەوارەكانی پارێزگای بابل و لایەنە پەیوەندارەكان، پارەكە بۆ نۆژەنكردنەوەی شوێنەوارەكانی شاری بابل خەرج دەكات.
جێی باسە رۆژی هەینی لیژنەی شوێنەوارە جیهانییەكانی یونسكۆ بەكۆی دەنگ بڕیاریدا شاری بابلی شوێنەواری بخرێتە ناو لیستی شوێنەوارە جیهانییەكانی رێكخراوەكە بەو مەرجەی تاوەكو مانگی شوباتی ساڵی داهاتوو پاشماوەكانی لاببردێت. لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاندووە “سەرۆك و جێگر و ئەندامێكی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادەی دانیشتنی خولی 43ی خولی لیژنەی شوێنەوارە جیهانییەكانی یونسكۆ بوون كە لە باكو پایتەختی ئازەربایجان بەڕێوەچوو و تاوتوێی دۆسیەی بابل و دەنگدان لەبارەیەوە بەڕێوەچوو. لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەش دراوە، ئەندامانی لیژنەی شوێنەوارە جیهانییەكانی یونسكۆ كە ژمارەیان 21 كەسە، بەكۆی دەنگ بڕیاریاندا شاری بابلی شوێنەواری بخرێتە ناو لیستی شوێنەوارە جیهانییەكانی رێكخراوەكە.










