خەبات: مەریوان نەقشبەندی:-
لە لێدوانێكی تایبەت بە رۆژنامەی خەبات ستیڤن مانسفیڵد بیرمەند و نووسەری ئەمەریكی ئاماژە بەسیاسەتی ترەمپ لەگەڵ ئێران و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەكات و دەڵێت: ترەمپ بەهێواشی حزبوڵڵا و حوسییەكان و حەشدی شەعبی دەخنكێنێت و لەگەڵ ئێرانێكی نوێدا ڕێكدەكەوێت.
ستیڤن مانسفیڵد كە نووسەرێكی ئەمەریكی بەناوبانگە و بەرهەمەكانیشی پڕفرۆشترین كتێبەكانی جیهانن و كتێبێكیشی لەسەر كوردستان بەناوی (موعجیزەی كورد) نووسیوە لە درێژەی لێدوانەكەیدا بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی: ئێرانییەكان لەهەر تاقمێكی تری ئیسلامییەكانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست شارەزاترن لە مامەڵەكردن لەگەڵ ئەمەریكا، بۆیە دۆناڵد ترەمپ كاتی زیاتری دەوێت بۆ تەسلیمبوونی ئێران و بەرپرسە باڵاكانی ئەم وڵاتە.
ستیڤن مانسفیڵد كە چەند كتێبێكیشی لەسەر سیاسەتەكانی بوشی باوك و بوشی كوڕ و ئۆباما نووسیوە و لە ئێستاشدا سەرقاڵی نووسینی كتێبێكە لەسەر دۆناڵد ترەمپ، لە درێژەی لێدوانە تایبەتەكەیدا بۆ رۆژنامەی خەبات دەڵێ: ئیدارەی ترەمپ كارێكی ژیرانەی كرد كاتێ وەڵامی گێچەڵی ئێرانییەكانی بەخستنەخوارەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی ئەمەریكی بەكردەوەی سەربازی نەدایەوە، چونكە ئێران رۆژ لەدوای رۆژ گوشاری ئابووری و سزاكانی سەری زیاتر تەنگی پێهەڵدەچنێ و نایەوێ لەكاتی لاوازیدا و لەناو ناڕەزایی و بێكاری ئێرانییەكان و شكانی یەكجارەكی ئابووری وڵاتەكەی بچێتە شەڕەوە لەگەڵ ئەمەریكا، بەڵكو دەیەوێ لەم بارودۆخە ناسەقامگیرە سیاسییەی ناوچەكەدا ئەمەریكا راكێشێ بۆ شەڕ، بەو هیوایەی رای گشتی ناوچەكە و جیهان بۆ بەرژەوەندی خۆی بقۆزێتەوە. بەڵام ئیدارەی ئەمەریكا ژیرانەتر مامەڵە دەكات و دەیەوێ كلك و گوێكانی ئێران لە لوبنان و یەمەن و سووریا و عێراق ببڕێت و وردەوردە ئێران بەسزاكانیش بخنكێنێت تا ئەو رادەی بەرپرسانی ئێران خۆیان تەسلیمی ئیرادەی واشنتن دەكەن و ئەو ئێرانە مولتەزیمە دەبێت كە نە چەكی ئەتۆمی بەرهەم دێنێت و نە دەبێتە هەڕەشەش لەسەر ئاسایشی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.










