خەبات: زانكۆ جاف:-
ڕۆژنامەی (فاینانشیاڵ تایمز)ی ئەمەریكی لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئەمەریكا و توركیا كە بەهۆی مووشەكی بەرگریی S400 و فڕۆكەی جەنگیی F35ەوە ئاڵۆز بووە، راپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوە و پێی وایە راستە ئەمەریكا پەیامێكی زۆر نەرمی بە توركیا داوە لەو ڕووەوە، بەڵام رەنگە بە لەسەرەخۆیی و لە داهاتوودا پەیوەندیی نێوان ئەو دوو وڵاتە بگاتە ئاستێكی خراپ و كارەساتیشی لێ بكەوێتەوە. بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی بلۆمبێرگی ئەمەریكی كە لە سەرچاوەی توركییەوە دەستیكەوتووە، ئەگەر ئەمەریكا فڕۆكەی شەڕكەری جۆری F35 بە ئەنقەرە نەفرۆشێت، بیر لە كڕینی فڕۆكەی جەنگیی رووسی دەكاتەوە.
ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكان
ڕۆژنامەی (فاینانشیاڵ تایمز)ی ئەمەریكی لەبارەی پەیوەندیی نێوان ئەمەریكا و توركیا كە بەهۆی مووشەكی بەرگریی S400 و فڕۆكەی جەنگیی F35ـەوە ئاڵۆز بووە، راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە و پێی وایە راستە ئەمەریكا پەیامێكی زۆر نەرمی بە توركیا داوە لەو ڕووەوە، بەڵام رەنگە بە لەسەرەخۆیی و لە داهاتوودا پەیوەندیی نێوان ئەو دوو وڵاتە بگاتە ئاستێكی خراپ و كارەساتی لێ بكەوێتەوە. ڕۆژنامەكە باسی لە كۆبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ و رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری هەردوو وڵات دەكات لە كۆبوونەوەی لووتكەی G20 كە لەوێدا ترەمپ رازی بووە توركیا ببێتە خاوەنی مووشەكی بەرگریی S400 بەڵام ئەم بابەتە لێرەوە كۆتایی پێ نایەت. لە راپۆرتەكەدا هاتووە “راستە ئەردۆغان زۆر دڵخۆش بووە كاتێك كۆبوونەوەی لەگەڵ ترەمپدا ئەنجام داوە، چونكە پەیامی خۆشی لە ترەمپەوە وەرگرت، بەڵام ئەگەر ئەردۆغان زۆر باوەڕ بە ترەمپ بكات بەوەی هەموو شتێك لە توركیا قبووڵ دەكات و نەرم بووە بەرامبەری، ئەوە بیركردنەوەیەكی عاقڵانە نییە.”
سەركەوتنێكی گەورە بۆ ڤلادیمیر پوتین
رۆژنامەی فاینانشیاڵ تایمز لە درێژەی شڕۆڤەكەیدا نووسیویەتی: كڕینی مووشەكی بەرگریی S400 لە ڕووسیا لەلایەن توركیاوە، وەكوو سەركەوتنێكی گەورە لێكدەدرێتەوە بۆ ڤلادیمیر پوتین سەرۆكی ڕووسیا بەرانبەر بە وڵاتانی ناتۆ، چونكە كڕینی ئەو مووشەكە لەلایەن توركیاوە، حیساب بۆ نەكردنی چەكەكانی وڵاتانی ئەندامە لە ناتۆ، هەروەها ئەگەر ئەو مووشەكە بەرگرییە لە توركیا جێگیر بكرێت، ئەوكات ڕووسیا بەهێزترین چەكی ناتۆ كە فڕۆكەی جەنگیی F35 دەخاتە ژێر دەزگا هەواڵگرییەكانی خۆیەوە، واتە بە مووشەكی بەرگریی S400 دەتوانێت زانیاری لەسەر ئەو فڕۆكە جەنگییەی ناتۆ كۆ بكاتەوە. لەلای خۆیەوە حكوومەتی توركیا هۆشداریی دەداتە ئەمەریكا بەوەی ئەگەر فڕۆكەی F35 بە توركیا نەفرۆشێ، ئەوا توركیا فڕۆكەی رووسی دەكڕێت.
هۆشدارییەكانی توركیا
حكوومەتی توركیا هۆشداریی دەداتە ئەمەریكا بەوەی ئەگەر فڕۆكەی F35 بە توركیا نەفرۆشێ، ئەوا توركیا فڕۆكەی رووسی دەكڕێت. بەهۆی كڕینی سیستەمی مووشەكیی S400 لەلایەن توركیاوە، پەیوەندییەكانی ئەنقەرە و واشنتن ئاڵۆزی تێكەوتووە و ئەمەریكا هەڕەشەی ئەوە دەكات، كە ئەگەر توركیا ئەو مووشەكە بكڕێ، ئەوا فڕۆكەی F35ـی پێ نافرۆشێ. ماڵپەڕی RTی رووسی لە زاری سەرچاوەیەكی حكوومەتی توركیا بڵاوی كردووەتەوە، كە ئەگەر ئەمەریكا ئەو فڕۆكەیە بە توركیا نەفرۆشێ، ئەوا توركیا بیر لە كڕینی فڕۆكەی جەنگیی رووسی دەكاتەوە. لە ساڵی 2017 ئەنقەرە رێككەوتنێكی لەگەڵ مۆسكۆ واژۆ كرد بۆ كڕینی سیستەمی S400 كە پێشكەوتووترین سیستەمی دژە مووشەكی و دژە فڕۆكەیە و لە رووسیا درووست دەكرێت. ئەمەریكا چەند جارێك هۆشداریی داوەتە توركیا و رایگەیاندووە، لە ئەگەری كڕینی ئەو مووشەكە رووسییە، چەندین سزا بەسەر توركیادا دەسەپێنێت.
سزادانی توركیا
بەرپرسانی ئەمەریكی بە ڕۆیتەرزیان گوتووە بەڕێوبەرایەتییەكەی سەرۆكی ئەمەریكا دانۆڵد ترامپ هێشتا پلان دادەنێت بۆ سەپاندنی سزا بەسەر توركیادا و دەركردنی ئەو وڵاتە لە پڕۆگرامی فڕۆكەی جەنگی ئێف 35 دا، ئەمەش ئەگەر توركیا سیستمی بەرگری موشەكی رووسی ئێس 400ی دەست بكەوێت. ئەردۆگان دوای چاوپێكەوتنەكەی لەگەڵ ترامپدا لە ژاپۆن وتی وڵاتەكەی ڕووبەڕووی سزای ئەمەریكا نابێتەوە كاتێك سیستمە بەرگرییە موشەكییە ئێس 400ە رووسییەكەیان لە ڕۆژانی داهاتوودا بەدەست دەگات. ترامپ لەمیانەی چاوپێكەوتنەكەیدا لەگەڵ ئەردۆگان وەڵامی ڕۆژنامەنووسانی نەدایەوە كاتێك چەند جارێك لێیان پرسی ئایا ئەمەریكا سزا دەسەپێنێت بەسەر توركیادا یاخود نا.
توركیا ڕووبەڕووی سزای ڕاستەقینە و زۆر خراپ دەبێتەوە
بەڵام بەرپرسانی حكوومەتی ئەمەریكا بە ڕۆیتەرزیان گوت بەڕێوبەرایەتییەكە بەنیازە سزا بسەپێنێت بەسەر توركیادا و لە پڕۆگرامی فڕۆكەی جەنگی ئێف 35 بیكاتە دەرەوە، ئەمەش لەكاتێكدا ئەگەر سیستمی ئێس 400ی رووسیی وەربگرێت. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا وتی ئەمەریكا هەمیشە بەڕوونی جەختی لەوە كردۆتەوە ئەگەر توركیا بەردەوام بێت لە كڕینی سیستمی ئێس 400 ئەوا ڕووبەڕووی سزای ڕاستەقینە و زۆر خراپ دەبێتەوە، لەوانەش ڕاگرتنی فرۆشی و بەشداریكردنی لە پڕۆگرامی ئێف 35 داو بەپێی یاسای بەرەنگاربوونەوەی دوژمنانی ئەمەریكا سزای بەسەردا دەسەپێنرێت. هەروەها لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریكاش كۆلۆنێڵ مایك ئاندروزی وتەبێژی هێزی ئاسمانی گوتوویەتی “هیچ شتێك نەگۆڕاوە” ئەوەشی ئاشكراكردووە كە كڕینی سیستمی بەرگری موشەكی رووسی ئێس 400 لەلایەن توركیاوە لەگەڵ پڕۆگرامی ئێف 35دا یەك ناگرێتەوە، ڕێگە بە توركیا نادەین هەردوو سیستمەكەی هەبێت.
بازاڕی چەكی رووسیا
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی بلۆمبێرگی ئەمەریكی كە لە سەرچاوەی توركییەوە دەستیكەوتووە، ئەگەر ئەمەریكا فڕۆكەی شەڕكەری جۆری F-35 بە ئەنقەرە نەفرۆشێت، بیر لە كڕینی فڕۆكەی جەنگیی رووسی دەكاتەوە. سەرچاوەیەكی توركی بە ئاژانسەكەی گوتووە: ئەگەر توركیا لە پرۆگرامی F-35 دووربخرێتەوە، بەدوای جێگرەوەدا دەگەڕێین و دوور نییە فڕۆكەی شەڕكەری رووسی بێت. هەروەها دەست بە دیزاینی فڕۆكەی شەڕكەر و مووشەكی بالیستی دەكەین كە لە ناوخۆدا بەرهەمبهێنرێت. پێشتر وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا بەهۆی رێككەوتنی كرینی سیستمی مووشەكیی بەرگریی ئاسمانی ئێس – 400ـی رووسیا رایگەیاندبوو: فڕۆكەی ئێف – 35 بە توركیا نافرۆشن، چونكە ئەگەر ئەو سیستمە مووشەكییەی رووسیا بكڕێت، پێدەچێت مۆسكۆ بەو رێگایە زانیاریی لەسەر فڕۆكە شەڕكەرە ئەمەریكییەكە دەستكەوێت كە نوێیە و لە نەوەی پێنجەمە.
بەرپرسانی توركیا كە رێگەیان نەداوە بلۆمبێرگ ناویان بنووسێت گوتوویانە: ئەنقەرە سیستمی ئێس – 400ـی رووسی بە باشتر دەزانێت لە سیستمی پاتریۆتی ئەمەریكی، مووشەكە رووسییەكە دەتوانێت ئەنقەرەی پایتەختی توركیا و گەورە شاری ئیستانبوڵ بپارێزێت. لە بەرامبەریشدا توركیا چاوەڕێی سزای ئەمەریكایە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بە پارچەی یەدەگ و كەرەستەی ئەو چەكە ئەمەریكیانەی لە بەردەستی سوپای توركیا دایە.










