زینۆ كاكەیی
هەرێمی كوردستان چەند مانگێك دوای ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمان و دوای وتارە مێژووییەكەی جەنابی سەرۆك لە كۆیە كە فەرمووی ( ئێمە دەبێ بەزووترین كات هەڵبژاردن بكەین و حكوومەت و پەرلەمانمان هەبێت) ئەمە یەكەمین ئاماژەی بنیاتنانی حكوومەتێكی دیموكراسی فرەیی بوو كە ڕێخۆشكەر بوو بۆ گەشەكردن و سەقامگیركردنی سیستمی سیاسی.
لەماوەی پێكهێنانی كابینە یەك لەدوای یەكەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا ڕێزدار نێچیرڤان بارزانی لەهەموو قۆناغە جیاوازەكاندا سەرۆكایەتی زۆرترین كابینەی حكوومەتی كردووە، كوردستان لەو ماوەیەدا بووژانەوەیەكی ئابوری گەورەی بەخۆیەوە بینی ، زۆرترین پڕۆژەی وەبەرهێنان لەهەموو بوارەكاندا و ڕاكێشان و ڕێ خۆشكردن بۆ وەبەرهێنەرانی بیانی بۆئەوەی دەستیان هەبێ لەئاوەدانكردنەوەی كوردستاندا لەسەردەستی بەڕێزیان بوو ، بۆیە دەبینین ئێستا كوردستان لەڕووی ئاوەدانییەوە بەیەكێك لە ئاوەدانترین ناوچەكانی ڕژهەڵاتی ناوەڕاست دەژمێردرێت ، هەر بۆیە بۆیەكەمجار هەولێر بە (پایتەختی گەشتیاری وڵاتانی عەرەبی ) دەسنیشانكرا.
یەكێكی تر لەو سێكتەرە گرنگانەی كە بەڕێزیان بوێرانە دەستی بۆبرد مەسەلەی مافەكانی ئافرەت بوو، پێشتر بەهۆی خراپی بارودۆخی كۆمەڵایەتی و سیاسی و بەبیانوی نامووس پارێزی بابەتی ژن كوژی بووبووە دیاردە ، ئەمەش بەخراپ لەسەر دۆزی كورد لە دەرەوە دەكەوتەوە ، بەڵام بەڕێزیان بەچەند قۆناغێك ئەم دیاردە قیزەونەی بەنەبڕكرد ، ئەویش بە كردنەوەی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان ، بەستنی چەندین كۆنفرانس و پانێل لەمەڕ ئەو پرسە و بەخشینی خەڵات بە چالاكوانانی ئەو بوارە .
یەكێك لە دژوارترین ڕۆژگارەكانی خەڵكی كوردستان لەم دواییانەدا بریتی بوو لە قەیرانی (بڕینی مووچە و بودجەی كوردستان و هێرشی داعش بۆ سەر كوردستان ) كە دەتوانین بڵێین كەم حكوومەت دەتوانێت ئیدارەی وەها قەیرانێك بدات ، بەڕێزیان بەئیرادەیەكی پۆڵاین و بە بەرنامە و پلانی تۆكمە توانی ئەو مەترسییە تێپەڕێنێت و كوردستان لەئەگەری ڕووخانێكی حەتمی ئابووری ڕزگار بكات ، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەندێ وەزیر لەهەندێ لایەن لە حكوومەت كشانەوە و ئەویان بەتەنها بەجێهێشت و ئیدیعای ڕوخاندنی حكومەتەكەیان دەكرد ، بەڵام بەردەوامی و كۆڵنەدانی دەوڵەتمەدار وەهای كرد كە هەر خۆشی ئەم بەهارە بووە مژدەبەخشی نەمانی سیستمی پاشەكەوتی مووچە و بوژاننەوەی ئابووری كوردستان.
لەڕووی سیاسیشەوە لە ڕۆژی ڕەشی16 ی ئۆكتۆبەر كوردستان و حكوومەتەكەی لەبەردەم هەڕەشەی جددی لەناوچووندا بوو ، بەڵام بەڕێزیان ئەو پیلانەی دوژمنانی پوچەڵ كردەوە و بەهەوڵی دیپلۆماسی حیكمەتی حكومڕانی و ئەزموونی چەندین ساڵەی كوردستانی گەڕاندەوە ڕۆژگارە گەشەكانی.
ئێستاش كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە، لەوە دڵنیاین كە كوردستان دوای سەرۆكایەتی سەرۆك بارزانی كەوتە دەستێكی تری ئەمین كە نێچیرڤان بارزانییە، كە قوتابیەتی ژیر و بەئەمەك و وەفاداری جەنابی سەرۆك و قوتابخانەكەی پارتی و بارزانییە ، كوردستان لەچاوەڕوانی دەسكەوت و بووژانەوە و ئاوەدانكردنەوەی زیاتردایە لەسەر دەستی جەنابی دەوڵەتمەدار.










