سەردار حوسێن
پرسی كەركووك و ئەو بارودۆخەی ئێستا لەناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان لە ئارادایە، نەك تەنها كورد، بەڵكو عیراق و ناوچەكە و جیهانیش بەگشتی دەزانێت لە دەرەنجامی ئەو خیانەتە مێژووییە بووە، كە دوای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كورستان و لە 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 ئەنجامدرا، نەوەكو خوودی ریفراندۆم كە نزیك بە 93%ـی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان بە (بەڵی بۆ سەربەخۆیی) دەنگیان پێداوە، بەڵام جێگەی سەرسوڕمانە رۆژنامەیەكی موعتەبەری وەك (كوردستانی نوێ) رێگە بەوە بدات لەنێو لاپەڕەكانیدا ریفراندۆم و خواست و ئومێدی زۆرینەی كوردستانیان بە هەڵەی مێژوویی وەسف بكرێت.!
رۆژنامەی كوردستانی نوێ، زمانحاڵ و ئۆرگانی فەرمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دوای 28 ساڵ تەمەن و لە ژمارەی 7868 رۆژی دووشەممە رێكەوتی 20-5-2019 لە پاشكۆیەكی خۆیدا بەناوی (ئەدگار 66) سەروتارێك بڵاودەكاتەوە لە گۆشەیەك بەناوی (شوخت)، كە سەرلەبەری نووسینەكە پێویستی بە وەڵامدانەوەیە، وەڵامدانەوەش لەبەر گرنگیی نووسینەكە نا، بەڵكو لەبەر ئەو هەستە خۆبەكەمزانییەی هەندێك لە تاكی كورد و نووسەری وتارەكە هەیەتی بەرانبەر دۆزی رەوای گەلەكەی.
سەرتیپ جەوهەر نووسەری ئەو شوختە لەكەدارە، كە هێندەی من بزانم هیچێك لە نووسینەكانی بێ شوخت نین، لەسەرەتای وتارەكەیدا دەڵێت: دۆخی كەركوك تادێت گرژو ئاڵۆزتر دەبێت، داگیركردنی زەویوزار، دورینەوەی بەرهەمی خاكی جوتیاری كورد، روخاندنی خانووی هاوڵاتیانی كورد، هەڵكوتانە سەر دێهات و گەڕەكە كوردەكان..تد. ئەمانە هەمووی دیمەن و روداوەكانی چەندرۆژەی كەركوك بوون!) جارێ ئەم پەرەگرافە سەرەتاییەی وتارەكەی ناوبراو وێڕای هەڵەی زمانەوانی، زیاتر لە شین و واوەیلا دەچێت نەك وتاری سیاسی، بەڵام دەشكرێ بپرسین كێ هۆكاری ئەو هەموو نەهامەتییەیە، كە بەسەر خاك و خەڵكی ئەم ناوچەیە و كەركووكدا هاتووە.؟! لە كەیەوە ئەو داگیركارییە رووی لەم ناوچەیە كردووە.؟! كێ رێگەی بەو هەموو هێزە ناسراو و نەناسراوەدا بێن خاك و ماڵ و ئازادیی كەركووكییەكان داگیر بكەن.؟! هەڵبەت ئەوانە هەر پرسیاری من نین، پرسیاری هەموو كوردستانییانە و وەڵامیش هەر لەلای نووسەری وتارەكەیە، ئەگەر جورئەتی دانپیانانی هەبێت، ئەگەریش نا، هەر دەبێ بەردەوام بن لەسەر ئەم قسانەی تەنها قسەن و هیچكات كرداریان بەدواوە نەبووە و ناشبێت.!
دواتر نووسەری ئەو وتارە دەڵێت: (ئەوەی لەدوای ریفراندۆم رویداوە ئەو راستییە دەسەلمێنێت كە ئەوانەی لە شێنەیی باسی مافی كوردیان دەكرد، دەمامكداربوون و لەڕاستیدا هەر گورگن، لە پێستی مەڕدا). لەم پەرەگرافەیدا كە مەگەر هەر خوا بزانێت مەبەستەكە چییە، دیسان پرسیارێكی دیكە دێتەئارا، ئایا ئەوانە كێن لە شێنەیی باسی مافی كوردیان كردووە لە كەركووك.؟! ئەدی بڕیاردانی كەركووكییەكان لە ریفراندۆم وەڵامی هەموو جیهان نەبوو بەوەی كە نایانەوێ چیتر عیراقی بن.؟! ئەدی كەكووكییەكان بەرلە هەموو كوردستانیان بڕیاریان نەدا كەركووك شارێكی كوردییە بەناسنامە كوردستانیەكەی و خەڵك و نەتەوەی دیكەشی تیادا دەژین.؟! ئێستا منیش مافی ئەوەم هەیە لەو نووسەرە بپرسم: ئەو دەمامكدارانە كێ بوون كە كەركووكیان تەسلیم بە حەشدی شەعبی و سوپای پاسداران كرد و رێككەوتێكی مایەپووچییان لەگەڵ ئیمزاكردن.؟!
نووسەری ئەو شوختە هەر بەوەندەش ناوەستێ و لە بەشێكی دیكەی شوختەكەیدا دەنووسێت: (ئەوەی رودەدات لەخۆڕا نییە، زادەی هەڵەیەكی گەورەی بەشێك لەسەركردایەتی كورد بوو كە دەستیان بۆ ریفراندۆمێكی ناوەخت برد).
بەشی یەكەمی ئەو قسەیە زۆر راستە، بەڵێ ئەوەی روودەدات لەخۆڕا نییە، بەڵكو لە ئەنجامی ئەو رێككەوتنە ژێربەژێرە بوو كە بەشێك لە سەركردایەتی و دەستڕۆیشتووەكانی ناو ینك لەگەڵ سەرۆكایەتی ئەوكاتەی عیراق و ئێرانییە دەستڕۆیشتووەكانی ناو عیراق ئیمزایان كرد، ناشێ نووسەری ئەم وتارە لەو كاتەدا، كە هەندەی بەسەردا تێپەڕنەبووە، بێئاگابووبێت، خۆ ئەگەر بەچاوی خۆیشی لە رووداوەكانی نەڕوانیبێت و گوێی بۆ دەنگوباسی میدیاكانیش نەگرتبێت، بەیاننامە و پەیامەكانی بەڕێزان جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەو سەروبەندە ماون و هەمیشەش بە ئەسەف و زیندوویی لە بیری تاكی كورد دەمێننەوە، كە وتیان: ئەوەی لە كەكووك روویدا ئیشی مناڵكار و كاڵفامەكانی ناو حزبەكەمان بوو.!
لەبەشی دووەمی ئەو قسەیەش كە نووسەری شوختەكە پێیوایە ئەم بارودۆخەی ئێستای كەركووك لە ئەنجامی ریفراندۆم بووە و ریفراندۆمیش هەم ناوەخت و هەمیش هەڵەیەكی گەورەبووە، دەمەوێ ئەوە بیری نووسەر بخەمەوە، كە هەڤاڵ و هاوكاری ئازیزمان بەڕێز ستران عەبدوڵڵا سەرنووسەری رۆژنامەی كوردستان نوێ، لە دیمانەیەكی تایبەتی رۆژنامەی خەبات كە لە ( ژمارە 5347 رۆژی 13-9-2017 لاپەڕە 7) بڵاوكراوەتەوە، بەوپەڕی گرنگیدان و هاندانی جەماوەرەوە دەڵێت: لەسەر ئێمە ئەركە خەڵك تەشویق بكەین بۆ سەربەخۆیی كوردستان. هەروەها بەڕێزیان دەشڵێت: ئەم چانسەی كە ئێستا هەیە چانسێكی كەم نییە، ئەگەر بەراوردی بكەین بە چانسەكانی دیكەی كورد. ئێستا ئێمە چی بكەین؟! چی بە نووسەری ئەم شوختە بڵێین.؟! ئایا بەڕاستی ریفراندۆم هەڵەیەكی گەورەبوو یان دەرفەتێكی گەورە؟! ئەم جۆرە نووسینە كە زۆرتر دەچێتە خانەی ئەنارشیزمەوە نەك رێكخستنەوەی نێو ماڵی كورد، پێمان دەڵێت، ئەو هەڤاڵە سەربەرزەی ینك یان ئەوەتا ناخوێنێتەوە بێ ئاگایە لە هەموو شتێك، یاخود مەبەستیەتی شوختێكی دیكەش لە دۆز و پرسی رەوای گەلی كورد بدات، هەرچەندە رەنگە زۆریش سەیر نەبێت ئەمجۆرە نووسین و نووسەرە قارچكئاسایە لە هەموو سێبەرێك دەربكەون، بەڵام سەیرە رۆژنامەیەكی موعتەبەری وەك كوردستانی نوێ رێگە بدات ئەو جۆرە نووسینە بەسەر لاپەڕەكانیەوە هەبن، ئاخر ریفراندۆم نەك هەر هەڵە نەبوو، بەڵكو بە دانپیانانی دۆست و دوژمنیش باشترین خەباتی دیموكراسییانەی گەلی باشووری كوردستان بووە لەسەردەمی هەڵبژاردن و جیهانگیری و دیموكراسیدا. ریفراندۆم تەنها دەنگدان نەبوو بۆ سەربەخۆیی نیشتیمانێك كە 100 ساڵە خوێنی لەپێناودا بەخشیووە، بەڵكو رەتكردنەوەی ئەو ژێردەستەییەش بوو كە دوژمنانی كورد بەسەریاندا سەپاندووەو بەداخەوەش هەمیشە هەندێك تاكوتەرای كورد پشتیووانی دوژمنانان بوونە، ئێمە وەنەبێ لەوە بێئاگابین كە هەمیشە ئەو پلان و پیلان دژبە سەربەخۆییە لە نیشتیمانەكەمان هەیەو دەشبێت، بەڵام چاوەڕێش نەدەكرا بەو قەبارە و جۆرەبێت كە لە 16ـی ئۆكتۆبەردا روویدا. ئەوەی لەم شوختە لەكەدارەدا دەردەكەوێت تەنها فڕێدانی قەسەیەكی هەرزەكارانە نییە، بەڵكو تەسویقی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017ـیە، كە پێشتر هەمان رۆژنامە نزیك بە مانگێك بەر لەو خیانەتە تەشویقی بۆ ریفراندۆم دەكرد، بۆیە دەكرێ بپرسین: ئەوەتان لەچی و ئەویان لەچی.؟!
بۆ ئەوەی نەبێتە رای زۆرینەی هەڤاڵ و هاوكارانمان لە راگەیاندنی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان، زۆر قسەی دیكەش هەن لەو نووسینە شوختئامێزە، كە پێویستە وەڵام بدرێنەوە، بەڵام بەپێویستی نازانم هەموو نووسینەكە شیتەڵ بكەم، بەڵكو ئەوەی پێویستە لەم دەرفەتەدا بگوترێت تەنیا روونكردنەوەی چەند حەقیقەتێكە، كە ناكرێ لێی بێدەنگ بین.
نووسەری ئەو شوختە بەمەبەست و دوای ئیمزاكردنی رێككەوتننامەی نێوان پارتی و یەكێتی بۆ كۆی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی كوردستان دێتەسەر باسی رێككەوتننامەكە و دەیەوێت گومان بخاتەسەر ناوەرۆك و چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ پرۆسە سیاسییەكانی كوردستان بەتایبەتی و عیراق بەگشتی، لەكاتێكدا ئەم بارودۆخەی ئێستا لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هەیە، پێویستی بە كۆدەنگی هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان هەیە، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك هەمیشە لەوەشدا دەستپێشخەربووە و بەردەوامیش لە 28ساڵی رابردوودا قوربانیی بە بەش و ئیستحقاقی خۆی لە هەڵبژاردن و پلەو پێگە حكوومییەكان داوە بۆ ئەوەی نێوماڵی كورد پەرتەوازە نەبێت، وەك ئەوەی لە 16ـ ئۆكتۆبەر پەرتەوازەیان كرد، بەڵام ناشكرێت و كەسیش ئامادەنییە بەبێ پارتی مامەڵە لەگەڵ هیچ حزبێكی دیكە بكات لەسەرتاسەری كوردستان بەگشتی و كەركووكیش بەتایبەتی، تەنانەت هێز و لایەنە سیاسییە عیراقییەكان بەسەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی عیراقیشەوە بەبێ حزوور و رەزامەندی پارتی هیچ رێككەوتن و دانوستانێك پەسەند ناكەن، ئەوان باشتر لە هەندێك كاڵفامی ئەملاو ئەولا لە واقیعی سیاسی و جەماوەریی كوردستان تێگەیشتوون و بەڵگەشیان 28 كورسی پەرلەمانی عیراق و 45 كورسی پەرلەمانی كوردستانە، كە پارتی توانی دوای ئەو هەموو پیلانە دوژمنكارانەیە زۆرینەی دەنگی دەنگدەران بەدەستبێنێت، ئەوەیش سەنگی مەحەكی پارتی بەهێزتر كردووە تا هەم كوردستان و هەمیش چارەنووسی كەركووك نەخاتە بەردەم قەدەرێكی نادیار، وەك ئەوەی نووسەرە شوختچییەكە پێیوایە چارەنووسی كەركووك دەكەوێتە قەدەرێكی نادیارەوە.
هەموو ئەوانە و لەئێستایشدا دەرفەت بەدەستەوە ماوەو دەكرێ سەرجەم لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش میدیای یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و لەنێویشیاندا رۆژنامەی كوردستانی نوێ ـی ئازیز، ئیدی وچانێك بە سەرجەم كوردستانیان و خەڵكی شۆڕشگێڕی كەركووك بدەن، كە بەدەست نەهامەتییەكانەوە گیرۆدەبوون، پێویست نییە رێگە بەوە بدرێت ئەو هەموو دووبەرەكی و ناكۆكی و گرێ دەروونییە شەخسییەی لەنێو كادیر و نووسەر و میدیاكارانی حزبەكە هەیە، وەك رای فەرمی بە خوێنەر بفرۆشرێتەوە.










