خەبات: رانیار دڵشاد
جاران جوانكاری بۆ ئەو كەسانە دەكرا كە هەر لە منداڵییەوە بەشێكی جەستەیان جیاوازبووە لە كەسێكی ئاسایی و پێیان شەرم بووە لەنێو كۆمەڵگاكەماندا، بەڵام لە ئێستادا جوانكاری لە نێو ئافرەتان و بەشێك لە پیاوان بووە بە كلتوور، لەو نێوەدا فلتەری سۆشیال میدیاكان بەشێكی گرنگی كاردانەوەی هاوڵاتیانە، لەڕێگەی چەند پرسیارێكەوە لەبارەی لێكەوتەكان و حەزی كەسەكان لە بواری جوانكارییەوە ئاراستەی دكتۆر لانە فەخرەدین پسپۆڕی جوانكاری دەكەین.

٭ زۆربەی كچان و ژنان روو لەكاری جوانكاری دەكەن، ئێوە وەك دكتۆرێكی جوانكاری چۆن دەڕواننە ئەو كارە و لێكەوتەكانی چین؟
نەك تەنها ئافرەتان بەڵكو پیاوانیش وردە وردە روو لە كاری جوانكاری دەكەن، ئێمە لە سەردەمی سۆشیال میدیا دەژین كە گرنگییەكی زۆر بەوێنە گرتن و كاردانەوەی خەڵك لەسەر وێنەكان دەدرێت.

٭ كێن ئەوانەی پێویستە كاری جوانكاری ئەنجام بدەن؟
جوانكاری هیچ كاتێك پێویست نییە بەڵكو ویستە

٭ بۆ پێستێكی جوان و ساف، چی بكرێت باشە؟
پێست وەك نەمامی ناو ماڵ وایە، بۆ ئەوەی بە گەشی بیهێڵیتەوە، پێویستە شارەزای سروشت بیت، بەرهەمەكانی گرنگی دان بە پێست بە گوێرەی جۆری پێست هەدەڵبژێردرێن، ڕۆژانە چۆن نەمام ئاو دەدرێت، بەهەمان شێوە پێستیش پێویستی بە كرێمی شێداركەرەوەی گونجاو هەیە، لە هەمووی گرنگتر بۆ پاراستنی پێست نەك تەنها لە ڕووی جوانیەوە بەڵكو لە ڕووی تەندرووستییەوە بەكار هێنانی كرێمی دژەخۆر گونجاوە.

٭ ئایا ڕاكێشانی چەوری و دانانەوەی لە شوێنكی دیكەی جەستە، بۆ داهاتوو هیچ زیانێكی نابێت ؟
كاتێك چەوری لەش ڕادەكێشرێت و لە شوێنێكی تر دادەنرێتەوە، ماددەیەكی بێگانە نییە بۆ جەستە، ئەم چەورییە لە شوێنە نوێییەكە خوێن وەردەگرێت و دەژیێتەوە، لە داهاتوودا زیانی نابێت لە ڕووی تەندرووستییەوە، بەڵام لە ڕووی شێوەوە لەوانەیە دوای ساڵانێك ئەم چەورییە كەم ببێتەوە یاخود نەمێنێت.

٭ ئایا تا چەند جوانكاری كاریگەری هەیە لەسەر تەندروستی ئافرەتانی دووگیان؟
جوانكاری زۆر شت دەگرێتەوە، چەند كارێكی جوانكاری هەیە لە ئافرەتی دووگیان زیانی نییە وەك مایكڕۆنیدڵینگ و پلازما، بەڵام بە گوێرەی لێكۆڵینەوەكان وا باشترە هیچ مادەیەك كە بۆ جوانكاری بەكاردێت لە كاتی دووگیانی و شیر پێدان بەكار نەهێندرێت.