خهبات: ڕۆشنا عەلی
ئەزموونی مامۆستایەك گۆشەیەكی هەفتانەی لاپەڕەی پەروەردەو خوێندنە ئەو مامۆستایانە بەسەردەكاتەوە كە تەمەنییان بۆ خزمەتی پیشەیی مامۆستایی و پەروەردە تەرخانكردووەو لەسەردەمێكدا خزمەتییان بە قوتابیان و منداڵانی كوردستان كردووە ، ئەزموونی ئەم هەفتەیە ئەزموونی مامۆستا ( ستێر ئەحمەد ئاكۆ ) یە كە مامۆستاو سەرپەرشتیاری پەروەردەییە لە پەروەردەی ناوەندی هەولێر لە 1-7-1957 لەدایك بووە و لە26-2-1987 ەوە لە بواری پەروەردەدا خزمەت دەكات.
خزمەتی پەروەردە
ستێر ئەحمەد دەربارەی خزمەتی پەروەردەیی خۆی ئاماژەی بەوەدا كە ئەو 20 ساڵ بەڕێوەبەر بووە و لە هەردوو كۆلێژی ئاداب و كشتوكاڵ وەك وانەبێژ وانەی وتۆتەوە و14 ساڵیش سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بووە لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی ناوەندی هەولێر وەك ئەندام بەشداربووە لە كۆنگرەكانی ساڵی 1992، 200، 2015 لەچەندین كۆنفڕانسی پەروەردەیی بەشداری كردووە و ئەندامی لیژنەی هەمواكردنەوەی سیستەم بووەئەو وتی ” لەماوەی خزمەتم سەرپەرشتیاری وانەبێژ بووم لە زۆری خولەكانی كارگێڕی و خولی شیاندن بۆ مامۆستایان و لە خولی سەرپەرشتیاریش وانە بێژ بووم.
سیستەمی تەواوكاری
دەربارەی ئەوەی كە ئایا كام لەو كارانەی ئەو كە ئاماژەی پێدان و ئەنجامی داون لە بواری پەروەردە ڕۆچوونی تەواوە لە پرۆسەی پەروەردە ئەو سەرپەرشتیارە وتی ” هەرسێكییان لە ناو خولاودایە ، چونكە تەواوكەری یەكترن بەیەك بەستراون لەناو پاپۆرێكدان هەریەك لەمانە بە ئاڕاستەیەكی هەڵەدا بڕوات دەبێتە هۆی نقووم بوونی پاپۆڕەكە كەواتە پەروەردە بەرەو هەڵدێر دەبات ، بۆیە دەبێت هەرسێكییان ئەركەكانییان بە باشی بەڕێوە ببەن تا بتوانین كۆمەڵگەیەكی سەركەوتوو بنیاد بنێن.
پێناسەیەك بۆ مامۆستا
دەربارەی ئەوەی كە ئایا ئەگەر مامۆستا بە وشەیەك پێناسە بكەین لای تۆ چییە؟ مامۆستا ستێر ئاماژەی بەوەدا كە لای ئەو ویژدان پێش فێركردنە ئەو وتی ” لای من یەكەم شت ویژدانە ئینجا فێركردن ، چونكە لە هەموو پیشەیەك كەسەكان دانیشتوون ئەوەی وەستاوە سوود مەندە مامۆستا نەبێت هەمیشە وەستاوە ئەوەی دانیشتووە سوود مەندە.
گرفتی سەرەكی
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا سەرەكیترین گرفتی پەروەردەیی لای ئەو چییە؟ كە كاریگەرە لەسەر خراپی ڕەوشی پەروەردەو كاریگەرییەكەی گەورەیە ئاماژەی بەوەدا كە گرفتەكان زۆرن و وتی ” گرفتەكان زۆرن دابڕان و نەبوونی پسپۆڕییە لە جومگەكانی وەزارەت نەپرسینەوە لە كەمتەر خەمەكان و پاداشتنەكردنی كەسە دڵسۆزەكان نەبوونی دیدگا و پلان و دانەنانی كەسی شیاو لە شوێنی شیاو.
چاكسازی
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەگەر بمانەوێت دەست بە چاكسازی بكەین لە كەرتی پەروەردە دەبێت لە كوێوە دەست پێبكەین ؟ ستێر ئەحمەد ئاماژەی بە باخچەی منداڵان دا و وتی ” دەبێت لە باخچەی منداڵانەوە دەست پێبكەین ئینجا پێویستمان بە مامۆستای لێهاتوو بوێرو بە توانا و خاوەن ویژدانە ئامادەیان بكەین كە زیاتر بایەخ بە لایەنی پەروەردە و زانست بدات و هەوڵ بدات لە بواری پسپۆڕییەكەی خۆی خۆی پڕ زانیاری بكات ، جگە لە راهێنان بە مامۆستایان و دانانی كەسی دڵسۆز بۆ بەڕێوەبردنی قوتابخانەكان پاشان پێداچوونەوە بە پڕۆگرامەكان.











