جووتیارێكی ناوچەی هەورامان تائێستاش بە گاجووت زەویی قەدپاڵی شاخ و چیاكانی هەورامان دەكێڵێت، ئەو دەڵێت كە بەهۆی سەختی ئەو ناوچەیەوە تائێستا پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و ئامێرە كشتوكاڵییەكان نەیانتوانیوە كاری گاجووتی لێژ بكەن و لە ناوچەكەیدا تەنها ئەو گاجووتی هەیە و ئەو كارە دەكات و بژێوی ژیانی خۆیی و خێزانەكەی لەو ڕێگەیەوە پەیدا دەكات.
نەریمان حەمە ساڵح جووتیارێكی تەمەن 61 ساڵانی دانیشتووی ناوچەی هەورامانە لە سنووری هەڵەبجە، ئەو ماوەی 51 ساڵە بە گا جووتی زەوی گوندەكانی ناوچەی هەورامان دەكات كە بەهۆی سەختی ئەو ناوچەیەوە تائێستا پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و ئامێرە كشتوكاڵییەكان نەیانتوانیوە كاری گاجووتی لێژ بكەن. ساڵانە جووتیارەكان لەسەرەتا تا ناوەڕاستی ساڵ كاری كێڵانی زەوییەكانیان ئەنجام دەدەن تاوەكو زەوییەكانیان لە كاتی بەرهەمدا بەرهەمێكی باشتریان پێبدات. هەرچەندە بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆجیا و هاتنی ئامێری پێشكەوتووی كشتوكاڵی زۆربەی كارەكان لەو ڕێگەیەوە ئەنجام دەدرێن، بەڵام لە چەند ناوچەیەكی كەمی هەرێمی كوردستان بەتایبەت ئەو ناوچانەی سەختن و زەوییەكانیان بواری كێڵانی نییە بە ئامێری كشتوكاڵییەكان، تائێستاش گاجووت بەكار دەهێنرێت.
گاجووت لە ڕێگەی گاسنێك كە بە چەند دارێكی بەهێز بەستراوەتەوە بە ملی دوو گاوە بەستراوەتەوە كە پێویستە گاكان بە بەهێزی گاسنەكە ڕابكێشن و زەوییەكەی پێبكێڵن، ئەمەش كارێكی زەحمەتە و شارەزایی باشی دەوێت.
لە ساڵی 1968 ـەوە بە گاجووت زەوی دەكێڵێت
نەریمان حەمەساڵح كە تاكە جووتیاری ناوچەی هەورامانە تائێستا لەسەر ئەو كارە بەردەوامە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دواو باسی لە كارەكەی كرد، ئەو گوتی: لە ساڵی 1968 ەوە دەستم بە كاری كێڵان كردووە لە ڕێگەی گاوە، لە ئێستا ئەم جۆرە كێڵانە نەماوە و كارێكی زەحمەت و سەختە و بەتەنها ئەم كارە دەكەم.
نەریمان حەمەساڵح گوتی: ئەو گایانەی ئەم كارەی پێدەكەین پێویستیان بە ڕاهێنان و فێركردن هەیە، سەرەتا كە گوێرەكەن و تەمەنیان گەیشتە دوو ساڵ دەست دەكەین بە ڕاهێنان و فێركردنیان لەسەر كارەكە و تا ماوەی دە ساڵ دەتوانن كارەكە ئەنجام بدەن، چونكە پێویستە وەك قوتابییەك لەسەرەتاوە فێری ئەو كارەیان بكەین و ئەگەر بەو شێوەیە ڕاهێنانیان پێنەكرێت ناتوانن كاری كێڵانەكە ئەنجام بدەن.
نەریمان كە گایەكانی ماوەی دوو ساڵە لە ئێرانەوە هێناوە و بە بڕی شەش ملیۆن دیناری عێراقی هەردوكیانی كڕیوە، گوتی: ئەم گایانەی من بە باشی ڕاهێنانم پێكردوون، بۆیە ئێستا بە باشی و بەپێی خواستی من كار دەكەن و بە قسەی من كارەكە دەكەن، پێیان دەڵێم بۆ خوارەوە بۆ خوارەوە یان بۆ سەرەوە بۆ سەرەوە دەچن و لە هەموو شوێنێك كار دەكەن.
بۆ یەك كاتژمێر كاركردن25 هەزار دینار وەردەگرێت
ئەو هەروەها دەڵێت: تا ساڵی هەشتاكان گاجووت لەم ناوچەی هەورامانەدا زۆر بوو، بەڵام لە ئێستادا كەس تاقەتی ئەم كارەی نەماوە و لەم ناوچەیەی هەوراماندا تەنها من ماومەتەوە كە كاری گاجووتی دەكەم بە گاكانم، ئەو كەسانەشی كاتی خۆی گاسنەكانیان دروست دەكرد كۆچی دواییان كردووە و نەماون و كەس نییە ئێستا دروستیان بكات.
ئەم جووتیارە لە ئێستادا بۆ بژێوی ژیانی خۆی بەردەوامە لەسەر كارەكەی و بۆ یەك كاتژمێر كاركردن بە گاجووت بڕی 25 هەزار دینار وەردەگرێت، بەڵام وەك خۆی دەڵێت كارێكی پڕ زەحمەت و سەخت و مەترسیداریشە بەهۆی بوونی ژمارەیەكی زۆری مین و تەقەمەنییەوە لە ناوچەكەدا، پێش 15 ساڵ و لە كاتی كێڵانی زەوییەكی ناوچەكەدا مینێك پێیدا تەقیوەتەوە، بەو هۆیەشەوە جگە لە بریندار بونی خۆی دوو گاكەشی لەدەستداوە.









