خەبات: تریفە ئازاد
رۆژی 28ی ئەم مانگە دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن، رێورەسمی راگەیاندن و ناساندنی گەورە پرۆژەی (فەرهەنگی زارەكیی موكریان)ی بەڕێوەبرد و، هاوكات ئافەرین و رێزی پێشكەش بە نووسەری پرۆژەكە (سەڵاح پایانیانی) و هاوكار و هاوژینی نووسەر خاتوو (لەیلا نورانی) كرد.
سەرەتا وتاری بەخێرهاتن لەلایەن كاروان عەبدوڵڵا بەرپرسی خانەی موكریانی خوێندرایەوە، پاشان وتاری مەحموود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن لەلایەن ئاریان فەرەج خوێندرایەوە، دواتر وتاری ئەكادیمیای كوردی و پاشان نووسەر سەڵاح پایانیانی باسی پرۆژە گەورەكەی كرد.
لەبارەی پرۆژەكە عومەر بەكر ئەندامی دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن بە خەباتی گوت: پرۆژەكە بە پیداگری و هاوكاری بەردەوام و راستەوخۆی هەڤاڵی بەڕێز (مەحموود محەمەد) بەرپرسی دەزگا و خەمخۆری و بەدواداچوونی (خانەی موكریانی بۆ چاپ و بڵاوكردنەوە) گەیشتە ئەنجام، پرۆژەی فەرهەنگی زارەكیی موكریان، لە 23 بەرگ پێكدێت، ئەمڕۆ قۆناغی یەكەمی بە ئەنجام گەیشت و 12 بەرگی لێ چاپكرا و بڵاو دەكرێتەوە. هەروەها زیاتر گوتی: پرۆژەكە، كە بەرهەمی 23 ساڵ كاری بەردەوامی نووسەرەكەیەتی و تا تەواوبوونیشی چەند ساڵێكی تری دەوێت، ئەلفو بێی كوردی و ئەدەبیاتی زارەكی و كولتووری جل و بەرگ و كشتوكاڵ و خوادنی موكریان لەخۆ دەگرێ، كە نووسەر بە شێوەیەكی مەیدانی و لەئەنجامی لێدوان و بەدواداچوونەكانی لە ناوچەی موكریان وەدەستی خستوون.
ئەو پرۆژەیە، چیتر خەمی گواستنەوەی پشتاو پشتی زار و وردە كلتوری موكریانمان نەهێڵێت و بۆ یەكەمجار ئەو شوناسە نەتەوەییە دیكۆمێنت دەكات و دەپارێزێت، لەبارەی دیدی دەزگا بۆ ئەو جۆرە پرۆژانە گوتی: دەزگای رۆشنبیری و راگەیاندن، بە گرینگیەوە كار لەسەر ئەو بابەتە دەكات و ئومێدەوارە لە داهاتوودا بتوانرێت سەرجەم بنزار و دیالێكتەكانی دیكەی نەتەوەییمان لە چوارچێوەی چەند پرۆژەیەكی هاوشێوەدا كۆبكاتەوە و بپارێزێت، بەمەش كۆڵەكەكانی زمانی شرینی كوردی بەهێز و پتەوتر دەبن.
لەبارەی چۆنیەتی دابەشكردنە فەرهەنگەكە گوتی: بڕیاریشە، 100 دانە سێت لەو بەشەی پڕۆژەكە ببەخشرێت بە زانكۆ و ناوەندەكانی لێكۆڵینەوە و ناوەندە زانستیەكان و كتێبخانە گشتیەكان، بەهیوای سەركەوتن بۆ هەموو ئەو هەوڵ و هەنگاوانەی كە خزمەت بە زمان و كولتوور و شوناسی نەتەوەییمان دەكەن.










