بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاوی زێی بچووك و نزیكبوونەوەی ئاوەكە لە پردی دەربەندی ڕانیە، قایمقامی قەزای ڕانیە ڕێنمایی دەركردووە و ڕایدەگەیەنێت، ڕێگا نادرێت ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر و باری قورس بەسەر پردەكەدا بڕوات. بە هۆی بەرزبوونەوەی ڕێژەی ئاو لە دەربەندی ڕانیە و كشانی یەكێك لە پایەكانی پردەكە، ئیدارەی ڕاپەرین ڕێنمایی دەداتە هاووڵاتیان و بۆ ئەو مەبەستەش ئیدارەی ڕاپەرین لە هەوڵی نوێكردنەوەی پردەكە و دروستكردنی پردێكی نوێترە لەوەی ئێستا.
حوسێن مەحموود، قایمقامی قەزای ڕانیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: دوێنێ وەكو قایمقامیەتی قەزای ڕانیە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبانی ڕاپەرین گفتوگۆمان لەسەر ئەو بابەتە كردووە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیارمان داوە پردەكە نۆژەن بكەینەوە و لە هەمان كاتدا پردێكی تر دروست دەكەین. وەك خۆشی ئاماژەی پێ دا، ئەو پڕۆژەیەش لە مانگی حەوت دەستبەكار دەبێت. هەروەها دەشڵێ، دروستكردنی ئەو پردە بە كۆنكرێت دەبێت، كە پێشتر بە پلێت دروست كرابوو.
قایمقامی قەزای ڕانیە، ئەوەشی خستە ڕوو، ئەو پردە فشارێكی زۆری لەسەرە، هەر بۆیە لە ئەمڕۆوە ڕێگە نادەین ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەسەریدا بڕوات، داواش لە هاووڵاتیان دەكات، نزیكی ئەو شوێنانە نەبنەوە كە ئاستی ئاوەكە بەرز بووبێتەوە? ناوبراو دەشڵێ، چەندین ڕێوشوێنی تریان گرتووەتە بەر، بۆ ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان دروست نەبێ، هەروەها ڕێنماییان دەركردووە كە باری قورسیش نابێت بەسەریدا بڕوات.
بەڕێوەبەری چاككردن و پاراستنی ڕێگاوبانی ئیدارەی ڕاپەڕین ئەوەشی خستەڕوو لە ڕۆژانی پشووەكانیش بەتایبەت لەم وەرزی بەهار و گەشتكردنە چاودێری هاتووچۆی ئۆتۆمبێلی بچووكیش دەكەن لەسەر پردەكە، بەوەی ناهێڵن فشاری زۆری هاتووچۆی لەسەری دروست بێتو گوتی چیدی نابێت بە درێژیی پردەكە ئۆتۆمبێل بە هەردوو سایدەكەدا بووەستێت، چونكە پردەكە كۆن بووە بەرگەی ئەو فشارە زۆرە ناگرێت.
بە هۆی بارانبارین و گلدانەوەی ئاوی بەنداوەكان، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاستی ئاوی ژێر پردەكە زۆر بەرز بووەتەوە، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لە لایەكی پردەكە داڕووخانێكی كەم ڕوو بدات.
حوسێن مەحموود باسی لەوەش كرد، لە سبەینێوە ئەو بەشەی ڕووخاوە چاك دەكرێت، بەڵام وەك خۆی دەڵێ، ترسیان لە پایەكانی پردەكە و ئاسنەكانی هەیە، ئەمەش بۆ زۆربوونی ڕێژەی ئاوەكە دەگەڕێنێتەوە،هەروەها قایمقام ڕاشیدەگەنێت، كە ئاستی ئاوەكە لەم ڕێژەیەیئێستا زیاتر بەرز دەبێتەوە، ئەمەش بە هۆی بەردانەوەی ئاو لە سنوورەكانی ئێران.
پردی دەربەندی ڕانیە، كە لە ساڵی2004 دروست كراوە، درێژییەكەی210 مەترە و بەرگەی فشاری30 تۆن دەگرێت.










