بەڕێوەبەری گشتیی بەنداوەكانی هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە مەترسیی بەردانەوەی ئاو و سەرڕێژكردنی بۆ نێو زێی بچووك، هۆشداری دەداتە خەڵكی نزیك زێی بچووك و بەنداوی دوكان، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخانیش دەڵێت، لە ئێستادا بەنداوەكە یەك ملیار و930 مەتر سێجا ئاوی تێدایە.
بەڕێوەبەری گشتیی بەنداو و كۆگاكانی كۆكردنەوەی ئاوی هەرێمی كوردستان، ئەكرەم ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: بە فەرمی دانیشتووانی نزیك بەنداوی دوكان و دەربەندیخان و ئەو ناحیانەی دەكەونە سەر زێی بچووك ئاگادار كراونەتەوە، كە مشووری خۆیان بخۆن و نزیكی شوێنە قەدەغەكراوەكانی ڕووبارەكان نەكەون، ئەو پڕۆژە گەشیاری و باخ و خانوو و ماڵانەی لە شوینی قەدەغەكراون و بە زیادەڕۆیی دروست كراون، خاوەنەكانیان خۆیان بەر پرسیارن لە زۆربوون و بەردانەوەی ئاوی بەنداوەكان، چونكە ئێران ئاوەكەی وردە وردە وا بەرداوەتەوە و پێویستە هەموو ناحیە و قەزاكانیش لە هەر ئەگەرێكی نەخوازراو ئاگادار بن.
لە لایەكی دیكەشەوە، ڕەحمان خانی، بەڕێوەبەری بەنداوی دەربەندیخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاند: بە هۆی زۆریی بارانبارین و بەردانەوەی ئاو بە ڕێژەیەكی زۆر لەلایەن وڵاتی ئێرانەوە، لە ماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا یەك مەتر و30 سانتیم ئاستی ئاوی دەربەندیخان زیادی كردووە، كە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو، ئەمساڵ10 مەتر و30 سانتیم ئاستی ئاوی دەربەندیخان زیاترە.
خانی گوتیشی: بە هۆی بوومەلەزەكەی ساڵی 2017ـوە زیان بەر10 مەتر سەرووی بەنداوەكە كەوتووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش یەك ملیار دیناری بۆ چارەكردنی زیانەكان خەرج كرد، هەروەها حكوومەتی عێراق تیمی پسپۆڕی ناردووە و بەردەوام پشكنین بۆ بەنداوەكە دەكەن، بەپێ ئەو ڕێنماییەی پێمان دراوە، ئەوەندە ئاو گل دەدەینەوە كە زیان بە بەنداوەكە نەگات و هیچ مەترسییەكیش نییە لە ئێستادا.










