شەنگە هاوار كاكەیی
یەكێك لە سیماكانی گەشەسەندنی هزر و كایەی رۆشنبیری مەعریفیدا، برەو و بایەخدانە بە لایەنی پراكتیكی و كاركردنە لە بوارە جیاوازەكانی توێژینەوە زانستییەكاندا كە لەسەر ئەرزی واقیعدا كاران، وەكو هەنگاوێكی ئەرینی سەلمێندراو كە هەڵگری خەسلەتی بەرەو پێشخستنی كارمایی بەخۆوە هەڵگرتووە بۆ بەرەو پێشچوونی رەوڕەوەی گۆڕانكارییەكان.
لەم سۆنگەیەدا پلاتفۆرم و توێژینەوەی ئاینیی زانكۆی سلێمانی كە لە هەفتەی رابردوو بەئەنجام گەیەندرا، پێمان وایە لەئەتمۆسفێرێكی گونجاودا شرۆڤە و گەواهیدەری ئەو راستیەیە كەوا لە ئەزموونی حوكمداریدا رایەڵی ئایینی كە تێكهەڵكێشی سیاسەت بووە و بۆتە هۆكاری دروستبوونی پاڵەپەستۆیەكی نەرێنی و سستی گۆڕانكارییەكان بە هۆی كەڵەكەبوونی كۆمەڵێك گرفتی هەڵپەسێردراوی كۆمەڵایەتی ئابووری، لە كاردانەوەی ئەم میندەڵتێنە ئایینیانە لەسەر بارو گوزەرانی خەڵك وەكو رێچكەیەكی باو و نەریت كە پەیوەست بە ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانە.
بۆیە مژووڵبوون بەكارابوون و گەیاندنی راسپاردەكان هەنگاوێكی ئەكتیڤەو وەكو كارتێكی كرداریشە بۆ ئاڵوگۆڕینی پەیامی سەرنج و ڕاو تێبینییەكان لە رێچكەیەكی دیموكراتیدا دوور لە پاڵنەر و ویستی ئایدیۆلۆژی بۆ پراكتیزەكردنی مۆدێلێكی هاوچەرچ وەكو ژێرخانێكی فەرهەنگی گونجاو تەژیبە بۆنی بە مۆدێرنیەت كە لەگەڵ بنەما سەرەكییەكانی مافی مرۆڤدا هاوتەریبە وەكو سكێجوڵ و ژێرخانێكی پراكتیزەیی لە داڕشتنی یەكەم خاڵی دەستووری ئایندەمان كە دەبێ نمایندە بێ لە مانفێستی هەگبەیی خەمخۆریدا، هەڵبەتە ئیش كردن بۆ فرە سامانی دەوڵەمەندبوون و ماكەكانی ژێرخانی هەنگاوە كردارییەكان وەكو رێگەچارەیە بۆ ریشەكێش كردنی كێشمەكێشەكان.
بەرجەستە بوونی مافی تاك و هاووڵاتی بوون لەقاڵغی دەستووردا بە پێی بنەمای دیموكراسی تاكە پێوەرە و سەنگی مەحەكە لەپرسی و بونیادنانەوەیدا، جا ئایا كام!! دەستوور شیاوە بۆ دەستووری حوكم بە رایەڵەی ئاینی یا عیلمانی یا تێكەڵەیی!! وەڵامی ئەم ئاخۆ پرسیارە لە رێگەی راپرسیەكەوە ئەنجامەكەی دەستەبەر ئەبێ لە داهاتووماندا و پێمان وایە لەم ئان و كاتەدا شەقامی كوردی لە ئامادەباشی دایە بۆ پێشوازی ئەم هەنگاوە ئەرێنیە كە دوورە لە تەپ و تۆزی ئایدیۆلۆژیاو بە حزبی بوون و هەیمەنەتی هێز هەرگیز نەبووە لەمپەر لەبەردەم چینی ئەكادیمیستان بۆ گەیاندنی پەیامی خواست و ویستەكان و بۆ گەنگەشەی هاوچەرخی لە رێگای لێدانی زەنگی هەستیاری پلاتفۆرمی ئاینی.
ئەگینا ئەم ماندووبوونە بۆچی؟ بۆچی ورووژاندنی لەم ئانە و لەكوێ و لەچ خاكێك راسپاردەكانی بكەوێتە بواری جێبەجێ كردن، چ لانەیەك گەرمە بۆ ئەم خەواڵە فكرییە لە دەستوور بەدەرە؟ خۆ ئەگەر بمانەوێ باس لە سامناكیی رایەڵەی ئاینیی بكەین كە تێكەڵ بە سیاسەت بووە وەكو تەجرەبەیەكی كەڵك وەرگر، زۆر دوور ناڕۆین كە دەبینین حكومەتی شیعی كە لە عێراق لە دەسەڵاتە مەرجەعی خۆیان پاڵپشتی ئەزموونی دەوڵەتداری نابن و بەشدار نابن و دەستبەرداری حكومەتەكەن لە زۆر بڕیاری حوكم دا، چونكە لەگەڵ گەیشتنی حوكمی شیعی لە یەكەم پایەی سەركەوتنیدا نادادییەكان دەستیپێكرد و كورد و عەرەبی سوننە لە ئیستیحقاقاتی مادی و بەشە بودجە بێ بەش كران و ئەمەش هاودژە لەگەڵ بنەمای ئاینی ئیسلامی پیرۆز و بە باڵی چەپی ئیسلام ، كەخۆیان بە ئەبو زەر غەفاری و ئیمام عەلی شۆڕكردۆتەوە، كە دەبێ بە پێی دەستوور ئەم دوو نەتەوەو مەزهەبە بێبەش نەبن لە وەرگرتنی مافەكانیان، بۆیە كە بەپێی میزاجیەت هەموو بڕیارە گرنگەكان دەوڵەتمەداری بەرجەستە ئەكەن، حەقە لەم دیدگایە دەرگەی هۆشیاری دانەخەین لە رووی زەنگێكی مەترسیدار بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی دەوروبەر و رێگە نەدەین ئەزموونی لاوازی هەشاشەت لە ناو دەستووری ئایندەمان جێگەی ببێتەوە.
❊ ماستەر لەیاسای گشتی










