خهبات: ساسان دەروێش- هۆڵەندا
حاجی عەبدوڵلا سلێمان ئیسماعیل جوتیارێكی نموونەیی دەڤەری شێخانی باشووری كوردستانە و خاوەنی كۆمپانیا و هێنانی بنەتۆوی پەتاتەیە لە ئەورووپاوە بۆ كوردستان و ئەزموونێكی دەوڵەمەندی لە كاری چاندن هەیە و ماوەی 36 ساڵە لەو بوارەدا كاردەكات. حاجی عەبدوڵلا بەخۆی و كەسوكارەكەی ساڵێ دووجار پەتاتە دەچێنن و بەرهەمیشیان لە 20 هەزار تۆن زیاترە.
ئەو جوتیارە هەروەك خۆی دەڵێت لە ساڵی 2008 دا یەكەم كەس بووە بەهاوكاری وەزیری پێشووی كشتوكاڵ بابەتی پەتاتەیان هێناوەتە نێو وەزارەت و كاریان لەسەر كردووە و دواتریش چەندین كۆمپانیای سەربەخۆ سەرقاڵبوون بەكاری هێنانی بنەتۆوی پەتاتە بۆ كوردستان و چاندنی لە ناوچەكانی كوردستاندا، بەمەش بواری كشتوكاڵی بووژاوەتەوە و بۆتە داهاتێكی باش بۆ جوتیاران و كۆمەڵێك لە گوندنشینەكان و پڕكردنی بازاڕەكانی كوردستان لە پەتاتە.
لەسەردانی ئەم جارەی حاجی عەبدوڵلادا بۆ وڵاتی هۆڵەندا هەروەك پیشەی هەمیشەیی بە جلوبەرگی كوردەواری دێت و دەچێ، پێی خۆشبوو لە ڕێگەی رۆژنامەی خەباتەوە نیگەرانییەكی دڵی خۆی بگەیەنێتە لایەنی پەیوەندیدار لە هەرێمی كوردستان، كە بۆچی كار لەگەڵ كۆمەڵەی جوتیارانی پەتاتە ناكرێ و پێی وایە سوودی زۆری بۆ جوتیارانی كوردستان وحكوومەتی هەرێمی كوردستان هەیە.
لەم بارەیەشەوە بۆ خەبات گوتی: زیاتر لە 36 ساڵە من خەریكی كشتوكاڵ و چاندنم بەتایبەتیش پەتاتە، كە بوومەتە خاوەنی ئەزموونێكی دەوڵەمەند لەو بوارەدا. لە ئێستادا زۆر كۆمپانیای كوردستانی لە دەرەوە بنەتۆوی پەتاتە بۆ كوردستان هاوردەی دەكەن، من بیرم لەوە كردەوە كە هەموو ئەمانە لە چوارچێوەی كۆمەڵەیەكدا ڕێكبخرێن، بۆ ئەو مەبەستەش من هەستام بە دروستكردنی كۆمەڵەیەك بەناوی جوتیارانی پەتاتە لەسەر ئاستی كوردستاندا و كۆنگرەمان كرد و من وەك سەرۆكی كۆمەڵەكە هەڵبژێردرام، دەكرا كۆمپانیاكان و جوتیاران لەو كۆمەڵەیەدا كۆبكرانایەتەوە هەم بۆ هێنانی بنەتۆوی پەتاتەو هەمیش بۆ ناردنە دەرەوەی بەروبوومەكانیان، كە پێكەوە هەموو سوودمەند دەبوون. بەپێی یاساو ڕێساكانی كە لە پەیڕەو و پڕۆگرامی كۆمەڵەكەدا هاتووە و بەفەرمی مۆڵەتی كاركردنم وەرگرتووە، بەڵام داخی گرانم لەلایەن بەرپرسانی پەیوەندیدارەوە كاری پێناكرێ و پشتگوێ خراوە، بەهیوام لە داهاتوودا بتوانین وەك هەموو كۆمەڵەكانی تری كوردستان كە هەن كاری تیا بكەین و ببینە خاوەنی ئەو كۆمەڵەیە و چیتر جوتیار زەرەرمەندی یەكەم نەبێت و هەموو هاوبەشی قازانج و سوودبین.
لە كۆتاییشدا جوتیارە نموونەییەكە گوتی: هیوادارم كۆنفرانسەكانی كشتوكاڵ تەنها كۆكردنەوەی خەڵك و قسەكردن نەبێت و بەكردار بتوانن زیاتر كوردستان سەوز و پڕ لە ئاوەدانی كشتوكاڵی بكەن و هاوكار و پاڵپشتی جوتیاران بن بۆ هەمان مەبەست.









