خهبات: هاوار مورتكەیی
بەرەبەیانی دوێنێ شاندی یانەی شەترەنجی خانزاد، پاڵەوانی خولی یانە نایابەكانی عێراق بەمەبەستی بەشداریكردن لە خولی یانەكانی عەرەب بۆ شەترەنج بەرەو تونس بەڕێكەوت.
یانەی شەترەنجی خانزاد بەنوێنەرایەتی یانەكانی عێراق بەشداری لەو پاڵەوانیتییەدا دەكات، چونكە هەڵگری نازناوی عێراقە بۆ شەترەنج، لە ڕێورەسمی بەڕێكردنی شاندەكەش، د. دلزار حەمەساڵح سەرۆكی یانەی شەترەنجی خانزاد رایگەیاند كە بەشداری كردنی یانەكەمان لە خولێكی لەمشێوەی عەرەبی خۆی لەخۆیدا دەسكەوتێك و بەرهەمی ماندووبوونی چەندین ساڵەی یانەكەیه، تیپەكەشمان بەباشی خۆیان ئامادەكردووە و چاوەروانی ئەوەیان لێدەكرێت كە بەئەنجامێكی باشەوە بگەڕێنەوە كوردستان، لێرەوە بەپیویستی دەزانین سوپاسی هەموو ئەوانە بكەین كە كارئاسانیان بۆ بەشداریكردن لەو خولەی عەرەبی بۆ یانەكەمان كرد، بەتایبەتیش د. شاكر سمۆ بەڕێوەبەری گشتی وەرزش كە بەهەوڵ و تواناكانی خۆی نەیهێشت ئەو دەرفەتەی بەشداریكردن كە مافێكی یانەكەمان بوو لەدەست بچێت.
جێی باسە شاندەكە پێكهاتووە لە ئەسعەد ئیسماعیل جێگری سەرۆكی شاند، د. ئومێد و عەبدولعەزیز ئەندامانی كارگێری و شەترەنجزانەكانیش بریتین لە: نوح عەلی حوسێن، دیدار محەمەد زاهیر، چیا مدیر، دانا جەمال، سامح مسری، زۆزگ سەلاح.









