خهبات: هێمن ئاری
گرووپی میوزیكی نالی، بە یەكێك لەو گرووپە میوزیكە پێویست و ناوازانە دادەنرێت كە لەسەردەمانێك هاتە دامەزراندن ڕۆح و هەستمان پێویستی پێبوو، لە ساتەوەختی دامەزراندنییەوە ئەم گرووپە لەسەر دەستی كۆمەڵێك میوزیسیان و دەنگبێژ لەشاری هەولێر دەستیان بەكاركردن كرد هەسپی خۆیان لەبواری میوزیك تاودا. لەسەروبەندی دامەزراندنییەوە كۆمەڵێك بەرهەمی بەپێز و ناوازەیان پێشكەشكرد.
گرووپی نالی، دوای ئەوە بۆ ماوەی چەند ساڵێك بوو كار و چالاكییە هونەرییەكانیان ڕاگرتبوو ، بەڵام خۆشبەختانە لەهەفتەی ڕابردوو لە ڕێوڕەسمێكدا دووبارە دەستبەكاربوونەوەی خۆیان ڕاگەیاند و كۆمەڵێك بەرهەمی جوانیان لەشاری هەولێر پێشكەش بە گوێگران و هەواداران كردەوە.
لە ڕێوڕەسمەكەدا ژمارەیەكی زۆر لە هونەرمەندان و هەوادارانیان تێكەڵ بە هونەری میوزیكی ڕەسەنی كوردی كردەوە.
لەمیانەی ڕێوڕەسمەكەدا چەند گوتارێك پێشكەشكران، دواتریش لەلایەن ئەندامانی گرووپەكەوە چەند بەرهەمێكی میوزك و گۆرانیی كوردی پێشكەشكرا.
گرووپی میوزكی نالی لە ساڵی 1998 دامەزراوە و لەماوەی چەند ساڵەی كاركردنیدا، بەشداری لە چەندین فستیڤاڵ و ئاهەنگ لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی كوردستان كردووە و چەند بەرهەمێكی میوزیك و گۆرانیشی بەشێوەی ڤیدیۆكلیپ بڵاوكردووەتەوە. هەروەها ئەم گروپوە خاوەنی دوو ئەلبوومی میوزیكە بە ناوەكانی گوڵەكانی پرچی حەبیبە و زەرگوڵ.









