دڵشاد مستەفا وەسانی
ماوەیەكە بە تایبەتیش دوای هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمان لە 18ی شوباتدا، هەندێ رستەی لە جۆری ئەنجامدانی كۆبوونەوەی پەرلەمان هەموو ئەگەرێكی لێدەكەوێتەوە، چەند كارتێكمان هەیە دژی پارتی، دەبێ گۆڕان لە پەیوەندییەكانیدا بەخۆیدا بچێتەوە، بۆ پارتی ناچێتەسەر، پلانی بی بەكاردەهێنین و ….هتد لە میدیای یەكێتی دەبینین، پاساوی بەكارهێنانی ئەو زمانەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، كە لە پێناوی خەڵكە نەك بۆ پۆست و پلە.
هەرچەندە لە ماوەی گفتوگۆی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم، زۆرترین ئاماژە بۆ ئەوە كرا، كە ئەگەر یەكێتی پشتگوێ بخرێ، دوو ئیدارەیی دروست دەبێتەوە، لێ دوای كۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، ئەو زمانە و بەكارهێنانی وشە و دەستەواژەی توند زیاتر بەكارهێندرا.
هەموو ئەو دەستەواژە و رستانە، بەلای خەڵكەوە جێی پرسیارە، چونكە نە كەس قسەی لەسەر ئەوە كردووە یەكێتی پەراوێز بخرێ، نە كۆبوونەوەی پەرلەمانیش ئەوەی پێوە دیار بوو، چونكە مافی یەكێتی پارێزراوە، ئەوەی كە داوای یەكێتی بوو و نەهاتەدی دواخستنی كۆبوونەوەی پەرلەمان بوو، ئەوەشیان لەگەڵ پاساوی بەكارهێنانی زمانی میدیایدا تێكناكاتەوە، چونكە پاساوی گوتاری میدیا ئەوەیە، كە بۆ پۆست نیە و لە پێناوی خەڵكە، پرسیار ئەوەیە كامەیان لە پێناوی خەڵكە، دواخستنی كۆبوونەوەی پەرلەمان و خستنە بەردەم قەدەری ئەگەری نەخوازراو، یان كۆبوونەوەی پەرلەمان لە كاتی خۆیدا وەك لەسەری رێككەوتبوون؟ وەك لای هەمووانیش ئاشكرایە، هەر لەگەڵ بڵاوبوونەوەی هەواڵی كۆبوونەوەی پەرلەمان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی، جووڵەیەك كەوتە بازاڕ و ئومێدێكی لێ پەیدا بوو، لێ دوای ئەوەی ئاماژەكانی دوو ئیدارەیی و ئەگەری دیكە فڕیدران و بوونە مانشێت، جارێكی دی جۆرێك لە نائومێدی و وەستانی خستەوە بازاڕ.
ئەم گوتارەی راگەیاندن، بووەتە هۆی هاندانی لایەنگرانی یەكێتی، لەبەر ئەوەش بوو كۆبوونەوەی 18ی شوباتیان وەك تۆڵەسەندنەوە لێكدایەوە، بۆیە لە لایەكی دیكەشەوە وەك وەبەرهێنانی حزبی كاری لەسەر كرا، لە كاتێكدا تەنیا فراكسیۆنی یەكێتی بەشداری كۆبوونەوەی پەرلەمانی نەكرد، ئەمەش وایكرد گوتاری میدیای یەكێتی، بێجگە لە پارتی، روو لە حزبەكانی دیكە بەتایبەتیش بزووتنەوەی گۆڕان بكات، تەنانەت لە هەەندێ وتاردا بەزمانێكی توند بە گۆڕان دەگوترا دەبێ بەخۆتاندا بچنەوە.
بۆیە وێڕای بەكارهێنانەوەی هەندێ دەستەواژە لە كۆبوونەوەی فراوانی كادیر و ئەندامانی یەكێتی لە 20ی شوبات، وەك ئەگەر رێككەوتنەكان حیساب بۆ یەكێتی نەكەن نایكەین، ئەگەر بڕیار بێت یەكێتی خولێكی تر لە دانووستان دەست پێبكاتەوە قسەی جیاوازمان دەبێت، بەڵام جۆرێك لە هێوربوونەوە و دڵنیاییشی بۆ ئەندامان تێدا بوو، لەگەڵ ئەوەشدا بناغەی كێشەكە ئەوەیە كە كاندیدەكان بە زەحمەت یەكلایی دەكرێنەوە، تەنانەت رۆژی 18ی شوبات وەك لەسەر زاری پەرلەمانتارانی یەكێتی باسكرا كاندیدی سەرۆكی پەرلەمان یەكلا نەكرابووەوە.
تاكە رێگە بۆ ئەوەی خزمەتی خەڵك بكرێت و پارتی و یەكێتی پێكەوە ئەم قۆناغە تێبپەڕێنن، گەڕانەوەیە بۆ گفتوگۆ.









