خەبات: هێمن ئاری
كەنگر، ڕووەكێكی دڕكاوییە و لە وەرزی بەهاردا بوونی دەبێت، ئەم ڕووەكە لەوەرزی بەهاران بەتایبەتیش لەناوچە شاخاوییەكان دەڕوێت. سەرباری تام و چێژەكەی سوود گەڵێكی باشی بۆ جەستەو تەندروستی مرۆڤ هەیە. بە خواردنی ئەم ڕووەكە چەندین سوود بە خانەكانی لەش دەگات.
وەك ئاماژەمان پێدا كەنگر گیایەكی دڕكاوییە و دەخورێ، بەهۆی تامەكەیەوە كەم كەس هەیە تامی نەكردبێ یان نەزانێ كەنگر چییە، زۆرن ئەو كەسانەی تامەزرۆی خواردنی دەكەن، بەڵام كەمن ئەو كەسانەی بزانن ئەو رووەكە یەكێكە لە باشترین و بەسوودترین خواردنەكان.
لە كوردستان پێچەوانەی شوێنەكانی تری جیهان، ئەم رووەكە زۆرترین ناوی هەیە و لە هەر شوێنێكی كوردستان بە ناوێك ناسراوە كە بەشێكیان پێیدەڵێن: كەنگەر، كەنگر، كنگر، قنگر، كەرەنگ، كەلەنگ، كندر، كندرە، كەندیل، كنر، كندێلە، قنەر، قنگەر، كنگەری، ستانگ، ئەنگینار، ئەرتیچۆك، بەلكان.
وەك ئیدریس ئەحەمەد بڵاویكردۆتەوە دەڵێت: ئەم ڕووەكە بەشێوەیەكی سەرەكی لە هەموو ماڵێك لە كوردستان لەوەرزی بەهار گرنگی بە خواردنی دەدرێت، بەچەندین شێوازی جیاوازیش ئامادە دەكرێت و هەریەك بەپێی ویست و حەز و سەلیقەی خۆی ئامادەی دەكات. كەنگر و ماست، یەكێكە لەشێوازەكانی چارەسەری بێخەوی.
پێكهاتێكیەك لە كەنگری وردكراو و ماستدا هەیە یەكێكە لە باشترین چارەسەرەكانی بێخەوی، ئەم خواردنە ئەگەر كاتژمێرێك بەر لە خەوهاتن بێ، یان ئەو كەسانەی كێشەی كەمخەوییان هەیە بیخۆن دەتوانن بەئارامی بچنە خەوێكی قوڵەوە. هەروەها ئەو كەسانەی رۆژانە خەریكی لێخوڕینی ئۆتۆمبێڵن یان كارەكەیان وشیاریی تەواوی دەخوازێت، لەم خواردنە دوور بن باشترە.
هەروەها باوترین ئامادەكردن و خواردنی ئەم خۆراكە لە كوردستاندا ئەوەیە، سەرەتا كەنگەرەكە دوای پاككردنەوەی لەدڕك و داڵ بە تەنیا لە ئاودا دەكۆڵێندرێت، پاشان لەگەڵ هێلكە لەناو رۆندا سوور دەكرێتەوەو چێژێكی خۆشی دەبێت، بەڵام دەكرێ چەندین جۆر شلەی بەتامی لێ دروست بكەن، بۆ نموونە: پاش شوشتن و وردكردنی گۆشت و لابردنی چەورییەكانی گۆشت لەگەڵ كەرە یان رۆن و پیاز نیوەسوور دەكرێتەوەو گۆشتەكەی پێ زیاد دەكرێت، دواتر ئاوی تەماتەو زەردەچێوەی بۆ زیاد دەكرێت و كەمێك ئاو دەڕژێنینە سەری تا دەكوڵێت.
پاشان كەنگرەكەمان لەناو رۆندا كەمێك سوور دەكەینەوەو دواتر دەیخەینە ناو مەنجەڵە گۆشتەكە و بۆ ماوەیەك تا بەباشی دەكوڵێ، لە كۆتاییدا ئاوی لیمۆ و زەعفەران و خوێی پێ زیاد دەكرێت، دەشتوانرێت لەجیاتی شلە بەكاربهێنرێت، یاخود بە ساوار لێبنرێت.
لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا كەنگر كۆمەڵێك سوودی هەیە، لێرەدا دەتوانن چەند سوودێكی ئەم ڕووەكە بخەینەڕوو، ڕووەكێكە یارمەتی سووتانی چەوری زیادەی لەش دەدات. هەروەها بەهۆی بوونی ماددەی “سیما لارین” بە چارەسەرێكی باشی نەخۆشی جگەر دادەنرێت، هەروەها كەنگر بە چارەسەری نەخۆشی ئازاری نیوەسەر هەژمار دەكرێت و لەكۆمەڵێك ڤیتامینی جیاواز پێكهاتووە، گرنگە بۆ تەندروستی گشتی و كرداری هەرس ئاسان دەكات و چارەسەری نەخۆشی قۆڵۆن دەكات. هەروەها كەنگر بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە بوونی پێكهاتەی ماددەی “سیمالارین” و چەند پێكهاتەیەكی دیكە، ڕێگە لە زیادكردنی خانە شێرپەنجەییەكان دەگرێت.
هەروەها خانە دەمارەكانی ناو لەش بەهێز دەكات. ئەو كەسانەی تووشی نەخۆشی كەم خوێنی بوونەتەوە دەتوانن سوود لەخواردنی ئەم سەوزەیە وەربگرن. هەروەها بوونی ماددەی پۆتاسیۆم لەناو كەنگر، خوێن لەماددە ژەهراوییەكان پاك دەكاتەوە و چارەسەری بەرزبوونەوەی ڕێژەی كۆلیسترۆلی ناو لەش دەكات و چەوری لەش دەسووتێنێت و بۆ خۆ لاوازكردن سوودی هەیە.
هەروەها چارەسەرێكی گرنگی شەقیقەیە و چەندین ڤیتامینی بەسوودی تیادایە بۆ لەش و بەسودە بۆ ئەو كەسانەی كۆلیسترۆل و ئاستی چەوری ناو خوێنیان بەرزە. خانەكانی لەش لە ژەهر پاكدەكاتەوە.دڵ بەهێز دەكات و دابەزینی فشاری خوێن. بڕێكی زۆر ریشاڵی تیادایە كە هەستی تێربوون دەبەخشت و یارمەتیكەمكردنەوەی كێش دەدات.
دروستكردنی چایی ئاوەكوڵێك لە دڕكەكانی كەنگر، یەكێكە لە باشترین ئەو ئاوەكوڵەی چارەسەری دابەزینی كۆلسترۆڵ و چەوریی خوێن دەكات. بۆ دروستكردنی ئەم ئاوەكوڵە بۆ ماوەی 15 خولەك چەند پەلكێكی دڕكاوی كەنگەرەكە بكوڵێت بەر لە خواردنی هەر پەرداخێك لە ئاوەكوڵەكە دەبێ كەوچكێك هەنگوین یان كەمێك نەباتی پێ زیاد بكەن. هەروەها كەنگر و ئاوەكەی دەتوانێ ژەهری لەش لەناو ببات، چونكە لەناو كەنگر مادەی سینارین زۆرە و دەتوانێ رێژەی زەرداوی جەستە كونترۆڵ بكات، یارمەتیدەریشە لە هەرسكردنی خواردن بۆ ئەو كەسانەی دەزگای هەرس یان ریخۆڵەیان تەنبەڵە.
زۆر كەس كەنگر لەبەفرگر هەڵدەگرن بۆ وەرزێكی دیكەی ساڵ، شارەزایەك لەبواری خۆراك شێوازی هەڵگرتنی خواردنی كەنگر لە ناو بەفرگر ئاشكرا دەكات داوا دەكات بە هیچ جۆرێك كەنگر بە كاڵی یان بە كوڵاوی نەخەنە ناو بەفرگرو موجەمیدەوە، بەڵكو پێشنیازێكی دیكە دەكات، ڕایگەیاند: ماوەیەكە لەناو هاووڵاتیان و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان باس لەوە دەكرێت كە هەڵگرتنی كەنگر لەناو بەفرگردا هۆكارە بۆ توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجە، بەڵام لە ڕاستیدا ئەوە هیچ بنەمایەكی زانستی و سەلـمێندراوی لەسەر نییە و دوورە لە ڕاستییەوە “.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد كە پێویستە ئەوانەی كە كەنگر لەناو بەفرگردا هەڵدەگرن ،سەرەتا بە كەمێك زەیتی زەیتون سووری بكەنەوە یان زەردی بكەن دواتر بكرێتە زەرفەوە و دواتر لە بەفرگردا هەڵبگیرێت.
ئەو پسپۆڕەی خۆراك دەشڵێت: نابێت كەنگر بە كاڵی یان بە كوڵاوی هەڵبگیرێت، چونكە ئەو بڕە ئاوەی تێیدا دەمێنێت هۆكارە بۆ تێكچوونی كەنگرەكە و دواتر بۆ خواردن ناشێت.









