خەبات: عەلی بانیشاری
بەهۆی شەڕی هـەشت ساڵەی عێراق-ئێران هەزاران مین لە پێنجوێن چێنراون، لەسـەر ئاستی پارێزگای سلێمانی پێنجوێن پلەی یـەكەمی هەیە لە زەوی چێنراون بە مـین و تەقەمەنی، بەگوێـرەی ئامارەكان لە پاش ساڵی 1991ـەوە تا كۆتایی ساڵی 2018 نزیكەی 1500 هاوڵاتی پێنجوێن بەهۆی مینەوە شەهید و برینداربوون. قایمقامی پێنجوێن دەڵـێ: پێویستە ژمارەی ئەو تیمـانەی لە سنوری قەزاكەدا خـەریكی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنین زیاد بكرێن، چـونكە پێنجوێن ناوچەیەكی شاخـاوی و سەختە و وەكـو پێدەشتەكان نییە.
بەپێی ئاماری دەزگای گشتی مین لە باشووری كوردستان، 416 ناوچەی چێنراو بە مین و تەقەمەنی لە تەواوی سنوری قەزای پێنجوێن هەیە، هەر بەپێی ئامارەكان تائێستا زیاتر لە 14 ملیۆن مەتر دووجا زەوی چێنراو بە مین و تەقەمەنی لە قەزاكەدا پاك كراوەتەوە و زیاتر لە 25 هەزار مین و تەقەمەنی لەناوبرادون، لە دوو هەفتەی رابردوودا بەهۆی ڵافاوەوە لە ناحیەی ناڵپارێزی سەر بە قەزای پێنجوێن 50 پارچە مین و تەقەمەنی دەركەوتن، بەڵام لە ماوەیەكی كورتدا تیمەكانی دەزگای گشتی مین لە پێنجوێن سەرجەم پارچەكانیان هەڵگرتەوە.
زانا رەحمان، قایمقامی پێنجوێن بەخەباتی گوت: نزیكەی 56 ملیۆن مەتر دووجا زەوی چێنراو بە مین و تەقەمەنی تائێستا لە سنوری قەزای پێنجوێن پاكنەكراوەتەوە، كە دەكاتە لە 80%ی رووبەری چێنراو بە مین و تەقەمەنی لە تەواوی سنوری پێنجوێن. گوتیشی: تیمەكانی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی هەموو ساڵێك لە پێنجوین كار دەكەن، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی بەفر و باران و وەرزی سەرماوە كاركردنیان وەستاوە. ئاماژەی بەوەشدا جاروبار بەهۆی ڵافاوەوە مین و تەقەمەنی دەردەكەون.
هەر بەپێی ئامارەكانی دەزگای گشتی مین لە ساڵی 1991ـەوە تا ئابی 2017 بەهۆی مین و تەقەمەنییەوە لەسەرتاسەری باشووری كوردستان 2644 كەس شەهید بوون و 10778 كەسیش برینداربوون. لە پێگەی فەرمی دەزگای گشتی میندا هاتووە تا ساڵی 2016 رووبەری پیسبوو بە مین و تەقەمەنی لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 274 هەزار كیلۆمەتر دووجا بووە و زیاتر لە 502 هەزار كیلۆمەتر دووجا زەوی لە مین و تەقەمەنی پاككراوەتەوە، هەروەها ئەوەش هاتووە ناوچە گومانلێكراوەكان و ژمارەی كێڵگەی مین و شوێنە مەترسیدارەكان نزیكەی 3440 كێڵگەیە.
قایمقامی پێنجوێن دەشڵێت: ئەو تیمانەی لە پێنجوێن كاری هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی دەكەن توانیان دیاریكراوە. هەروەها گوتیشی: پاككردنەوەی ناوچە شاخاوی و سەختەكان لە مین و تەقەمەنی وەكو پێدەشتەكان نییە و كاتی زۆری دەوێت و ئەستەمە.
زانا رەحمان داواشیكرد ژمارەی ئەو تیمانەی لە سنوری قەزای پێنجوێن كاریان هەڵگرتنەوەی مینە زیاد بكرێن تا ناوچەی چێنراو بە مین و تەقەمەنی خێراتر پاك بكرێتەوە و ژمارەی قوربانییەكان لەوە زیاتر بەرزنەبنەوە.
پێنجوێن بە دووری 95 كیلۆمەتر كەوتووەتە رۆژهەڵاتی شاری سلێمانی، 1100 مەتر لە ئاستی رووی دەریاوە بەرزە و ناوچەیەكی شاخاوی و سەختە، لە ساڵی 1958 بووەتە قەزا و سێجار خاپوور كراوە، لە رووی كارگێڕییەوە هەردوو ناحیەی گەرمك و ناڵپارێز و 260 گوند سەر بە پێنجوێنن، ژمارەی دانیشتووانی قەزاكە 48 هەزار كەسە.









