خەبات: تریفە ئازاد
رێبازی بارزانی كاروانێكی خەباتە كە چەندین شۆڕە سواری پاڵەوان و قارەمان و بەجەرگ تێیدا هەڵكەوتوون، رێبازی بارزانی لافاوێكە كە چەندین بەربەرست و ئاستەنگ و هەوراز و نشێوی بڕیوە، رێبازی بارزانی قوتابخانەیەكە كە چەندین مامۆستا و قوتابی و پسپۆڕی تێیدا هەڵكەوتووە. یەكێك لە و مامۆستایانەی لە نێو رێبازی بارزانیدا هەڵكەوتووە و قارەمان و شۆڕشگێڕبووە، مامۆستا محەمەدی مەلاقادر بووە، مامۆستا محەمەد لە دەسپێكی ژیانییەوە هەڤاڵ و هۆگر و رێبواری رێبازی پیرۆزی بارزانی بووە، پێشمەرگەیەكی ماندوو نەناس و لەخۆبوردە و بەئەمەكی پارتی بووە، كادیرێكی سیاسەت مەدار و رێخەرێكی لێهاتووی تەنزیماتی پارتی بووە، پیاوێكی دیپلوماسی و هەڤاڵ دۆست و كۆمەڵایەتی بووە، میهرەبان و دڵسۆز و وەفاداری هەڤاڵەكانی و رێبازی پیرۆزی بارزانی بووە. ئەمڕۆ كە ئێمە وەكو رۆژنامەی خەبات یادی چلەی ماتەمینی مامۆستا محەمەدی مەلاقادر دەكەین، زۆر ئەستەمە لە چەند دێرێكدا یادوەری و خەباتی دوورودرێژی مامۆستا محەمەد بخەینەروو، بۆیە لێرەدا تەنها وشەیەكی پیرۆز دەكەین بە ناونیشانی مامۆستا محەمەد مەلاقادر ئەویش پێشمەرگەیە، بەڵێ مامۆستا پێشمەرگەیەكی ماندوونەناسی رێبازی بارزانی و پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، پێشمەرگایەتیش پیرۆزترین پلەی شەرەف و كەرامەتی مرۆڤە لە نێو میللەت و وڵاتەكەیدا.لە یادی چلەی ماتەمینی مامۆستا محەمەدی مەلاقادر،دڵێین روحی لە بەهەشتدا شادبێت، پەیمان بە مامۆستا محەمەد و هەموو شەهیدانی كوردستان دەدەین، كە ئێمەش قوتابی بەئەمەكی رێبازی بارزانی نەمر بین،پێشمەرگەی دڵسۆزی پارتی دیموكراتی كوردستان بین.
خورشید شێرە هەڤاڵ و هاوسەنگەری محەمەدی مەلاقادر لە لێدوانێكی بۆ ڕۆژنامەی خەبات گووتی: من لە ساڵی 1964 وە دەیناسم لە كاتی بەستنی كۆنگرەی شەشەمی پارتی من لە دەڤەری كۆیێ بریندار بووم لە ژێر عیلاج بووم بڕیاری كۆنگرەی شەش درا بومە لیژنەی تەحزیری ،پاشان لە كۆنگرەی شەشیش پێكەوە بوین هاوڕێتیمان پتەو بوو دوای كۆنگرە بووین بە ئەندامی كارگێری لقی دوو لە حەیاتی پێشمەرگایەتیەوە گوازرامەوە بۆ حەیاتی حزبی مەقەری لقی دوو لە هیران بوو بەیەكەوە كارمان دەكرد ئەو كەسێكی پاك بوو لە هەموو ڕوێكەوە كادیرێكی زۆر باش بوو ورەی بەقەد سەفین بەرز بوو ئێمە زیاتر لە 50ساڵ پێكەوە بوین ،هەمیشە حەزی لە كاری باش بوو بەرپرسیارەتی زۆری بینیووە هەموو بەیەكەوە بووین بەرپرسیارەتی زۆری لقەكانی وەرگرتووە هەموو پلەكانی بەسەركەوتوویی بەڕێ كردووە ژیانێكی سادەی هەبووە لە كاتی شەڕەكانیش وەك پێشمەرگەیەكی ئاسایی ژیاوە لەكاتێك دەیتوانی باشترین شت بۆخۆی بكات ،لەگەڵ هاوڕێكانی خۆشی زۆر باش بوو بەوەفا بوو لە11ی ئازاری ساڵی 1970تا 1974 عەزیز عەقراوی بەرپرسی لقی دوو بەڵام عەبدولڕەحمان گۆمەشینی و عەلی هەژارو مەلامحەمەدو من كە ئەندامی كارگێڕی لق بووین مەلامحەمەد كارگێر بوو وەك ئێمە بەڵام ئێمە سێیەكەی تر بڕیارماندا كە تا ئێمە پێكەوە بین مەلامحەمەد براگەورەی ئێمە بێت نەك ئەوانی تر لەگەڵی هیچ كێشەمان نەبوو سەركەوتنی زۆر گەورەشمان هێنا ،لە ساڵی 1966 بە هۆی نالەباری نێوانی پارتی و باڵی مام جەلال چەندین شتی ناخۆش ڕوویدا پەیوەندی ڕێكخستنەكانمان پچڕا لە هەموو شارەكان تەنها هەولێر مایەوە بڕیارێكمان بۆ هات لە هیران بوین ئەمرمان پێكرا بچینە ناو شار دووبارە ئیعادە تەنزیم بكەینەوە چونكە تەنزیمی هەولێر زۆر بە قوەت بوو بانگیان كردین لە مەكتەبی سیاسی دەبێت بچنە هەولێر ئیتر هاتینە ناوشار بە نهێنی عەلی كەمال هەبوو بەرپرسی ناوچەی هەولێر بوو هەرسێكمان هاتین مەلامحەمەد بەرپرسمان بوو كە هاتینەوە یەكسەر چوینەوە ماڵی ئەسعەد فەتاح هەركی لەناو هەولێر ناخۆش بوو شەوێك لەوێ ماینەوە ئیتر شوێنێكیان بۆ دیاری كردین شەش مانگ لە هەولێر ماینەوە ئیعادەتەنزیمان كرد زۆر بە سەركەوتوویی كارەكەمان كرد پاش شەش مانگ گەڕاینەوە شاخ ،لەم یادەش ئێمە بە پەنجەی دەستان ماوین ئومێد دەكەم ئەو جیلەی پاش ئێمە ئەو ئامانەتەی كە هەڵیان گرتووە ئەو دەستكەوتانەی ئەمرۆ هاتوونەتە بەرهەم بە خوێنی سەدان شەهیدی قارەمان بووە لە بیری نەكەن و كاروانی خەبات بەردەوام بێت ،وە پێویستیشە پارتی لە داهاتوو خول بۆ ئەو كادیرانەی ئێستا بكاتەوە كە ئەو كەسانەی لە شۆڕش بوونە وانەی ئەو كاتیان فێر بكەن و ئاشنایەتی ئەوكاتیان بكەن و كادیر پێبگەینن ،دەبێت بەرگری بكەین لە حزبەكەمان ئەو حزبەی كە بە شەونخونی بۆ ئەمرۆ بەرهەم هاتووە.
مەغدید بنەسڵاوەیی یەكێك لە هاوسەنگەرانی محەمەدی مەلا قادر بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی:لاپەرەكانی ژیانی ئەو هێندە قورسە پڕە لە خەبات و دەستكەوتی كوردایەتی و پارتایەتی من لە ساڵی 1965وە دەیناسم لە ساڵی 1964بۆ 1965 شەڕ بوو لە سەفین شەڕێكی قورس بوو لە چەندین لاوە دوژمن دەوری دابوین كۆپكی گەرۆتە گیرا بوو مامۆستا محەمەد هات نزیكەی 12 پێشمەرگەی لەگەڵ دابوو ئێمەش دەورمان گیرا بوو یەكێك ناوی جەمیل بوو پێی گوت مامۆستا ئەگەر پێشمەرگەمان بۆ جێ نەهێڵی ئێمە وەزعمان خراپە لەوانەیە زیانمان پێبگان ئەوەبوو یەكێكی بۆ جێهێشتین بەناوی عومەر مەلازادە پیاوەكی زۆر قارەمان بوو شەوەكەی سەفین گیرا ئەگەر عومەر مەلازادە نەبا ئێمە نەدەماین ،لە 11ی ئازاری 1970 دووبارە پێكەوە بوین لە ڕێگای ئەوەوە زۆر هاوكاری پێشمەرگە دەكرا ئەو لەگەڵ خورشید شێرە لە لقی دوو بوون ،لە مانگی 3ی ساڵی 1980 هەڵبژاردنێك كرا لە ناو پێشمەرگە بۆ هەڵبژاردن پلەی یەكەمم هێنا بووم بە كارگێر لە بەشی عەسكەری پێش هەڵبژاردن ئەو بووە بەرپرسی لق من و ئەو بە یەكەوە لە ژورێك بووین هەمیشە بیرمان دەكردەوە كە چی بكەین و چۆن پەیوەندی بە برادەران بكەین بۆ تەنزیمی حزب بكەینەوە مامۆستا ڕۆڵێكی كاریگەری هەبوو لە ئاشتەوایی و دادپەروەری و كۆمەڵایەتی ،لە دۆڵی بالیسان دەستمان كرد بە چالاكی لە نێوان دیرو خەتی بارەگای لقمان دانا بەردێكی گەورە هەبوو لەوێ كە بارەگامان دروست كرد مامۆستا گوتی من لەبن ئەو بەردە خانوو بۆخۆم دروست دەكەم گوتمان مامۆستا زستانە ساردە بارانی لێ دێت خەڵكی گوندیش پێان گوت ئەوە بوو شەوێك بارانەكی زۆر باری پێشمەرگەیەكی لەگەڵ بوو ناوی مەلا بوو هاتە ژوورەوە كاژمێر 2ی شەو بوو گوتی مامۆستا محەمەد گوتی بێت كە چووم بارەگای پر ببوو لە ئاو هەموو گیانی تەڕ ببوو ریشی هاتبوو زۆرم زگم پێ سوتا بەو شەوە دەستمان بە هەڵكەندی ژورەكە كرد تا ئاوەكە بچێتە ژێر خاك منیش بیرم كردەوە دەبێت چی پێبڵێن ئەگەر كوردیش بە گیڤارای خۆی نەزانێت دەبێت پارتی بە گیڤارای خۆی بزانێت ئەو پیاوێك بوو قارەمان ،مامۆستا مەلامحەمەد لە ڕووی پێشمەرگایەتی زۆر قارەمان بوو لە ڕووی ئیدارەشەوە زۆر بە تحمول بوو،مانگی 12 بوو هاتینە ڕوستێ مانگەك هیچمان نەبوو مامۆستا بروسكەیەكی كرد بۆ مەكتەبی سیاسی كاك عەلی عەبدوڵڵا جوابی داینەوە گوتی هەندێك پارەتان بۆ دەنێرین ئەو پارەیە ئاخیر پارەیە ، بیرمان كردەوە چیبكەین گوتم كاكە من حازرم ئەوەی پێم بكرێت بریاریان دا من و مامۆستا شێخەڵڵا بێنە دەشتی هەولێر وەكو لە ڕووی هاوكاری تەكلیف لە دۆستان بكەین ئەوانەی بە ئیمكانەیت مامۆستا بروسكەیەكی كرد گوتی برادەران لەم هەڤاڵانە پێكهاتوون دەچن بۆ دەشتی هەولێر بۆ ئەوەی شتێك پەیدا بكەن لەلای برادەران وەلامیان داینەوە رازین و بەڵام دەبێت بە ڕێگای شەخسی بێت لە مانگی 1 لە گوندی شێكراوە بەڕێكەوتین لە ڕۆستێ چیای برادۆست و پێریسمان دا بە پێ بەفر تا نیوەمان هاتبوو كە گەیشتین نزیگەی 3 هەزارمان كۆكردەوە مامۆستا دووبارە بروسكەیەكی كردەوە گوتی دەبێت زۆزگ بگەڕێتەوە لای هەندرێن كە پارەكمان برد مانگەكمان پێ چوو بەو ماوەی كە نزیكەی مانگێك بوو بە نزیكەی بیست پێشمەرگەوە 60 دینارمان سەرف كرد مامۆستا بروسكەیەكی كرد گوتی هەڤاڵان گەڕاینەوە دەستكەوتیان ئەوەندەیە و مەسروفیشیان ئەوەندە بووە ،مامۆستا عەلی عەبدوڵڵا وڵامی داینەوە دەڵێت دەستیان خۆش بەڵام 60 دینار زۆرە سەرفیان كردیە ،لێرە مەبەستم دڵسۆزیەكەیە ئەو كەسێكی كەم وێنە بوو كەسێك ورەی هاتبایە خوارێ چاوی بە مەلامحەمەد كەوتبا ورەی بەرز دەبوو ئەوەندە پیاوێكی قارەمان بوو.
شێخەڵڵا ئیبراهیم كە یەكێك بوو لە هاوڕێ و هاوخەباتی محەمەدی مەلاقادر لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گووتی:محەمەدی مەلاقادر كەسایەتێكی بەرزی هەبوو لەناو سەركردایەتی كورد لای هەموو حزبەكان ناسراو بوو ورەبەرز بوو لە هیچ كات و ساتێك نەمبینی ئەو بێتاقەت بێت هەمیشە بە ورە ودەم بە پێكەنین بوو قسەی خۆشی دەكرد پیاوێكی دەست و دڵ پاك بوو هەموو خەمی ئەو كوردایەتی بوو هەمیشە بیری لەوە دەكردەوە كە چۆن كار بكەین و چۆن تەبا بین چۆن خزمەتی خەڵك بكەین لەگەڵ دۆست و هەڤاڵانی ڕێك بوو بەردەوام بیری نەتەوایەتی لە ناخیدا چەسپابوو هەمیشە بیری لەوە دەكردەوە كە نابێت دژایەتی یەك بكەین و زۆر پەیوەست بوو بە ڕێبازی پیرۆزی بارزانی ،لە یەكێك لە شەڕەكان سەحبمان كرد لە ڕێگا دەرۆیشتین دەیگویت ئێستا دوژمن وا هەست دەكات نەشكاوین ئێمە سەركەوتوو بوینە تەقەش لەولا لەولا بۆمان دەهات ئەویش قسەی خۆشی بۆ دەكردین ورەی پێدەبەخشین، ئەوەندەی ناسیبم و بەیەكەوە بوینە نەمبینوە بێتاقەت بێت پێاوێكی زۆر ورە بەرز بوو زۆر كورد پەروەر بوو كادیرێكی كەم وێنە بوو لەناو حزب قەت لە خۆ دروست كردن نەدەگەڕا زۆر موكڕ بوو لەسەر ئەوەی كە دەبێت خزمەتی خەڵك بكەن و ڕێز لە جەماوەر بگرن ،ماوەیەك لەگەڵ یەك بووین كەم و كوڕی نەبوو هەمیشە ورەی خەڵكی بەرز دەكردەوە لە قسە كردن بە جورئەت بوو ڕووبەڕوو قسەی دەكرد بۆ ئەوەی بوو كە چاكی بكات نەك بیشكێنێتەوە یان وای لێبكات ورەی بەربدات هەمیشە هەوڵی ئەوەی دەدا كادیر دروست بكات پێشمەرگە دروست بكات بەردەوامیش لەگەڵ ئەو حزبانەی دەوربەرمان حەزی بە ئاشتەوای و پێكەوە ژیان بوو هەوڵی دەدا هەمیشە تەبابی هەبێت ،لای من پیاوێك بوو ورەی بەرز بوو چونكە تووشی زۆر ناخۆشی بووین لە سەردەمی شاخ و پێشمەرگایەتی و حزبایەتی بەڵام ئەو پیاوە هەر پێدەكەنی و قسەی خۆشی بۆ دەكردین و ورەی بەرز دەكردینەوە كەم وێنە بوو لە ورە بەرزی.
ناز ناز محەمەد كچی مامۆستا لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی:باوكم بە حوكم ئەوەی كە سیاسی بوو وە پێشمەرگەش بوو لە قۆناغە جیاجیاكان سەرقاڵ بووە بە قەزیەك كە كردبویە قەزیەی ژیانی خۆی ئەوەیش قەزیەی كوردایەتی بوو بۆیە وەك پێویست نەیتوانی لە گەڵ هەموو وردەكاری ژیانی ئێمە بێت لەگەڵ دایكم چونكە هەستی دەكرد كە قەزیەكی زۆر گەورەتر هەیە لە خێزان دەبێت ژیانی خۆی بۆ تەرخان بكات ،ئێمەش هەستمان بە نەقسێك دەكرد كە بەناو باوكمان هەیە بەڵام لە هەمانكاتدا بێ باوكیشین زۆربەی كاتەكان پێویستان پێ هەبووە تایبەت كە تەنها خێزان بووین كەس و كارمان لەگەڵ نەبوو لە ئێران بەتەواوەتی هەستمان بە غوربەت و بێ كەسی دەكرد،بەڵام لە جانیبەكەی تر كە دەمان بینی وەكو پێشمەرگەیەك بوو گیانی خۆی خستۆتە سەر دەست بۆ قەزیەی مللەتێك ئەویش كوردایەتی بوو بۆیە ئێمە هەردەم قبوڵی بێكەسیەی وی و نەبوونی ئەومان دەكرد شانازی كردنە تەعویزی بۆ كردینەوە من بەش بەحاڵی خۆم من چی هەمە تا ئێستا لە ژیانمدا خۆم بەقەرزداری باوكم دەزانم چونكە لە زەمەنی خۆی پیاوێكی زۆر پێشكەوتوو بوو زۆر بڕوای بە مافی یەكسانی ژن و پیاو هەبوو خۆشەویستیەكی زۆر تایبەتی بۆمن هەبوو بەردەوام منی هان داوە بۆ ئەوەی لە ژیاندا خۆم بسەلمێنم بەرەوە پێش بچم ،ئەو هەمیشە پشگیری دەكردم كە هەوڵی خوێندن بدەم منیش هەردەم داوای ڕێنماییم لێ دەكرد، ئەویش بەردەوام لەهەموو رووێكەوە بە مادی و مەعنەوی بەس تەنها لە خوێندن سەركەوتوو بم ،باوكم گەوهەرێكی گەورە بوو لە ماوەی كە ئاوارە بووین لە كەرەج لە ساڵی 1976تا ساڵی 1979 ئێمە نەمان دەتوانی لە پارێزگاكەی خۆمان دەربچین بۆیە باوكە سەركردەكان لە كەرەج كۆبونەوە و بوون بە پیاوی ماڵ خەریكی ژیانی خێزانی ئەو سێ ساڵە خۆشترین ساڵەكانی ژیانم بوو كە بەردەوام لەگەڵ باوكم بووم زۆر گرینگی بە من دا لە خوێندنەكەم هەمیشە هانی دەدام لە لایەك بۆ خوێندن لە لایەك بۆ كوردایەتی ئەو متمانەی بەمن هەبوو لەسەر پەیوەندی خۆم و باوكم زۆرجار نوسیوومە لە وتارەكانم پشتگیری باوك بۆ كچە تەنها كلیلە بۆ ئەوەی كچ بۆ ئەوەی بتوانی لەناو كۆمەڵگەیەكی نەریتی وەكو كورستان بتوانێ متمانەی بەخۆی هەبێت و پێش بكەوێت ببێتە بناغەیەك بۆ ئەوەی لە داهاتوو ژیانی هاوسەری پێك بهێنی لەگەڵ هاوسەرەكەی هەموو ڕێچكەكان بشكێنی چونكە پێشتر بینویەتی لە لای باوكی چۆن بووە دەبێتە بناغەی ژیان بۆیە باوكم ئەو بناغەی بۆمن دانا ئەو هەمیشە بڕوای بە مافی یەكسانی ئافرەت و پیاو هەبوو زۆر پشتیوانم بوو لە هەڵبژاردنی یەكەم پەرلەمان لە ساڵی 1991 منی لەگەڵ خۆی دەبرد بۆ كۆبونەوەكانی جەماوەری بۆ ئەوەی هەندێك قسە بكەم دەیگوت بۆ ئەوەی ئافرەتانی ئێمەش شەرمیان بشكێ و بێنە سەر سندوقەكانی دەنگدان.
نیاز لاجانی كوڕی مامۆستا محەمەد مەلاقادر لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ڕۆژنامەی خەبات گوتی:ئێمە كە لە دایك بووین لە سەردەمی شۆڕش لەدایك بووینە ناوی پێشمەرگە و تێڕوانینی ئێمە بۆ پێشمەرگە شتێك بوو هەمیشە لامان ئاشنا بوو و شانازیمان پێوە كردوە لە ساڵی 1968 من سێ ساڵ بووم عەریف عەلی بەمنی دەگوت زابتە قوتە من لە ئێران بووم نەدەترسام لە تەیارە بەردەوام تەیارە قەسفی دەكرد ئەو عەشقە لە ڕێگای باوكم و هاوڕێكانی بەردەوام بوو بۆمن من بووم بە پێشمەرگە و خوێندنم تەواو نەكرد باوكم پێی خۆش نەبوو بەڵام هەر سوربووم لەسەر بوونم بە پێشمەرگە لە تەمەنی 17ساڵی وە بەشداری چەند شەڕێكم كرد لەگەڵ باوكم و چەندین ڕۆژانی سەختمان بەرێكرد و باوكم پیاوێك بوو زۆر بە هێز بوو لە ساڵی 1983 وەزعمان زۆر خراپ بوو بەڵام ئەو هەرگیز مادەی لەكن گرینگ نەبوو هەمیشە كوردایەتی لاگرینگ بوو جیاوازی نەدەكرد لە نێوان كەس، بۆ پێشمەرگەكانی تر چۆن بوو بۆمنیش وابوو،لە ساڵانی پەنجایەكان بارزانی نەمر لە سۆڤیەت بوو پارتی تازە گەشەی دەكرد ئەوان ڕەگ و ڕیشەی پارتیان داكوتا لە هەولێر وەكو پایتەختی هەرێمی كوردستان پارتی لەسەر دەستی دەیان تێكۆشەری وەك مەلامحەمەد دروست بووە لە ڕۆژانی سەخت ڕەگ و ڕیشەی پارتیان لە دەشتی هەولێرو خۆشناوەتی و چەندین جێگای تر. لە ساڵی 1966 پارتی توشی بارودۆخێكی نالەبار بوو لە دەڤەری گەرمیان بە بریارێك دەگوازرێتەوە بۆ گەرمیان بۆ حەساسترین شوێن چونكە ئەو كاتە ئنشیقاقەكە ئەوەندە گەورە بوو كە لەگەڵ بارزانی نەمر مایەوە و چووە كفری تەنزیماتێكی زۆر گەورە دەكرێت و دواتر دەگەڕێتەوە لە شەڕی سەفین گەورەترین ڕۆڵ دەبینێت و سەركەوتنێكی مەزن تۆمار دەكات لە ساڵی 1967 دەگەڕێتەوە ناو هەولێر و تەنزیمات دەكاتەوە دواتر خورشید شێرەش دەگەڕێتەوە نزیكەی شەش مانگ لە هەولێر دەمێننەوە چالاكی گەورە دەكەن خەباتی ئەو ڕۆژانەبوونە ئەگەری ئەوەی ئەم دەستكەوتانەی ئەمڕۆ هاتنە بەرهەم.









