د. مەیادە محەمەد نەجار
بێگومان بەشداری كردنی كۆنگرەی ئاسایشی میونخ بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1963 لە شاری میونشنی ئەڵمانیا ئەنجام دراوە و سەرەكیترین و كاریگەرترین كۆنفرانسە نێودەوڵەتییەكانی جیهانە كەتایبەت بێت بەپاراستنی بواری ئاسایش و لەسەر ئاستی لوتكە هەموو ساڵێك لە مانگی شوبات بەڕێوە دەچیت و ئەمساڵیش دەبێتە 55ـەمین كۆبوونەوە، بێگومان بەشداریكردنی ئەندازیاری ئاشتی و ئارامی رێزدار “مەسرور بارزانی” راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەكۆنگرەی ئاسایشی میونشن یەكێكە لەبابەتە هەنووكەیی و گرنگەكان كە كاریگەرییەكی زۆر ستراتیژی لەسەر ئایندەی ناوچەكە و هەرێمی كوردستان دەبێت، چونكە كۆنگرەی ئاسایشی میونشن وەك ناوەندێكی زۆر گرنگی تاوتوێ كردنی سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئاسایشی جیهان هەژمار دەكرێت، هەروەها ئەوەی گرنگە بەشێوەیەكی فەرمی ڕێزدار “مەسرور بارزانی” ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و شاندی یاوەری، بەشداری لە كۆنگرەی ئاسایشی میونشن دەكەن.
ئەوەی گرنگەو ناكرێت ئێمە تەنیا وەك هەواڵێك مامەڵە لەگەڵ ئەم نووسینەدا بكەین پێویستە شیكارییەك بۆ ئەم هەنگاوەو بەشداری رێزدار “مەسرور بارزانی” راوێژكاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بكەین و باس لەهەنگاوە گرنگەكانی ئەندازیاری ئاشتی و ئارامی لەم كۆنگرەیە بكەین، هەوەك روون و ئاشكرایە چەندین شاندی دیپلۆماسی و ئەمنی و ئەندام پەرلەمانی وڵاتانی جیهان بەشداری لەم كۆنگرەیە دەكەن و دەكرێت بڵێین كە كۆنگرەی میونشن دەبێتە لوتكەیەكی بەیەكگەیشتنی دپلۆماسی كاریگەریەكی گرنگی بۆ هەرێمی كوردستان لەم قۆناغەدا دەبێت، بۆ زیاتر شیكردنەوەی ئەم بابەتە من بەباشی دەزانم كورتەیەك لەسەر كۆنگرەی ئاسایشی میونشن و كاریگەریەكەی باس بكەم.
كۆنگرەی ئاسایشی میونشن ساڵانە لە ناوەڕاستی مانگی شوبات لە شاری میونشنی ئەڵمانیا ئەنجام دەدرێت چەندین كەسانی خاوەن بڕیار و كاریگەر لە چەسپاندنی ئاشتی و پاراستنی ئاسایشی جیهان بەشداری تێدا دەكەن، زۆر تەوەری گرنگ لەنێو پانێلە تایبەتمەندەكانی كۆنگرە شیدەكرێتەوە، لەئێستادا تەواوی وڵاتانی ئەندامی پەیمانی ناتۆ و یەكێتی ئەورووپا بەشداری كارا لەم كۆنگرەیە دەكەن.
بێگومان زلهێزەكانی جیهان لەسەر ئاستی باڵا بەشداری ئەم كۆنگرەیە دەكەن بەجۆرێك ساڵانە ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی “ئەمەریكا، رووسیا، ئینگلتەرا، فەرەنسا، چین” چەندین پرۆتۆكۆلی گرنگ لە بواری ئەمنی لەم كۆنگرەیە ئەنجام دەدەن وەك ئەوەی لە نێوان ڕووسیا و وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ڕێككەوتنێكی نوێیان لەبارەی داماڵینی چەك لەساڵی 2011 واژۆكرد، ئەوەی گرنگە پێدەچێت ئەمساڵ زیاتر لە 680 سیاسەتمەداری جیهان بەشداری تیدا بكەن بەگوێرەی هەواڵە سەرەتاییەكان لەسەر كۆنگرەكە زیاتر لە 30 سەرۆك و سەرۆكی حكوومەتی وڵاتی جیهان و نوێنەری 60 ڕێكخراوی نێودەوڵەتی بەشداری بكەن، هەروەها چاوەڕێ دەكرێت هەریەك لە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و ڕووسیا و وڵاتانی ئەندام لە یەكێتی ئەورووپا و چین لەسەر ئاستی لوتكە بەشداری كۆنگرەكە بكەن.
بێگومان ڕوون و ئاشكرایە ئەندازیاری ئاشتی و ئارامی ڕێزدار “مەسرور بارزانی” ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی فەرمی بۆ بەشداریكردن لەم كۆنگرەیەدا داوەتكراوە، ئەمەش زۆر مانای گرنگ هەڵدەگرێت چونكە لەئاستی بەشداریكردندا حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق وەك یەك بەشدارن، ئەمەش نامەیەكی زۆر گرنگە بۆ حكوومەتی بەغدا كە دەبێت بەشێوەیەكی فەرمی مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان بكەن، لەبەر ئەم خاڵانە دەكرێت بڵێین بەشداریی كردنی كورد لەم كاتەدا لە كۆنگرە نێودەوڵەتییەكان زۆر گرنگە، چونكە دەسەڵاتدارانی عێراق ناچار دەكات بەجێبەجێكردنی بەڵێنەكانیان و تێگەیشتن لەو راستیەی كە هەرێمی كوردستان هێزێكی مامەڵە پێكراوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، لەلایەكی ترەوە دەسەڵاتدارانی بەغدا و هەمووان تێدەگەن كە بانگهێشتكردنی شاندی هەرێمی كوردستان نیشانەی گرینگیدانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە بەهەرێمی كوردستان و بۆیە دەسەڵاتدارانی عێراق تێدەگەن كەدەبێت كێشەكانیان لەگەڵ هەرێم چارەسەربكەن.
هەروەها لەلایەكی ترەوە بەشداری كەسایەتیەكی بەتوانای وەك رێزدار مەسرور بارزانی ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش تایبەتمەندی خۆی دەبێت چونكە پێدەچێت ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش چەندین دیداری دپلۆماسی لەگەڵ زۆربەی سەركردەكانی جیهان لەسەر ئاستی سەرۆكی وڵات یان سەرۆك وەزیرانی وڵاتان ئەنجام بدات ئەمەش وادەكات گۆڕانكاری جەوهەری لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی درووست بكات، چونكە سەركەوتنی ئەزموونی رێزدار ڕاوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش یەكێكە لە ئەزموونە نایابەكانی جیهان لەبنەبڕكرردنی تیرۆر و لەناوبردنی تیرۆریستان، بۆیە جیهان دەیانەوێت سوود لە ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەربگرن و لەم كاتەشدا هەنگاوە دپلۆماسیەكان و نزیكبوونەوەی زیاتری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هەرێم یەكێك دەبێت لەدەستكەوتەكانی بەشداری شاندی هەرێم لەم كۆنگرەیەدا. لەكۆتاییدا بەبڕوای من بەشداری ئەمجارەی هەرێمی كوردستان كاریگەریی زۆر گرنگی لەسەر ئایندەی رۆڵ و پێگەی گەلی كوردستان لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەبێت.









