بارزان محەمەد عەلی
دوای نەمانی جیهانی دوو جەمسەری و كۆتایی هاتنی شەرێ سارد ، پرسی كورد پێی نایە قۆناغێكی نوێ، و پێگەی جیوپولتێكی كوردستان لە ڕۆژهەلاتی نێوەراست گۆرانی بەسەر داهات. ڕژیمی بەعسی عیراق كە یەكێك لە بەهێزترین حكومەتەكانی ناوچەی ڕۆژهەلاتی نێوەراست بوو، دوای شەڕی یەكەمی كەنداو بەكردەوه دەسەلاتی بەسەر بەشێكی زۆر لە باشووری كوردستان نەما و كوردانی باشووری كوردستان بە پیشتوانی هێز و توانای نێودەولەتی دەسەلاتێكی خۆجێییان لە ناوچەیەكی بەرتەسكی باشووری كوردستان پێكهێنا. ولاتە زلهێزەكان كە بەرژەوندیی ئابووریان لە ناوچەی رۆژهەلاتی نێۆەراست دا هەبوو ، و شارەگی سەرچاوەی وەزەی كارخانەكانیان لە ڕۆژهەلاتی ناوەراست دابین دە بوو، پێویستیان بە هێزیكی خۆجێیی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەكانیان و لە نێو بردنی مەترسیەكانی ناوچە لەسەر بەرژەوندییە ستراتیژیەكانیان بوو.
پێگەی كورد لە نێو ستراتیژی ولاتە زلهێزەكان لە روژهەلاتی ناوەراست گرێنگی یەكی تایبەتی بۆ زلهێزەكانی ناوچە و جیهان هەبوو و كوردی باشووری كوردستان یەكێك لە فاكته رەكانی سەركەوتنی ستراتیژی ولاتانی رۆژئاوا لە رۆژهەلاتی ناوەراست بوو. یەكەم چرای سەوزی ولاتانی رۆژئاوا بۆ بەكارهێنانی هێز و توانای كورد لە پێناو سەرخستنی پلانە درێژخایەنەكانیان لە ناوچە، بە یەك خستنەوەی دەسەلاتی كوردی لە باشووری كوردستان و سەقامگیر كردنی ئاشتی نێوان دوو هێزی گەورەی كورد (پارتی و یەكێتی) لە باشووری كوردستان بوو، كە دوای یەكخستنەوەی هێزو توانای كوردانی باشووری كوردستان، ولاتانی هاوپەیمانی ئەمریكا بەگشتی و ئەمریكا بە تایبەتی، كوردستانیان كردە پێگەیەكی ئەمنی خۆیان بۆ لە ناوبردنی رێژیمی بەعسی عێراق كە یەكێك لە دەسەلاتە دیكتاتورەكانی ناوچەكە و دژبەری بەرژەوەندییە كانی ولاتانی رۆژئاوا لە خۆرهەلاتی نێوەراست بوو.
بە درێژایی مێژووی هاوچەرخی كورد لە ناوچەكەدا، ئەوە یەكەم جار بوو، كە هێز و پێگەی كورد لە راست بەرژەوەندی نەتەویی و لە دژی نەمانی داگیركەری خاكەكی لەگەل بەرژەوندی ولاتەزلهێزەكان هاوراستا بوو. ئەگەر سەیری مێژووی هاوچەرخی سیاسی ناوچەكە بكەن ، ئەو راستیەمان بۆ دەردەكەوێ كە بە درێژایی مێژووی دروستبوونی ولاتانی رۆژهەلاتی نێوەراست، هەمیشە بەرژەوندی داگیركەرانی كوردستان و ولاتە زلهێزەكان لەیەك راستا لە دژی دۆز و كێشەی كورد لە ناوچەكەدا بووە.
لە رابردوو دا شۆرشەكانی كورد بە پیلانی داگیركەرانی كوردستان و هاوكاری ولاتە زلهێزەكان تێكشكاون و رێبەرانی جولانەوەی كورد له سیداره دراون و دوورخڕاونەتەوە، بەلام ئەمڕۆكە پێگە و هێزی كورد بووەتە فاكتەری سەرەكی سەركەوتنی ستراتیژیە ئابووری و تەنیایی روژئاواییەكان لە ناوچەكەدا. ئەمریكا و ولاتانی رۆژئاوا ئەمنیەتی نەتەوەی خۆیان لەسەر لە ناوبردنی دوژمنەكانیان لە دەرەوەی سنوورەكانیان دارشتووە، و ئەمرۆكە داعش كە بووەتە مەترسییەكی جدیی بۆ سەر بەرژەوندییەكانیان لە جیهاندا، ئەوانی لە دەوری یەك كۆكردۆتەوە و هاوپەیمانیەكی نێودەولەتییان بۆ لە ناوبردنی هیز وتوانای داعش پێكهێناوە و، بۆ سەركەوتنیان بەسەر هێزو توانای گەورەترین هێزی تیروریستی جیهان(داعش)، پێویستیان بە هێزو توانای كورد و پێگەی ستراتیژی خاكی كوردستان لەو شەرەدا هەیە، لە ماوەی ئەم چەند سالەی شەری دژی داعش دا هێزی پێشمەرگەی كورد بەتایبەتی و هێزی چەكداری كورد بەگشتی لە عێراق و سوریە سەرەكی ترین هێزی سەربازی سەرزەوین كە نوێنەرایەتی ولاتانی جیهانیان لە شەڕی داعش كردوە و ئەگەر هاوپێمانان لە ئاسمانەوە بەهێز و توانای ئاسمانی خۆیان شەڕی داعش دەكەن، ئەوە گەلی كورد بە هێز و توانای پێشمەرگە، شەڕی گەورەترین هێزی تێروریستی جیهان لەسەر زەوی دەكات و بە خۆێنی رۆلەكانی، داعش كە گەورەترین مەترسییە بۆ سەر ئەمنیەتی جیهان، تێكدەشكێنێ.
هەر لەو په یوەندییەدا ولاتانی هاوپەیمان لە شەری دژی داعش نەیانتوانیووە نكۆڵی لە هێز و پێگەی كورد لە سەركەوتنیان بەسەر داعش دا بكەن و هەولیان داوە بە پڕچەك كردنی هێزی پێشمەرگە، هێزی كورد بكەنە نوێنەری هێزی سەربازی ولاتانی هاوپەیمان لە سەر زەوی لە شەڕی داعش دا و، پشت بە توانای ئینسانی و نیزامی هێزی پێشمەرگە بەبستن كە بوتە هێزێكی متمانە پێكراوی هاوپیمانەكانە لەو شەرەدا . ئەمڕۆكە شەر لە دژی داعش ، هێز و توانای ولاتانی جیهانی تارادەیەك لە پێناو لە نێوبردنی داعش یەكگرتوو كردووە لە دارشتنی ستراتیژیەكی نوێ لە ناوچەكەدا لە هەمبەر سەرهەلدانی هێزە توندرەوەكان دا و، كورد و خاكی كوردستان لە قولایی سیاسەتەكانی ولاتانی رۆژئاوا جێیگرتووە. ئەگەر داعش لە لایەك بەڵایەك بێ، كە بەهۆیەوە دەیان ڕۆلەی كورد بوونەتە قوربانی و دەیان شار و دێی كاولكراون ، لە هەمان كاتدا ئەگەر سەیر بكرێ، كێشە و پێگەی كوردی لە ناوچەیی، كردووەتە نێودەولەتی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان، لە هێزیكی خۆجێیی و حیزبییەوە بۆ بە هێزیكی شەركەری دژی تێروریست لە ئاست ناوچەو جیهان دا ، كە بۆ پاراستنی ئەمنیەتی جیهان لە بەرامبەر مەترسیەكانی داعش بۆسەر كۆمەلگای نێودەولەتی شەڕ دەكا. ئەگەر لە ئاست عیراق وچۆارچێوەی باشووری كوردستان باس لە ڕۆل و هێزی كورد دوای شەڕی داعش بكەین بۆمان دەركەوت كە دەولەتی ناوەندی بە بێ بەشداری هێزی پێشمەرگە نەیدەتوانی ناوچە داگیركراوەكانی ژێر دەستی داعش ئازاد بكاتەوە و ، عیراق بە بێ هێز و توانای كورد نەیدەتوانی لەو قەیرانەی كە بە هۆی داعشەوە دروست بوو، تییدا دەرباز بێ، لەسەرەتا دا هێزی سەربازی عیراق لە ئاست شەڕی داعش زور لاواز دەركەوت جگە لە ڕاكردن و هێندێكجار گرتنەوە و لە دەستانەوەی ناوچەكانی ژێر دەسەلاتی داعش هیچ دەسكەوتێكی سەرنج راكێشی ئەوتویان نەبوو، بەلام هیزی پێشمەرگەی كوردستان سەرەرای نەبوونی چەكی پێشكەوتوو بەرادەی پێویست، زۆربەی ناوچە كوردستانیەكانیان لە دەست داعش رزگار كردوە و ئەوە بە مانای ئاستی بەرزی توانای هێزی پێشمەرگەی كورستانە بەسەر هێز و توانای سۆپای عیراق.
باشووری كوردستان خالی یەكگرتنی بەرژەوندییە ئابووری و ئەمنییەتیەكانی ولاتانی ناوچە و جیهانە و بە پێی ئەو خەملێنراوانەی كە كراون نزیك بە ٤٥لە سەدی پاشەكەوتی نەوتی عێراق لە ناوچەكانی باشووری كوردستانە و، باشووری كوردستان ناوچەیەكی دەولەمەندە بە نەوت و گازو، لە ئێستاوە ولاتانی كریاری گاز لە روسیە لە هەولی ئەوە دان كە بە گازی كوردستان بەدیلێكی نوێ بۆ دابین كردنی سەرچاوەی پیویستی گازی ولاتەكەیان بدۆزنەوە و لەو نێوەدا كوردستان سەرچاوەیەكی هەرزانتر و ئەمینترە بە بەراورد كردن لەگەل روسیە كە وزەی گاز وەك چەكێك لە دژی ولاتانی رۆژهەلاتی ئەوروپا به كاری دێنێ.
*ماستەر لە مێژووی هاوچەرخ.










