خەبات: ڕۆشنا عەلی – ههولێر
زۆرن ئەو كۆڕو كۆنفڕانس و سمینارانەی لە بوارە جیاوازەكانی زانست و ڕۆشنبیری لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچن ، بەڵام ئایا قورسایی ئەو ئامانجانە چەندن كە بەرهەمی ئەم جۆرە كارو چالاكییانەن ؟ زانكۆی سەلاحەدین لە رۆژانی 2- 2019/2/5 بۆ ماوەی سێ رۆژ لە كۆلێژی زانست دووەمین كۆنفڕانسی زانستی نێودەوڵەتی ماتماتیكی سازكرد بەبەشداری 263 كەسایەتی جیهانی و ئەكادیمی ، ئەوەی جێگای پرسیارە بۆ ڕاپۆرتەكەی ئێمە ئەوەیە كە ئایا مەڵۆی سەرخەرمانی ئەم كۆنفڕانسانە بۆ هەرێمی كوردستان چییە ؟ تاچەند پڕۆگرامی زانستی بیركاری سودی لێوەردەگرێت ؟ ئایا كۆنفڕانسەكان شۆڕ دەبنەوە بۆ بواری جێبەجێكاری لە چینی خوارەوە ؟ ئایا خوێندنی بیركاری لە كوردستان بە پێی ئەو سمینارو توێژینەوانەن كە كەسانی شارەزا لە بوارەكەدا لەم هەلی كۆنفڕانسانەدا دەیبەخشنە كوردستان و ئاستە باڵاكانی خوێندن كە زانكۆیە ؟ ئەمانەو وەڵامی چەندین پرسیاری دیكە لەم ڕاپۆرتەدا دراوەتەوە:
ئامانجی كۆنفڕانسەكە چییە ؟ دهێرش عومەر عەبدوڵا ڕاگری كۆلێژی زانست و سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانسەكە دەربارەی ئامانجی كۆنفڕانسەكە وتی: ئەوە دووەمین كۆنفڕانسی ماتماتیكە لەسەر ئاستی كوردستان و عێراق ئەنجامی ئەدەین كۆنفڕانسی یەكەم لەساڵی 2009 بوو لەگەڵ زانكۆكانی فەرەنسا ، بە هەماهەنگی ڕێكخراوی سیمپا و باڵێوزخانەی فەرەنساش لە بەغداد و هەولێر كە زۆر هاوكار بوون و لە ڕووی مادیشەوە هاوكارییان كردین دوای دە ساڵ ئەمە كۆنفڕانسی دووەمە ئەنجام دەدرێت تایبەتە بە بواری ماتماتیك .
لە بارەی جیاوازی نێوان ئەم كۆنفڕانسەو ئەوەی ساڵی 2009 د. هێرش وتی : ئەوەی ئەمساڵ زانكۆكانی فەرەنساو زانكۆكانی ئیتاڵیاش هاوكارن كۆمەڵەی ماتماتیكی ئەوروپی كە گەورەترین ڕێكخراوە لەسەر ئاستی ئەوروپا بەشدارە و لەژێر چاودێری ئەواندا بەڕێوە دەچێت رێكخراوی ئیتاڵی و فەڕەنسیش بەشدارن.
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا دەیانەوێت لەم كۆنفڕانسەدا چ ئامانجێك لە بواری زاتستی ماتماتیكدا بەدەست بهێنن ؟ ،سەرۆكی لیژنەی ئامادەكاری ئاماژەی بەوەدا كە دوو پانێڵی سەرەكی لە خۆ دەگرێت لایەنی یەكەم بریتییە لە پێشكەشكردنی سمینارو ۆڕك شۆپ لەلایەن میوانەكان لایەنی دووەم پێشكەشكردنی توێژینەوەیە لەبەشی دووەم زانایانی سەر ئاستی عێراق و ئێران و ئەردەن بەشدارن لە پێشكەشكردنی توێژینەوەكان.
دەربارەی كاریگەری ئەم جۆرە كۆنفڕانسە لەسەر ئاستی زانستی ماتماتیك لەهەرێمی كوردستانیش د. هێرش وتی : كاركردن لەگەڵ زانكۆ ئەوروپییەكان خۆی لە خۆیدا كاریگەرییەكی زۆری دەبێت ساڵانەش ۆرك شۆپ لەگەڵ ئەوان ئەنجامدەدەین ،جۆرە بڕوایەكمان لادروست بوو كە پێویستە ئێمە بە پڕۆگرامەكانی خوێندنماندا بچینەوە لەساڵی ڕابردووەوە دەستمان كردووە بەو پێداچوونەوانە دەمانەوێت ماتماتیك لەو چەق بەستووییەی دەر بهێنین بە شێوەیەكی سادەترو ئاسانتر لەگەڵ قوتابیانمان باسی بكەین تا بتوانین زیاتر بەجیهانی بكەین.
وەك دەڵێن دەساڵ بەر لە ئێستا كۆنفڕانسی لەم جۆرە كراوە ئایا بەرهەمی ئەو كۆنفرانسەی پێشوو چی بووە لە بواری زانستی بیركاری لە هەرێمی كوردستان؟
بە دڵنیاییەوە تەنها بیركردنەوەی مامۆستایان و قوتابیان لەسەر زانستی بیركاری لەماوەی ئەو دەساڵەدا زۆر گۆڕا كۆنفڕانسی یەكەم دەرگای بەشی ماتماتیكی واڵاكرد لە پەیوەندییەكانی لە دنیای دەرەوە ساڵانە زنجیرە ۆڕك شۆپێك لەو بەشە دەكرێت بە هاوكاری ڕێكخراوی سیمپا گۆڕین و پێداچونەوە بە سیستەمێك ، شتێیەك نییە بڵێی ئەمڕۆ بیگۆڕی و سبەی ئەنجامی دیار بێت دەستمان پێكردووە ، بەڵام كاری زۆریش ماوە تەواوی بكەین.
فرانسیسكۆ پۆپۆلاردی پڕۆفیسۆری بواری زانستی بیركاری لەزانكۆی ڕۆماكری لە وڵاتی ئیتاڵیا لە كۆلێژی ماتماتیك فیزیكس دیپارتمێنت mathematic physics department college ئەو ئاماژە بەوە دەدات كە بۆشایی لە بواری زانستی بیركاری هەیە لە هەرێمی كوردستان كە بە پێویستی دەزانێت پڕبكرێتەوە ئەو بۆ خەبات وتی: زۆر دۆست و برادەرم هەیە لەزانكۆی سەڵاحەدین قوتابییەكیشم هەیە لە زانكۆی سەڵاحەدین سێیەم جارمە دێمە كوردستان و پێنجەم جارە دێمە عێراق تەمەنم 54 ساڵە.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا ئەیانەوێت چ پەیامێك بگەیەنن و ئامانجیان لە بەشداریكردن لەم كۆنفڕانسە چییە ؟ پۆپۆلاردی وتی : كوردستان شوێنێكی ئارامە و دڵڕفێنە بۆتە شوێنێكی ستراتیژی گرنگ بۆ عێراق كە هەلی بۆ دەڕەخسێنێت ببێتە ناوەندی كۆكەرەوەی پڕۆفیسۆرانی بواری ماتماتیك نەك تەنها بۆ كوردستان بەڵكو بۆ هەموو عێراق ، لەم كۆنفڕانسەدا چەند پرۆفیسۆرێكی ترم لە زانكۆی جیاوازەوە لەگەڵ خۆم هێناوە ، بۆم باسكردوون كە كوردستان شوێنێكی ئارامە چەند ساڵێكیش لەمەوبەر چەند كۆنفڕانس و ۆرك شۆپێكمان لێرە بەڕێوە بردووە و بەشدار بووین و قوتابیشم هەیە لە زانكۆی سەڵاحەدین.
خوێندنی زانستی بیركاری لە قۆناغەكانی خوێندن بە تایبەتی لە زانكۆ چۆن دەبینێت خەڵكی كوردستان ئاستییان چۆنە ؟ خەڵكی كوردستان لە بواری زانستی بیركاری زیرەكن بەبەراورد بە وڵاتانی دیكە هەر بۆیەش كاركردن لە گەڵیان ئاسانە بەڵام لە هەمان كاتیشدا هەندێك بۆشایی هەیە پێویستە لەو بوارەدا پڕبكرێتەوە .
د. خوازبین سەیدا فەتاح مامۆستای كۆلێژی زانست بەشی ماتماتیك پڕۆفیسۆر لە بواری زانستی ئاماری بیركاری ئەو پێیوایە كە ئەو پرۆفیسۆرو ئامادەبوانەی ئەم جۆرە كۆنفڕاسانە كۆیان دەكاتەوە ئەوانەن كە ئەوان ڕۆژێك لە ڕۆژان خەونیان پێوە دەبینی ، لەسەر كتێبەكان ناویان ئەبینین ، بەڵام ئێستا لێرە ئامادەن و هاوكاری ئێمەن و سمینار پێشكەش دەكەن لەوڵاتی جیاوازەوە ئیتاڵی و فەڕەنسی و ئێرانی كە كەسانی زۆر باشیان تێدایەو چەندین قوتابی ئێمەیان وەرگرتووە و سەرپەرشتی تێزەكانییان ئەكەن چەند جار هاتوون قوتابیان بۆ وەرگرتووین
دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەو جۆرە سمینارانەی پڕۆفیسۆرانی نێو دەوڵەتی لێرە ئەنجامی دەدەن تاچەند لە ئاست پڕۆگرام و خوێندنی ماتماتیكدایە بە تایبەتی لە زانكۆ د. خوازبین وتی ” بەشێكی لە ئاستی خوێندنی ئێمەیە و بە شێكی نوێیە بە نیسبەت ئێمە دەتوانین ئێمەش سودی لێوەربگرین.
دەبارەی ئەوەشی كە ئایا بە چ رێگایەك دەتوانن سوود وەربگرن وتی : ئێمە هەركاتێك داوایان لێبكەین ئایا بە ئیشراف كردن بێت لەسەر قوتابیانمان ئایا بە كۆنفڕانس ئەنجامدان یان بە ۆڕك شۆپ بێت ئامادەن ئێمەش خۆمان ئەندامی سمپاین بەو پەیوەندییە 6 قوتابیمان سوودمەند بوون و توانیویانە ماستەرو دكتۆرا وەربگرن.
ئەوەی ئەیبینین لە سودەكانی تەنها بۆ ئاستی خوێندنی باڵایە بەڵام لە بواری زانستی ماتماتیك كە هەرێمی كوردستان پێویستی بە چاكسازییە لە پڕۆگرام تا ئێستا شۆڕ نەبۆتەوە و ئاستی خوارەوە لێی سوود مەند نەبوون هۆكاری ئەمە چییەو كەمتەر خەمییەكە لە چ لایەنێكەوەیە؟
پرسیارێكی زۆر جوانە ئێمە كێشەی ماتماتیكمان لە بەش نییە وەك بەشی ماتماتیك لە كۆلێژ ،چونكە مامۆستاكان هەموو توانایان بەكاردەهێنن بۆ ئەوەی قوتابی باش پێبگەیەنن ، بەڵام كە دێن ئامادە نین بۆ زانكۆ هیچی پێ نییە بە بۆچوونی من ماتماتیك دەبێت لە باخچەی منداڵانەوە دەست پێبكرێت هۆكارەكەش نەبوونی هەماهەنگییە لە نێوان خوێندنی باڵاو پەروەردە ئەوە یەكێك لە هۆكارەكانەخوێندنی باڵا دەبێت تەواوكەری پەروەردە بێت.
بۆ ئەوەی قوتابییەكی ئامادە بێتە بەر دەست پێویستمان بە چییە و چی بكەین ؟
ئێمە قوتابیمان بۆ دێت لە ئێران زۆر زۆر ئامادەیە ئەپرسین بۆ قوتابی ئەوان ئامادەیە و هی ئێمە باكگراوندێكی وای نییە كە ئێمە سودی لێوەربگرین لە بواری ماتماتیك ؟ بۆیە كێشەكە لە خوێندنی باڵا نییە ،چونكە ئاستی خوێندنی ئێمە لە ئاستی خوێندنی وڵاتانی جیهانە بە بۆچوونی من پەیوەندی بە پڕۆگرامەكەوە هەیە پێشم وایە پڕۆگرامی خوێندنی وڵاتانی دراوسێ زۆر لە هی ئێمە كاریگەرترو بە هێزترە ئەچن پڕۆگرامی سویدی و بەریتانی دێنن ، كە خۆی ئاسانترە وڵاتێكی دراوسێ بێنن و سودیان لێوەربگرن بە تایبەتی لەبواری ماتماتیك ئێمە ئێستا خەریكین ماتماتیك دەكەین بە وانەی جێبەجێكاری لە زانكۆ گۆڕانكاری تیا دەكەین نەك تەنها نەزەری بێت و بێزار كەر بێت.
پرۆفیسۆر دكتۆر فەرەیدون قادر حەمە ساڵح مامۆستا لە زانكۆی سلێمانی كۆلێژی پەروەردە بەشی ماتماتیك دەبارەی وەڵامی ئەو پرسیارەی كە ئایا ئەم جۆرە لە كۆنفرانس چ سودێكی بۆ بەرەو پێشبردنی زانستی ماتماتیك دەبێت لە كوردستان ؟ ئاماژەی بەوەدا كەلەگەڵ هەموو هەنگاو نانێك بۆ بەرەو پێشچوون پێویستە ئێمە بیر لەوە بكەینەوە كە ئایا ئەو هەنگاوەی كە ئەینێیت سوودی ئەبێت بە تایبەتی بۆ كۆمەڵگا ئەو ئاستی پەروەردەیی و زانستییەی كە ئێمە وەك كادری ئەكادیمی تیایدا كار دەكەین پێم وایە لە چەند ڕویەكەوە سوود بە خشن یەكێك لەوانە تێكەڵاوبونمان لەگەڵ كۆمەڵێك زانكۆی دەرەوەی وڵات كە لە وڵاتی جیاوازو كەسانی تایبەتمەند دێن ئەگەر ئێمە هەر لە شێوازی پرێزێنتەكانی ئەوان فێربین سوود مەند ئەبین هەتا ئەو پڕۆگرام و شێوازەش كە ئەوان وانەی پێئەڵێنەوە دیسان سودی بۆ مامۆستایانی بوارەكە هەیە.
یەكێكی تر ئەوەیە كە ئاڵوگۆڕی داتاو زانیارییەكانە ئەوە ئەبینین كە ئەوان لە چ ئاستێكدان و ئێمە لە چ ئاستێكداین ! دەربارەی ئەوەشی كە ئایا ئەو ئاستەی ئەوان سوودی هەیە بۆ ئاستی ئێمە ئەو مامۆستایەی زانكۆی سلێمانی وتی : بە دڵنیاییەوە چونكە ئێستا وەزارەتی خوێندنی باڵاو زانكۆكان جەخت لەوە دەكەنەوە كە چەند پێوەرێك هەیە بۆ ڕیزبەندی زانكۆكان لە هەفتەی داهاتوو لە خوێندنی باڵا ڕاگەیەنرا لەسەر ئاستی ئەم كۆنفڕانسە نێو دەوڵەتیانەیە كە زانكۆكان ڕیز بەند دەكرێن كۆمەڵێك پڕۆفیسۆر هاتوون لە ڕێگای سیمپای فەڕەنسییەوە كە زیاتر لە120 وڵات تیایدا ئەندامن ،
د . هۆگر مامۆستا لە كۆلێژی پەروەردە بەشی ماتماتیك بۆ خەبات دواو ئاماژەی بەوەدا كە ئێمە وەك مامۆستا سوود لە ئەزموونی ئەو گەورە زانایانە وەردەگرین ،چونكە ژمارەیەك لە پۆپی ماتماتیك دێن و لێرە بەرنامەو سیمینار پیشكەش ئەكەن و دواتریش جۆرێك لە پەیوەندی لەگەڵ یەك دروست دەكەن و بۆ كوردستانیش خەڵكێكی زۆر دێن و ئاشنا دەبن بە كوردستان.
دەربارەی ئەوەی كە ئایا پێیان وایە پڕۆگرامی ماتماتیك لە هەرێمی كوردستان لە ئاست ئەم سمینارو كۆنفڕانسانەیە كە دواجار ئەبێت پڕۆگرام بە گشتی سەرچاوەكەی ئەم كۆنفڕانس و دكتۆرو پڕۆفیسۆرانە بێت؟
ئەو دكتۆرە ئاماژەی بەوەدا كە ئەوان وەك كەسێكی تایبەتمەندو پسپۆڕ شارەزای پڕۆگرامی ماتماتیكن لە قوتابخانەكان بە گشتی ئەو وتی ” بە گشتی پڕۆگرامەكە پێشكەوتووە بەڵام كێشەكە ئەوەیە تۆ چەند كادری سەركەوتووت هەیە ئەو مەنهەجانە بڵێتەوە من هیچ سەرنجێكم لەسەر پڕۆگرامەكە نییە هەتا پڕۆگرامی بە ئینگلیزیكردن كە پێم باشە بەڵام پێویستە دەورە بۆ مامۆستایان بكرێتەوە ستاف هەبێت لە زانكۆی سەڵاحەدین ئەپدەیتی ئەو مامۆستایانە بكەن لەگەڵ پرۆگرامەكەدا ڕابێن ، واتە دەبێت وەزارەتی پەروەردە داوا لە زانكۆی سەڵاحەدین بكات كە ستافێك دروست بكەن و خول بۆ مامۆستایان لەسەر شێوازی نوێ بكاتەوە ، من پێم وایە عەرەب جارێك زەرەریان كرد كە ئەو وانانەیان بۆ زمانی عەرەبی وەرگێڕا ، چونكە زانست ئەمڕۆ هەمووی بە زمانی ئینگلیزییە بۆیە باشترە بابەتی زانستی بە ئینگلیزی بێت و وەرینەگێڕینە سەر زمانی كوردی ، چونكە دواجاریش كە دێیتە ئاستی باڵا هیچ سەرچاوەیەك نییە بە كوردی لێی بخوێنی دیسان دەبێت بێیتەوە سەر ئینگلیزییەكە.









