خهبات: موسیلم دۆڵەمەڕی
عەبدولڕەزاق باتی هونەرمەندی دیاری زاخۆ لە بەردەوامی كارە هونەرییەكانی خۆیدا نوێترین ڤیدیۆ كلیپی خۆی بە ناوی كۆچەرێ بۆ هەوادارانی خۆی خستە نێو دونیای هونەری كوردییەوە.
سەبارەت بەم بەرهەمە نوێیەش بەم شێوە بۆ »خەبات« دواو گوتی: لە تەمەنی هونەریمدا ئەمە دەیەمین ڤیدیۆ كلیپمە كە توانیومە وەك خزمەتێكی بچووك پێشكەشی هونەری كوردی و هەوادارانمی بكەم.
سەبارەت بە گۆرانییەكە و ڤیدیۆ كلیپەكەی ئێستای گوتی: ئەم گۆرانیەم واتە گۆرانی كۆچەرێم لە ساڵی 2017 ەوە گوتووە، بەڵام لە بەر نەبوونی هاوكاری و خراپی باری داراییم لەو كات نەمتوانی وەكو ڤیدیۆ كلیپ بیخەمە بەردەستی هەوادارانم، بۆ ئێستا توانیومە ڤیدیۆ كلیپی بكەم و بیخەمە نێو جیهانی هونەری گۆرانی كوردییەوە.
سەبارەت بە پەیڤ و ئاوازی بەرهەمە نوێكەی گوتی: پەیڤی ئەم بەرهەمەم هی بەڕێز ئەلەند مزوریەو ئاوازی بەڕێز حەسەن ئەمینەو لە ستۆدیۆ زەمان تۆمار كراوە بە گشت كارە دەنگیەكانیەوە.
هەروەها سەبارەت بە كلیپكردنی بەرهەمەكەی گوتی: دەرهێنەری كلیپەكەم بەڕێز هەژار مەجید بۆی كردووم و هەروەها لەلایەن بەڕێز حەسەن حاجی وێنەی تۆمار كراوە.
لە كۆتاییدا گوتی: بە داخەوە زۆر هەولمداو گەڕام كە سپۆنسەرێك یان لایەنێك یان سەرمایەدارێك بدۆزمەوە بۆ هاوكاری كلیپەكەم بەڵام پەیدا نەبوون هەر لە بەر ئەوەش كلیپەكەم زۆر دواكەوت، بەڵام هەر چۆنێك بێت بە هاوكاری ئەو هاوڕێیانەی كە لە سەرەوە ناوم هێنان توانیم گۆرانیەكەم كلیپ بكەم، لێرەدا داواكارم لە لایەنی پەیوەندارو كۆمپانیاكان و سەرمایەداران كە هاوكاری هونەرمەندان بكەن بۆ ئەوەی هونەری كوردیمان زیاتر پێشكەوێت و ئێمەی هونەرمەندیش بتوانین زیاتر خزمەتی هونەری كوردی و گەل و نیشتیمانەكەمان بكەین.









