بەرهەمهێنەری هەنگاری بواری سینەما، ئاندی ڤاژنا كە لەگەڵ هەریەك لە ئەكتەرە بەناوبانگەكانی وەك سیلڤیستەر ستالۆن و ئارنۆڵد شوارزنگەر و ئەستێرەی گۆرانی پۆپ مادۆنا كاری كردووە، كۆچی دوایی كرد. سندوقی نیشتمانیی هەنگاریا بۆ فیلم، بڵاویكردەوە ئاندی ڤاژنا كە ماوەیەكی زۆرە نەخۆشە، دوێنێ لە ماڵەكەی خۆی لە بوداپێست لە تەمەنی 74 ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە. ڤاژنا لە ناوەڕاستی حەفتاكانی سەدەی رابردوودا لەگەڵ ماریۆ كاساری ئەمریكی كۆمپانیای كارۆڵكۆیان دامەزراند و زنجیرەی فیلمەكانی “رامبۆ” و
Victory” “Readheat” “AngelHeart” “TotalRecall” و “Johnny Hand some”ی بەرهەمهێنا و دوای جیابوونەوەشی لەگەڵ كارۆڵكۆ لە ساڵی 1989دا چەندین فیلمی دیكەی بەرهەمهێنا. ئارنۆڵد شوارزنگەر سەبارەت بە كۆچی دوایی ڤاژنا لە تویتەرەوە نووسیویەتی “ئەو ئەوەی سەلماندبوو كە بۆ بەرهەمهێنانی فیلمی زەبەلاح پێویستت بە ستۆدیۆ نییە. دڵێكی گەورەی هەبوو، یەكێك بوو لە دەستكراوەترین كەسەكان. بیری دەكەم”.سیلڤستەر ستالۆن لە ئینستاگرام لەبارەی ڤاژنا دەڵێت “ئەو پیاوەی رامبۆی دروستكرد”.
سەرۆكوەزیرانی هەنگاریا، ڤیكتۆر ئۆربان لە هەژماری خۆی لە فەیسبووك لەبارەی كۆچی دوایی ئاندی ڤاژنا كە لە ساڵی 2011ەوە تا ئێستا كاری راوێژكاری بۆ دەكات لەبارەی فراوانكردنی پیشەسازی فیلم لە حكوومەتدا رایگەیاند “ماڵئاوایی لە دەرهێنەری گەورەی فیلمی هەنگاریی دەكەین. سوپاس بۆ هەموو شتێك دۆستم”.ئاندی ڤاژنا كە لە ساڵی 1944دا لە بوداپێست لە دایكبووە لە ساڵی 1955 لە میانی دەسەڵاتی رژێمی كۆمۆنیست بەهاوكاری مانگی سوور لە وڵات هەڵاتووە، سەرەتا رووی كردووەتە كەنەدا و دواتر چووەتە شاری لۆس ئەنجلس-ی ئەمریكا.









