خهبات: بەرهەم شێخ عزەدین
گرووپی ماڵی هونەرمەندان لە بەرهەمێكی نوێیاندا كورتە فیلمێكیان لە ژێر ناوی گومانی خراپ بەرهەم هێنا كە ماوەكەی كەمترە لە سێ خولەكە و باس لە كێشە كۆمەڵایەتییەكان دەكات بەهۆی گومانی خراپەوە.
دەربارەی ئەم كورتەفیلمە ڕۆژیار لوقمان دەرهێنەری كورتە فیلمەكە بەخەباتی گوت: كورتە فلیمەكە ماوەی 2-36 خولەكە و دوو مانگ كاری لەسەر كراوە و ناوەڕۆكی كورتە فیلمەكەش باس لە كۆمەڵگا و خراپیی عەقڵییەتی كۆمەڵگاكەمان دەكات كە هەمیشە بە خراپی بیردەكەنەوە لەجیاتی ئەوەی بیری باش بكەنەوە و قسەی خراپی بۆ هەڵدەبەستن و بڕیاریشی لەسەر دەدەن. دەرهێنەر زیاتر گوتی: ئەو بیركردنەوە خراپانە بوونەتە هۆی سەرهەڵدانی كێشە لەناو خێزان و كۆمەڵگاكەمان، جگە لەوەش پەیامێكی تری لە پشتەوەیە كە مەرج نییە كچەكانی كۆمەڵگاكەمان هەر دوای ئۆتۆمبێل و ماڵ و پارە بكەون، بەڵكو چەندین كچ لە كۆمەڵگاكەمان خۆشەویستیان پیش مادە و سەروەت و سامان خستووە.
سەرجەم ئەكتەر و ستافی نێو فیلمەكە سەر بە گرووپی ماڵی هونەرمەندانە كە بریتین لە: شنە گەشبین ، ڕەهێڵ محەمەد ، ئەحمەد جەبار ، بیلال عەبدولقادركە ڕۆڵیان تێیدا بینیوە . كامێرا و مونتاژ یاسین عومەر ئەنجامیداوە و بیرۆكەی كارەكەش لەلایەن ڕێبوار محەمەد بووە، هەروەها سیناریۆ و دەرهێنانی كورتە فیلمەكە لەلایەن خۆمەوە بووە.









