دڵشاد مستەفا وەسانی
راڤەی جۆراوجۆر بۆ دواكەوتنی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكرێت، راستە كابینەكە دواكەوتووە و پارتی دیموكراتی كوردستانیش بەو پێیەی زۆرترین كورسیی بەدەستهێناوە و حكوومەت پێكدەهێنێ، لە دواخستنی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم نیگەرانە، لەو راڤەكردنانەش راڤەی میدیا و هەندێ بەرپرسی یەكێتییە.
شاندی یەكێتی كۆبوونەوە بۆ پێكهێنانی حكوومەت لەگەڵ شاندی پارتی دەكات، بەڵام لە میدیاكەیاندا سیاسەتێكی دی پەیڕەو دەكرێت، كە بریتییە لە ترساندنی خەڵكی كوردستان بە سەرهەڵدانەوەی شەڕی ناوخۆ و دروستبوونەوەی دوو ئیدارەیی، ئەمەش دەكەنە گوشار بۆ سەر پارتی، لێدوانی هەڕەشە ئامێز هەر میدیایی نییە، بەڵكو لەسەر زاری ئەندامی سەركردایەتییەوە دەگوترێ، دەرگا بۆ ئەگەری خراپتر دەكاتەوە، بەشێكی دیكەی كاری میدیایی كە بۆ ئەم بارودۆخە ئاراستە كراوە، كار لەسەر ئیستفزازی پارتی دەكات، بەرپرسێكی یەكێتی لە گرووپی 16ی ئۆكتۆبەر، وەك ئاماژەیەك بۆ پارتی گوتی نابێ تەنیا بۆ نەوت لە كەركووك بین و كە نەوت نەما وازی لێبێنین. ئەمەش ناهەقیە بەرامبەر خەڵك و پارتیش دەكرێ، چونكە رۆیشتنی نەوتی كەركووك بە بۆڕیی هەرێم كە كەركووك پترۆدۆلاری لێ دەست دەكەوت، زۆر جیاوازە لەوەی دوای 16ی ئۆكتۆبەر بەتانكەر دەبرێت و لە چەند شوێن بۆڕی كونكراوە بۆ ئەو مەبەستە.
لەكاتێكدا یەكێتی كۆبوونەوەی پێكهێنانی حكوومەت لەگەڵ پارتی دەكات، باس لە یەكڕیزی دەكات، كەچی میدیاكەی بۆ ئیستیفزاز دەڵێ كابینەی دوای ریفڕاندۆمە شكستخواردووەكە، كابینەی دوای داخستنی پەرلەمان، كابینەی دوای دەركردنی ژمارەیەك وەزیر، یان وتار و راپۆرت دەربارەی باڵەكانی پارتی و ناكۆكی لەسەر تێڕوانین بۆ یەكێتی و حكوومەت دەكات، بەڵام بەهیچ شێوەیەك باسی خیانەتی گەورەی 16ی ئۆكتۆبەر ناكات، ئەوەی میدیای رەسمی یەكێتی دەیكات بانێك و دوو هەوایە، بەجۆرێك هەندێ جار كە وتار و هەندێ لێدوان دەخوێنیەوە، دەڵێی تۆبڵێی كامەیان بوێت پێكهێنانی حكوومەت یان هەر هەرای میدیا، یا ئەوەتا ئەو سیاسەتەی راگەیاندن بۆ گوشارخستنە سەر پارتی بەكاردەهێنن؟ هەر كامەیان بێت لەگەڵ گیانی ئەو یەكڕیزیە تێكناكاتەوە كە پێویستە هەبێت، باشە ئەگەر بڕیاربێت پارتی و یەكێتی رێككەوتنێكی سیاسی بۆ ئەم قۆناغە دابڕێژنەوە، ئەو ئاراستە میدیایە لە پەنای چی؟
ئەو خەتە میدیایە بە نەفەسی 16ی ئۆكتۆبەر و رۆژانی دوایی كار دەكات، راستییەكەی هەر ئەو نەفەسەشە كۆسپ بۆ پێكهێنانی كابینەی نۆیەم دروست دەكات، كەچی هێشتا هێرش دەكەنە سەر ریفڕاندۆم، كەچی ریفراندۆم خەڵكی بە یەكگرتوویی هێشتبۆوە، بەڵام خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر برینێكی گەورەی خستەوە جەستەی كوردستان و جارێكی دی بووەوە دوو كەرت، بۆیە كوردستان پێویستی بەوەیە نەفەسی دوای 16ی ئۆكتۆبەر نەمێنێ، ئەمەش یەكەم جار دەبێ یەكێتی بیكات دواتر پارتی، گوشارەكانیش بۆ ئەوەن هیچ ئیعتیبارێك بۆ هەڵبژاردن و ژمارەی كورسی نەمێنێ، بارودۆخەكە پێویستی بەوەیە نەشئە و كاریگەرییەكانی 16ی ئۆكتۆبەر بەلاوە بنرێ و نەفەسێـــكی دی بۆ ئەم قۆناغە هەبێت.









