خه‌بات: ‬سەردار حوسێن
هەرگیز لەوە ناخۆشتر نییە ئیش لەسەر هاوكار و هەڤاڵێكی‮ ‬ئازیزت بكەیت،‮ ‬كە تەمەنێكی‮ ‬پڕ‮ ‬لە‮ ‬یادەوەریت لەگەڵی‮ ‬هەبێت و تەنهاش چل رۆژ بەسەر مەرگی‮ ‬ناوادەی‮ ‬تێپەڕی‮ ‬بێت،‮ ‬وەلێ دواجار‮ ‬یادەكردنەوەیش باشترە لە لەبیرچوونەوە‮. ‬سەید محەمەد سەروچاوەیی‮ ‬رۆژنامەنووس و پەیامنێری‮ ‬چالاكی‮ ‬رۆژنامەی‮ ‬خەبات،‮ ‬كە دوایین چركەساتەكانی‮ ‬تەمەنیشی‮ ‬هەر لە نێو ئۆفیسی‮ ‬رۆژنامە بردەسەر،‮ ‬لەم راپۆرتەدا كە تایبەتە بە تێپەڕبوونی‮ ‬چل رۆژ بەسەر مەرگی‮ ‬لەناكاوی‮ ‬سەید محەمەد سەروچاوەیی،‮ ‬خەیام سەید محەمەد لەبارەی‮ ‬باوكییەوە قسە بۆ خەبات دەكات،‮ ‬ژمارەیەك لە هەڤاڵ و هاوكارانی‮ ‬لەم راپۆرتەدا بیرەوەرییەكانیان لەگەڵی‮ ‬دەگێرنەوەو بۆ بەرزراگرتنی‮ ‬گیانی‮ ‬بەرزەفڕی‮ ‬ئەو ئازیزەمان راپۆرتە بڵاونەكراوەكانی‮ ‬بڵاو دەكەینەوە‮.‬

سەلام عەبدوڵڵا سەرنووسەری‮ ‬رۆژنامەی‮ ‬خەبات،‮ ‬لەچلەی‮ ‬كۆچی‮ ‬دوایی‮ ‬ڕۆژنامەنووس سەید محەمەد سەروچاوەیی‮ ‬دەڵێت‮: ‬سەر لەبەیانی‮ ‬ڕۆژی‮ ‬2018/12/16‮ ‬ڕۆژنامەی‮ ‬خەباتی‮ ‬كارمەندێكی‮ ‬چالاكی‮ ‬لەدەستدا كە لەبارەگای‮ ‬ڕۆژنامەكەمان گیانی‮ ‬سپارد‮.‬
سەید محەمەد كە‮ ‬ڕۆژنامەنووسێكی‮ ‬خاوەن ئەزموون و چالاك لە زۆر بواردا‮ ‬یەكێك لەو‮ ‬ڕۆژنامەنووسانەبوو كە چاوەڕێی‮ ‬داهاتوویەكی‮ ‬گەشی‮ ‬لێدەكرا،‮ ‬چونكە خۆیشی‮ ‬ئەو بوارەی‮ ‬كردبووە شوێنی‮ ‬تواناكانی‮ ‬كە لەزۆر بواری‮ ‬دیكەشدا هەیبوون‮.‬

سەید محەمەد بەو ئەزموونە دوورودرێژی‮ ‬كە لەبوارە جیاجیاكاندا هەیبوو تێكڕای‮ ‬تواناكانی‮ ‬خستبووە خزمەت‮ ‬ڕۆژنامەی‮ ‬خەباتەوە و بەردەوام‮ ‬ڕاپۆرتی‮ ‬سیاسی‮ ‬و شیكردنەوەی‮ ‬مەیدانی‮ ‬هەبوو‮.‬
ئەگەرچی‮ ‬لەو بوارەدا زۆرجار تووشی‮ ‬ناڕەحەتیش دەبوو،‮ ‬چونكە ئەو شوێنەی‮ ‬ئەو دەربارەی‮ ‬دەدوا جێگەی‮ ‬زۆر هەستیار بوو،‮ ‬بەتایبەتی‮ ‬كە هێزێكی‮ ‬چەكداری‮ ‬بەهێز لەو ناوچانە هەبوو كە لەگەڵ بیروڕای‮ ‬سەیدیشدا ناكۆك بوو لەگەڵ بوو لەگەڵ ئەوەشدا،‮ ‬بێ گوێدانە مەترسیەكانی‮ ‬سەر ژیانی‮ ‬ئەو كاری‮ ‬خۆی‮ ‬بە بەردەوامی‮ ‬دەكرد زوو زوو‮ ‬ڕاپۆرت و نووسینی‮ ‬سەبارەت بە دۆخی‮ ‬ناوچەكە بۆمان دەنارد‮. ‬

سەید محەمەد،‮ ‬چونكە لە بنەماڵەیەكی‮ ‬تێكۆشەر بوو هەرگیز گوێی‮ ‬بە مەترسییەكانی‮ ‬سەر ژیانی‮ ‬نەدەدا بەتایبەتی‮ ‬كە خۆی‮ ‬هەر بەتەمەنی‮ ‬یەك ساڵی‮ ‬باوك و دایكی‮ ‬چووبوونە جیهانی‮ ‬نەمری‮ ‬یەوە و سەختی‮ ‬ژیانیان بۆ سەید محەمەد بەجێهێشبوو،‮ ‬وەكو كوڕی‮ ‬گەورەی‮ ‬ماڵ،‮ ‬بۆیە ئەركی‮ ‬پێشگەیاندن و پەروەردەكردنی‮ ‬براو خوشكەكانی‮ ‬گرتبوونە ئەستۆ و سەربەرزانە هەموویانی‮ ‬پێگەیاند‮.‬

سەید محەمەد لە بواری‮ ‬هونەریشدا ئەسپی‮ ‬خۆی‮ ‬تاودابوو و ئەكتەرێكی‮ ‬سەركەوتوو بوو،‮ ‬هەروەك‮ ‬یارمەتیدەرێكی‮ ‬هەمیشەیی‮ ‬دەرهێنەربوو كە بەسەرنج و تێبینییەكانی‮ ‬هەمیشە كاری‮ ‬شانۆیی‮ ‬دەوڵەمەندتر دەكرد‮.‬

هەزاران سڵاو لە گیانی‮ ‬ئەو شەهیدە كە تا دوا چەكەكانی‮ ‬ژیانی‮ ‬لە خەبات لەنێو خەباتدا بەردەوام و هەر لەوێش گیانی‮ ‬بەجیهانی‮ ‬ڕۆژنامەگەری‮ ‬بەخشی‮.‬
دلشاد وەسانی‮ ‬بەڕێوەبەری‮ ‬نووسین لە رۆژنامەی‮ ‬خەبات،‮ ‬كە تەمەنێكی‮ ‬زۆر و بەردەوام ئاگای‮ ‬لە كاروچالاكییەكانی‮ ‬سەید محەمەد سەروچاوەیی‮ ‬بووە،‮ ‬دەڵێت‮: ‬سەید محەمەد سەروچاوەیی‮ ‬رۆژنامەنووسێك بوو،‮ ‬زۆر گرنگیی‮ ‬بە كشتوكاڵ و بوژاندنەوەی‮ ‬كوردستان و ئاوەدانكردنەوەی‮ ‬گوندەكان دەدا،‮ ‬دەتوانم بڵێم سەید محەمەد‮ ‬ڕۆڵی‮ ‬لەوەدا هەبوو كە میدیای‮ ‬كوردی‮ ‬گرنگی‮ ‬بە گوندنشین و كشتوكاڵ بەشێوەیەكی‮ ‬گشتی‮ ‬بدات،‮ ‬ئەو كەسێك بوو تێكەڵاوی‮ ‬گوندنشین و رەوەندەكان بوو،‮ ‬هەمیشە لە كوێستانەكانەوە راپۆرتی‮ ‬لەبارەی‮ ‬ئاژەڵداری‮ ‬لە كوردستان ئامادە دەكرد‮. ‬سەروچاوەیی‮ ‬پێ بەپێ لەگەڵ رەوەندەكان بەرەو كوێستان هەڵدەكشا،‮ ‬زۆرجاریش تەلەفۆنی‮ ‬بۆ دەكردم دەیگوت ئەمڕۆ لە فلان گوندم چ راپۆرتێك بكەم،‮ ‬یان دەیگوت راپۆرتێكم لەبەردەستە چ تێبینی‮ ‬و سەرنجتان چییە،‮ ‬ئەوەی‮ ‬سەید محەمەد دەیكرد،‮ ‬كارێك بوو بە هەموو رۆژنامەنووسێك نەدەكرا،‮ ‬ئامادەبوو بە حەفتە ماڵ و منداڵی‮ ‬خۆی‮ ‬بەجێبهێلێ و بە كۆڵەپشتەكەیەوە روو لە گوندو ئاواییەكانی‮ ‬بناری‮ ‬قەندیل بكات،‮ ‬لە هەموو وەرزەكانی‮ ‬ساڵ و هەواڵ و راپۆرتی‮ ‬دەربارەی‮ ‬گوندەكان ئامادە دەكرد،‮ ‬كەسێك بوو پیشەكەی‮ ‬خۆی‮ ‬خۆشدەویست‮.‬
سەید محەمەد تەنانەت لەكاتی‮ ‬تۆپبارانكردنی‮ ‬گوندەكانی‮ ‬بناری‮ ‬قەندیلیش لە لایەن وڵاتانی‮ ‬دەوروبەر هەر لەناو گوندنشینان دەمایەوە،‮ ‬بۆیە لای‮ ‬خەڵكی‮ ‬گوندەكانی‮ ‬بناری‮ ‬قەندیل خۆشەویست بوو،‮ ‬چەند جارێك لەكاتی‮ ‬تۆپباران پەیوەندی‮ ‬پێوە دەكردین،‮ ‬لەگەرمەی‮ ‬تۆپباران هەواڵەكانمان بەدەنگ لێوەرگرتووە‮.‬

سەید محەمەد سەروچاوەیی‮ ‬لەو كاتەوە كە لە رۆژنامەی‮ ‬خەبات دەستی‮ ‬بە ئیش كرد،‮ ‬زۆر جار ئاگاداری‮ ‬دەكردمەوە كە هەندێ میدیا و ئاژانسی‮ ‬هەواڵ داوای‮ ‬هەواڵ و راپۆرتیان لێ دەكرد،‮ ‬دەیگوت ئەگەر رازی‮ ‬نەبن راپۆرت و هەواڵیان بۆ ئامادە ناكەم،‮ ‬ئەگەرچی‮ ‬هیچ دەزگایەكی‮ ‬میدیا قبوڵ ناكات رۆژنامەنووسەكانی‮ ‬لە دەزگای‮ ‬دی‮ ‬كاربكەن،‮ ‬بەڵام من دەمزانی‮ ‬كە كاك سەید محەمەد خاوەن منداڵە و جگە لەو مووچە متەوازعەی‮ ‬خەبات،‮ ‬هیچ مووچە و سەرچاوەیەكی‮ ‬دیكەی‮ ‬نییە،‮ ‬بۆیە پێم دەگوت بە مەرجێك رازی‮ ‬دەبین كاریان لەگەڵ بكەی‮ ‬كە بەخۆبەخش و خۆڕایی‮ ‬نەبێت،‮ ‬چونكە ئەو پیاوە بۆ هاوكاریكردن سەری‮ ‬پێوە نەبوو،‮ ‬دەمزانی‮ ‬ئەو دەزگایانەی‮ ‬داوای‮ ‬هاوكاریكردنیان لێ دەكرد،‮ ‬سوودی‮ ‬لێ وەردەگرن و دەزگای‮ ‬خێرخوازیش نەبوون،‮ ‬تا ئەویش بەخۆڕایی‮ ‬كاریان لەگەڵ بكات،‮ ‬بۆیە پێم دەگوت ئەگەر وەك سەرچاوەی‮ ‬دیكەی‮ ‬پەیداكردنی‮ ‬داهات مامەڵەیان لەگەڵ دەكەی‮ ‬كاریان بۆ بكە،‮ ‬وەك باسم كرد لەبەرئەوەی‮ ‬هەواڵ و راپۆرتەكانی‮ ‬تایبەت بوون بە ژیانی‮ ‬گوند و ئاژەڵداری،‮ ‬وایكردبوو ئەو لایەنەی‮ ‬ژیانی‮ ‬خەڵكی‮ ‬كوردستان ببێتە جێی‮ ‬بایەخی‮ ‬میدیا،‮ ‬بۆیە دەزگاكانی‮ ‬میدیا زۆر جار روویان لە سەید محەمەد دەكرد بۆ ئەوەی‮ ‬هاوكاریان بێت،‮ ‬بۆیە سەید محەمەد رۆڵی‮ ‬دیاری‮ ‬لە گرنگیدان بە گوند و ژیانی‮ ‬گوندنشین و رەوەندەكان هەبوو،‮ ‬دەتوانم بڵێم كاری‮ ‬رۆژنامەنووسیی‮ ‬ئەو تایبەت بوو بەو لایەنەی‮ ‬ژیانی‮ ‬خەڵكی‮ ‬كوردستان‮.‬

لەلایەكی‮ ‬دیكەشەوە،‮ ‬سەید محەمەد كەسێكی‮ ‬زۆر رۆح سوك بوو،‮ ‬زوو جێی‮ ‬خۆی‮ ‬لە نێوان دۆست و برادەرەكانی‮ ‬دەكرەوە،‮ ‬كەسێك بوو دەیتوانی‮ ‬لەگەڵ هەموو چین و توێژ و گەورە و بچووكدا هەڵ بكات،‮ ‬لای‮ ‬تەواوی‮ ‬رۆژنامەنووس و كارمەندانی‮ ‬خەبات خۆشەویست بوو،‮ ‬لە چلەی‮ ‬كۆچی‮ ‬دوایی‮ ‬خوالێخۆشبوو سەید محەمەد سەروچاوەییدا،‮ ‬هەزاران سڵاو بۆ گیانی‮ ‬پاكی‮ ‬دەنێرین و لە خوا دەپاڕێینەوە جێگەی‮ ‬ئەو هاوكارو هەڤاڵەمان بەهەشت بێت و سەبووری‮ ‬بە خانەوادەو كەسوكاری‮ ‬ببەخشێت،‮ ‬هاوژین و منداڵەكانی‮ ‬تەمەن درێژ بن و منداڵەكانی‮ ‬لە خوێندن و ژیانی‮ ‬رۆژانەیاندا سەركەوتووبن‮.‬

كەریم قادر بەڕێوەبەری‮ ‬پێشووی‮ ‬نووسین لە رۆژنامەی‮ ‬خەبات،‮ ‬یەكێك لەو هەڤاڵانەی‮ ‬سەید محەمەد سەروچاوەیی‮ ‬بوو،‮ ‬كە ساڵانێكی‮ ‬زۆر دۆستایەتییەكی‮ ‬بەهێزیان لە نێواندابووەو بەردەوام سەروكاریان بەیەكەوە هەبووە،‮ ‬لە چلەی‮ ‬خوالێخۆشبوو سەید محەمەدی‮ ‬هاوكارمان دەڵێت‮:‬‮ ‬هەواڵی‮ ‬كۆچی‮ ‬ناوادەی‮ ‬هاوكار و دۆستی‮ ‬كارم سەید محەمەد سەروچاوەیی‮ ‬تاساندمی،‮ ‬ئاخر هێشتا زوو بوو دەست لەم دنیایە هەڵبگرێت،‮ ‬كە بە قەولی‮ ‬خۆی‮ ‬زۆر شتی‮ ‬گرینگ مابوو بیكات هەم بۆ خاناوادەكەی‮ ‬هەم بۆ گەلەكەی‮.‬

كاك سەردار داوام لێدەكات لە چلەكەیدا بەسەرهاتێكی‮ ‬نێوانمان بگێڕمەوە،‮ ‬كە لەم دنیا پڕ‮ ‬لە كێشەیەدا بەم دەمودەستە شتێكی‮ ‬ئەوتۆی‮ ‬شایەن بە دۆستایەتی‮ ‬من لەگەڵ كاكە سەیدم وەبیرنایەتەوە،‮ ‬یا رەنگە لەبەرئەوە بێت،‮ ‬هەرگیز حەزی‮ ‬من نەبووە دوای‮ ‬مەرگ لەبارەی‮ ‬دۆستەكانمەوە بنووسم،‮ ‬ئەگەر لە ژیاندا كارێكم بۆ نەكردبن و دڵم ئاسوودە نەكردبن‮.‬

بۆیە بە ناچاری‮ ‬و لەبەر خاتری‮ ‬كاك سەردار دەنووسم‮:‬ رۆژنامەی‮ ‬خەبات بووە هۆكارێك،‮ ‬كە من كاكە سەید محەمەد بناسم‮. ‬ئەو عادەتەن درەنگ درەنگ سەری‮ ‬دەدا،‮ ‬بەردەوام لە شاخ و كێوە دوورەدەستەكان بە دوای‮ ‬هەواڵەكانی‮ ‬ئەو ناوچانە بوو،‮ ‬كە بەلامانەوە گرینگ بوو‮. ‬خوا هەڵناگرێ بە پێی‮ ‬پێویست پەیوەندی‮ ‬پێ دەكردم و دەیگوت‮: ‬لە فلان لامل و ترۆپەكەوە سڵاوت لێبێت‮.‬
بۆیە كە دەهات زۆر بە كۆڵە پشتەكەی‮ ‬سەرسام دەبووم،‮ ‬كە بە زەحمەت شتەكانی‮ ‬تێوە نابوون،‮ ‬دەبێت ئەمجارە چی‮ ‬بۆ خەبات تێدا بێت،‮ ‬لە هەمووشی‮ ‬خۆشتر،‮ ‬ئەو پێش ئێمە دەگەیشت،‮ ‬كە ئێمە دەگەیشتینە دەوام ئەو لەوێ بوو لە چاوەڕوانی‮ ‬ئێمەدا بوو،‮ ‬یەكسەر بە كۆمێنتێك و نوكتەیەكی‮ ‬نوێ،‮ ‬بێگومان بە شێوەزاری‮ ‬خۆی،‮ ‬كە تامو بۆیەكی‮ ‬دی‮ ‬بە كۆمێنت و نوكتەكە دەدا دەرگای‮ ‬قسەی‮ ‬دەكردەوە،‮ ‬دواتر دەچووینە ناو بابەتگەلێك،‮ ‬كە خۆشمان نەماندەزانی‮ ‬باسی‮ ‬رەوشی‮ ‬هەر چوار پارچە بە زۆر لێكدابڕاوەكەمان و هەردوو دنیامان كردووە‮. ‬بێگومان چایە و جگەرەش بەردەوام لە گفتوگۆكانماندا ئامادە بوون‮.
‬
لەم بۆنەیەدا جارێكی‮ ‬دی‮ ‬سەرەخۆشی‮ ‬لە خۆم و هاوكارانم لە رۆژنامەی‮ ‬خەبات و خانەوادەكەی‮ ‬سەید محمەد دەكەم و لەسەر قەوڵی‮ ‬باوی‮ ‬كۆمەڵگاكەمان لە خوای‮ ‬گەورە داواكارم بیخاتە بەر رەحمەت و دلۆڤانی‮ ‬خۆی‮.‬

عەزیز كوێخا رەسوڵ بەڕێوەبەری‮ ‬كارگێڕی‮ ‬رۆژنامەی‮ ‬خەبات،‮ ‬وێڕای‮ ‬ئەوەی‮ ‬لەو ماوە زۆرەی‮ ‬خوالێخۆشبوو لە رۆژنامەی‮ ‬خەبات كاری‮ ‬كردووە بەردەوام كاریان بەیەكەوە هەبووە،‮ ‬هاوكات لە دوایین چركەساتەكانی‮ ‬ژیانیشیدا لە نەخۆشخانە لەگەڵ سەید محەمەد بووە،‮ ‬ئەو دەڵێت‮:‬‮ “‬سەید محەمەد سەروچاوەیی‮ ‬تەنها رۆژنامەنووسێكی‮ ‬چالاك نەبوو،‮ ‬بەڵكو پیاوێكی‮ ‬خۆشەویست و قسەخۆش بوو،‮ ‬زۆرجار حەزم دەكرد زوو ئیشوكارەكانی‮ ‬رایی‮ ‬نەكەم بۆ ئەوەی‮ ‬زۆرتر لەلام بمێنێتەوە،‮ ‬مانەوەی‮ ‬سەید محەمەد لە هەر كۆڕ‮ ‬و دانیشتنێكی‮ ‬دۆستانە تاموبۆیەكی‮ ‬جیاوازی‮ ‬بەو دانیشتنە دەدا،‮ ‬هەمیشە حەزمان دەكرد سەید محەمەد قسە بكات و ئێمە گوێ بگرین،‮ ‬ئەو رووداوە ناخۆش و تاڵەكانیشی‮ ‬بە نوكتە و پێكەنین دەگێڕایەوە،‮ ‬هەموو ئەو بیرەوەرییانەی‮ ‬لەگەڵ كاكە سەیدی‮ ‬خۆشەویست هەمانە شیاوی‮ ‬گێڕانەوەن،‮ ‬بەڵام رەنگە ئەم دەرفەتە بۆ ئەوە نەبێت بیروەرییەكانی‮ ‬تیادا بگێڕینەوە،‮ ‬بۆیە بەگشتی‮ ‬دەمەوێ باس لەوە بكەم ئەو هەمیشە پیاوێكی‮ ‬خاوەن هەڵوێست بوو،‮ ‬لە كارەكەی‮ ‬پێشەنگ و پیاوێكی‮ ‬راستگۆ و دەستپاك بوو،‮ ‬ئەوەندەی‮ ‬پەیوەندی‮ ‬لەنێوان من و ئەودا بووە،‮ ‬هیچ كاتێك كەموكوڕییەكم لێی‮ ‬نەبینیووە،‮ ‬قەناعەتی‮ ‬بەو بڕە مووچە كەمە هەبوو كە ببووە بژێوی‮ ‬ژیانی‮ ‬خۆی‮ ‬و خانەوادەكەی،‮ ‬دەیویست سەربەرزانە بژی‮ ‬و رەنجی‮ ‬خەبات و ماندووبوونی‮ ‬خۆی‮ ‬بچنێتەوە،‮ ‬بڕوای‮ ‬بە پیشەكەی‮ ‬هەبوو و بەئەمانەتەوە كارەكانی‮ ‬ئەنجام دەدا،‮ ‬زۆرجار دەیگوت‮: ‬پێمخۆشە سەرم لێبدەن و خزمەتتان بكەم،‮ ‬پیاوێكی‮ ‬دەست و دڵ فراوان بوو،‮ ‬لەگەڵ ئەو ژیانەی‮ ‬خۆی‮ ‬راهات بوو،‮ ‬ئێستایش دوای‮ ‬تێپەڕبوونی‮ ‬چل رۆژە بەسەر كۆچی‮ ‬دوایی‮ ‬سەید محەمەدی‮ ‬هاوكارمان بەپێویستی‮ ‬دەزانم‮ ‬یادی‮ ‬ئەو رۆژنامەنووسە چالاكە بەرز رابگیرێت و ئەوەندەی‮ ‬لەتواناشدا هەبێت هاوكاری‮ ‬خانەوادە و كەسوكارەكەی‮ ‬بكرێت،‮ ‬دروود بۆ گیانی‮ ‬كاك سەید محەمەد و خوای‮ ‬گەورە سەبووری‮ ‬هەموومان بدات و منداڵ و خانەوادە سەربەرزەكەی‮ ‬سەركەوتووبن‮.‬

سەردار حوسێن بەرپرسی‮ ‬پەیامنێران و لاپەڕەی‮ ‬ریپۆرتاژی‮ ‬رۆژنامەی‮ ‬خەبات دەڵێت‮:‬‮ ‬سەید محەمەد سەروچاوەیی‮ ‬هاوكار و هەڤاڵێكی‮ ‬ئازیزی‮ ‬ئێمە بوو،‮ ‬دەتوانم بڵێم لە تەواوی‮ ‬تەمەنی‮ ‬كاركردنی‮ ‬سەید محەمەد لە خەبات ئاگاداری‮ ‬كارو چالاكییەكانی‮ ‬بوومە و بەهۆی‮ ‬تایبەتمەندی‮ ‬پیشەكەم لینكی‮ ‬بەردەواممان بەیەكەوە هەبووە،‮ ‬ئەو جگە لەوەی‮ ‬پەیامنێرێكی‮ ‬چالاكی‮ ‬بەشەكەی‮ ‬ئێمە بوو،‮ ‬زیرەكانەش مامەڵەی‮ ‬لەگەڵ ئەو بارودۆخە دەكرد كە لە سنووری‮ ‬دەڤەرەكەی‮ ‬ئەودا هەبوو،‮ ‬بۆیەش زۆرجاران بە‮ ‬پەیامنێری‮ ‬سەرسنوور و پەیامنێری‮ ‬شاخ‮ ‬ناومان دەبرد،‮ ‬هەمیشە بۆ ئەنجامدانی‮ ‬راپۆرت و دیمانەكانی‮ ‬پرسی‮ ‬دەكرد و دەیگوت‮: ‬نامەوێ كارێك بكەم لەگەڵ ستایل و سیاسەتی‮ ‬رۆژنامەكەم نەگونجێ،‮ ‬نامەوێ شەرمەزاری‮ ‬ئێوە و ئەو كەسانەیش بم كە لێدوانمان پێ دەدەن و دیمانەیان لەگەڵ دەكەم،‮ ‬تایبەتمەندییەكی‮ ‬دیكەی‮ ‬سەید محەمەد ئەوەبوو رۆژنامەنووسێكی‮ ‬بە سەلیقە و پشوو درێژ بوو،‮ ‬نەیدەزانی‮ ‬ماندووبن چییە و مكوڕ‮ ‬بوو لەسەر ئەنجامدانی‮ ‬ئەو كارانەی‮ ‬مەبەستی‮ ‬بوو بیكات‮. ‬مەخابن مەرگ مەودای‮ ‬نەدا كاكە سەید زۆرتر لەگەڵمان بەردەوام بێت و هەرگیزیش دوایین قسەكانیم بیرناچێتەوە كە لەرۆژی‮ ‬كۆچكردنی‮ ‬یەكجارەكی‮ ‬لە ژوورەكەی‮ ‬مندا كردی،‮ ‬بەڕاستی‮ ‬كۆچێكی‮ ‬لەناكاو و مەرگێكی‮ ‬ناوادەبوو،‮ ‬بۆیە تا ئێستایش هەموومانی‮ ‬تاساندووە و لەخوای‮ ‬گەورە داواكارین سەبووری‮ ‬بە خانەوادەكەی‮ ‬بدات و گیانی‮ ‬سەید محەمەد بە بەهەشت شاد بكات و خێزان و منداڵەكانی‮ ‬سەركەوتوو بكات‮.
‬
هاوكارمان نووسەر مەسعوود پەرێشانیش لەو‮ ‬یادەدا دەڵێت‮:‬‮ ‬لێرەوە دەمەوێ بەكورتی‮ ‬ئەو راستییە بڵێم كە كاكە حەمە ماندوو بوونی‮ ‬نەدەزانی،‮ ‬شەو و نیوەشەو‮ ‬هەواڵی‮ ‬خێرا و گەرم و گوڕی‮ ‬قەندیل و ناوچەكەی‮ ‬بۆ دەناردین،‮ ‬هەمیشە وەكو كارمزێكی‮ ‬بناری‮ ‬قەندیل لە هەڵبەز و دابەزدا بوو بەجۆرێك خۆشەویستی‮ ‬و متمانەی‮ ‬خەڵكیشی‮ ‬بەدەست هێنابوو‮. ‬
چەندرۆژێك لەمەوبەر كە خانەوادەكەی‮ ‬هاتنە لامان و لەگەڵ سەرنووسەرو هەڤاڵانی‮ ‬دیكە پێشوازیمان لێكردن،‮ ‬لەوە گەیشم كە منداڵگەڵێكی‮ ‬وشیاری‮ ‬هاوشێوەی‮ ‬خۆی‮ ‬بەجێ هێشتوون،‮ ‬كە هەر هەموویان لەخۆی‮ ‬دەچن و مایەی‮ ‬ئومێدی‮ ‬هەموو لایەكمانن،‮ ‬خودا وەبەر دڵۆڤانی‮ ‬خۆی‮ ‬بخات و بەبەهشتی‮ ‬بەرینی‮ ‬خۆی‮ ‬بسپێرێ ر و ماڵ و منداڵەكانیشی‮ ‬بەسەربەرزی‮ ‬بهێڵێتەوە‮.‬

پرۆفایلی‮ ‬رۆژنامەنووس سەید محەمەد سەروچاوەیی‮
سەید محەمەد سەروچاوەیی‮ ‬رۆژنامەنووس و پەیامنێری‮ ‬رۆژنامەی‮ ‬خەبات،‮ ‬لە ساڵی‮ ‬1971‮ ‬لە رانیە لەدایكبووە و ماوەی‮ ‬14‮ ‬ساڵ كاری‮ ‬رۆژنامەوانی‮ ‬كردووە،‮ ‬لە تەمەنی‮ ‬یەك ساڵیدا دایك و باوكی‮ ‬بەهۆی‮ ‬رووداوێك شەهید دەبن و خۆی‮ ‬و خووشكە بچووكەكەی‮ ‬بە تەنها دەمێننەوە،‮ ‬لەگەڵ هەموو سەختی‮ ‬و ناخۆشییەكانی‮ ‬ژیاندا توانیوویەتی‮ ‬تا پۆلی‮ ‬شەشەمی‮ ‬ئامادەیی‮ ‬بخوێنێت و بەردەوامیش كاری‮ ‬كردووە بۆ پەیداكردنی‮ ‬بژێوی‮ ‬ژیان‮. ‬لە ساڵی
‮ ‬1982‮ ‬دەستی‮ ‬بەكاری‮ ‬نواندن كردووە و لەگەڵ تیپی‮ ‬شانۆیی‮ ‬سەروچاوە وەك ئەكتەر و‮ ‬یاریدەدەری‮ ‬دەرهێنەر خزمەتی‮ ‬بە بواری‮ ‬هونەریی‮ ‬دەڤەرەكە كردووە،‮ ‬لە ساڵی‮ ‬2005‮ ‬دەستی‮ ‬بەكاری‮ ‬رۆژنامەوانی‮ ‬كردووە و زۆربەی‮ ‬راپۆرت و هەواڵ و بەدواداچوونەكانی‮ ‬لە رۆژنامەی‮ ‬خەبات بڵاو كردۆتەوەو لە چەندین رادیۆ و سایتیش بەهەواڵ و راپۆرت بەشداریی‮ ‬كارای‮ ‬هەبووە‮. ‬ئەو بەپێی‮ ‬ئەو پێگە جوگرافییە سەختەی‮ ‬لە سنووری‮ ‬كارو چالاكییەكانیدا بوو،‮ ‬تەنها بۆ رۆژنامەی‮ ‬خەبات نا،‮ ‬بەڵكو بۆ ژمارەیەكی‮ ‬دیكەی‮ ‬دەزگا میدیاییەكان سەرچاوەی‮ ‬هەواڵ و زانیاری‮ ‬میدیایی‮ ‬بوو،‮ ‬زۆرتر گرنگی‮ ‬بە ژیان و گوزەرانی‮ ‬رەوەند و جووتیارانی‮ ‬ناوچەكە دەدا و هەمیشەیش لە خەمی‮ ‬بۆردومان و تەنگژە و ئاریشەكانی‮ ‬سەرسنوور و ئەو بارودۆخە نائاسایی‮ ‬و لەناكاوانەدا بوو،‮ ‬كە نەخوازراوانە روویان لەو دەڤەرە دەكرد‮.‬
سەید محەمەد سەروچاوەیی‮ ‬لە ساڵی‮ ‬1987‮ ‬هاوسەرگیری‮ ‬لەگەڵ خانمێكی‮ ‬سەربەرز كردووە و دوو كوڕ‮ ‬و پێنج كچی‮ ‬لەدوای‮ ‬خۆی‮ ‬جێهیشتووە و لە رۆژی‮ ‬16‮/‬12‮/‬2018‮ ‬بەهۆی‮ ‬جەڵتەی‮ ‬دڵ بۆ‮ ‬یەكجاری‮ ‬ماڵئاوایی‮ ‬لە ژیان كرد‮.‬

خوالێخۆشبوو سه‌ید محه‌مه‌د سه‌روچاوه‌یی