خهبات: رەشید مەلا عەلی كۆلەكی
ژیان یانی ئازادی، ژیان بێ ئازادی بوونی نەبێ باشترە، بۆیە مرۆڤە ئازادیخوازەكان ژیان دەكەن بە قوربانی ئازادی. ئازادی ئەو هەستە بە پێزەیە مرۆڤ دەگەینێتە ئاستێك هەست بە بوونی خۆی وەك بونەوەرێك بكات._ئازادی بە یەكێ لەئامرازەكانی بەردەوامی و كامڵ بونی ژیان دەژمێردرێت ، بە واتایەكی تر ئازادی پێویستیەكی گیانلە بەرە زیندووە كانە، ئەو زیندەوەرە گیا و ڕوەك بێت یان ئاژەڵ بێت یان مرۆڤ، لە هەموو حاڵەتێك دا پێویستی بە ئازادیە.ئازادی گیا و ڕوەك و ئاژەڵان هاو تەریبە لە گەڵ پێكهاتەكەیان ومرۆڤ پێویستی بەئازادیەكی لە سەرووی ئازادی گیا و ئاژەڵانە.
تایبەتمەندیەكی هەر زیندەوەرێك بریتی یە لە جوڵە بەرەو كامڵ بوون،بێ گیانەكان پێویستیان بە جوڵە نیە بۆیە پێویستیان بە ئازادیش نیە.لە پاڵ هەر سێ تایبەتمەندی هوشیاری، داهێنان،ئازادیدا ئازادی یەكەمین و بنەڕەتترین تایبەتمەندی مرۆڤە چونكە پێویستە مرۆڤ لە ناخی خۆی دا ئازادبێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئازادی بە كەسانی تر ببەخشێت، پاڵەوانی نیشتیمانی راستەقینە كەسێكە پێشەنگی ئازادیخوازی و ئازادی بێت،ئەزمون ئەوەی دەرخستووە كەسێك كە خۆی ئازاد نەبێت ناتوانێت تەعبیرێكی راستەقینە لە ئازادی بەرجەستە بكات . ئازادی بەیەكێ لە پڕ بەهاترین ئەو بەهایانەی مرۆڤ دەژمێردرێت كە لە دێر زەمانەوە لە مێشكی مرۆڤ دا نەقشی بەستووە، تەنانەت سیمبوڵی بەها مرۆڤایە تییەكان لە وڵاتە ئازادەكاندا بەرجەستە بوون. ئازادی قۆناغێكی فیكری و هزریە كە مرۆڤەكان لە پێناوگەیشتن و ناسنامە بەخشین و بە مرۆڤ بوون تێدەكوشێ بۆ ئەوەی بتوانێت ناسنامە و بەها بە خۆی ببەخشێت لەو ژینگەیەی تێدادەژیت.یەكەم شت كە سروشت بە مرۆڤی بەخشیوە ئازادیە و بە ئازادی ژیان دەتوانێت ڕەوتی راستەقینەی ژیان و بڕوا بە خۆ بوون بدۆزێتەوە . ئازادی ئەو دەرفەتە بۆ مرۆڤ دەرەخسێنێت كە بە ئازادی ئەوەی بە بیری دا گوزەر دەكات بخاتە ڕوو ئازاد بوون و رزگار بوون لە سنورە دەستكردەكان مرۆڤ دەگەیەنێتە لوتكەی سەركەوتن و بەختەوەری و خوشبەختی . هەر سەبارەت بە بایەخ و گرنگی ئازادیش مەولانا دەڵێت: (روح های كز قفس ها رستەاند، انبیای ملت برجستەاند).
ئازادی مافێكی خوایی و سروشتی مرۆڤە، ئازادی واتە ئازاد بیر كردنەوە، ئازادی واتە تێكۆشان لە پێناو ئەو كارەی مرۆڤ بە راست ودروستی دەزانێت، ئازادی واتە رێز گرتن لە بیرورا جیا جیا كان بە بێ لە بەر چاو گرتنی جیاوازیە رەگەزی و نەتەوەیی و ئایینی وكلتووری و فەرهەنگیەكان. ئازادی واتە بوونی جیهانێكی لێوان لێو لە ئاشتی و خوشەویستی.هەروەها ئەوە دوپات دەكاتەوە كە مێژوو قوناغی گۆڕانكای ڕوحە لە سنوری دیاریكراوە وە بەرەو سنوری ئازادی . ئازادی دەستكەوت و نیعمەتێكی خوایی و ئیلاهیە كە تەنیا لە بونی ئازادی بەرجەستە دەبێت و دەبێتە هۆكاری گەشەسەندن و گەشە كردنی كەسایەتی مەعنەوی مرۆڤ . بیرمەندێكی تر دەڵێت: ئازادی بریتی یە لە گونجاو بوونی ژینگەیەكی لە بار بە مەبەستی دەركەوتن و گەشە كردنی بەهرە و تواناكان و لا بردنی هەر جۆرە رێگری و كۆسپێك لە سەر رێگای تاك و كۆمەڵگا. مونتسكێو خاوەنی ڕوحی یاساكان بە مجۆرە پێناسەی ئازادی كردووە :ئازادی بریتی یە لە وەی مرۆڤ هەموو ئەو كارانە ئەنجام بدات كە یاسا ڕێی پێ دەدات و هەر كارێك كە یاسا رێگای پێ نادات و لە بەرژەوەندی دا نەبێت ناچار نەكرێت بو ئەنجامدانی.
بزاڤی بارزانیش كە لەلایەن گەو رە سەركردەكانیەوە سەری هەڵدا و دامەزرا گرنگی و بایەخێكی گەورە یان بە پرسی ئازادی تاك و ژیانی ئازاد داوە، بۆیە لە لایەك خۆیان سەر تاپای ژیانیان تەرخان كرد بو ئازادی و بە ئازاد ژیان و تەنانەت نەك ئامادە بون بەڵكو بە كردەییش گیانی خۆیان كردە قوربانی ئازادی مرۆڤ بە گشتی و تاكی كورد بە تایبەتی و لە لایەكی تریشەوە هەوڵێكی بێ وچان و تەواویان دا بۆ ئەوەی مرۆڤی ئازاد و سەربەست پێبگەیندرێت و گۆش بكرێت ،چونكە سەركردەكانی بارزان خۆیان بڕوایەكی لە بن نەهاتوویان بە ئازادی و ئازاد بوونی مرۆڤ هەبوو ، لەو بڕوایە دا بون وەك چون مرۆڤ بە ئازادی لە دایك دەبێت و ئازادی مافێكی خوایی و سروشتی مرۆڤە دەبێت ئاواش بتوانی و ئەو مافەی هەبێت كە لە ژیانی رۆژانەی خۆیدا ئازادانە ڕەفتار و هەڵس و كەوت بكات، ئەڵبەتە تا ئەو شوێنەی پێشێلی ئازادی گشتی و بەرامبەرەكانی نەكات و ئامادەش بوون هەموو شتێ و تەنانەت ماڵ و گیانی خۆشیان لە پێناو سەربەستی و ئازادی دابنێن. لەم ڕوانگەیەشەوە بوو كە بارزان بو بە قوتابخانەی پەروەردەكردن و پێگەیاندنی مرۆڤە ئازادیخواز و ڕزگاریخوازەكان و بە سەدان تێكوشەری و خەباتكاری گەورە پێگەیندران كە هەمیشە و لە هەر كات وساتێك ئامادەی گیان بەخشین و گیان لەسەردەست دانان بون لە پێناو ئازادی دا ،بە جۆرێ كە لە بەرامبەر ئازادی دا ژیان گرنگی نەبێت، گرنگی ژیان تەنیا لە ئازادی دا واتا دەبەخشێت و لەژیانی مرۆڤە بە وانە ئازاد پێگەیشتوو و گۆشكراوەكان دا بەرجەستە دەبێت . لێرەدایە كە بارزان بو بە ناوەندی رووبەڕووبوونەوەی داگیر كاری و بەرهەڵست كردنی دوژمنانی ئازادی.
بویەش دەبینین كاتی لە مانگی تەموزی 1909 فەریق محمد فازیل پاشای داغستانی بە توندی هەڕەشە لە شێخ عەبدولسەلام دەكات كە ئەگەر نەچێتە موسڵ ئەوا بە زەبری هێز بارزان خاپوور دەكات و غافڵ لەوەی كە شێخ عەبدولسەلام نەك هیچ بایەخ وگرنگی بەو هەڕەشانە نادات و ناچێتە ژێر باریەوە ،بەڵكو ئامادەشە لە پێناو ئازادی و سەربەستی گیانی خۆشی بەخت بكات ، بۆیە بە هێز و بە بڕوا بەخو بونەوە و لە هەڵوێستێكی جوامێرانە و مرۆڤایەتی و نەتەوەیی و نیشتیمانانە و لە وەڵامی پاشا دا گوللەیەكی بە نامەیەكی پێچراو دا بۆی ناردەوە و تێدا نوسیبووی:ژیان لای من هیچ بەهایەكی نییەو مەرگیش نامترسێنێت.
ئەوەتا زانا و خواناسی گەورە شێخ ئەحمەد بارزانییش و وەك براگەورەكەی هەڵوێستە مرۆڤایەتی و ئازادانەی دوبارە دەكاتەوە و لە بەرامبەر گەورە بەرپرسێكی سەربازی ئێرانی لەسەردەمی كوماری كوردستاندا ڕاشكاوانە فەرمووی: ئێمە سەر بۆ هەڕەشە دانانوێنین.
ئازادی لای زانای گەورە شێخ ئەحمەد بارزانییش بابەتێكی نەگۆڕ و گفتوگۆ لەسەر نەكراو بو، دەست بەردان و واز هێنان لێی بە مانای وشە مەحاڵ بوو، وئامادە هەر جۆرە قوربانیەكیش بو لە پێناوی دا بدات ،بونی لە بەندیخانەی داگیركاراندا بو ماوەی12 ساڵ بە بێ هیچ جۆرە مساومە و خو بەدەستەوە دانێك و هەروەها هەڵوێستەكەی كاتێ لە لایەن بەریتانییەكانەوە باسی دەستەكەوت یان پێشنیاری پلە و پایەی بۆ دەكرا، دەیفەرموو : ئەو پڵە وپایەی ناوێ تەنیا دەیەوێ بەسەربەستی و ئارامی لە خاكەكەی خۆیدا بژیت. بارزانی نەمر و ئیدریسی هەمیشە زیندو و جەنابی سەۆكیش بەردەوام بون لە بەرگری كردن لە ئازادی و ژیانێكی ئازاد و بەختەوەر وهەمیشە دەفەرموێت: مەرگی سەربەرزی ژیانە و ژیانی بن دەستیش مردنە. واتە دەكرێ بگوترێت یەكێ لە بابەت وپرسانەی لە پاڵ كۆمەڵێ بابەتی تر بون بە نەریت و كلتوورێكی نەگۆڕ بڕوا بوون بەئازادی و تێكۆشان بو لە پێناوی دا، بارزان بو بە قوتابخانەی پێگەیاندن و پەروەردەكردنی مرۆڤە ئازادیخواز وتێكۆشەرە نیشتیمانپەروەرەكان و لەم بوارو لایەنەشدا بە هەزاران ئازادیخوازی بەجەرگی نیشتیمانپەروەر پێ گەیندران كە گیانیان كردە قوربای ژیانێكی ئازاد و سەرەبەست بۆ گەل و نەوەكانی دوای خۆیان.
یەكێ لە تێكۆشەرە نیشتیمانپەروەرەكان و دڵسۆزی رێبازی بارزانی نەمر مستەفا فەقێ عەبدوڵا كۆلەكی یە كە بە بیر و هزری شۆڕشگێڕی و ئازادیخوازی گۆش كرا بو ، بۆیەش هەر زو هەستی ئازادیخوازی تێدا گەشەی كرد و تا توانای لە جەستە دا بوو بەردەوام بو لەم ڕێگایەدا، ئەم تێكۆشەرە ساڵی 1918 لە گوندی كۆلەكای نزار لە دەڤەری بارزان ی سەركەش چاوی بەم جیهانە هەڵێناوە هەر زو و لە گەڵ هەڵكشانی ساڵانی تەمەنی بیرو هزر و باوەڕی نەتەوایەتی ونیشتیمانیش لە هەڵكشان و گەشە كردن دا بو ،بویەش هەر لە لاوێتی تەمەنیەوە و ساڵی 1945 پەیوەندی بە شۆڕشی دووەمی بارزانەوە دەكات و دەبێتە پێشمەرگەی گەڵ و وڵات و دەبێتەرەشاش بەدەستێكی بەرگریكاری نیشتیمانەكەی و شان بە شانی قارەمان و پاڵەوانانی وەكعوزەیر ئاغا زراری و مەلاشنە بێدارونی و ئەحمەد گۆرانبەشداریەكی كارا و بەرچاو لەشەرەكانی نەهڵە و شیوە هرچی دەڤەری دینارتە دەكات و تەنانەت یەكێ بووە لە وكەسانەی كاتێ عوزەیر ئاغا زراری بریندار دەبێت هەڵی دەگرێت و دێنێتە پشتی بەرەكانی شەڕەوە وتا پاشەكەشە كردن، بەشدار دەبێت لەو شەڕقارەمانانە دا، دوای شۆڕشی دووەمی بارزان، بەناچاری گوندەكەیان جێ دێڵێت و لە گوندەكانی پیرەساڵ و شانەدەر دەگیرسێتەوە. دوای گەڕانەوەی بارزانی نەمر وهەڤاڵانی لە یەكێتی سوفیەتی پێشوو بۆ عێراق و خودانی بارزان و خێزانە بارزانیەكان بۆ سەر شوێنیان ناوبراویش دەگەڕێتە گوندەكەی ودەست بە ژیانی ئاسایی خۆی دەكاتەوە، كاتێ كوردستان بە گشتی و بارزان بە تایبەتی دەكەوێتە بەر هێرش و پەلاماری دوژمنان و داگیركاران و بارزانی نەمر وهەڤاڵانیشی دەكەونە سەنگەری بەرگری لە خاك و نیشتیمان و ڕو دەكەنە دەڤەری بادینان، مستەفا فەقی كۆلەكییش یەكێ بوو لە پێشمەرگە گیان لەسەردەست و قارەمانانەی ڕۆژی 24ی تشرینی یەكەمی ساڵی 1961 لە زێی هیزان پەڕینەوە بەرەو بادینان و بە فەرمانی بارزانی نەمر لە هێزی شەهیدی فەرماندە تاهر عوزەیر ئاغا زراری دا رێك دەخرێن.
لەبادینان بۆ بەرگری لە وڵاتەكەی و شان بەشانی پێشمەرگە قارەمانەكانی ئەیلوول بەشداری زۆربەی ئەو شەڕانەی كردووە كە لەو دەڤەرە دا ڕویان داوە وەك شەرەكانی:
-سەرێ ئامێدیێ- ئێك مالێ لە دەڤەری بەرواری -كانی ماسێ -بانگ وئەرەزا -ئەنیشكێ -گەلیێ زاویتە - گەرماڤا - ئاسەهێ ژمرێبا ژڕەبەتكێ - داستانی بەناوبانگ و دوژمن شكێنی لومانا - گرێ كۆركێ – شوش -سەرێ ئاكری.
دواتر ولە ساڵی 1965 دەگوازرێتەوە بو دەڤەری بۆ گوندی دێرێ سەر بە سەركەپكان و دواتر و لەسەر فەرمانی بارزانی نەمر دەگوازرێنەوە بو گەڵاڵە و لەگەڵ فەرماندەی بەناوبانگ غەزالی ژاژوكی بەردەوام دەبێت لە راپەڕاندنی ئەركە نەتەوایەتیەكانی. ساڵی 1966دەگوازرێتەوە بو دیلمان و دەبن بە پاسەوانی بارەگای بارزانی نەمر و پێشمەرگەی دێرین محەمەد سلێمان ناسراو بە محەمەد مشكۆ دەبێتە بەرپرسیان. زۆر جێی باوەڕی ومتمانەی بارزانی نەمر بوون و بارزانی نەمر هاتووچۆیەكی زۆری مقریانی كردووە و تەنانەت زۆر جار بە خزمە كۆلەكی ناوی هێناوون.
دوای نسكۆ و رێكەوتننامە شومەكەی جەزایەر مستەفا فەقێ كۆلەكییش وەك هەزاران خێزانی كورد ڕێی ئاوارەیی و دوری لە زێدی خۆی بەڵام كوردایەتی دەگرێتە بەر و ڕوو لە وەڵاتی ئێران دەكات و سەرەتا لە كۆمەڵگای زێوە نیشتەجێ دەبێت و دواتر دەگوازرێتەوە و لە شاری ساوە دەگیرسێتەوە، بەڵام هەر لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی گوڵانی پێشكەوتنخواز دیسان هزرو بیروباوەرە كەی پاڵ بەمستەفا فەقێ كۆلەكی یەوە دەنێ پەیوەندی بەو شۆڕشە پێشكەوتنخوازەوە بكات وبەشداری لە شۆڕ ش دا دەكات .دوای ڕاپەڕینی شكۆی گەلەكەمان و ڕامالینی دام ودەزگا داپلۆسێنەرەكانی بەعس لە كوردستان وساڵی 1999 مستەفا فەقی كۆلەكی دەگەرێتەوە كوردستانی ئازاد ودوور لە داگیركاری و لە گوندی هەربۆی دەڤەری نزار لە بارزان نیشتەجێ دەبێت و بەهۆی هەڵكشانی تەمەنیەوە خانەنشین دەكرێت . ناوبروا یەكێ بو لە دڵسۆزانی رێبازی بارزانی نەمر بەجۆرێ كە لە هەر كات وسات وشوێنێك دەهات هەر زو دەیگوت بارزانیێ نەمر.یەكێ بو لەو كەسانەی لە قوتابخانە نەتەوایەتی و نیشتیمانیە بەرزەكەی بارزان گۆش و گەورە و پەروەردە كرابو و هەستێكی بەرزی نیشتیمناپەروەریەوە لە ناخی دا چەگەرەی كردبو، بویە تەنانەت كاتێ لە سەر جێش كەوتبوو توانا جسمیەكەشی نەمابوو بەڵام بیروباوەركەی بە رێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر هەروەك ئەو ڕوژە وا بو كە لە 1961 شان بەشانی هەڤالانی ڕویان كردە دەڤەری بادینان، بۆیە هەركاتی بەسەرمان دەكردەوە ئاموژگاری دەكردین كە لە رێبازی بارزانی نەمر دور نەكەوینەوە چونكە ئەم ڕێبازە تاكە ڕێبازی راستەقینە و راست ود روستی كوردایەتی و ڕزگاری وسەربەستی و سەربەخۆیی گەیشتی گەڵی كوردە بە مافە نەتەوایەتی و نیشتیمانییەكانی.
بەڵام زۆر بە داخەوە دوای ژیانێكی پر لە ئەوراز ونشێو و تەمەنێكی پراوپر لە خەبات و تێكۆشان لە پێناو گەڵ و وڵات و لەتەمەنی 100سەد ساڵی دا، دوای نیوەڕۆی رۆژی سێ شەممە 18/12/ 2018 لە نەخوشخانەی بلێ كۆچی دوایی كرد و لە گۆرستانی گوندی كۆلەكا نزاری دەڤەری بارزان بە خاك سپێردرا.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی تێكۆشەری گەلەكەمان مستەفا فەقێ كۆلەكی و گشت شەهیدانی ڕێگای ئازادی و سەربەخۆیی كوردستان و سەركاروانی شەهیدان بارزانی نەمر و ئیدریسی هەردەم لەیاد.









