یونس حەمەد ــ ئۆسلۆ
لەو سەردەمەدا ئەگەر چی گێژاوێكی بێ سنوور ڕووی لە میدیا بەهەموو جۆرەكانیەوە كردووە، بەپلەی یەك سۆشیال میدیا وتۆڕە كۆمەڵاتیەكان و دواتر كەناڵە ئاسمانییەكان كە زۆرانێك لەو كەناڵانە بوونەتە مینبەرێك بۆ ئاخافتنی ناتەندروست و تاڕادەیەك بە میدیای ئاژاوەگێری ناودەبرێن، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا خاڵی پۆزەتیڤ لەمیدیا ماوە كەوا بینەر متمانەی پێ بكات. كوردستان تیڤی وەك یەكەم كەناڵ لەسەر خاكی باشووری كوردستان یان هەرێمی كوردستان دەستبەكاربوو، لەو ڕۆژەی تا ئەمڕۆ تەمەنی گەیشتۆتە بیست ساڵ بەبەردەوامی هەواڵی بەبەها و بەمتمانە دەخاتە بەردەم بینەرانی، هەر ئەوەشە وای كردووە كوردستان تیڤی بڕوای زیاتر لەلای بینەر بەدەست بێنێت، كاری میدیا بە هەموو جۆر و شێوەكانی پێویستە هەرچی تازە و بەپێز و ڕاستگۆیانە هەیە بیخاتە بەردەم بینەر بۆ ئەوەی لەباس و خوازی جیهان نزیك ببنەوە، بۆ ئەم مەبەستە كوردستان تیڤی تا ئێستاش بۆ ڕاستگۆیی بێ ڕكابەرە، زۆر نموونە هەن هەرگیز مێژوو لەبیریان ناكات.
لە جەنگی دوومەمی كەنداو، كوردستان تیڤی ببووە سەرچاوەی هەواڵی زۆربەی كەناڵە ئاسمانی و ڕۆژنامەكانی جیهانی بەمەش مێژووی بۆ خۆی تۆمار كرد، لەهەموو ڕووداوكاندا چ لەخۆشی یاخود ناخۆشییەكاندا كوردستان تیڤی ڕۆڵی تێدا هەبوو هەمیشە بەپرێنسیپ و یاساكانی ڕاگەیاندن كاری ئەنجامداوە، لەكوردستانیشدا بەردەوام پەیامی نیشتمانی و نەتەوەیی بەرزكردۆتەوە، ئەمەش وەك بەرپرسیارەیەك بەرانبەر مێژووخاك و وڵات، لەشەری تیرۆرستانیشدا ڕۆڵی كاریگەری هەبووە لە گەیاندنی هەواڵ و پەیامی ڕاست و درووست لەبەرەكانی جەنگدا قوربانیشی داوە. كوردستان تیڤی بەهۆی هەستی نەتەوەیی و نیشتمانی لەم پێناوەدا چەندین پەیامنێر و كارمەندو كامیرامانی شەهیدكراوە. ئەگەر بۆ سەرەتاكانی ئەم كەناڵە بگەڕێینەوە كە نێوەندە جەماوەری و میللیەكاندا بە كەناڵی دایك ناسراوە دەبینین بایەخی بە هەموو پارچەكانی كوردستان بەبێ جیاوازی داوە، پەیامنێرانی لەهەموو بەشەكانی كوردستان بوونیان هەبووە، یەكەم كەناڵی كوردستانی بووە كە پەیامنێرانی لە سەرتاسەری جیهاندا بڵاوبۆتەوەو گرینگیان بەكارو چالاكییەكانی ڕەوەندی كوردی داوە. لە بیست ساڵەی كوردستان تیڤی هەنگاوەكانی ڕاستگۆیی بەردەوامە، بۆ پرسە نیشتمانی و نەتەوەییەكاندا هەروەها بۆ ڕاستگۆیی هەمیشە بێ ڕكابەرە.









