شەنگە هاوار كاكەیی
هەڵكردنی ئاڵای پێشەوا لە شاری كەركووك بۆ چەند كاتژمێرێك و رەتكردنەوە و لادانی لە لایەن هێزەكانی دژە تیرۆرەوە، هەڵگری یەك واتایە و یەك ئاماژە، كەوا چارەسەری پرسی ئەم ناوچانە و راگرتنی بەڵانسی هێز لە هاوكێشە سیاسییەكاندا و گەڕانەوەی ئاسایش و سەقامگیری لەم شارانە، ئەگەر بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی نەبێت بەهێزی سەرانی شانزەی ئۆكتۆبەر مەحاڵە بێتەدی كە ئەمە راستییەكی حاشاهەڵنەگرە، لەم سۆنگەیەدا داڕشتنی سیناریۆی ئەمجارەیان سەرسوورهێنەر نییە، بەوپێیەی داڕشتنی سیاسەتییان بە دەرچەی دیماگۆگییەتدا تێپەڕیوە، بە نۆكەری لواوە لە ئەنجامی هەڵكشانی بازنەی ئیرەیی و تا تاكتیكی بوغز كە لە دڵە تەماوییەكانیاندا پەنگدەخواتەوە و بەو هۆیەوە پەنایان بردە بەر زەڵكاوی خیانەت و مەلەكردن لە گۆمی مەنگدا، كەركووكیان فرۆشت، قودسەكەمانیان تەسلیمی هێزی داگیركەر كرد و دڵە گەرەكەمانیان زامدار كرد بە تیری ژەهراویبوونی خیانەت، ئێستا كەركووك بە دڵیكی زامدار بێ قودسە. ئەوەی جێگای ئاماژەیە كات و بەرواری داڕشتن و مەودای زەمەنی ئەم سینارێۆیەیە، ئایا تەنها بۆ ئەوەیە رووی خۆیان سپی بكەنەوە بەرامبەر جەماوەر و هاونیشتمانیان، یان بۆن و بەرامەتی هەواڵی گەڕانەوەی پێشمەرگەیان بۆنكردووە بۆ ئەو شارە و بۆ ئەو ناوچانە بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی، هەرچەندە بەشێك لە كادیرە بە هەڵوێستەكانی یەكێتیی نیشتمانی و خانەوادەی شەهیدان و قوربانیانی دۆزی رەوای كورد نیگەرانن بەم خیانەتە و هەرگیز بەو ئاكامە قەت دڵخۆش نەبوونە، ئێستا بە هۆی دەربڕینی ئەم رایەیان تۆمەتی پارتیبوونیان دەخرێتە پاڵ. بەڵام دیارە پەشیمانبوونەوە بۆ چەند كاتژمێرێك ئەم شارەیان ئاڵاند بە ئاڵای كوردان لە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەكان دوابەدوایی لە نێۆ ئاپۆڕای جەماوەردا شایی و ئاهەنگیان گێڕا، بەڵام ئەم خۆشییە چەند كاتژمێرێك بوو، وەكو رێژنەبارانی بەهار گەواڵەیەك بوو و تەواو، هێزی دژە تیرۆر بە فەرمانی پارێزگاری كاربەدەست و دەستڕۆیشتووی ئەم شارە، بە هەڵكردنی گلۆپی سوور كە فەرمانی لە حكوومەتی فیدراڵەوە وەرگرتبوو بە داگرتنی ئاڵاكەمان لەم شارە، بەدەر لە بارەگا حزبییەكانیان بۆیام نییە هەڵی بدەن و بشەكێتەوە. لە هیچ دامودەزگایەك.
ئەوەی مەبەستمە بیوروژێنم چەمك و پێناسەی خیانەت نییە، چونكە كرداری خیانەت رەفتارێكی قێزەوەنەو پەڵەی رەشی دەمێنێت و كاڵنابێتەوە، چونكە گەر بەتیشكی بنەوشەیی بێت یا سەرنجدان رەنگی سپی و رەش زۆر بە سانایی لە یەك جودا دەكرێنەوە، بۆیە دەپرسین، كاتێك داكۆكیكارێكی سەرسەختی ئاڵا و هێمای كوردانن، حەقی خۆمانە بەرچاوروونیمان هەبێت و لەو خۆزگەیەیان تێبگەین، بپرسین و سەد و یەك جار لە دووپاتبوونەوە تا دەگەینە ئەنجامی دروست ئاخۆ بۆ كەركووكتان فرۆشت لە میهراجی سیاسەتدا ؟ ئاخۆ بۆ ئەم هەموو كوردەتان شاربەدەر كرد لە زێدی خۆیان؟ ئاخۆ بۆ ؟
ئەگەر تەبیب بوون، بادەی ئەم ژەهرەتان بۆ بە ئێمە نۆشی ئەوەی جێگای داخ و نەنگییە بۆ منی ئافرەت، بەدەر لە خیانەتی خیانەتكاران هەڵوێستی خانمی ئەسەدی ئاڵا تاڵەبانییە كە لە دیمانەیەكیدا پێیوایە راماڵین و هەڵگرتنی ئاڵای كوردستان مافێكی دەستوورییە و بڕیارێكی دەستوورییە كە لە لایەن عادل عەبدولمەهدییەوە دەرچووە بۆ زامنكردنی مافە كەمە نەتەوەییەكانی ئەم شارە وەكو عەرەب و توركمان، جگە لە نەتەوەی كورد، منیش دەڵێم: خۆ ئەگەر كورد بۆ ئەم شارە رووبارێك خوێنی نەرژاندبێت و شۆڕشێكی لە دەست نەدابێت، ئەوە رەئی ئەو ناسكۆڵەیەمان قبووڵە! ئەگەر ئەوەنە جەربەزەیە، با قائیمەی شەهیدانی ئەم نەتەوانە ئاشكرا بكات، ئاخۆ كێن و ژمارەیان چەندن؟ خۆ ئەگەر بوونیش هەبێت یان لە ئەنجامی تەقینەوە گیانیان سپاردووە، یا سیخوڕبوونە و فەرمانی ئیعدامیان بۆ دەرچووە، ئەمەش ناكەوێتە قالبی گیانفیدایی و قوربانیدان، ئەگەر بەراوردی بكەین بە قوربانیانی رێگای بزافی نیشتمانی و شەهیدانی كورد و كوردستان كە بەشێك لەو شەهیدانە سەر بە ینك بوونە، بۆیە ئێستا ئاڵای پێشەوا، تەنها لەسەر مەڵبەندی حزبیان دەشەكێتەوە و بە ئینجازێكی مێژوویی هەڵیدەسەنگێنن! وەكو ئەوەی بڵێی پارتی دیموكراتی كوردستان دەستی خیانەتی درێژ كردبێت بۆ ئەم شارە، نەك ئەوان لێرەدا ناپرسین بۆ؟ بەڵام هەڵدانی لاپەڕەی عەجب و سەرسووڕمان لە بەراوردكردنێكی زەمەنی خۆی فەرز دەكات، جاران لە سەردەمانی حكوومەتی عێراقی پێشوو وەزیفە و مەهامی جاشایەتی نەریت و باو بوو بە پیاوان. بەڵێ بە سەدان دێ و دێهاتی كوردستان لەسەر دەستی سەرانی بەعس تەخت و خاپوركران، بە هاوكاری و هەماهەنگی جاشەكان بەڵام! بەشێوەیەكی فەرمی قەت رووی نەداوە ئافرەتێك جێگۆڕكێی پێ بكرێت و ئەو رۆڵەی پێبسپێرن، بەڵام ئەمڕۆ بەپێی داڕشتنی ئەم ستراتیژییە تازەیە و راگرتنی باڵانسی جێندەری ئەم رۆڵە و ئەم دەرفەتە بە ئافرەتیش سپێردراوە. ئەوەی ماوە بڵێین پێشەوا لە نیو لە سەدەی رابردوودا دڵنیابوو كە و ئەركی پاراستنی ئاڵای كوردستانی بەدەر لە بارزانی، هیچ زاتێك توانای ئەوەی نییە ئەم ئەركە قورسە بگرێتە شان لەم سەدەیەدا، ئەم دڵنەوایە دووپات بووەتەوە بۆ هێما و ئاڵای كوردان لە شاری شاران، بۆیە وێردمان بۆ پارتی دایك دووپاتبوونەوەی وەفا و سۆزە بۆ دۆزی رەوای گەلەكەمان، وەكو هەمیشە دەڵێین و دەڵێینەوە، سەدە لە دوای سەدە، هەمان پەیام و هەمان دووپاتبوونەوە.
❊ ماستەر لە یاسای گشتی.









