خهبات: ساسان دەروێش - بهرلین
ئەمڕۆ چل ڕۆژ بەسەر كۆچی دوایی زانا و دانای كورد پڕۆفیسیۆر د.جەمال نەبەز تێدەپەڕێت كە لە دوای خۆی خەرمانێك لە بیری جوانی بۆ دونیای رۆشنبیری كوردی جێهێشت و بەرهەمەكانیشی بۆ هەمیشە بوونەتە سەرچاوەی گرنگ بۆ رۆشنبیری كوردی، بۆ ئەو مەبەستەش بەشێك لە هاوبیران و هاوڕێبازانی قوتابخانەكەی كوردایەتی لە كەسایەتی و بەرهەم و بیری مامۆستا و زانای كورد، جەمال نەبەز بۆ خەبات دەدوێن.
سەرەتا حەمەڕەشید هەرەس هاوبیر و نووسەر و ڕۆشنبیر گوتی: ئەمڕۆ چلەی كۆچی ماڵئاوایی جەمال نەبەزە، ئەو مرۆڤە كورد ویستەی باخی كورد بە دەگمەن بەرهەمی وا جوان ئەدات بە دەستەوە، جەمال نەبەز هاوبیرم بوو، برام بوو، سەرچاوەی داهێنانم بوو، مامۆستام بوو، لە هەموویشی زیاتر نموونەیەكی كەڵەگەتی ژیانم بوو. ئەو نەبوایە هەستی نەتەوەییم، خۆشویستنی كورد و كوردستانم، تەقەڵام بۆ دەوڵەمەندكردن و دۆزینەوەی رێگا چارەی ئازادی و سەرفرازی تاكی ئەم كوردە بەشمەینەتە، تەنها لە سنووری سۆزدا ئەسووڕایەوە. ئەم مرۆڤە بیرمەندە گەورەیە كاریگەرییەكی وای لەسەرم دانا، ئەو سۆز و هەستی نەتەوایەتییەم بەرەو بیری پیرۆزی نەتەوەیی ببەم، بە سەنگی محەكی ئەو بیرە توانیم، هەرچی بۆچوونی چەواشە هەیە، لەسەر رێگەی راستی كوردایەتی لەقاو بدەم و بە بەڵگەی بەهێزەوە، بە مەشخەڵانی راستییەوە لەسەر ئەو رێگا پیرۆزە لانەدەم و بە روویەكی سوورەوە بە ئەژنۆیەكی پتەوەوە، روو لە رەشوڕووتی نەتەوەكەم بكەم و بانگی پیرۆزی هزری نەتەوەیی بدەم بە گوێی ئەوانەی بۆ رێگاو كاروانی راست ئەگەڕێن، نەتەوەكەمانی پێ بگەیەننە كەناری سەربەخۆیی كوردستان و ئازادی و یەكسانی نەتەوەی كورد، ئەم پیاوە مەزنە لە تەك خوێندنەكەیدا، وەك كرێكارێكی سەرسەخت كاری دەكرد و بە پارەكەی كە دەیتوانی ژیانێكی شایستە بژی، ئەم ژیانی كولەمەرگی هەڵدەبژارد بۆ ئەوەی بەو پارەیەی بە ڕەنجی شانی پەیدای ئەكرد، بیدات بە چاپكردنی ئەو كتێبانەی كە بە شەونخونی و دەردیسەری دەینووسین و دەیخستنە بەردەستی خوێندەواری كورد، بۆ ئەوەی هیچ فەلسەفەیەكی چەواشە تاكی كورد بە لاڕێدا نەبات و لەسەر رێگای راستیی كوردایەتی لانەدەن و نەبنە قوربانی دەستی دوژمن و بەكرێگیراوی كورد. گوتیشی: جەمال نەبەز، كەسێكی سادە و بێ فیز بوو، زمانشیرین و هەمیشە رووخۆش بوو، لەگەڵ هەر نەناسێك بكەوتایە گفتوگۆ بە چەند چركەیەك خۆشەویست ئەبوو، بەرامبەری بە وشەی كوردی رەوان و بەڵگەی زانستی قایل ئەكرد. ماڵئاوا مامۆستا مەزنەكەم، لێرەدا هەر ئەوەندە دەڵێم: ئێوەی زانا نەبوونایە هەستی كوردایەتی نەدەبوو بەو بیرە جوانەی نەتەوەی كورد و ئەبوایە هەر لە قەپێلكی سۆزدا بمانووتایە كوردایەتی ئەكەین و مەشخەڵانی ئەو بیرە جوانەی تۆ بزر دەبوو لای تاكی كورد، بێگومان ئەوانەی دەیانەوێت بەڕاستی بۆ كوردی بكەن.
هەروەها قەیس قەرەداغی دۆستی نزیكی رەوانشاد لە بارەی ئەو بیرمەندە مەزنەی كورد، گوتی: بیرمەندی گەورەی نەتەوەكەمان د.جەمال نەبەز گەلێ خزمەتی بە نەتەوەكەی بەخشیوە، گەلێ پرۆژەی گەورەی لە مێشكدا بوو، بەڵام مەخابن دەزگا رۆشنبیرییەكانی حكومەتی هەرێم هەر بیریان نەكردەوە لەوەی دەستی یارمەتی بۆ درێژ بكەن بە مەبەستی جێبەجێكردنیان، چونكە وەكو دەزانن پرۆژەكانی مامۆستا ئەوەندە گەورە بوو پێویستییان بە تیمێك دەكرد، مەحاڵە بە تەنیا كەسێك لەو تەمەنە جێبەجێیان بكات، كارەكانی ئەو كاری كۆڕێكی زانیاری بوو بەتایبەتی لە بواری زمانەوانیدا، تا سەدان ساڵی دیكە هەندێ وشە هەن كە مامۆستا ساخی كردوونەتەوە ناوی مامۆستا بە زیندوویی دەهێڵنەوە، چونكە رۆژانە لە نووسین و لە ئاخافتندا بەكاردێن، تۆ گەر بەدرێژایی چەند دەمژمێرێك قسەت لەگەڵ بكردایە تاكە وشەیەكی بێگانەت لێ نەدەبیست بەكاریان بهێنێت، ئەو یەكەم كەس بوو كە توانی كتێبەكانی ماتماتیك و ئەندازە بگۆڕێتە سەر زمانی كوردی لە كاتێكدا ئەو مامۆستا بوو لە كەركووك و خوێندنیش هەر بە زمانی عەرەبی بوو، بەڵام مامۆستا توانی هەموو ئەو دەستەواژانەی عەرەبی بوون بیانكات بە كوردییەكی پەتی كە تا ئێستاش لە قوتابخانەكانی كوردستاندا بەكاردەهێنرێن، مامۆستا لە پاڵ ئەوەی زانا و دانایەكی گەورە بوو، لە رووی كۆمەڵامیەتییەوە پەیوەندییەكی رۆحی جوانی هەبوو لەگەڵ سەدان كەس لە هاوەڵ و هەوادار و دۆستەكانی لە ڕێگەی تەلەفۆن بوایە یان پۆست یان سەردان كتێب و نووسراوەكانی بۆ دەناردن، هەواڵیانی دەپرسی، گلەیی لە من دەكرد كە بۆ ئاگادارم نەكردووە لەوەی كە چوومەتە نەخۆشخانە بەمەبەستی نەشتەرگەری بۆ ئەوەی لە بەرلینەوە بێت بۆ كیل بە مەبەستی چاودێریكردنم. كۆچی دوایی مامۆستا بە راستی كۆستێكی گەورە بوو و بۆشاییەكی وای بەجێهێشت كە بەزەحمەت بۆ كەسانی رۆشنبیری ئەمڕۆ پڕ بكرێنەوە، زیانێكی گەورە بوو لە گۆڕەپانی روناكبیری كورد، دروود لە رۆحی پاكژی جەمال نەبەز.
هەڵۆ بەرزنجەیی لە بارەی رەوانشاد جەمال نەبەزەوە گوتی: هەر لەگەڵ ماڵئاوایی زانا و بیرمەندی گەورە جەمال نەبەزدا، گوتەیەكی مامۆستا ئازادی لە سەربەخۆیی بەنرخترە، بووە جێی باسێكی گەرمی میدیا و گەلێ لە دۆستان و نەیارانی مامۆستا. هەندێك لەمانە لێكدانەوەی نادروستیان بۆ ئەم گوتەیە كرد و بۆ مەبەستی سیاسی بەكاریانهێنا. گەلێكیش وەك بەرپەرچدانەوەیەك بەرامبەر بەم قسەیە كەوتنەخۆ. بۆ چوونەوە بۆ لای گووتەكەی مامۆستا نەبەز، ئازادی لە سەربەخۆیی بە نرخترە . جەمال نەبەز، هاوبیرێكی ئەم قوتابخانە هزرییە و بەم بیروباوەڕە گۆشت بووە و سەرچاوەی بیركردنەوە و هێز و وزەی چالاكی لە دروشمی ئازادی و یەكسانییەوە وەرگرتووە. دواتریش خۆی وەك بیرمەندێك دەستی بەكاركردن لەم كایەدا كردووە، بە ئامانجی دەوڵەمەندكردنی ئەم چەمكانە بەشدارییەكی چالاكانەی بەپێزی لە ڕێی نووسینەكانییەوە كردووە بۆ فراوانكردنی ئاسۆی تێگەیشتنیان، مامۆستا نەبەز لە بیركردنەوەیەكی قووڵ و كۆنتێكسێكی هزریی و فەلسەفی دا، دێت و دەیەوێ شیكار و شرۆڤەی زیاتر بۆ چەمكی ئازادی و یەكسانی بكات و ڕەهەندی دیكەش بەم چەمك و دروشمانە ببەخشێت و لە دروشمێكی سیاسییەوە بیگوێزێتەوە بۆ قاڵبێكی تیۆریزەكردن. مامۆستا نەبەز دەڵێ: ئازادی بە تەنیا بەس نییە، بەڵكو پێویستە تەواوكەرێكی هەبێت، ئەویش مافی دەسەڵاتە. واتە ئازادی بێ بوونی مافی دەسەڵات ناتەواوە و كێماسی تێدایە. بەواتایەكی دیكە، گەر بێت و خاوەنی ئازادیش بێت، لێ مافی دەسەڵاتی بەكارهێنانی ئەو ئازادییەی نەبێت، ئەوە ئازادییەكی ناتەواو و نوقسانە. كاتێكیش كێماسی لە ئازادی بوو، واتە مرۆڤ هێشتا بە قۆناخی حەسانەوە و بەختەوەری نەگەشتووە و ئاسوودیی ژیانی زامن نەبووە. ئەو بەدرێژایی تەمەنی بۆ سەربەخۆیی تێكۆشاوە، شایانی وەبیرهێنانەوەیە، پرسی سەربەخۆیی قۆناخێكی سیاسی و ئامانجێكی كاتییە. مامۆستا نەبەزیش پێیوایە: سەربەخۆیی بەشێكە لە ئازادی، لێ ئازادی، ئازادی و سەربەخۆیشی لە خۆ گرتووە. لەم سەرەڕێیەی خەباتی سەربەخۆیی دا تێكۆشان و كاركردن بۆ گەیشتن بە ئازادیش هاوشان بەڕێوە دەچێت. بەڵام دوای سەربەخۆ بوون خەبات بۆ ئازادی هەر درێژە دەكێشێت و هەر بەردەوامە. چونكە كە سەربەخۆ بوویت مانای وا نییە ئازادیشی، بەڵام كە ئازاد بوویت واتە سەربەخۆیشت. ئەم خاڵە هەستیارە پێویستە وەك خۆی لێی حاڵی بین و خۆمان بە هەڵەدا نەبەین.
د.تابلۆ حەسەن، گوتی: كاتێك لە هانۆڤەرەوە بەمەبەستی كاركردن چووم بۆ بەرلین، برای شیرینم قەیس قەرەداخی بە پرۆفیسۆر جەمال نەبەزی ناساندم، ئیدی لە ماوەیەكی كورتدا مامۆستا بوو بە باوكێكی میهرەبان بۆ من، بە هەموو شێوەیەك دەستی یارمەتی بۆ درێژ دەكردم، تەنانەت لە خوێندنمدا پشتگیر و هاندەرم بوو تەنانەت لە موناقەشەی تێزەكەمدا ئامادە بوو، كە بڕوانامەشم وەرگرت ئەو خۆی ئاهەنگی بۆ گێڕام، لە دڵمدا بوو بەگرێ رۆژێك لە رۆژان ڕێگەم بدا داوەتێكی بكەم، هەركە هەستم بە دڵتەنگی بكردایە تەلەفۆنێكم بۆ دەكرد، ئیتر بەفر بوایە، یان باران یەكسەر پەیدا دەبوو و دەیبردم بۆ چاكترین چێشتخانەكانی بەرلین و كاتێكیش پارەكەی دەدا باقی پارەكەی دەخستە ناو دەستم، ئیدی هەستم دەكرد لە دوای كۆچی دوایی باوكم خواوەند باوكێكی دیكەی پێبەخشیوم، گەلێ شتی بەسوود لەم باوكە فێربووم، هەر ئەویش بە دونیای بەهەشتی بەشیر موشیر قاڵی كردم و وای لێكردم منیش ببم بە بەشیریست، مامۆستا كۆچی دوایی كرد زیانێكی گەورەی لە خەرمانی كوردەواری كەوت، بەڵام زیانێكی گەورەتری بە من بەخشی، هەستدەكەم دووجار باوكم مردووە و دووجار هەتیو بووم، ئێدی من ناتوانم بە هیچ جۆرێك بڕۆمەوە بۆ بەرلین لە زۆربەی جادەكانی بەرلین دەیان یادگاریم هەیە لەگەڵ مامۆستا، من كەسم نەبوو لە بەرلین نە خزم نە هاوڕێ، نەبەزی نەمر هەم باوك و هەم هاوڕێم بوو.
لە تیف شاهۆیی گوتی: چل ڕۆژ لەمەوبەر زانا و نووسەر و زمانەوانی بیرمەندی گەورەی كورد د.جەمال نەبەز دڵی گەورەی لە لێدان وەستا، بەرامبەر ئەم خامە بەهێزە ئەو بیرە پاكە ئەو بەرهەمە زۆرەی ناكرێت بڵێن د. نەبەز لە 1/2/1933 دالە سلێمانی هاتووەتە دونیا و لە 8/12/2018 لە بەرلین چووتە بەر دلۆڤانی خودا، بێ ئەوەی ئاماژە بۆ بەرهەمی بیری دەوڵەمەندی و هەڵوێستی مرۆڤانەی و ڕۆڵی لە بزاڤی رزگاریخوازی نەتەوەییدا نەكەین، هەموو هەواداران و هەتا نەیارانی دانیان بە ڕۆڵی گرنگی د. نەبەز ناوە لە ناساندنی دۆزی ڕەوای كورد لە نێو وڵات و لە دەرەوەی وڵامتدا. د.نەبەز هەمیشە هەوڵی دەدا یەكگرتوویی كورد زۆر جار كارێك بكات كە شەڕ و ئاژاوە بوەستێنێت و فەقیر و هەژاری كورد لەوە زیاتر نەچن، هەر بەم بۆنەیەوە لە كۆتایی نەوەت و سێوە پەیوەندی بە جەلال تاڵەبانی و سەرۆك مەسعود بارزانییەوە كرد داوای ئەوەی لێیان كرد شەڕ بوەستێندرێت و لەم بارەیەوە چەند بەیانێكی بۆ ڕای گشتی نووسی. د.نەبەز دۆستایەتێكی بەهێزی لەگەل بنەماڵەی ئێمەدا هەبوو، بەتایبەتی لەو ماوەی كە لە شاری كەركووك مامۆستای هەردوو براكەم مامۆستا كەمال و خوالێخۆشبوو د.جەمال برام بوو، د.جەمال نەبەز بێباكانە و مەردانە بیری كوردایەتی و كوردستانخوازیی لە نێو قوتابیاندا بڵاوكردووەتەوە.
لە كۆتایشدا د. جەواد مەلا سەرۆكی كۆنگرەی نیشتمانیی كوردستان و كەسایەتی ناسراوی كورد لەبارەی ڕەوانشاد گوتی: پێش ئەوەی ڕوو بكەمە ئەورووپا، هاوڕێ و هاوخەباتی كوردایەتیم، ئوسمان سەبری، ئاگاری كردم كە جەمال نەبەز كوردێكی زۆر نەتەوەییە، ئەم ئاماۆژگارییە وای لێكردم كە ئەو بەڕێزەم خوشبوێ بەر لەوەی بیبینم، پاش گەیشتنم بە مامۆستا جەمال نەبەز لە قسەكانیدا بۆم دەركەوت كە پێیوایە چارەسەركردنی دۆزی گەلی كورد لە ڕێگای سەربەخۆیی كوردستانەوە دەبێت، پێی وابوو دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی تاكە ئامڕازە بۆ بەدەستهێنانی ئاسایش و دادپەروەری بۆ گەلی كورد، ئەو قسانەی ناوبراو ئەوەبوون كە من بۆی دەگەڕام، پاشان دیدارەكانمان دووبارە بوونەوە و گوتم لە بۆچوونەكانی دەگرت و چێژەم لێ وەردەگرتن و خوازیاربووم بۆ ئەو ئامانجانە خەبات بكەم. دكتۆر جەمال نەبەز ژمارەیەك زمانی زۆر بە باشی دەزانی وەكو ئەڵمانی و ئینگلیزی و فارسی و سینسكریتی و چەندین زمانی دیكەش. سەبارەت بە زمانی كوردیش، زۆر بە باشی هەمو شێوەزارەكانی دەزانی.









