سەربەست مەنمی
كەناڵەكانی دیپلۆماسیی یەكێكە لە ڕەگەزەكانی هێزیی نەرم و لەسەر ئاستی جیهان و بەتایبەت لە دەوڵەتانی پێشكەوتوو گرنگی و بایەخی زۆری پێدەدرێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگیەكی زۆر دەدات بە كرانەوەی كۆمەڵگایی كوردستان و دروستكردن و چێكردنی ڕایەڵەكانی پەیوەندیی دیپلۆماسی، ڕوانگە و دیدیی نێچیرڤان بارزانی لەسەر كایەیی دیپلۆماسی كوردستان گەش و پڕشنگدارە. پێگەی بە هێزیی هەولێر لە ترافیكی دیپلۆماسی ناوچەكە گەواهی هەوڵەكانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە، سەركەوتنە دیپلۆماسیەكانی هەرێمی كوردستان بەردەوام لە هەڵكشاندایە، هەنووكە زیاتر لە (40) كونسوڵخانەو نوێنەرایەتی دەوڵەتان لەسەرتاسەری جیهانەوە لە هەولێری پایتەخت بارگەیانخستوە، هاوكات بارەگای دەیان ڕێكخراوی نێودەوڵەتی لە كوردستانن، بە ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و ژمارەیەكی بەرچاو لە كۆمپانیا فرەڕەگەزەكانیشەوە، ئەمە بەلەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە هەرێمی كوردستان ژمارەیەك نوێنەرایەتی لە دەوڵەتانی ناوچەكەو دەوڵەتانی زلهێزكردۆتەوە، بەشێوەیەكی گشتی كرانەوەی هەرێمی كوردستان بە ڕووی جیهاندا پەیامێكی قبوڵكراوە و چاوەڕواندەكرێت لە ئاستی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەكاندا هەرێمی كوردستان پێگەیەكی بەهێزتری هەبێت. سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان سەرەتایی ساڵی 2019 هەرێمی كوردستان و بواژاندنەوەی ئابوری و هەڵكشانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەكان، دوو ڕوانگە و ڕەهەندی گرنگ سیمای ساڵی نوێی هەرێمی كوردستانە: یەكەم: بوژانەوەی ئابوری و باشتربوونی بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان و ژیانی خەڵك و سەرپێخستنەوەی پرۆژە خزمەتگوزارییەكان. دووەم: هەڵكشانی پەیوەندییە سیاسیی و دیپلۆماسییەكانی هەرێمی كوردستان كە بە سەردانی مایك پۆمپیۆ وەزیری دەروەی ئەمریكا دەستی پێكرد، وا بڕیار ئەم هەفتەیە وەزیرانی دەرەوەی فەرەنسا و ئێران سەردانی هەولێر بكەن بۆ گفتوگۆی ڕووداوەكان و تاوتوێكردنی پێشهاتەكان، وا چاوەڕوان دەكرێت ساڵی 2019 ساڵێكی پڕ لە جموجۆڵی دیپلۆماسیبیت بۆ هەرێمی كوردستان. مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە سەردانەكەیدا بۆ هەولێر گرنگی و بایەخی ویلایەتەیەكگرتوەكانی ئەمریكای دووپاتكردەوە بۆ پێگەی هەرێمی كوردستان، بەناوی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكاوە پیرۆزبای لە نێچیرڤان بارزانی كرد بۆ كاندیدكردنی بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پۆمپیۆ دووپاتی پەیوەندیی دوولایەن و پەرپێدانی پەیوەندییەكانی كردەوە، پێگە و ڕۆڵی هەرێمی كوردستانی بەرزنرخاند لە ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و تیرۆرستانی (داعش)دا. ساڵی2019 و تیرۆر دابەزینی ئاستەكانی تیرۆر بە درێژایی ساڵی 2018، لە خاڵە رۆشنە دەگمەكانی ئەو ساڵەدا بوو. ئەو راگەیاندراوانەی زانكۆی ماریلاند بڵاوی كردوونەتەوە دەریخستووە، ژمارەی هێرشەكانی تیرۆریستیی ساڵانە و لە ساڵی 2015ـەوە روو لە دابەزینە، بەڵام لەوانەیە ئەوەیان لەسەر ساڵی2019 پیادە نەبێت. شارەزایان وای دەبینن، هۆكاری پاشەكشەكردنی هێرشەكانی تیرۆریستیی لە ئەوروپا بە شێوەیەكی تایبەت، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، داعش شوێن پێی لە كیشوەرەكە لەدەست داوە. براین لیڤین، سەرۆكی ناوەندی توێژینەوەی رق لێبوونەوە و توندڕەوەی لە زانكۆی ویلایەتی كالیفۆڕنیا دەڵێت، داعش لە سووریا و عێراق زەبری كوشندەی بەركەوت و تووشی زیانێكی زۆر بوو، بەشێكی زۆری گۆڕەپانی خۆیشی لەدەست داوە، رێكخراوی ناوبراویش بەئەستەم دەتوانێت خەڵكی بۆ خۆی راكێشێت و مەشقیان پێ بكات، بۆیە توانای ئەنجامدانی هێرشی گەورەی نەماوە. بەڵام بزاوی توندڕەوی دیكە لەناو نەچووینە و دووریشە لەوەی لەناو بچن. توێژەران دەڵێن، توندڕەوان ئەوان خاوەن مێشكی هاوشێوەن، ئێستا بە زۆری لەسەر ئینتەرنێت یەك دەگرنەوە، پەیوەندی لەنێوان خۆیاندا دروست دەكەن و كێشەی بچووك لەخۆ دەگرن، لەجیاتی ئەوەی لە گرووپی گەورە كار بكەن. ئەوانەش لەمیانی رۆیشتن لەسەر رێچكەی توندڕەوی، هانی یەكتری دەدەن، ئەو توندڕەوانەش بە زۆری كێشەی تاكەكەسی و خۆماڵی هانیان دەدات، وەكو كێشەی دەرچوونی بەریتانیا لە یەكێتی ئەوروپا (برێكست)، یان بزاوی مانگرتووان لە هاوسەرگیریی، بۆیە كەمتر گوێ بە كێشە گەورەكان دەدەن، كە جیهانیان تەنیووە، وەكو جەنگەكانی ئایینی. لە ساڵی 2019دا، لەوانەیە ئەو كێشە بچووكانە، كە توندڕەوەكان پێوەی سەرقاڵن، لەوانەیە هێرشەكان، لە هاوشێوەی ئەوەی لە ئەمریكا بینیمان، وەكو كوژرانی دوو بازاڕكەری رەشپێست لە تشرینی یەكەمی رابردوو، لە ماركێتی كرۆگەر لە ویلایەتی كنتاكی، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی زیاتر ببن. واتە كاری توندوتیژی دەبێت، بەڵام تاك و بكەرانی خۆماڵی ئەنجامی دەدەن. ئەو رێبازە نا ناوەندییەش لە تیرۆر، لە پێشبینی كردن و روودانی، دەبێتە هەڤركییەكی تایبەت بۆ دەسەڵاتداران. نیل جۆنسۆن، مامۆستا لە زانكۆی جۆرج واشنتۆن، كە بەدواداچوون بۆ رەفتاری توندڕەوان لەسەر تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی دەكات، پێشبینی ناكات، هێرشی زۆر بە ناوی داعشەوە بكرێت، دەشڵێت، بەڵام بەلامەوە سەیر نابێت، ئەگەر ژمارەی هێرشەكان زیاتر ببێت، ئەوانەی تاكەكان ئەنجامی دەدەن، ئەوانەی بێ پیشبینی كردنیان روو دەدەن، وەكو ئەوەی لە هیچەوە پەیدابووبن.
و: رەمزی میرەكانی









