خەبات – بڕیار كۆیی
چەند رۆژێكە لە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئینتەرنێتدا ڕوونكردنەوە و زانیارییەك بەناوی وەزارەتی تەندروستییەوە بڵاوبووەتەوە كە بووەتە هۆی ترس و دڵەڕاوكێ لای بەشێك لە هاووڵاتیان بەتایبەتی ئەوانەی كە نێرگەلە دەكێشن یاخود سەردانی كافتریاكان دەكەن، دەنگۆكەش سەبارەت بە ئەوەیە گوایە بەهۆی نێرگەلەكێشان لە كافتریاكان نەخۆشییەكی كوشندە و مەترسیدار لە چەند وڵاتێك بڵاوبووەتەوە و هەرێمی كوردستانیش ئەو مەترسییەی لەسەرە، بەڵام گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئەو دەنگۆیە ڕەتدەكاتەوە. بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆ و زانیارییە لەنێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی ئینتەرنێت باس و خواسی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە و لێكدانەوەی جیاوازی لەلایەن هاووڵاتیانەوە بۆ دەكرێت، بەلێم سەبارەت بە ڕاستی و درووستی دەنگۆ و زانیارییەكە كە بەناوی وەزارەتی تەندروستییەوە بڵابووەتەوە، د. خاڵس قادر گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نووسینێكی سەبارەت بە ناڕاستیی ئەو دەنگۆیەوە بڵاوكردووەتەوە و نووسیویەتی”لەتۆڕە كۆمەلێیەتیەكان هەواڵێكی ناڕاست بەناوی وەزارەتی تەندروستی بڵاوكراوەتەوە دەربارەی نەخۆشیەكی كوشندەی نەناسراو ( گوایە) لەڕێی كێشانی نەرگیلە لە كافێكان ڕوودەدات”. گوتەبیژی وەزارەتی تەندروستی ڕاشیگەیاندووە: “لەگەڵ ئەوەی ئێمە هەمیشە داوا دەكەین هەمووان دووربن لە كێشانی جگەرە و نەرگیلە چونكە هۆكاری سەرەكی نەخۆشیەكانی شێرپەنجە و جەڵتەكانی دڵ و مێشك و بڕینەوەی قاچەكان ونەزۆكی و مردنی پێشوەختە بەڵام ئەو هەواڵەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان دوورە لە ڕاستی و هۆشداری وا لە وەزارەتی تەندروستی نەدراوە و جۆرە نەخۆشیەكی لەو شێوەیەش نییە”. لەدوایین ئەو توێژینەوانەی كە سەبارەت بە زیانەكانی نێرگەلە بۆ ئەو كەسەی كە دەیكێشێت یان دوكەڵەكەی بۆ دەچێت توێژەران لە زانكۆی لۆس ئەنجێلسی ئەمەریكا، لە توێژینەوەیەكی نوێدا گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی، كە كێشانی نێرگەلە مەترسیەكی زیاتر لە جگەرەی ئاسایی لەسەر دڵ و كۆئەندامی دەمار درووست دەكات. توێژینەوەكە بەراوردكارییە و لە گۆڤارێكی ئەمەریكی تایبەت بە دڵ بە ناوی “American Journal of Cardiology” بلێوكراوەتەوە، كە تێیدا باس لەوە دەكات، كێشانی یەك نێرگەلە، لێدانی دڵ لە خوولەكێكدا، 16ی جار خێراتر دەكات و گوشاری خوێنیش بەرزدەكاتەوە و زێدەڕۆییكردن و ئالوودەبوون بە كێشانی نێرگەلەش، دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی دەمارەكان و خوێنبەر و خوێنهێنەر، لەگەڵ تووشبوون لە نەخۆشییەكانی دڵ. پسپۆڕان لە توێژینەوە نوێیەكەدا، 48 خۆشبەخشیان وەك نموونە وەرگرتووە، كە تەمەنیان لەنێوان 18 بۆ 34 ساڵیدا بوو، هەر یەكێكیشیان بۆ توێژینەوەكە ماوەی نیو كاتژمێر نێرگەلەیان كێشاوە ، توێژەران بەر لە كێشانی نێرگەلە و دوای كێشانی، سەرنجی ترپە و لێدانی دڵی ئەو كەسانەیان داوە، لەگەڵ ئاستی نیكۆتین لە ناو خوێندا. ئەو توێژەرانە گەیشتنە ئەو ئەنجامەی كێشانەی نێرگەلە بە شێوەیەكی بەردەوام، زیانەكانی زۆر لە جگەرەی ئاسایی زیاترە، وەك ئەو توێژەرانە ئاماژەیان بۆ كردووە، ئەو قسەی باوەی پێشتر دەگوترا كە كێشانی نێرگەلە تەندرووستترە لە جگەرە، بە هیچ شێوەیەك راست نییە ، شارەزایان پێیانوایە، ئەو تووتنەی بۆ نێرگەلە بەكاردەهێنرێت، هەندێك مەوادی كیمیایی درووستكراوی تێدا بەكاردێت و زیانەكانی بۆ جەستەی مرۆڤ زۆر زیاترە، بەكارهێنانی ئەو ماددە كیمیاییانەش زۆر لەمێژە لە درووستكردنی تووتنی جگەرەدا قەدەغە كراوە. ژمارەیەكی زۆر لە توێژەران گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی كە كێشانی تەنها یەك نێرگەلە وەك ئەوە وایە ئەو كەسە 150 جگەرەی كێشابێت ،ئەو ژوورانەی نێرگەڵەی تیادا دەكێشرێت ئەوە بڕێكی زۆر لە گازی دوانە ئۆكسیدی كاربۆنیان تیادا كۆدەبێتەوە لەگەڵ كاربۆنی ڕەش و ئەو وردیلانەی كە زیان بە سییەكان دەگەیەنن و دەچنە ناو خوێنەوە.
سهرهتا بهدواداچوون وەزارەتی تەندروستی دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكی كوشندە رەتدەكاتەوە









