كچە ئەستێرەی ئەرژەنتینی هەڵبژاردەی ئافرەتان ئیستڤانیا بانینی ئەو نازناوی رەتكردەوە كە لەلایەن میدیا ناوخۆییەكانەوە درابووە پاڵی، ئەویش نازناوی مێسی ئافرەتان بوو. كە خاوەنی توانایەكی هونەری زۆر بەرزە لەناو یاریگاو درێسی ژمارە 10 لەگەڵ هەڵبژاردەی تانگۆ دەپۆشێت، هەروەها لەپیشەگەریشدا لەگەڵ یانەی لیڤانتی ئیسپانیا ئاستێكی بەرزی نیشانداوەو میدیاكان بە لیۆنێل مێسی ئەرژەنتینی دەچوێنن. ئەم لێچواندنەش بانینی زۆر نیگەران كردووە، كە لە رۆژنامەی ماركای ئیسپانی دووپاتیكردەوە و دەڵێت: سەرەتا لاریم نییە بە مێسیم بەراورد بكەن، شتێكی زۆر نایابە بەباشترین یاریزانی جیهانت بچوێنن، بەڵام دوای ئەوەی ناوی منتان زانی ئێستا كاتی وەستانە. سەركردەی هەڵبژاردەی ئەرژەنتینی تەمەن 28 ساڵ دەڵێت: با لە بەراوردەكان بووەستن، كارەكان تەنها پەیوەندیان بەمنەوە نییە، بەڵكو بەهەموو كچە یاریزانان، ئێمە ململانێ لەسەر ئەوە دەكەن تۆپی پێی ئافرەتان بەخەڵكی بناسێنین، بۆ ئەوەی ببێتە خاوەن ناوبانگ و هاندەری زیاتر. بانینی لەگەڵ هاوڕێكانیدا یارمەتی هەڵبژاردەی ئەرژەنتینیان دا بۆ ئەوەی بگەڕێتەوە مۆندیالی 2019ی فەرەنسا، دوای دابڕانی 12 ساڵ، كە شان بەشانی هەڵبژاردەكانی ژاپۆن و ئینگلتەراو ئوسكوتلەندا لەگرووپی چوارەم دایە.









