فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا❊
ناونیشانی بابەتەكەم تێكەڵاویەكە لە نێوان هەردوو زمانی كوردی و عەرەبی، هەرچەندە دەتوانم وشەكان بۆ كوردی بگۆڕم، بەڵام پێموایە رەنگە ماناكەی بگۆڕدرێ یان لاواز بێت لەبەر ئەوەی تێكەڵاویەكی دیرۆكی لە نێوان هەردوو زمانی عەرەبی و كوردی هەیە، بە هۆی كاریگەری ئایینی ئیسلام و قورئانی پیرۆزە و هەروەها هاوسنووری كورد و عەرەب لەگەڵ یەكتر و (بە هۆی هزری رەگەزپەرستی عەرەب) ئەو سەد ساڵەی رابردوو لەو بەشانەی كوردستانی باشوور و رۆژئاوا وەك تعریبكردنی خاك و زمان و كولتوور و هەموو لایەنەكانی تر.
بە هەرحاڵ ئەم سیاسەتی تەعریبەی لە عێراق و سووریا هەیە و مێژووی خۆی هەیە، بە هەمان شێوە لە توركیاش سیاسەتی تەتریك هەیە، لە ئێرانیش بە فارسبوون هەیە، بۆ زیاتر شیكردنەوەی بابەتەكەشم دەمەوێت یادەوەریەك باس بكەم، لە ساڵانی 1977 بە دواوە كە قوتابی بووم، لە قۆناغی ناوەندی و ئامادەیی، ناوە بە ناوە بابەتی خوێندن لە قوتابخانەكان دەگۆڕدرا بە تایبەت پاش نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول بۆ ئێمەی قوتابیانی كورد لەبەر ئەوەی عەرەبیمان باش نەبوو، ماموستا بەرێزەكانمان ناچار دەبوون كوردی و عەرەبییان تێكەڵ بكەن، تا لە بابەتەكان تێبگەین، لە یادمە جارێكیان مامۆستای جوگرافیا لە قوتابخانەی ناوەندی برایەتی باسی بابەتی كشتوكاڵ و بە خێوكردنی مەڕ و ماڵاتی دەكرد و دەیگوت نابێ بزن لەناو كێڵگەی كشتوكاڵی بەخێو بكرێت، چونكە گیاوگۆل لە بنەوە دەردێنێ و بۆیە بزن دەبێ لە ناوچەی شاخاوی بە خێو بكرێت، جا پرسیاری دەكرد بە عەرەبی دەیگوت (منو یعرف اهم صیفات بزن) هەمووی بە عەرەبی بوو، تەنها شوێنی (ماعز)ەكەی بە عەرەبی نەدەگوت، بە كوردی گوتی (بزن) تا تێبگەین قوتابییەكیش لە مەبەستی مامۆستا تێنەگەیشت تا بڵێت گیاوگۆل لە بنەوە دەردێنێ گوتی: مامۆستا ماموستا (كاوێژ)دەكات مامۆستاكە گوتی (ابنی ئەدری ئەدری وەنەبی نەدری لاكین ارید غیر صفات) بە هەرحاڵ جارێكی تریش بابەتێكی مێژووی لە عەرەبی تەرجەمە كرابوو بۆ كوردی لەسەر هۆلاكۆ جا ئەو بەشەی كە مەبەست بوو تێیدا بگوترێ كان هولاكو خگر عن اقصاد منگقە و حیاە الانسان) دیارە لە تەرجەمە نوسرابوو، هۆلاكو (بڤەبوو) بۆ ناوچەكە و خەڵكی دەكوشت، جا خوای لێخۆشبێت مامۆستا مەجید سێگترگانی گووتی دەبوایە لەبەر ئەوەی خگر تەرجوومە كراوە بە بڤە مەسەلەی كوشتن و ئابوورییەكەش نووسرابا (پەپەی دەخوارد لە جیاتی ئابورییەكەی وە عالەمیشی عەتە دەكرد لە جیاتی كوشتنەكەی) وەك قسەكردن بۆ منداڵان بە هەرحاڵ ئەم پێشەكییە دوورودرێژە بۆ زیاتر تێگەیشتنبوو.
بۆ ئەوەم بوو بڵێم ناونیشانەكە بە رەئی من وا باشترە تەرجەمەی حەرفی نەكرێ و وەك خۆی بمێنێتەوە، چونكە هەندێجار تەرجەمە مانا دەگۆڕێ كە ئەویش (عوقدەی سەقافی سیمای سەردەمە)، زۆر بە داخەوە ئەوەی دەبینرێت لە كاتی ئێستامان بڕوا و متمانە بە خۆ زۆربوون لاواز بووە، لە هەموو سێكتەرەكان بۆ نموونە كاتی باسی سیستەمی بەڕێوەبردن دەكەن، دەڵێن خەبیرێكی ئەورووپی یان ئینگلیزمان هێناوە، كە باسی پەروەردە دەكەن بەداخەوە دەگوترێت، مەنهەجی سویدیە، یان ئەورووپییە یان قوتابخانەی ئەمەریكی و توركی تا ئەو رادەیەی بۆ رێكخستنی لیستی ئەندامانی حزبی دەگوترێ خەبیرێكی فڵان وڵاتمان هێنا بۆ ئەوەی فێری چوونە ناو خەڵك و یان رێكخستنی لیستەكان و شێوازی هەڵبژاردن و پروپاگەندەی راگەیاندنمان بۆ بكات و داتابیس بكات، بە هەرحاڵ تا كۆتایی لە هەموو لایەك هەر وایە ئێستا خەریكە لە زانكۆش لافی كۆمەڵێك بابەت لەسەر خەڵك لێ بدەن وەك مەرجی زمانی (ئینگلیزی) و تاقیكردنەوەی (ئایتی) كۆمەڵێك بابەتی تر لە لایەكی تر كۆمەڵێك خەڵكی بڕوا لەرزۆك فێربوونە ناوە بە ناوە لە نووسین و راگەیاندنەكان دەڵێن ئێمە میللەتێكین عەشائیرین و خیلەكین دواكەوتووین تا كۆتایی، جارێ پێشوەخت بەوانە دەڵێین جەنابت دواكەوتووی، میللەت دواكەتوو نییە، جەنابت بێ بڕوایـ خوا ئەو لایەن و دەزگا راگەیاندنەش بگرێت كە مەجال دەدەن بە تۆی رووخاو بە ناوی بە ئاگا و رۆشنبیر و بەرپرس قسە دەكەیت كە هیچیانی و تەنها بازرگانی و لەگامی ئەو پەتایە نازانم بڵێم لە سەرەوە بۆ خوارەوە هاتووە، یان لە خوارەوە بۆ سەرەوە بەنج (سڕ) كراوە و بەنج دەكرێت، كە ئەمەش بووە بە هۆی ئەوەی هەندێ كەسی بێ بڕوا و بازرگان دوور لە شەقام و بێ ئاگا لە وڵات سوود وەرگرن لەو پەتای خۆ بەكەم زانینە بە ناونیشان و ناسنامە و بەڵگەنامەی ساختەكاری شێرەسوار و راوێژكاری ساختەكارەكان یان بێ بڕوای بێ ئاگاكان.
بە هەرحاڵ گومان لەوەدا نییە ئەم چۆك لەرزین و بێ بڕواییە، دەستی دوژمنانی لە پشتەوەیە و بە بەرنامەیە و كاری بۆ دەكرێت تا كەسایەتی تاكی كورد لە ناخەوە بڕووخێندرێت و بە داخەوە لە خۆمان بێ ئاگاین! كەواش نییە ئێمە خۆمان خۆمانمان رووخاندووە و دەستێكی ناوخوی تابووری پێنجەم رەنگە لە ناوخۆمان كار بكات بۆ ئەوەی خاوەن عەقڵ و مەبدەئەكان لێ بدەن و بیزار بكەن و دۆڕا و فاشیلەكان بێنە سەرشاشە و تا بڵێن ئەی قسەمان دەرنەچوو، كە ئێمە دواكەوتووین، بەڵام لە واقیع وانییە مەحالە راست بێت، كەچی كاتێك خاوەن عەقڵ هەڵوێست بیروباوەڕ دروستەكان، لێدران بەڵێ بێ بڕوا و لەرزۆكەكان لە شوێنیان دانران، وەك ئەوەیە تەنها كار بكرێ كە كوردستان لەكەدار بكرێت و هیچیتر و ناشبینیت رێگا بدەین ئەم كارە بكرێت و كەوابوو لە واقیعدا دەبێ بزانین هەڵەین و وانییە و ئەوانەی تر بێ مێشكن و بێ بڕوا و بێهەڵوێست كە بەربەستت لەبەردەم دلسۆزان، بۆیە دەبێ شەرم نەكەین و بڵێین هەڵەین و بەڵێ هەڵەین! تا نەشگەین بە بریارێكی دروست هەر هەلە دەكەین وە تا خاتر خاترانی بكەین تا ئیش بۆ خەلك ببینەوە وە خەلك بۆ ئیش نەبینەوە تا نەبین بە موئەسەسات بە مەزاج كار بكەین بە تەئكید رۆژانە هەلە و هەلەی تریش دەكەین بمبورن كە دەلێم (تا نێر بۆ بەلێ و مێینە بۆ جوانی) تەعین بكەین هەر ماڵی خۆمان كاول دەكەین، بەڵێ ئەمانە گرفتن، نەك عەشائیر، نەك خێڵ و خێڵەكی، نەك بنەماڵەیی، گەر ئەوانیش كێشە بن بەو ئەندازەیە نین، كە گرفتە گەورە بكەین، بەڵێ ئەو بۆچوون و هەستكردنە بە خۆكەمزانین بەرامبەر بە دەوراوپشت دەبینرێت، هەندێ كات گەیشتووەتە لوتكە، بەڵێ بە داخەوە گەر سەیر بكەین لە هەندێ شوێن لەسەری هەرەمەكەیە، تا دەگەین بۆ دەرەوەی نێو دامەزراوەیەك هەمووی هەروایە، بە كورتی ئەگەر تەماشا بكەین، بە هۆی تەزكیەی مەزاجی دوور لە دراسەی دەستەیی و پیاو پیاوانێ و دانەنانی پیاوی شایستە لە شوێنی شایستە و بڕوای سەر و كەوا دەزانێ بە تەدەخولاتی راستەوخۆ و بوونی مەركەزیەت عیلاجی دەكات، كەچی بەداخەوە زۆرجار خراپتری دەكات، تەنها گۆرانی عەبەیە بە حەمە و هیچی تر، چونكە چاوساغەكان بۆ بەرژەوەندی خۆیان راستییەكان دەشێوێنن و وەك كۆمپانیایەك لە سنووری چالاكی و بەرژەوەندی خۆیان دەرناچن، ئەوەی بەرژوەندی گشتییە نە بیری لێ دەكەنەوە و نە بەلایدا دەچن، جا ئەو یارییە نا رێك و ناتەندروستە بەرە بەرە قەناعەتێك دروست دەكات لە سەری هەرەمەكە، هەردەم هەموو كەسێكی بێگانە بە رواڵەت جوان و بە ناوەڕۆك بەتاڵ بە گرنگ و بەرز و بە توانا سەیر بكەن و كاری لەگەڵ بكەن، بەڵێ ئەمە واقیعێكە و دەبینرێت، گرێیەكی دەروونییە، وەك گرێكوێرە لای خاوەن بڕیار دروستبووە، چونكە بەربەستێك دروستكراوە راستییەكان شێوێندراون، بۆیە دەبینرێت كە سەیری كەسانی بێگانە دەكەن لە ئاستێكی بەرز و لە ئاسۆیەكی روناك دەیان بینن، بەڵام چاویان دەیان كەسایەتی رۆشنبیر و بە توانا نابینی، لەبەر دەرگای ماڵی خۆی كە هەن و كەوتوون، چونكە قەناعەتێك دروستبووە هەموو بێگانەیەك لە كەسانی ماڵباتەكەی خۆی باشترە و بە تواناترە، بە كوردی و بە كورتی رۆشنبیرترن، بۆیە دەبن بە ئەسیری فاشیل و ئەكتەرە كۆمیدی و تراجیدی بێ بڕواكان دەرەكی و ناوخو جا ئەو كاتەی مرۆڤ فاشیلەكانی ناخۆ لە بیروبۆچوونەكانی تری ئایدۆلوجیاكەی خۆی دەبینێت و دەچێتە سەرووی دیوەخان وەك گەردەلوول لە بیابانی وشكەوە بەرز دەكرێتەوە، بۆ ناو دیوەخان، مرۆڤ ناحەق نییە نا ئومێد بێت كە كەسەكە باش بناسی و بزانیت لەو كەسانەبە كە هەردەم بێ بڕوا و لەرزۆك بەرژەوەندی خوازبوونە، یان دژی رێبازەكەت بوونە، ئێستا نەخشەی كار و ژیانت لە دەستیان بێت، بۆیە دەبێت بڕوامان بە خۆمان بێت، وەك كورد گووتەنی: كچی خۆمان بە كوڕی خەڵك نەدەین. لە شوێنێكی تر كورد گوتوویەتی: ئەوەی نەبێت لە دامێنی شرم نابێت بە كوڕم.
پەند زۆرن، نازانم كامیان بڵێم، با هێندە بەس بێت و عەرەبیش دەڵێت: فاقدشی لا یعگی. كەواتە ئەوەی شتێكی بزركردووە، یان نیەتی ناتوانی بیدات بە كەس، جا گەر وا بڕوات دڵی میللەت لە دەست دەدەین، گەر بگەڕێینەوە سەر فەرموودەكەی بارزانیی نەمریش كە دەفەرمووێ: گەر دڵی میللەت لەگەڵمان بێت، دوژمن هەزار هێندە بە قوەت بێت، پێمان ناوێرێت.
بەڵێ با لە ناوخۆمان كار بكەین، بای دوو دەوڵەت پیاو دروست بكەین، چونكە هەمانە، كورد خوێندەوارە، زانایە، رۆشنبیرە و خاوەن دیرۆكە و ئەفسانەیە، داخەكەم بۆ ئەوە پەتایەی كە خۆشكێن و بێ بڕوایە بە خۆی، هەروەك لە ریفراندۆمیش بینیمان، وەك رێوی و سەگی هار، دوژمنیان هێنایە سەر مال، بێگانەیان كردە حاكمی شار، بەڵێ ئەمە بێ بڕواییە، لەرزۆكییە، پەتایەكە و دەبێ كاری بۆ بكرێت، تا بگەڕێتەوە سەر بیروباوەڕ و بڕوا بەخۆبوون، هەتا هەتایە و بە یەكجارەكی بڵێین نەخێر وانییە و ئێمەش هەین، قەوانی دوژمنان بۆ خۆمان و بۆ دڵخۆشی نەیاران لێ نەدەین.
❊ ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای هەولێری (پ.د.ك)









