گفتوگۆی-عەلی‮ ‬بانیشاری‮-‬هەولێر
شارەزایەكی‮ ‬كاروباری‮ ‬ئەمەریكا دەڵێ‮: ‬ترەمپ دوو مەرجی‮ ‬داناوە بۆ توركیا بۆ ئەوەی‮ ‬لە كاتی‮ ‬كشانەوەی‮ ‬ئەمەریكا لە سووریا جێبەجێیان بكات،‮ ‬كە ئەویش پاراستنی‮ ‬كورد و بەردەوامبوونی‮ ‬جەنگە دژ بە داعش‮. ‬كارۆخ خۆشناو لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ‮ (‬خەبات‮) ‬دەشڵێت‮: ‬چاوەڕوان دەكرێت لە داهاتوودا پەیوەندییەكانی‮ ‬ئەمەریكا و توركیا‮ ‬ڕوو لە ئاڵۆزی‮ ‬زیاتر بكات‮. ‬ناوبراو لەم گفتوگۆیەدا لەسەر چەند پرسێك دەدوێت لەوانەش‮: ‬بڕیاری‮ ‬كشانەوەی‮ ‬ئەمەریكا لە سووریا و پاشەگەزبوونەوەی‮ ‬ناڕاستەوخۆی‮ ‬ترەمپ لە بڕیارەكە،‮ ‬جێگیركردنی‮ ‬سەربازانی‮ ‬ئەمەریكا لە سەربازگەی‮ ‬كەیوان،‮ ‬پەیوەندییەكانی‮ ‬نێوان توركیا و ئەمەریكا و ئەگەری‮ ‬پچڕانی‮ ‬یەكجاری‮ ‬پەیوەندی‮ ‬نێوان ئەو دوو وڵاتە لە داهاتوودا،‮ ‬هەروەها پەیوەندییەكانی‮ ‬نێوان هەولێر و ئەمەریكا و سەردانەكانی‮ ‬كاربەدەستانی‮ ‬ئەو وڵاتە بۆ هەرێمی‮ ‬كوردستان‮.‬
خەبات‮: ‬سەرۆكی‮ ‬ئەمەریكا بڕیاری‮ ‬كشانەوەی‮ ‬هێزەكانی‮ ‬وڵاتەكەی‮ ‬لە سووریادا،‮ ‬دەبینین هێشتا هێزەكانی‮ ‬ئەمەریكا نەكشاونەتەوە وەكو سەرچاوەكانی‮ ‬هەواڵ باسی‮ ‬دەكەن ئەمەریكا چەكی‮ ‬دیكەشی‮ ‬رەوانەی‮ ‬ئەو وڵاتە كردووە،‮ ‬بۆچوونێكیش هەیە كە دۆناڵد ترەمپ لەو بڕیارەی‮ ‬پێشووی‮ ‬پاشەگەزبووبێتەوە،‮ ‬بەڕێزتان چۆن لەم پرسە دەگەن؟
كارۆخ خۆشناو‮: ‬عەقیدەی‮ ‬سیاسی‮ ‬و دۆكترینی‮ ‬ترەمپ وەك بازرگانێك لە سێكتەری‮ ‬ئابوورییەوە سەرچاوەی‮ ‬گرتووە،‮ ‬واتە هەمیشە بەرژەوەندی‮ ‬ئابووری‮ ‬سەنتەر و چەقی‮ ‬سیاسەتكردنی‮ ‬ترەمپە،‮ ‬بەڵام هەنگاوەكانی‮ ‬ترەمپ‮ (‬Unpredictable‮)‬ واتە پێشبینی‮ ‬نەكراون،‮ ‬ترەمپ لە هەڵمەتی‮ ‬هەڵبژاردن بەڵێنیدا كە ئەگەر وەك سەرۆكی‮ ‬ئەمەریكا هەڵبژێردرا،‮ ‬ئەوا هێزەكانی‮ ‬لە هەندێك شوێن دەكشێنێتەوە و كێشەكان بۆ خەڵكی‮ ‬ئەم وڵاتانە جێدەهێڵێت،‮ ‬لە دوو ساڵی‮ ‬سەرۆكایەتیدا ترەمپ سێ جاری‮ ‬تر باسی‮ ‬كشانەوەی‮ ‬هێزەكانی‮ ‬ئەمەریكای‮ ‬لە سووریا كردووەوە،‮ ‬بەڵام دووجار لە ژێر كاریگەری‮ ‬جەنەڕاڵەكانی‮ ‬وەزارەتی‮ ‬بەرگری‮ ‬ئەمەریكا پەشیمانكراوەتەوە،‮ ‬هەروەها جارێكیش سعوودییە و ئیمارات بەشێك لە تێچووی‮ ‬هێزەكانی‮ ‬ئەمەریكایان لە ئەستۆ گرتووە،‮ ‬پێموایە ئەمجارەش ترەمپ بۆ چنینەوەی‮ ‬مەرام و دەستكەوتی‮ ‬ئابووری‮ ‬باسی‮ ‬پاشەكشە دەكات،‮ ‬چونكە ئاشكرایە ترەمپ پێیەكانی‮ ‬بەمیل داكوتاوە لە سووریا‮. ‬ئەمەریكا لەسەر ئاستی‮ ‬جیهان نزیكەی‮ ‬865 بنكەی‮ ‬سەربازی‮ ‬هەیە و چوبێتە هەر وڵاتێك چۆڵی‮ ‬نەكردووە،‮ ‬ئەگەر لە رووی‮ ‬سەربازیشەوە كۆتایی‮ ‬بە كارەكانی‮ ‬هێنابێت لە رێگای‮ ‬كەناڵی‮ ‬ترەوە چووەتەوە ئەو وڵاتە‮. ‬
خەبات‮: ‬واتە ئەمەریكا لە سووریا بەم نزیكانە ناكێشتەوە؟
كارۆخ خۆشناو‮: ‬ئێستا كە ترەمپ باسی‮ ‬پاشكەشە دەكات لە سووریا،‮ ‬بەڵام لە‮ ‬ڕێگای‮ ‬ماڵپەرەكانی‮ ‬هەلی‮ ‬كارەوە لە پێنتاگۆن بەدوای‮ ‬دەیان وەرگێری‮ ‬كرمانجیدا دەگەرێت بۆ سووریا،‮ ‬تەنها لەناو سووریا‮ ‬12 بنكەی‮ ‬سەربازی‮ ‬ئەمەریكی‮ ‬بە هەموو پشتیوانییەكی‮ ‬زانیاری‮ ‬و سەربازی‮ ‬بە ئاشكراو و نهێنی‮ ‬بوونیان هەیە،‮ ‬بۆیە پێموایە ترەمپ وا زوو گۆڕەپانی‮ ‬سووریا چۆڵ ناكات بۆ نەیارەكانی‮ ‬كە ئەوانیش‮ (‬رووسیا،‮ ‬ئێران،‮ ‬بەشار ئەسەد)ن،‮ ‬بەڵكوو بۆ ماوەیەكی‮ ‬درێژ دەمێنیتەوە‮.‬
خەبات‮: ‬زۆرینەی‮ ‬بۆچوونەكان لەسەر ئەوە كۆكن ئەگەر ئەمەریكا بە تەواوی‮ ‬لە سووریا بكشێتەوە رۆڵ و پێگەی‮ ‬ئێران لەو وڵاتەدا زیاتر دەبێت،‮ ‬ئامانجی‮ ‬سەرەكی‮ ‬ئەمەریكا لە كشانەوەكە چییە؟ لە كاتێكدا ئێران لە ناوچەكەدا بەهێزتر ببێت بۆ ئەمەریكا ئەم كارە دەكات؟ ئەو بۆچوونەش هەیە ترەمپ نایەوێت پارەی‮ ‬زیاتر لە سووریا سەرف بكات بۆیە سەربازەكانی‮ ‬دەكشێنێتەوە ئەمەش دروستە؟
كارۆخ خۆشناو‮: ‬لە ئێستادا ئەمەریكا سێ ئامانجی‮ ‬سەرەكی‮ ‬لەم ناوچەیەدا هەیە،‮ ‬یەكەمیان‮: ‬پاراستی‮ ‬ئاسایشی‮ ‬ئیسرائیل‮. ‬دووەم‮: ‬لەناوبردنی‮ ‬یەكجارەكی‮ ‬داعش و لە رەگوڕیشە دەرهێنانیان‮. ‬سێیەم‮: ‬كەمكردنەوەی‮ ‬هەژموونی‮ ‬ئێران‮. ‬ئەو تویتەی‮ ‬ترەمپ لە‮ ‬19ی‮ ‬دیسەمبەردا لە لایەن نەیارەكانی‮ ‬ئەمەریكا پێشوازی‮ ‬لێكرا،‮ ‬بەتایبەت ئێران،‮ ‬بەڵام كاردانەوەی‮ ‬زۆری‮ ‬لێكەوتەوە هەم لەناوخۆی‮ ‬ئیدارەی‮ ‬ترەمپ،‮ ‬هەمیش لە لایەن هاوپەیمانە نێودەوڵەتیەكانی‮ ‬ئەمەریكا وەك ئیسرائیل و بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا،‮ ‬ئەم كاردانەوانەش كاریگەریان لەسەر هەڵوێستی‮ ‬ترەمپ دروست كرد،‮ ‬بۆیە‮ ‬ڕێی‮ ‬تێناچێت بەمزووانە ئەم بڕیارەی‮ ‬ترەمپ بچێتە بواری‮ ‬جێبەجێكردنەوە،‮ ‬چونكە لەم بڕیارەدا ئێران و رووسیا براوە دەبن و كۆنتڕۆڵی‮ ‬سووریا دەكەن،‮ ‬لەم حاڵەتەشدا ئاسایشی‮ ‬ئیسرائیل دەكەوێتە مەترسییەوە لە لایەن ئێران‮. ‬پێموایە ترەمپ بە تویتەكەی‮ ‬مناوەرەیەكی‮ ‬ئابووری‮ ‬دەستپێكردووە،‮ ‬تا وەك ساڵی‮ ‬رابردوو وڵاتانی‮ ‬كەنداو بێنە پێشەوە و تێچووی‮ ‬سەربازی‮ ‬هێزەكانی‮ ‬ئەمەریكا لە ئەستۆ بگرن،‮ ‬چونكە ئەگەر ئێران بە تەواوی‮ ‬لە سووریادا باڵا دەست بێت،‮ ‬ئەوا جگە لە ئاسایشی‮ ‬ئیسرائیل،‮ ‬ئاسایشی‮ ‬وڵاتانی‮ ‬كەنداویش دەكەوێتە مەترسیەوە‮.‬
خەبات‮: ‬شیكەرەوانی‮ ‬سیاسی‮ ‬پێیانوایە پەیوەندییەكانی‮ ‬توركیا و ئەمەریكا لە داهاتوودا زیاتر لێكترازان بەخۆیەوە دەبینێت بەتایبەت لەسەر رۆژئاوای‮ ‬كوردستان،‮ ‬دەگوترێت كۆنەبوونەوەی‮ ‬ئەردۆغان لەگەڵ جۆن بۆڵتن ئاماژەیەكی‮ ‬روونە بۆ ئەم لێكترازانە،‮ ‬ئایا پەیوەندییەكانی‮ ‬نێوان توركیا و ئەمەریكا لە داهاتوودا بە كوێ دەگات؟
كارۆخ خۆشناو‮: ‬ترەمپ دوو مەرجی‮ ‬داناوە بۆ توركیا بۆ ئەوەی‮ ‬لە كاتی‮ ‬كشانەوەی‮ ‬ئەمەریكا لە سووریا جێبەجێیان بكات،‮ ‬ئەو دوو مەرجەش بریتین لە پاراستنی‮ ‬كورد و بەردەوامیدان بە شەڕی‮ ‬داعش،‮ ‬بۆ ئەم مەبەستە جۆن بۆڵتن‮ ‬ڕاوێژكاری‮ ‬ئاسایشی‮ ‬نیشتمانی‮ ‬ئەمەریكا چوو بۆ ئەنقەرە،‮ ‬بەڵام ئەردۆغان ئامادە نەبوو پێشوازی‮ ‬لێ بكات،‮ ‬وەك ناڕەزایەتیەك سەبارەت بە مەرجەكەی‮ ‬ئەمەریكا بۆ پاراستنی‮ ‬كورد،‮ ‬ئەم هەڵوێستەش دووبارە پەیوەندییەكانی‮ ‬ئەمەریكا و توركیای‮ ‬بەرەو ئاڵۆزی‮ ‬بردەوە‮. ‬دوای‮ ‬ناڕەزایەتی‮ ‬توركیا،‮ ‬متمانەكردن بە ئەمەریكا و هەڵوێستی‮ ‬ئەمەریكا لەسەر پاراستنی‮ ‬كورد دەكەوێتە ژێر تاقیكردنەوەیەكی‮ ‬نێودەوڵەتی،‮ ‬ئایا ئەمەریكا تا كۆتایی‮ ‬داكۆكی‮ ‬لەم مەرجەی‮ ‬خۆی‮ ‬دەكات و كورد لە هێرشێكی‮ ‬دڕندانەی‮ ‬چاوەڕوانكراوی‮ ‬ڕژێمی‮ ‬ئەردۆغان دەپارێزێت؟‮ ‬یان گۆڕەپانەكە بۆ‮ ‬ڕژێمی‮ ‬توركیا چۆڵ دەكات؟ لەم هەلومەرجەدا‮ ‬ڕێی‮ ‬تێناچێت ئەمەریكا پشت لە كورد بكات و‮ ‬ڕێگا بە توركیا بدات ئەو هێزە قەتڵ و عام بكات كە لە جیاتی‮ (‬دونیای‮ ‬ئازاد‮) ‬شەڕی‮ ‬داعشی‮ ‬كردووە‮. ‬لە ئێستادا پەیوەندییەكانی‮ ‬توركیا و ئەمەریكا ئاڵۆزە بە تایبەت لەم چەند رۆژەی‮ ‬رابردوودا پێشهاتێكی‮ ‬گەورە لەسەر زاری‮ ‬هەریەك لە‮ (‬مایك پۆمیۆ،‮ ‬جۆن بۆڵتن‮) ‬هاتە پێشەوە كاتێك گوتیان‮ ‬ئێمە هێزەكانی‮ ‬كورد لە سووریا بە تیرۆریست نازانین‮. ‬ئەمەش‮ ‬ڕێك پێچەوانەی‮ ‬هەڵوێستی‮ ‬توركیایە،‮ ‬بۆیە چاوەڕوان دەكرێت پەیوەندیەكانی‮ ‬ئەمەریكا و توركیا‮ ‬ڕوو لە ئاڵۆزی‮ ‬زیاتر بكات،‮ ‬هاوشێوەی‮ ‬ساڵانی‮ ‬رابردوو كە پەیوەندیەكانیان گرژی‮ ‬و خاوی‮ ‬زۆری‮ ‬بەخۆیەوە بینیووە‮.‬
خەبات‮: ‬ئەگەر سەیر بكەین ئەمەریكا لە رووداوەكانی‮ ‬16ی‮ ‬ئۆكتۆبەر و دواتریش پشتی‮ ‬لە كورد كرد،‮ ‬تاڕادەیەكی‮ ‬زۆر پەیوەندییەكانی‮ ‬نێوان هەولێر و ئەمەریكا پچڕان،‮ ‬بەڵام دواتر سەردانی‮ ‬كاربەدەستانی‮ ‬ئەو وڵاتە بۆ كوردستان دەستیپێكردەوە،‮ ‬دواین سەردانیش هاتنی‮ ‬وەزیری‮ ‬دەرەوەی‮ ‬ئەمەریكا بوو بۆ هەولێر كۆبوونەوەی‮ ‬لەگەڵ سەرۆك بارزانی‮ ‬و كاربەدەستانی‮ ‬دیكەی‮ ‬هەرێم،‮ ‬ئێوە چۆن خوێندنەوە بۆ ئەم پرسە دەكەن؟
كارۆخ خۆشناو‮: ‬ئەمەریكا لە دوای‮ ‬نیوەی‮ ‬دووەمی‮ ‬سەدەی‮ ‬بیستەمەوە تاوەكو ئێستا پەیوەندی‮ ‬ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی‮ ‬لەگەڵ كوردانی‮ ‬هەر چوار پارچەدا دروستكردووە،‮ ‬لەم ماوەیەدا كورد هەڵوێستی‮ ‬باش و خراپ و ئەرێنی‮ ‬و نەرێنی‮ ‬لە ئەمەریكا بینیووە،‮ ‬هەر لە سەردەمەكانی‮ ‬نیكسن و كلنتۆن و بۆش و ئۆباماوە بگرە،‮ ‬تاوەكو دەگاتە سەردەمی‮ ‬ترەمپ،‮ ‬ئەمەریكا بە گوێرەی‮ ‬بەرژەوەندیەكانی‮ ‬چەند جارێك پشتی‮ ‬لە كورد كردووە و چەند جارێكیش پشتگیری‮ ‬كوردی‮ ‬كردووە،‮ ‬ئەگەر بەرژەوەندییەكانی‮ ‬ئەمەریكا لە سەردەمی‮ (‬كیسنجەر)دا وای‮ ‬خواستبێت كە لە ساڵی‮ ‬1975 پشت لە كورد بكات،‮ ‬ئەوا لە ئێستادا ئەمەریكا باش دەزانێت لەم ناوچەیەدا بە بێ كورد بەرژەوەندییەكانی‮ ‬پارێزراو نابن،‮ ‬چونكە ئەم ناوچەیە دابەش بووە بەسەر دوو بەرەی‮ ‬شیعە و سوننەدا،‮ ‬ئەمەریكا هیچكام لەم دوو بەرەیە بە دۆستی‮ ‬سەرەكی‮ ‬و‮ ‬ڕاستەقینەی‮ ‬خۆی‮ ‬نازانێ،‮ ‬لەم نێوەندەدا لە دوای‮ (‬ئیسرائیل‮) ‬كورد باشترین دۆست و بژاردە و پارێزەری‮ ‬بەرژەوەندیەكانی‮ ‬ئەمەریكایە،‮ ‬ئەگەر چی‮ ‬كورد ئەكتەری‮ ‬نادەوڵەتین و لە ناوخۆشدا پەرتەوازەن،‮ ‬بەڵام تاقیكراونەتەوە و دەكرێ پشتیان پێ ببەسترێت،‮ ‬بۆیە لە ئێستادا ئەستێرەی‮ ‬كورد روو لە هەڵكشانە بە مەرجێك كورد بتوانێت چارەسەری‮ (‬پەتای‮ ‬پەرتەوازەیی‮) ‬خۆی‮ ‬بكات‮! ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان لە‮ ‬ڕووی‮ ‬جیوپۆڵۆتیكەوە وەك دڵی‮ ‬ڕۆژهەڵاتی‮ ‬ناوەڕاست وایە،‮ ‬ئەمەریكاش باش لەو‮ ‬ڕاستییە گەیشتووە،‮ ‬بۆیە گەورەترین كونسوڵخانە لەسەر ئاستی‮ ‬جیهان لە هەولێری‮ ‬پایتەخت دەكاتەوە‮. ‬هاتنی‮ ‬وەزیری‮ ‬دەرەوەی‮ ‬ئەمەریكا و كۆبوونەوەی‮ ‬لەگەڵ سەركردایەتیی‮ ‬سیاسیی‮ ‬كوردستان گرنگی‮ ‬پێگەی‮ ‬هەرێمی‮ ‬كوردستان دووپاتدەكاتەوە،‮ ‬هەروەها پەیامێكیشە بۆ دەسەڵاتدارانی‮ ‬بەغدا و وڵاتانی‮ ‬ئیقلیمی‮ ‬كە كوردستان لە رووی‮ ‬سیاسی‮ ‬و ئابووری‮ ‬و جوگرافیەوە بۆ ئەمەریكا گرنگە و پێگەیەكی‮ ‬تایبەتی‮ ‬لای‮ ‬ئەمەریكا هەیە‮.‬
خەبات‮: ‬ئەمەریكا بەشێك لەسەر سەربازەكانی‮ ‬لە سەربازگەی‮ ‬كەیوان-كەركووك نیشتەجێكردووە،‮ ‬بۆ ئەمەریكا سەرباز دەهێنێتە ناوچەیەك كە هێزە كوردییەكان و توركیا و عێراق و ئێرانیش كێشمە كێشمیانە لەسەر خاكەكەی؟ كاریگەری‮ ‬ئەو سەربازانە چی‮ ‬دەبێت؟ بۆ سەربازگەی‮ ‬كەیوان؟
كارۆخ خۆشناو‮: ‬كەركووك سەرچاوەیەكی‮ ‬گرنگی‮ ‬وزەیە لە‮ ‬ڕۆژهەڵاتی‮ ‬ناوەڕاست،‮ ‬بۆیە لە لایەن ئەمەریكا و عێراق و توركیا و ئێران و بەریتانیا و رووسیاوە گرنگە و ململانێیەكی‮ ‬زۆری‮ ‬لەسەر دەكرێت،‮ ‬سەبارەت بە كوردیش قابیلی‮ ‬سازش لەسەركردن نییە‮. ‬لە ئێستادا ئەمەریكا پلانی‮ ‬هەیە سنوورێك بۆ حەشدی‮ ‬شەعبی‮ ‬دابنێت لە كەركووك و هەموو عێراق،‮ ‬چونكە نزیكەی‮ ‬65 گرووپی‮ ‬حەشدی‮ ‬شەعبی‮ ‬لە دەرەوەی‮ ‬یاسادا دروستكراون و زۆربەشیان لە ژێر هەژموونی‮ ‬ئێراندان،‮ ‬ئەمەریكا لە قۆناغی‮ ‬یەكەمدا جموجۆڵی‮ ‬حەشدی‮ ‬شەعبی‮ ‬لە كەركووك دەخاتە ژێر چاودێری‮ ‬خۆیەوە،‮ ‬بۆیە بەشێك لە هێزەكانی‮ ‬لە سەربازگەی‮(‬K1‮)‬ جێگیركردووە،‮ ‬هەروەها لە داهاتوویەكی‮ ‬نزیكیش ئەمەریكا بە نیازە بارودۆخی‮ ‬كەركووك ئاسایی‮ ‬بكاتەوە و پێشمەرگە بگەڕێنێتەوە كەركوك،‮ ‬چونكە ئەمەریكا لەو حەقیقەتە گەیشتووە بەبێ پێشمەرگە ئاسایشی‮ ‬كەركووك دەستەبەر نابێت،‮ ‬بەتایبەت ئێستا لێرە و لەوێ جموجۆڵی‮ ‬هەندێك شانەی‮ ‬نووستووی‮ ‬داعش لە سنوری‮ ‬كەركووك هەستی‮ ‬پێدەكرێت،‮ ‬ئەمەریكا دەیەوێت بارودۆخی‮ ‬كەركووك كۆنترۆڵ بكات و پێشبگرێت لە ئەگەری‮ ‬سەرهەڵدانەوەی‮ ‬هەر گرووپی‮ ‬تیرۆریستی‮ ‬لەو سنوورە‮.‬
خەبات‮: ‬دەمەوێت لەسەر سیاسەتی‮ ‬دەرەوەش پرسیارێكت ئاڕاستە بكەم،‮ ‬بە بۆچوونی‮ ‬بەڕێزتان دەبێت چۆن كورد مامەڵە لەگەڵ سیاسەتی‮ ‬دەرەوە بكات؟ بەتایبەت لەگەڵ ئەمەریكا؟
كارۆخ خۆشناو‮: ‬بۆ ئێمەی‮ ‬كورد زۆر گرنگە كە بەشێوەیەكی‮ ‬ئەكادیمی‮ ‬و لەسەر بنەمای‮ ‬توێژینەوە و لێكۆڵینەوەی‮ ‬زانستی‮ ‬لە سیاسەتی‮ ‬دەرەوە بگەین و بەرژەوەندییەكانمان هاوتەریب بكەین لەگەڵ بەرژەوەندییەكانی‮ ‬ئەمەریكا و خۆمان بخەینە ناو هاوكێشەی‮ ‬ئەمەریكا،‮ ‬تاوەكو لەم ناوچە پڕ‮ ‬لە دوژمنەدا هەمیشە پارێزراو بین،‮ ‬دەبێ لەو حەقیقەتەش بگەین كە ئەمەریكا بەپێی‮ ‬بەرژەوەندی‮ ‬خۆی‮ ‬كار دەكات و سیاسەت لە ئەمەریكا لەسەر بنەمای‮ ‬هاوسۆزی‮ ‬دانەمەزراوە،‮ ‬كە ئەمەریكا لە ناوچەكەیە بۆ خۆی‮ ‬لێرەیە،‮ ‬نەهاتووە تا سەر ئێمە بپارێزێت،‮ ‬كە ئێستا دەڵێت كەی‮ ‬بمەویت دەڕۆم،‮ ‬هیچ گرێبەستێكی‮ ‬سیاسی‮ ‬بەرانبەر كورد نییە،‮ ‬تەنها وەك هاوبەشێكی‮ ‬شەڕ‮ ‬گرێبەستێكی‮ ‬سەربازی‮ ‬لەگەڵ كورد هەیە،‮ ‬بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ‮ ‬ڕێككەوتنێكی‮ ‬سیاسی‮ ‬نییە لە نێوان كوردی‮ ‬هیچ پارچەیەك و ئەمەریكادا،‮ ‬و‮ ‬دەبێ دان بەو‮ ‬ڕاستیەشدا بنێین كە ئەمەریكا لە‮ ‬ڕووی‮ ‬سەربازییەوە هاوكارییەكی‮ ‬باشی‮ ‬كوردی‮ ‬باشوور و‮ ‬ڕۆژائاوای‮ ‬كردووە،‮ ‬چونكە لە پێشوودا هەموو كەلوپەلە سەربازییەكانی‮ ‬هەرێم و‮ ‬ڕۆژئاوا بریتی‮ ‬بوو لە چەند چەكێكی‮ ‬سووك و كۆمەڵێك كەلوپەلی‮ ‬كۆنی‮ ‬سەربازی‮ ‬ڕژێمی‮ ‬پێشوو،‮ ‬ئێستا چی‮ ‬چەكی‮ ‬باشە ئەمەریكا بۆ كوردی‮ ‬دابینكردووە،‮ ‬هەر ئەمەریكا‮ ‬365 ملیۆن دۆلار مانگانە دەدات بە پێشمەرگە لە باشوور و بودجەیەكی‮ ‬نادیاریش دەدات بە هێزەكانی‮ ‬كورد لە‮ ‬ڕۆژئاوا‮. ‬لێرەدا دەبێ كورد خۆی‮ ‬زیاتر لە ئەمەریكا نزیك بكاتەوە و هەوڵبدات گرێبەستی‮ ‬سەربازی‮ ‬لەگەڵ ئەمەریكا بگۆڕێت بۆ گرێبەستی‮ ‬سیاسی‮.‬