خەبات: ڕۆشنا عهلی
بەئامادەبونی د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی و، د.شێرزاد نەجار ڕاوێژكاری سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران بۆ كاروباری خوێندنی باڵا و، ڕاوێژكاران و سەرۆكی زانكۆ حكومی و تایبەتیەكان و، بەڕێوەبەرە گشتیەكانی دیوانی وەزارەت و، یاریدەدەرانی سەرۆكی زانكۆكان و، ڕاگری كۆلێژەكانی پەروەردە و، بەڕێوەبەری سێنتەرەكانی ڕێگەكانی وانەوتنەوە وۆركشۆپی ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە هۆتێل شیراتۆنی شاری هەولێر بۆ زانكۆكانی كوردستان بەڕێوەچوو.
لەسەرەتادا، د.یوسف گۆران وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی وتارێكی پێشكەشكرد، لەو چوارچێوەیەدا و، لەسەرەتای وتارەكەیدا بەگرنگیەوە باسی لە بەستنی وۆركشۆپەكە كرد و وتی: لە سەرەتای ساڵی 2015دا دەستمان بە گفتوگۆیەكی زانستی كراوە كرد دەربارەی ڕێگەكانی فێركردن و وانەوتنەوە لە نێو دامەزراوەكانی خوێندنی باڵا، ئەو كات ژمارەیەكی بەرچاو فیدباكی بەشداربوانی خولی ڕێگەكانی وانەوتنەوەمان بەدەست گەیشتبوو، لە هەمانكاتدا داتا و زانیاری وردمان دەربارەی گۆڕانكاریی و میتۆدەكانی پێداگۆجی لەسەر ئاستی جیهان لەبەر دەستدا بوو، وتیشی خاڵی سەرەكی فیدباكی ناوخۆیی بریتی بو لە شكستی سیستمی پێداگۆجی تەقلیدی لە هەرێمی كوردستان لە هەڵكردن لەگەڵ گۆڕانكارییەكان، كە خۆی لە خەسڵەتێكی پاسیڤ دادەبینیەوە و، بە درێژایی پێنج دەیەی ڕابردو هیچ گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی بەسەردا نەهاتووە، وتیشی مامۆستا لە جیاتی خوێندكار و قوتابی هێشتا هەر چەقی پرۆسەی خوێندن و فێركردنە، سیستمی خوێندمان نەیتوانیووە وەك پێویست دونیا بینی نەوەی نوێ فراوان بكات و، ژینگەیەكی لەبار بۆ ئازادی بیركردنەوە و ڕەخنەگرتن داهێنان و كارسازی و پێكەوەیی بخولقێنێت، پەیوەندیمان بە كایەكانی كۆمەڵگە و پێداویستییەكانی بازاڕ و گەشەكردنی ئابوری وڵاتەكەمان هێشتا لە ئاستی چاوەڕوانكراودا نییە ، لە بری داهێنان و دیبەیتی بونیادنەرانە هێشتا لە ژمارەیەك لە زانكۆكانمان بە ئاڕاستەی تۆخكردنەوەی كەلتوری مەلزەمە هەنگاو دەنێن.
بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەش، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باسی لە كارنامەی وەزارەتەكەی بۆ ئەو بوارەی خوێندنی باڵا كرد و ڕاگەیاند: یەك ساڵ پێش ئێستا و لە مانگی 1 / 2018دا وەفدێكی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستیمان ناردە وڵاتی فنلاند ، وتیشی فینلاند یەكێكە لە وڵاتە پێشكەوتوەكان، د.یوسف گۆران ئەوەشی ڕاگەیاند: لەو سەردانەدا ژمارەیەك زانكۆ و دامەزراوەی زانستی و ئەكادیمی ئەو وڵاتە بەسەر كرانەوە و، لە كۆتاییشدا گفتوگۆیەكی زانستی و وردیان لەگەڵ كاربەدەستانی باڵای وەزارەتی دەرەوەی فنلاند ئەنجام دابو، ڕونیشكردەوە دوای گەڕانەوەی وەفدەكەی وەزارەت ژمارەیەك لە زانكۆكان و دامەزراوەكانی خوێندنی باڵای فینلاند ئامادەیی خۆیان نیشاندا بۆ هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی كوردستان، وتیشی بە سوپاسەوە دەرگای دەستپێكردنی پڕۆژە زانستی و ستراتیجییەكانمان لەگەڵ ئەم وڵاتە كردەوە، یەكەمین پرۆژەشمان بریتی بو لە ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە زانكۆكانی هەرێمی كوردستان، ڕونیشیكردەوە ئەوە یەكەم پڕۆژەیە، بەڵام كۆتا پڕۆژە نابێ بەتایبەت لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە ئەزمونی سەركەوتویان هەیە، ئەوەشی ڕاگەیاند: یەكێك لەو كارانەی كە دەبێ كاری لەسەر بكەین ئەوەیە چەندە قوتابیان وخوێندكاران و كەس وكاریان و كۆمەڵگە متمانەیان بەئێمە هەیە.
لە تەوەرێكی دیكەی وتارەكەیدا ، د.یوسف گۆران باسی لە وردەكارییەكانی ئەو پرۆگرامەكە كرد، كە لەگەڵ زانكۆیەكی فینلاندی ئەنجامیاندا بۆ ڕیفۆرمكردن لە بواری پێداگۆجی بۆ ئەوەش وتی: لەبەر ڕۆشنایی ئەم تێگەیشتنانەی كە هەمانە لە مانگی نیسانی 2018 ڕەشنوسی درافتی یەكەمین پرۆژەی هاوبەشی نێوان وەزارەتی خوێندنی باڵا و زانكۆی هامك HAMK بە ناونیشانی Pedagogical Training for Teachers professional Development داڕێژرا، وتیشی لەو چوارچێوەیەدا توانیمان 33 مامۆستا لە 17 زانكۆی هەرێمی كوردستانەوە بنێرینە فینلاند بۆ بەشداری لە پڕۆگرامی ڕاهێنانی پێداگۆجی، ڕونیشیكردەوە، كە پرۆگرامەكە دو بەشی سەرەكی لەخۆ دەگەرێت.
بەشی یەكەم : بریتی بو لە ڕاهێنانی ئەو 33 مامۆستایە لەسەر پرانسیپەكانی پێداگۆجی مۆدیرن و ئامادەكردنیان بۆ سەركردایەتیكردنی ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە هەرێمی كوردستان، لەم ڕاهێنانەدا بە گشتی تەركیز لەسەر كۆنسێپتە نوێیەكانی پێداگۆجی مۆدێرن كراوە، بەشی دووەم: ئەو مامۆستایانەی بەشداری ئەم پرۆگرامەیان كردووە، لە دوای گەڕانەوەیان بۆ هەرێمی كوردستان هەم پرۆگرامی نوێی پێداگۆجی بۆ هەرێمی كوردستان دادەڕێژن، هەمیش ڕاهێنان بە مامۆستایانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەكەن بۆ مەبەستی گواستنەوەی ئەو كۆنسێپتە نوێیانە و دەستپێكردنی پرۆسەی ڕیفۆرمی پێداگۆجی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان.








