خهبات: سەرهەنگ نەجمەدین
یانەكانی تۆپی دەستی كوردستان لەسەر ئاستی كچان بەگشتی لەسەرجەم پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان لەم چەند ساڵەی ڕابردوو تاوەكو ئێستا لەپەنجەی دەست تێپەر ناكات، ئەگەر بپرسین بۆچی یانەكان بەم شێوەیە بوونیان یەكجار كەمە لەكوردستان، لەوەڵامدا راستەوخۆ دەڵێن قەیرانی دارایی و نەبوونی بوددجە بۆتە هۆكارێكی سەرەكی دانەمەزراندنی تیپی تۆپی دەستی كچان ، گریمان ئەگەر قەیرانی دارایی هەبێت ئەی بۆچی یەكێتی تۆپی دەستی كوردستان بیر لەوە ناكاتەوە لەكاتی نەكردنەوەی خول یاری تۆپی دەست بەرەو نەمان دەچێت، ئەی بۆچی ساڵانە یەكێتی ناوەندی تۆپی دەستی كوردستان وەك یەكێتی تۆپی پێ خەرجی بۆ كردنەوەی خول پەیدا ناكات، گریمان ئەگەر ئەم كارانەیان پێ ناكرێت بۆچی بیر لەدەست لەكاركێشانەوە ی خۆیان ڕاناگەیەنن، ئەگەر بپرسین ڕەوشی تۆپی دەستی كچان لەم ماوەیەدا چۆن بووە و لەچ ئاستێكدا بووە ، ئەوا وەڵامەكەی لەم كچە وەرزشوانانەی خوارەوە دەستمان دەكەوێت، هەروەها لەكوردستان تاچەند بایەخ وگرینگی بەوەرزشی ئافرەتان دەدرێت،بۆ وەڕگرتنی وەڵامەكانی ئەم پرسیارانە بەباشمانزانی لەڕاپۆرتێكی مەیدانیدا چەند كچە وەرزشوانێكی تیپی كچانی تۆپی دەستی یانەی ئافرۆدیتـی شاری سلێمانی بدوێنین وسەرەتا لەگۆڵپارێزی یانەی ئافرۆدیت خاتوو شانۆ محەمەد دەستمان پێكرد و ناوبراو لەبارەی چۆنیەتی هاتنی بۆ نێو دونیای وەرزش ئەو بۆ لاپەرەی ڕۆژنامەی خەبات ڕایگەیاند: بێگومان هەر لەسەر دەمی قوتابخانەوە دەستم بەوەرزش كردن كرد تا ئەو كاتەی كەئاست وتوانایەكی باشم بۆ دروست بوو بۆ یاری كردن لەیانەكان، ئەم هۆكارەش وایكرد كەبچمە یانەی ئافرۆدیت و هەر لەوێ پەرە بەئاست وتوانای خۆم بدەم، خۆشبەخاتنە بەهۆی ئەم یانەیەوە بۆ رێزی هەڵبژاردەی تۆپی دەستی عێراق دەستنیشانكرام ، هەروەها لەگەڵ ئەم هەڵبژاردەیە توانیم بەشداری پاڵەوانیەتی ئاسیا بكەم كەلەوڵاتی ئەردەن سازكرابوو، بەڵام ئەنجاممان وەك پێویست نەبوو كە شایەنی باسكردن بێت.
هەر لەبارەی ڕەوشی وەرزشی ئافرەتان لەكوردستان بەگشتی ولەسلێمانی بەتایبەتی خاتوو شانۆ محەمەد بۆ ئەم مەبەستە گوتی: ڕەوشی وەرزش كوردستان بەهۆی قەیرانی دارایی و نەبوونی بوددجەی گشتی بۆ یانەكان، بێگومان وەرزش پەكی كەوتووە و وەك جاران بایەخ و گرینگی پێ نادرێت، بەڵام لەشاری سلێمانی وەرزشی ئافرەتان بەردەوامە و بەهۆی دڵسۆزیان بۆ یانەكانیان كچە یاریزانەكان هیچ كات لەوەرزش كردن دوور ناكەونەوە، هەمیشە یاریزانەكان بەگشتی بیر لەبەرژەوەندی تاكە كەسی خۆیان ناكەنەوە تەنها بیر لەبەرژەوەندی یانەكانیان دەكەنەوە پێش بەرژەوەندی خۆیان.
ئەو كچە وەرزشوانە لەبارەی بەرنامەی مەشق وڕاهێنانیان گوتی: بەهۆی نەبوونی خول وپاڵەوانیەتی، مەشقەكانمان جێگیر نییە، بەڵام لەهەفتەیەكدا دوو جار بەردەوام مەشق وڕاهێنان دەكەین ، خۆم زۆر دڵخۆش دەبم كاتی ئامادەی مەشق وڕاهینان دەبم، بەتایبەتی لەئاست و توانای خۆم وەك پێویست رازی نیم ، بۆیە هەوڵ دەدەم خۆم ماندوو بكەم تا بگەمە لوتكە.
گوتیشی: نەكردنەوەی خول وپاڵەوانیەتی بۆتە هۆكارێك كە یاریزانان لەیاری كردندا سارد ببنەوە، بەڵام ئێمە وەك پاڵپشتیەك هەموو كات هانی یەكتر دەدەین بۆ ئەوەی لەوەرزش كردن هەمیشە بەدوور نەبین و بەردەوام بین لەوەرزش كردندا.
هەر لەدرێژەی ڕاپۆرتەكەماندا ئەمجارەیان خاتوو گەردان محەمەد دەرچووی كۆلێژی پەروەردەی وەرزشی سلێمانی یاریزانی هەمان یانەی ناوبراو ئەمەیش لەبارەی ڕەوشی وەرزشی ئافرەتان لەكوردستان بەگشتی قسەی خۆی هەبوو ئەو بەوشێوەیە گوتی: وەرزش لەم كات و ساتەدا بەرەو خراپی هەنگاو دەنێت، نەكردنەوەی خول وپاڵەوانیەتی و دابەش نەكردنی پێداویستی وەرزشی بەسەر یاریزانان و یانەكان ، هەمووی هۆكارن كە وەرزشی ئافرەتان بەرەو خراپی و لەناو چوون و سستی بروات.
ئەو كچە وەرزشوانە بەمتمانەیەكی زۆر و بڕوابوون بەئاست و توانای خۆی ڕاشكاوانە دەڵێت: وەرزش وایلێكردم متمانەم زیاتر بەخۆ هەبێت و هەر كارێكی وەرزشیش ئەنجام بدەم تیایدا سەركەوتوودەبم، لەداهاتووشدا هەوڵی ئەوە دەدەم كەزیاتر پەرە بەئاست وتوانای خۆم بدەم تا بتوانم وەك یاریزانانەكانی وڵاتانی دەرەوە پێش بكەوم.
هەر لەبارەی چۆنیەتی باشتركردنی ڕەوشی وەرزشی ئافرەتان لەكوردستان بەگشتی خاتوو گەردان بۆ ئەم پرسەیش گوتی: ئەگەر پۆستێكی باڵای وەرزشیم لەدەست بووایە ، وانەی وەرزشیم لەسەرجەم خوێندگاكانی كوردستان دەكردە وانەیەكی سەرەكی، بەڵام بەداخەوە هەر لەقوتابخانەكانی بنەرەتی تا دەگەیتە قۆناغی گۆلێژ بەهیچ شێوەیەك وەك پێویست بایەخ و گرینگی بەوەرزش نادرێت، ئەگەر وەرزش وەك وانەیەكی سەرەكی لەقوتابخانەكان بناسرێت، بێگومان قوتابی هەر لەتەمەنی مناڵییەوە فێری یاریكردن و زانستی وەرزشی دەبێت.
لەبارەی ئەو گرفتانەی كەبۆتە رێگر لەپێشخستنی وەرزشی ئافرەتان خاتوو گەردان بەشێوەیەكی ڕاشكاوانە وەڵامی ئەم پرسەی دایەوە و گوتی: لەئێستادا گرفتێكی زۆر هەن بێ چارەسەركردن مانەوە كە تەنگی بەوەرزشی ئافرەتان هەڵچنیوە.
كچە یاریزانێكی دیكەی یانەی ئافرۆدیت خاتوو سۆز حەسەن مەجید ئەمەیش وەك یاریزانەكانی دیكەی هەمان یانەی ئاماژەپێكراو لەبارەی چۆنیەتی هاتنی بۆ نێو دونیای وەرزش و سەرەتای دەستپێكردنی ناوبراو بۆ لاپەرەی وەرزشی خەبات گوتی: وەك هەر قوتابیەك سەرەتا لەقوتابخانە دەستم بەوەرزش كردن كرد، پاشان بۆ گرنگیدان بەئاست و توانای خۆم، ڕوومكردە یانەی ئافرۆدیت و ئێستا لەم یانەیە بەسەركەوتوویی یاری تۆی دەست ئەنجام دەدەم.
لەبارەی ئاستی وەرزشی ئافرەتان لەكوردستان بەگشتی و لەشاری سلێمانی بەتایبەتی خاتوو سۆز بۆ ئەم پرسیارەیش گوتی: ساڵانی ڕابردوو ئاستی وەرزشی ئافرەتان زۆر لەئێستا باشتر بەتواناتر بوو، چونكە كاتی خۆی هەموو كات خول وپاڵەوانیەتی بۆ یانەكان رێكدەخرا، بەڵام ئێستا بۆ ماوەی 3 ساڵ تێپەر دەبێت بەفەرمی هیچ پاڵەوانیەتیەكی كوردستان لەسەر ئاستی یانەكان ئەنجام نەدراوە.
هەر لەدرێژەی قسەكانیدا ئەم كچە وەرزشوانە ئاماژەی بۆ تەورێكی دیكە كرد و گوتی: زۆر گرفتمان هەیە، بەڵام باسی كامیان بكەین، ئەوەتا نەبوونی یاریگای تایبەت بەیاری تۆپی دەست و نەكردنەوەی خول و دابەش نەكردنی مینحەی یانەكان، ئەمانە هەمووی گرفتن لەبەردەم یاریزانانی یانەكان، بەڵام كەی و چۆن ئەم كێشانە چارەسەر دەكرێت.
سۆما عەلی ئەو یاریزانەی كەهەمیشە لەناو پێكهاتەی تیپی تۆپی دەستی ئافرۆدیت دا شوێنی دیارە و ئەو لەزۆر یارییەكان بۆتە هەوێنی سەركەوتن،ڕاهێنەر زۆر متمانەی بەم یاریزانە هەیە لەكاتی یارییەكاندا، بۆ زیاتر ئاشنا بوون و نزیك بوونەوە لەم كچە یاریزانە ئاست بەرزەی یانەی ئافرۆدیت بەپرسیاری بۆچی بەدیاریكراوی شاری سلێمانی بەتایبەتی وەرزشی ئافرەتان هەست دەكرێت فەرامۆش كراوە لەزۆر ڕووەوە دەستمان پێكرد و ئەو لەوڵامدا بەمشێویە گوتی: لەشاری سلێمانی ئەوەی گرینگی پێ نادرێت تەنها بواری وەرزشە بەگشتی،هەر ئەم هۆكارەش وایكردووە كە بواری وەرزش لەشارەكە بەرەو كزی و سستی و خراپ بوون بڕوات.
ئەو كچە وەرزشوانە لەدرێژەی قسەكانیدا زیاتر گوتی: هیچ بروا ناكەم جارێكی دیكە وەرزش بگەرێتەوە دۆخی جارانی خۆی، تەنها ئەوەی گوێ بیستی دەبین قسەی بریقەدار و بێ كردار وبێ بەڵێنن، هەموو كات بەڵێنی ئەوە دەدەن كەبەنیازن خول وپاڵەوانیەتی بكەنەوە، بەڵام پەندێكی كوردی هەیە دەڵێت ساڵ بەساڵ خوزگە بەپار.
لەبارەی ئاست نزمی وەرزش و نەبوونی ڕاهێنەرێكی پرۆفیشناڵ بۆ یانەكانی كوردستان خاتوو سۆما عەلی بۆ ئەم پرسەیش دەڵێت: بەتەئكیدەوە دەڵێم خراپی باری دارایی بۆتە هۆكارێكی سەرەكی كە ڕاهێنەری پرۆفیشناڵیش هیچ كات خۆی ناچار ناكات بەبێ هاوكاری ماددی و پاڵپشتی نەكردن خۆی بۆ یانەكان ماندوو بكات.
سەبارەت بەچۆنیەتی چارەسەركردنی ئەو كێشە و گرفتانەی كەبەروكی وەرزشی گڕتووە خاتوو سۆمای یاریزانی ئافرۆدیت بۆ ئەمەیش گوتی: تا وڵاتی ئێمە تەنها بیر لەكاری تاكە كەسی وبەرژەوەندی خۆیان بدەن، هیچ كات شتە بەكۆمەڵەكان باش و یەكگرتوو نابن، ئەگەر دەیانەوێت كێشەكان چارەسەر بكەن ، دەبێت هەموو بەیەك ڕەنگ و بەیەك دەست كار بكەن تا سەركەوتووبن .بەڵام بەپێچەوانەوە بیر لەبەرژەوەندی خۆیان بكەنەوە وەك تاكە كەسی ئەوا هیچ كات ئەو وڵاتە پێش ناكەوێت.
گوتیشی: ئەوانەی لەئێستادا لەیەكێتیە وەرزشییەكان كار دەكەن و پۆستیان هەیە، تەنها كەسێكن سەر بەحزب ولایەنێكن، بۆیە پێویستە كەسی شیاو و خاوەن ئەزموون لەیەكێتیە وەرزشییەكان دابندرێت.
لەبارەی نەكردنەوەی خول بۆ یانەكانی كوردستان و هۆكاری دواخستنی بۆ كاتێكی نادیار خاتوو سۆما بۆ ئەم پرسە گرینگە قسەی خۆی كرد و گوتی: تائەو كاتە هیچ كات و وادەی كردنەوەی خولی تۆپی دەستی كوردستان دیار نییە، بۆیە وایلێهاتووە بڵێین هەر كاتێك یانەی هەولێر تیپی ئامادە نەبوو بۆ خولەكە ئەوا خولەكە بەرێوەناچێت، هەر كاتێك تیپی هەولێر ئامادەكاری خۆی ڕابگەیەنێت ئەوا خولەكە ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەم مەبەستە یاریزانانی یانەكان ئێستا تەنها بوونەتە یاریزان و پاڵەوانی مەشق وڕاهێنانەكان، نەك یاریزانانی خول پاڵەوانیەتیەكان.
ئەو كچە وەرزشوانە لەبارەی پێكهاتەی و ڕاهێنەری تیپەكەیان گوتی: بۆ ئەم وەرزە زۆر لەیاریزانەكانی نێو تیپەكەمان زۆربەیان لاون، هەندێكیشان بەهۆی ژیانی تایبەتی خۆیان لەوەرزش كردن دووركەوتوونەوە.
دواجار خاتوو سۆما لەبارەی دڵسۆزی و وەفاداریان بۆ یانەكان ڕاشكاوانە گوتی: ئەوەی ئێمەی لەو یانەیە كۆكردۆتەوە ماددەو پارە نییە، تەنها و تەنها خوشەویستی و دڵسۆزی یاریزانەكانە بۆ خودی یارییەكە بەگشتی و یانەكە بەتایبەتی.









