غەفوور مەخمووری
لە سەرەتای سەرهەڵدانی راپەڕینەكانی گەلانی سووریا، گەلانی ناوچەكە و جیهان بە چاوی ئومێدەوە دەیانڕوانییە داهاتووی سووریا و رزگاربوونی لە دكتاتۆرییەت و زۆر وڵات و لایەنیش لەو باوەڕەدابوون كەوا سەرۆكی سووریا و رژێمەكەی پەند لە راپەڕین و گۆڕانگارییەكانی تونس و میسر و لیبیا وەردەگرن و بۆ پاراستنی سووریا لە وێرانكاری و خوێنڕشتن دەستبەرداری حوكم دەبن، بەڵام ئەوەیان نەكرد و بە ئاگر و ئاسن رووبەڕووی خەڵكی راپەڕیو و هێزە چەكدارەكانی سووریا بوونەوە، ئەوەتا دەبینین لە ئەنجامدا رژێمی سووریا نیوەی وڵاتەكی خۆی وێرانكردووە و بە هەزاران هاوڵاتی خۆی كوشتووە و گازی قەدەخەكراوی كیمیاوی لە دژ گەلی خۆی بەكارهێناوە و زیاتر لە ملیۆنێك هاووڵاتی سووریای ئاوارە و دەردەبەدەری وڵاتان كردووە و ئابوورییەكەی دارووخاوە، لە ناوخۆدا متمانەی لای گەلی سووریا نەماوە، لە ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتیشدا خۆی گۆشەگیر و بێڕێز كردووە.
رۆژئاوای كوردستان وەك بەشێك لە جوگرافیای سووریا كەوتە ژێر كاریگەری رووداوەكان و لەسەرەتای سەرهەڵدان و راپەڕینەكانی گەلانی سووریا گەلی كوردمان لە رۆژئاوای كوردستان زۆربەی شار و شارۆچكەكانی رۆژئاوای كوردستانیان ئازادكرد و لە هێرشی تیرۆریستان پاراستیان، بە حوكمی ئەوەی كەوا رۆژئاوا و باشووری كوردستان پەیوەندییەكی دیرۆكی و بەتینیان هەیە و لە سەرەتای كاری سیاسی رۆژئاوا رێبەرایەتی شۆڕشی كوردستان و خودی مستەفا بارزانیی نەمر پشتیوانی بزاڤی سیاسی رۆژئاوا بوون و یەكەم پارتی سیاسی لە رۆژئاوای كوردستان (پارتی دیموكراتی كوردستان _ سووریا) لە ساڵی1957 بە رێنمایی و پشتیوانی بارزانیی نەمر دامەزراوە، بارزانیی نەمر لە رێی دامەزراندنی ئەو پارتە ئامانجی ئەوە بوو كەوا نەتەوەی كورد لە رۆژئاوای وڵات یەكبخات و پارتێك هەبێت پێشەنگایەتی خەباتی رۆژئاوا بكات، بۆیە بە وردی چاودێری رەوشی رۆژئاوای كوردستانی دەكرد و رێنمایی سەركردەكانی دەكرد كەوا هەوڵ بدەن لە دەوری یەكدا كۆببنەوە و هێز و توانای خۆیان یەكبخەن و بە یەكدەنگی داوای مافی نەتەوەیی خۆیان لە دەسەڵاتدارانی سووریا بكەن، مستەفا بارزانیی نەمر مامەڵەیەكی تایبەتی لەگەڵ رۆژئاوای كوردستان دەكرد، هەر بۆیە تا ئێستاش زۆربەی هەرە زۆری خەڵكی رۆژئاوای كوردستان رێزو خۆشەویستییەكی زۆریان بۆ مستەفا بارزانی نەمر و بارزانییەكان هەیە.
لەسەر بنەمای ئەو پەیوەندییە دیرۆكییە سەرەڕای بوونی رەخنە و سەرنج و تێبینی لەسەر چۆنیەتی بەڕیوەبردنی رۆژئاوای كوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا، سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و رێبەرایەتیی بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام هەوڵیداوە و ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانی رۆژئاوا چارەسەر بكات و نەیانهێلێت، بۆ ئەم مەبەستەش رۆڵ و هەوڵەكانی سەرۆك مەسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستان لەبەرچاون، پشتیوانییە سیاسی و دیپلۆماسی و سەربازییەكانی سەرۆك مەسعود بارزانی هەر لە هەوڵەكانی بۆ لێكنزیكردنەوەی لایەنەكانی رۆژئاوا تا دەگاتە گەیاندنی دەنگی رۆژئاوا بە ناوەندە نێودەوڵەتییەكان و ناردنی پێشمەرگە و پێداویستی سەربازی بۆ كۆبانێ ئەوانە هەموو خاڵی درەوشاوەن لە دیرۆكی نوێی كوردستاندا، جەنابیان هەوڵێكی زۆریدا و بەردەوامە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكانی رۆئاوای كوردستان یەكڕیز و یەكدەنگ بن بۆ چۆنیەتی بەڕێوەبردن و پاراستنی رۆژئاوای كوردستان، بۆ ئەم مەبەستەش كاتێكی زۆری خۆی بۆ رۆژئاوای كوردستان تەرخانكردووە و لە خەمی پاراستنی رۆژئاوادایە و لەم پێناوەشدا چەندین كۆبوونەوەی لە نێوان لایەنە ناكۆكەكانی رۆژئاوا رێكخستووە و لە ئەنجامدا (رێككەوتننامەی هەولێر) و دواتریش (رێكەوتننامەی دهۆك) بە هەوڵ و دەستپێشخەری و سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی لە نێوان (تەڤگەری كۆمەڵگەی دیموكرات TEVDEM ) و (ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا (ENKS) ئیمزاكران، بەڵام بەداخەوە هەردوو لایەن پابەندی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكان نەبوون، ئەگەر دەسەڵاتدارانی رۆژئاوا هاوكاری سەرۆك مەسعود بارزانی بووان بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەكان و سوودیان لە رێنماییەكانی جەنابیان وەربگرتبووایە ئەوا بە دڵنیاییەوە ئەزموونی رۆژئاوا زۆر پێشدەكەوت و قورسایی سیاسی و سەربازی و لەنێو هاوكێشە سیاسییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان زێدەتر دەبوو، لە رووی ئابووری و دبلۆماسی و ئیداریشەوە دەوڵەمەندتر دەبوو، لەسەر ئاستی نەتەوەیش هاوسۆزو پشتیوانی زێدەتر دەبوو.
سەرەڕای هەوڵ و پشتیوانییەكانی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ پشتیوانیكردنی رۆژئاوای كوردستان، هاوكات مەسرور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی كوردستان هاوكار و پشتیوانێكی كارای رۆژئاوای كوردستان بووە و هەوڵیداوە مەینەتییەكانی رۆژئاوای كوردستان و زوڵم و چەوساندنەوەیان لە لایەن رژێمی سووریاوە بە ناوەندە نێودەوڵەتییە بڕیار بەدەستەكان بگەیەنێت، بۆ ئەم مەبەستەش لە چەندین دیدار لەگەڵ ناوەندە نێودەوڵەتییەكاندا پرسی رۆژئاوای كوردستان یەكێك بووە لە خاڵە گرنگەكانی ئەجێندای كۆبوونەوەكانی چ لە ئەوروپا و چ لە ئەمەریكا، جێی وەبیرهێنانەوەیە كەوا مەسرور بارزانی كاتێ سەردانی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپای كرد بە بایەخەوە باسی لە رۆژئاوای كوردستان كرد و داوایكرد كەوا وڵاتانی ئەورووپا رۆڵیان هەبێت لە پشتیوانیكردن و پاراستنی رۆژئاوای كوردستان، ئەو داوایەی مەسرور بارزانی لە پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا وایكرد كەوا ئەوروپییەكان و بە تایبەت فەڕەنسا پشتیوانی زیاتری رۆژئاوای كوردستان بكەن، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا كاتێك یەكێك لە ئامادەبووان روو دەكاتە مەسرور بارزانی و دەڵێت: هەفتەی داهاتوو دەچم بۆ سووریا و بەشار ئەسەد دەبینم چیت هەیە پێی بڵێم؟، مەسرور بارزانی پێیدەڵێت: لە بەشار ئەسەد بپرسە كوردەكانی سووریا بۆ بێناسنامەن.، بەڵێ ئەو پەیوەندی و پشتیوانییە دیرۆكییەی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان و پشتیوانییەكانی سەرۆك مەسعود بارزانی بۆ رۆژئاوای كوردستان رژێمی سووریای هەناسە تەنگ كردووە، بۆیە لای خۆیەوە ناوی مەسرور بارزانی خستۆتە لیستی تیرۆرەوە، بە باوەڕی من ئەوەش مەدالیای شانازییە بۆ مەسرور بارزانی ، بێگومان پاداشتی هەڵوێستی نەتەوەیی و نیشتمانی مێدالیای شانازییە، رژێمی سووریا باش دەزانێت كەوا مەسرور بارزانی لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیدا سەنگ و قورسایی خۆی هەیە و كەسایەتییەكی گوێلێگیرا و حیساب بۆكراوە و دەتوانێ رۆڵێكی مەزن بگێڕێت لە گەیاندنی مەزلوومییەتی كوردانی رۆژئاوا بە جیهانی دەرەوە، ئەو كارانەی كەوا لەم پێناوەشدا ئەنجامیداون بەرهەمەدار بوون.
سەرەڕای ئەمانەی كە باسمانكردن مەسرور بارزانی وەك كەسایەتییەكی سیاسیی وردبین و دووربین و خودان هزر و رامان و بەرنامە لە كاركردندا، وەك راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی كوردستان لە ماوەی رابردوودا زۆر سەركەوتووانە توانیویەتی كوردستان بپارێزێت و هێمنی و ئارامی بۆ هاووڵاتییان دابین بكات، لە كاتی هێرش و پەلاماری تیرۆیستانی داعش بۆ سەر كوردستان وەك پێشمەرگەو هاوكارێك لەگەڵ جەنابی سەرۆك مەسعود بارزانی رێبەری بزاڤی رزگاریخوازیی نیشتمانیی كوردستان بەردەوام لە سەنگەری بەرگریكردن لە خاكی كوردستان و پاراستنی سەر و ماڵی هاووڵاتییان مایەوەو رۆڵی كاریگەرانەی خۆی بینی لە وەستانەوە دژ بە تیرۆریستان و تێكشكاندنیان، مەسرور بارزانی وەك پێشمەرگەیەكی چاونەترس بەردەوام شەڕی تیروریستانی كردووە و لە خەمی پاراستنی تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان و قووڵكردنەوەی زیاتری گیانی بە یەكەوە ژیان بووە و پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكانی لە پێشینەی كارەكانی خۆی داناوە، شێوازی كار و خەباتی مەسرور بارزانی وایكردووە كەوا لە لایەن دۆست و دوژمن حیسابی وردی بۆ بكرێت، دۆست بە چاوی هیواوە لە داهاتووی مەسرور بارزانی بڕوانێت و دوژمنیش بە ترسەوە سەیری هەنگاوەكانی بكات، ئەمەش وایكردووە ببێتە ئەو كەسایەتییە گەنجەی كەوا پێگەیەكی بەهێزی لە ناوخۆ و ناوچەكەو وڵاتانی عەرەبی و ئاستی نێودەوڵەتی هەبێت، هەر بۆیە ئەگەر سەرنج بدەین لەدوای ئەوەی كەوا پارتی دیموكراتی كوردستان مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكی حكومەتی كوردستان پاڵاوت بەشێك لە میدیا ناوخۆی و عەرەبییەكان كەوتنە هێرشكردنە سەر بەڕیزیان، هەوڵەكانی رژێمی سووریاش بۆ دژایەتیكردنی مەسرور بارزانی لەو چوارچێوەیەدان.
هەر دژایەتیكردنێكی مەسرور بارزانی لە لایەن دەوڵەتێكی تیرۆریستیی وەك سووریا كەوا خۆی تیرۆری دەوڵەت پێڕەو دەكات جێگەی بایەخ نییە و مەزنترین شانازییە بۆ مەسرور بارزانی ، ئەو كاتەی مەسرور بارزانی لە سەنگەری پاراستنی كوردستان و هاووڵاتییانی كوردستاندا بوو، ئەوكات رژێمی سووریا ژن و منداڵ و پیر و پەككەوتەی سووریای دەكوشت و گازی كیمیایی لە دژیان بەكار دەهێنا، رژێمێكی وەك سووریا كەوا نیوەی هاووڵاتییانی خۆی دەربەدەر كردبێت و نزیكەی ملیۆنێك هاوڵاتی خۆی كوشتبێت و وڵاتەی خۆی وێران كردبێت، ئەوەی تیرۆریستان نەیانكردبێت ئەو كردبێتی چۆن لە رووی دێت باسی كەسایەتییەكی وەك مەسرور بارزانی بكات ؟
بێگومان روانینی رژێمی سووریا بۆ كەسایەتییەكی تێكۆشەری وەك مەسرور بارزانی لای گەلی كوردستان جێگەی بایەخ نییە، لەو سەردەمەدا رژێمی سووریا گەورەترین تیرۆریستە و رژێمێكە لە كردەوەی تیرۆریستیدا كاری وای ئەنجامداوە كەوا رێكخراوە تیرۆریستییەكان ئەنجامیان نەداوە، وەك ئەو كردەوە تیرۆریستییەی كەوا لە (غۆتە) ئەنجامیدا، رژێمێك وڵاتەكەی كردبێتە وێرانەو كورسی دەسەڵاتەكەی لەسەر دەریایەك خوێن و قەڵایەك لە ئیسك و پروسكی هاوڵاتییانی بێت چۆن لەڕووی دێت باسی لیستی تیرۆر بكات! سەرانی رژێمی سووریا لەجیاتی ئەوەی خەریكی دژایەیكردنی مەسرور بارزانی بن، با بچن خەریكی ئاوەدانكردنەوەی وڵاتەكەیان بن نەك زیاتر وێرانكردنی، با بچن خەریكی سپیكردنەوەی رووی رەشی خۆیان بن، كەوا لەسەر ئاستی ناوخۆ و ناوچەكەو نێودەوڵەتیدا، هێندە رووڕەشن رووی هیچ ئاوەدانییەكیان نەماوە.
❊ سكرتێری گشتیی یەكێتی نەتەوەیی دیموكراتی كوردستان YNDK









