شەنگە هاوار كاكەیی
ئەگەر سەرنج بدەینە دۆخی ململانێ و تاكتیكی دونیای سیاسەت كە تەواوی ژیانمانی داگیركردووە مەفهوم و واتای سیاسەت گەیشتووەتە ئاستێك بە واتا هاودژەكەی بكەر بووە. دەستەواژەی (مەبدەء نەماوە بەرژەوەندی زاڵە) بنیشتە خۆشەی سەر زارانە بۆیە هەڵسەنگاندنی رۆڵی بەڕێوەبەرانی كۆمەڵگا لەپیرەوبوونی مەبدەئدا چ، لە كەناڵە حزبییەكان ، چ لە بزووتنەوەی رۆشنبیری فەرهەنگی و كوردیدا چ لە كەناڵە جیاوازەكانیدا مامەڵەی ژیانی رۆژانەماندا دەرئەنجامی دەبێ دوای هەڵسەنگاندنی ئەنجامەكان بە ئەرێنی و یا نەرێنی توانای ئاماژە گەیاندنی پەیامی ئەم واتایە دەستنیشان دەكرێ ئاخۆ تا چەند هەڵگری ئەم واتایەیە چەند و چۆن؟ پیادەی نمایندەی مەبدەئی كردووە لە كاتی سپاردنی ئەركەكانی دا. ئەم هەنگاوەش پلەبەندی لە هەڵسەنگاندنی رۆڵدا هەستی پێدەكرێ، كاتێك تاك دەكەوێتە نێوان بەراوردكردن و هەڵسەنگاندن لە نێوان ئەو ئایدیا و ئەو باوەڕەی كەوا لەسەری پەروەدەكراوە و كە بنەما مەعریفی و زەینییەكان و ئایدیاییەكانی نێوان ئەو پاروە چەورەی لەدەوروبەری دەبریقێتەوە هەڵمی گەرمی لێ بەر بڵاوبووە بۆ گەدە برسییەكان. كاری مەبدەء بە تەواوەتی پێچەوانەی ئەم بەستەڵەكەیە كەوا بنجەوانی راستین، هەڵاوی ڕاستگۆیی لێدەبارێت بەو پێیەی ئەو بنكۆڵە بڕوایانە كە ئەمڕۆ لە ژیانی رۆژانەماندا كاڵبووەتەوە كە بووەتە مایەی دڵگرانی باوەڕدۆستان و هەڵگرانی، چونكە لە پراكتیكدا بەرەو نشوست بوون چوون، كە ئەمڕۆ خاك ئامادە نەبووە و پەین نەكراوە بۆ گەشەی ئەمجۆرە واتایانە كە مەبدەئە. كە لە قوتابخانەی بارزانیدا لە نیو سەدە زێترە كاری بۆ كراوە ـ خاكی بۆ هەڵـكۆڵاوە قوربانیەكی ڕادەربەدەرو بێ وێنەی داوە. بۆیە ئەمرۆ هەر تاكێك هەقە دەسەڵاتی هێز لەم قوتابخانە وەرگرێت خۆی ببێتە دەسەڵات نەوەك چاوەڕێ بكات بەرپرسێك ئەم رەهایەتییەی پێ بگەیەنێت، چونكە ئەگەر بەم بریتیبوونە نەبێت، واتا جەمسەرگیریە و جەمسەرگیری سەرهەڵدەدات و دروست دەبێت. بۆیە ئەم قوتابخانەیە كە وەچەخەری هێزە بۆ پەیڕەوانی ئەگەر رێگاكانیان تەڵبەندە بە دڕكی ئاسنین و فەرشی سوور بۆ دانەنراوە . بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە كەوا كۆڵ نەدەن، بۆ گەڕانەوەی شكۆی مەبدەء كە ئەم هەنگاوە دژوار و پڕ قەیراناوییە تەنها یەك ئامرازی گەرەكە ئەویانیش بڕیار دانە، كەوا ئەم ئەركە تەنها بەو قوتابییە جەسوورانەوە بەخشراون كەوا بە تەواوەتی توانەتەوە لە ڕێواڵەتی مەبدەء هەر بۆیە ئەم ئەركە ئەخەنە سەرشانی خۆیان بێ ئاوڕدانەوە لەدواوە بۆ بینینی ئەو خەسارەت و ئەو قوربانییانەی كە بەئەنجام هاتووە لە كاتی پیادەكردنی رێڕەوی مەبدەئدا. چونكە دەسەڵاتێكی بە خۆی داوە كەوا بەرژەوەندخواز نەبێت، هیچ خودێتی و تاكڕەوی نەخەملێنێتە ناو باوەڕییەوە و بە هیچ شێوەیەك و لە خزمەتی بەرژەوەندی باڵا جڵەوی دەسەڵات وەگەڕخات و هەرگیز سڵ نەكات لە خزمەتكردنی تاك بەتاكی ئەم نیشتمانە لە سەرووی هەموویان چینی قوربانیانی بزاوتی سیاسیی كوردی، وەكو خانەوادەی شەهیدان ئەنفالكراوەكان، زیندانیانی سیاسی، كەمئەندامانی شەڕ ناوخۆ، ئاوارە مێژینەكانی خەڵكی كەركووك، مەندەلی، خانەقین هتد.. كە پاش وەرگرتنی پاداشتە شایستەكانی ئەم چینانە جا نازی خۆی ببارێنێتە سەر فەرمانڕەوای میری، بڵێ من هەم .
بەم شێوە بارزانی تێگەیشتنی بۆ قوتابییەكانی راڤەدەكردن، تەنانەت پێی وابوو نابێت هیچ بەرپرسێك لە پارتی دایك كە پارتی دیموكراتی كوردستانە، بستێك خاك بە تۆمار، واتا تاپۆ بەسەر ناویەوە هەبێت، چونكە ئەوە بەو واتایە كەوا ئەو خاوەن ئەو چەند مەترەیە لە موڵكدارێتی گشتی بێبەش دەبێت. بۆیە لە ئەجێندای ئەم گەنجینە فەرهەنگییەدا زۆر بە نەرمی شرۆڤەكراوە لە لایەن بارزانی باوكەوە، خۆ ئەگەر یا كوردستان یا نەمان بە نموونە وەربگرین.
لە رابردوو هیچ پێشمەرگەیەك ئەگەر رووی بكردایە سەنگەری بەرگریكردن هەرگیز پرس و مەشورەتی بە دەوروپشتی خۆی نەدەكرد و لە زهینیەتی مژوولی ئەوە نەدەبوو، كەوا مانگانەی چەند موچەی هەیە، یا نا، تەنها بیری لە نەسجی كوردستان یان نەمان بوو، چونكە ئەم بنەما فیكرەیەی لەو قوتابخانە ڕاستەوخۆ وەری دەگرت. تەنات وتەی پێشمەرگە خۆی لە خۆیدا واتا مەبدەء و كە ئەمڕۆ كوردستان نیمچە سەر بەخۆییەكی هەیە، گوناه نییە پێشمەرگە موچەی هەبێت، بەڵام با موچەكی شایستەی هەبێت! ئەوەی بەلای بەندە تاوانە قەسەم و سوێندی پەرلەمانتاران بەر پرسە باڵاكانە كە سوێند دەخۆن كە دەست بە كلامی خودا ئەنێن كە پارێزگاری بەرژەوەندی میللەتەكەیان بن، كەچی لە كەس شاراوە نییە هەموومان دركمان بەو راستییە كردووە، ئەگەر پەرلەمان و پۆست وەزارەتەكان راماڵین، لەم شایستە شاهانەیە، كەس مەبدەئی كوردستان یان نەمان پەیڕەو ناكەن، تێكڕایان لە دەوری پارچەكێكی بەرژەوەندی دەخولێنەوە، ئەگەر ئیستیحقاقە داراییەكان ببڕێت نە لەبەردەم پەرلەمان نە لەپێش وەزارەتەكان بۆ پیاسەكردنیش ناڕۆن. بەو پێیە كەوا تەماحی بەرژەوەندی ئەمەش تاوان نییە، ئەم حكوومەتە لەم سەروبەندەدا پێی باشە بەمجۆرە پاداشتی كادیرانی خۆی بكاتەوە، لە هەموو ئەحزابەكان بە چەپ و ڕاستەوە.
بۆیە پێشنیازمان بۆ ئەم حكوومەتە بۆ زاتی سەرۆكی حكوومەتی داهاتوو، رێزدار مەسرور بارزانی، قەسەمی وەزیفی نەمێنێت، وەلانرێت، هەرچەندە دڵنیاین ئەمە مەرجێكی پرۆتۆكۆڵیی رووكەشییە، بەڵام بۆ تۆخبوونی بۆ گەڕانەوەی شكۆی مەبدەء كە ئەم سوێندخواردنە ئەمڕۆ لە مەتبەخی سیاسەتدا بە ئاگرێكی گەرم پێگەییە و بەڵام رێك پێچەوانەی واتای مەبدەئە و لە پراكتیكدا پەیڕەو و بڕیاری یەكلاكەری گەرەكە، نە خاسمە كە ئەم قەسەمە بۆ هەڵگرانی رێبازی بارزانی دووجار نەنگییە. لە پای گوناهێك دووجار دووچاری گوناهن، جارێك بە ناوی خودا، جارێكیش بە ناوی مەبدەئی بارزانی.
بە هیوان هەڤاڵانی رێبازی بارزانی پردێكی پتەوی باوەڕ دروست بكەن، لەم حكوومەتە و لەم كابینە تازەیەدا تا خەونی دوێنێ بە تەڵخاوی ئەمڕۆمان تێوە نەگەلێن، چونكە تا دەمرین لە یەك كانی تونێتیمان دەشكێت، قوڕگمان تامەزرۆی یەك ئاو، یەك سەرچاوەیە، كە ئەوییشان كانیاوە زەوەندەكەی پێشەوایە.
❊ ماستەر لە یاسای گشتی









