بەهای بازاڕی یاریزانانی ریال مەدریدی ئیسپانیا لەدابەزیندایە، لەكاتێكدا هەندێكیان بەهایان بەرز بۆتەوە، لەمبارەیەوە ماڵپەڕی ترانسفێرت ماركێتی تایبەت بە بازاڕكردنی یاریزانان راپۆرتێكی بلوكردەوە و بەهای بازاڕی یاریزانانی ریال مەدریدی دیاریكردووە. بەگوێرەی رۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی ئەو رەوشە ناجێگیرەی ریال مەدریدی تیادا تێدەپەڕێت كاریگەری لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی هەبووە، كە بۆتە هۆی ژمارەیك شكست لە خولی یانە پاڵەوانەكان و لەدەستدانی ژمارەیەكی زۆر لەخاڵەكانی خولی لالیگا، لەگەڵ ئەوەی نەیتوانیوە لەهەندێك یاریدا ئەنجامەكانی لەبەرژەوەندی خۆی یەكلایی بكاتەوە، كە دواینیان بەرامبەر یانەی ڤیاریال بوو، ئمەەش بەهۆی ئاستی لاوازی هەندێك یاریزانان و پێكانی هەندێكی دیكەیان و دووركەوتنەوەیان لەپێكهاتەی سەرەكی بۆتە هۆی دابەزینی بەهای ئەو یاریزانانە لە بازاڕدا، كە 9 یاریزان لەخۆ دەگرێت، تەنها 2 یاریزان بەهای بازاڕیان بەرز بۆتەوە.
- ریگۆلین و یۆرینتی:
لەدواین نوێكردنەوەی ماڵپەڕی ترانسڤێر ماركێتدا بەهای هەردوو یاریزانی لاوی ریال مەدرید سێرگیۆ ریگۆلین و ماركۆس یۆرێنتی بەرز بۆتەوە، ئەمەی یەكەم لە 5 ملیۆن ب 7.5 ملیۆن یۆرۆ، یۆرێنتیش لە 12 ملیۆن بۆتە 15 ملیۆن یۆرۆ. فاكتەری بەرزبوونەوەی بەهای ریگۆلین توانی كێشە جەستەییەكانی یاریزانی بەرازیلی مارسێلۆ بقۆزێتەوەو ئاستێكی باش لەشوێنی ئەو پێشكەش بكات، كە تاكو ئێستا 495 خولەك بەشداری كردووە لەگەڵ یارییە ئامادەكارییەكانی سەرەتای وەرز.سەبارەت بە یۆرێنتی توانی هەلی پێكانی یاریزان كاسیمێرۆ بقۆزێتەوەو خۆی لەشوێنی ئەو بسەلمێنێت كە بۆتە توخمێكی سەرەكی لەگەڵ ئەوەی لەدوایین مەشقی ساڵی 2018 تووشی پێكان بۆوە.
- بەهای 9 یاریزان لەدابەزیندایە:
بەهای 9 یاریزانی یانەی شاهانە لەدابەزیندایە بەهۆی ئەوەی هەندێكیان تووشی پێكان بوونەو هەندێكیشان زۆر بەكەمی بەشداری پێكهاتەی سەرەكی دەكەن، بەهۆی لەدستدانی بەشێكی ئاستیان كە پێشتر پێی ناسرابوون، ئەوانیش (كیلۆر ناڤاس كە بەهای لە 18 ملیۆن بۆ 15 ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە، ئەمە بەهۆی دوورخستنەوەی لەپێكهاتەی سەرەكی، دوای هاتنی تیۆ كۆرتوا، هەروەها گۆڵپارێزی سێیەمی ریال كاسیا كە بەهای لە 6ملیۆن بۆ 3ملیۆن یۆرۆ دابەزیوە، دوای دوورخستنەوەی بەتەواوی لەیارییەكان، پاشان رامۆس دێت كە بەهای لە 40 ملیۆن بۆتە 30 ملیۆن یۆرۆ، ئینجا ناچۆ لە 35 ملیۆن بۆ 30 ملیۆن یۆرۆ بەهۆی پێكانە بەردەوامەكانی لەچەند مانگی رابردوودا، هەروەها ڤایێخۆ بەهای لە 12 ملیۆن بۆتە 10 ملیۆن یۆرۆ بەهۆی پێكانە دووبارەكانی و تەنها 90 خولەك لەم وەرزەدا یاری كردووە، ئینجا ئیسكۆ دێت كە بەهای لە 90 ملیۆن گەڕاوەتەوە 75ملیۆن یۆرۆ، بەهۆی دەرچوونی لەپێكهاتەی سەرەكی سۆلاری، ماركۆ ئاسینسۆ بەهای لە 90 ملیۆن بۆ 80 ملیۆن دابەزیوە، كە هەمان كێشەی ئیسكۆی لەگەڵ سۆلاری هەیە. ئینجا گاریس بێڵ دێت كە بەهای لە 90 ملیۆن بۆتە 80 ملیۆن بەهۆی پێكانە زۆرەكانی ئەم وەرزەی، ماریانۆ دەیازیش بەهای لە 22 ملیۆن بۆ 20 ملیۆن دابەزیوە، بەهۆی دووركەوتنەوەی لە پێكهاتەی تیپەكەی و پێكانی ئەم دواییەی، كە كۆی گشتی زیانەكانی ریال مەدرید لەدابەزینی نرخی یاریزانانی 60 ملیۆن یۆرۆیە.
- 13 یاریزانی شاهانە پارێزگاری لەنرخی خۆیان لە بازاڕەكاندا دەكەن:
سەبارەت بە نرخی ئەو یاریزانانەی ریال مەدرید كە هێشتا پارێزگاری لەنرخی پێشوویان دەكەن، بەگوێرەی راپۆرتەكەی ترانسڤێر ماركێت، بریتین لە كۆرتوای گۆڵپارێز كە بەهای 65ملیۆن یۆرۆیە، ئاودریۆزۆلا بەهای 30ملیۆن یۆرۆ ماوەتەوە، ڤینسیۆس 35ملیۆن یۆرۆ، رافائێل ڤاران 80ملیۆن یۆرۆ، مارسێلۆ 70ملیۆن یۆرۆ، كارڤەخال 60 ملیۆن یۆرۆ، كاسیمێرۆ 70ملیۆن یۆرۆ، كرۆس 80 ملیۆن یۆرۆ، لۆكا مۆدریچ 25 ملیۆن یۆرۆ، سیپایۆس 20 ملیۆن یۆرۆ، ڤالڤێردی 6ملیۆن یۆرۆ، ڤاسكێز 25ملیۆن یۆرۆ، بنزیما 40ملیۆن یۆرۆ.









