د. سۆزان ئامێدی
وەك مێدیاكان ئاماژەی بۆ دەكەن حكوومەتی دیمەشق لیستێكی 615 كەسی و 105 ی قەوارەیی بڵاوكردۆتەوە گوایە ئەوان یارمەتیدەری گرووپە چەكدارەكانن و ئۆپۆزسیۆنی سوریا تاوانباریان دەكات.پێدەچێت حكوومەت بەپێی هەڵوێستی سیاسیی ئەو لیستەی رێكخستبێت، چونكە هەر لە سەرەتای شۆڕشی سوریاوە راستییەكە روون و ئاشكرایە و شتێكی نامۆ نییە، كە حكوومەتی سوریا ناوی هیچ كەسێكی لە لیستەكەی خۆی نەهێناوە كە بە رەگەز ئێرانی بێت.! ئەمەش لەو كاتەدایە، كە چەندین جار هێزە ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، كە ئێران پەیوەندی بە رێكخراوە تیرۆرستییەكانەوە هەیە لە سوریا و بە هەموو جۆرێك هاوكارییان دەكات، كە ئەمەش شتێكی جێگیرەو بەڵگەیەكی زۆر هەیە. هەروەها حكوومەتی عیراقی و ئەمەریكی ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە، كە بۆ ئەم مەبەستەش ئێران بنكەی راهێنانی بۆ كەسایەتی و گرووپەكانی قاعیدە كردۆتەوە و مامەڵەیان لەگەڵ دەكات. هەروەها بەپێی زانیارییەكانمەوە شتێكی نامۆ نییە، كە لیستەكە لە مەزهەبی سونی بن. ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە وەكو كورد ئەوەیە كە بەبێ هیچ بنەمایەك ناوی مەسرور بارزانی لەم لیستە هاتووە، ئەمەش مایەی پێكەنینە بەوپێیەی كەسایەتیەكی ناسراوە لەسەر ئاستی ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەوەو یەكێك بووە لە كەسایەتیە گرنگەكانی ناو هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی تیرۆر و رۆڵێكی سەرەكی بینیوە لە نەهێشتنی داعش و سەقامگیری ئاسایش و ئارامی كوردستان بە گەواهی وڵاتانی زلهێز. ئەمەش بێگومان لە لێدوان و چاوپێكەوتنەكانیان بەدەردەكەوێت، كە دواهەمینیان لێدوانەكانی جیل دی كرۆف رێكخەری كاروباری نەهێشتنی تیرۆر بوو لە یەكێتی ئەوروپا.
لە راستیدا هەڵوێستی رێزدار مسعود بارزانی بەرامبەر بەوەی كە هەرێمی كوردستان نەبێتە رێڕەوێكی ئەمین بۆ گواستنەوەی لۆجستی ئێران بۆ سوریا و سەركەوتنی مسرور بارزانی لە دامەزراندنی رێكخراوێكی خێرخوازی لەپێناو یارمەتیدانی پەنابەرو ئاوارەكان و سەركەوتنی حزبەكەی لە هەردوو هەڵبژاردنەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان و پاڵاوتنی بۆ سەرۆكایەتی حكوومەتی دادێی هەرێم لە 3 ی كانوونی یەكەمی 2018، بۆتە مایەی گوشارێكی زۆری بۆ سەر حزبێكی نزیك لە ئێران. ئەوە بۆیە سوریا بەهەموو توانایەكییوە لە هەوڵی ئەوەدایە ئەستێرەی ئەو كەسایەتییە بەهێزەی كورد لاواز بكات تەنها لەبەر ئەوەی كە مسرور بارزانی لە پەرلەمانی یەكێتی ئەوروپا بەرگری لە كوردی سوریا كردووەو لە حكوومەتی سوریای پرسیوە بۆچی لە سوریا كوردیان لە ناسنامە بێ بەش كردوون و بە هاووڵاتی پلە دووەمین و سێیەمینیان دادەنێت و لەسەر ئەم بنەمایە مامەڵەیان لەگەڵ دەكات. ئەگەر مییلەتی سوریا خۆی بڕیاردەری ئەوەی دابا ئاخۆكێ و چ لایەنێك؟ موستەحەقی ئەوەیە كە بخرێتە نێو لیستی تیرۆرەوە، ئەوا دەماندیت كە چەندین رژێمی سیاسی خۆیان و بەرپرسەكانیان و حزب و رێكخاروەكانیان دەبوایە بخرێنە لیستی تیڕورەوە ئەوانەی كە دروستكەری تیرۆرن لەو ڵاتان و ناوچەو دەڤەرەكاندا، لەپێناو ئەجیندای ئابووری و سیاسیی. لە راستیدا بوونی ناوی ئەو كەسایەتییە كوردیە تۆمەتێكە مایەی پێكەنینە، یان وەك پەندەكە دەڵێت” لێیدام و گریان كرد و بەرلەمن شكاتی كرد”، پاش ئەو هەموو تاوانەی دەرهەق بە كورد كردوویەتی حكوومەتی بەعسی دیمەشق، كە دەستی بە خوێنی گەلانی سوریاوە سوورە تۆمەت دەخاتە پاڵ تاكی خێزانێك، كە خۆیان قوربانی دەستی تاوانەكانی بەعسن، لەكاتێكدا بەعس خۆیان بنكە و بنەمای گروپە تیرۆریستیەكان.
لە عەرەبییەوە: شوان سەرابی









