خهبات: د. كەیفی ئەحمەد
ڤیان مەجید محەمەد ساڵح بێتووشیم ناسراوم بە ڤیان بێتووشی لە نێو باوەشی خانەوادەیەكی كۆیی و لە شاری سلێمانی لە دایكبووە، چونكە باوكی لە ساڵی پەنجاكان بۆ خوێندن چووە بۆ سلێمانی و دوایە چۆتەوە بۆ كۆیە و لەوێ ژنی هێناوە و پاشان لە سلێمانی نیشتەجێ بوون، هەر لە سلێمانی چۆتە بەر خوێندن و هەموو قۆناغەكانی خوێندنی لەو شارە تەواو كردووە، كە دەرچووی پەیمانگای تەندروستی باڵایە، هەر چەند خۆی زۆر حەزی لە ئەكادیمیای هونەرە جوانەكانی بەغدا دەكرد، بەڵام بە هۆی خۆشەویستی خێزانەكەی بۆی و هەڵنەكردن بەبێ ئەو، خواستەكەی لە گۆڕنا. خاتوو ڤیان ئێستا لە دەرەوە نیشتەجێیە، كەسێكی چالاكیی بواری كاری رێكخراوەیی و چالاكییە مەدەنییەكانیشە، بۆ زیاتر ئاشنا بوون بە كار و توانا و پرۆژەكانی، چەند پرسیارێكمان ئاڕاستەكرد.
❊ دەستپێك و سەرەتای چوونت بۆ نێو دنیای ئەدەب چۆن بوو؟
دەسپێكی نووسینم دەگەڕێتەوە بۆ قۆناغی ناوەندیم، زۆر ئارەزووی خوێندنەوەم دەكرد، هەمیشە پشتی دەفتەرەكانم كردبوو بە مەخزەنی كۆپلە شیعرەكانم، بەس بۆ خۆشی خۆم دەمنووسی، ڕۆژێ لە ڕۆژان بە تەمای ئەوە نەبووم ئەو شیعرو بەرهەمانەم بڵاوبكەمەوە.
❊ لە كوردستان یان لە هەندەران دەستت بە هۆنینەوەی شیعر كرد؟
ئەوەی زیاتر كاری تێكردم، پەرە بە بەهرەكەم بدەم هەندەران بوو، كە ڕەشە با لە بنی هەڵكێشام و بارانی غەریبی تەڕی كردم و ئازاری غەریبی لوولیدام و كردمیە داری سەركەلی هەندەران، دەریایەكی قووڵە مەلە نەزانی تێیدا دەخنكێیت، دەبێت زۆر لێزانانە مەلەی تێدا بكەیت، بۆ ئەوە لە نێوەڕاستدا گیر نەخۆی و بۆ لێوار بڕۆی و لەنگەر بگری.
❊ پاڵنەری رووكردنە ئەو بوارە چی بوو؟ كۆمەڵایەتی، نیشتیمانی، نەتەوەیی، یان حەزو ئارەزووی خۆت بوو؟
من شیعر وەك كانیەك دەبینم، كە لەناخەوە هەڵدەقوڵێت. چرایەكە لە ناخمدا دادەگیرسێت و هەست بە ئارامی دەكەم، بە وشەكانی ناخم پەڕەی سپی پێ ڕەش دەكەمە وە، دەبێت لەو كاتانەی شیعرم بۆدێت وەرەقەو قەڵەمم لابێت، بۆ ئەوەی بینووسمەوە، ئەگینا لە بیرم دەچێتەوە، هەموو شیعرێكم كاردانەوەی كارەساتەكانە، كە ڕوو دەدەن، یان روویانداوە، جا خۆشی بێت یا ناخۆشی، هەندێ شیعرم هەیە واقعیە، هەمە لە سەر ژیان و ژانی ژنە، هەمە لە سەر نیشتیمان و ژانەكانی نیشتمانە. لە سەر خۆشەویستی .. تاد.
❊ لەو سەرەتایەدا تێڕوانینی خەڵك و دەوروبەر چۆن بوو؟ هەڵوێستی خانەوادەكەت چۆن بوو؟
هەموو خێزانێكی ڕۆشنفكرو شیعر دۆست بە تاكید خۆشحاڵ دەبن و باوەشی خۆشەویستیت بۆ دەگرنەوە و هاندەریشت دەبن، منیش بێبەش نەبووم لەو دۆخ و واقیعە.
❊ لە ناونیشان و نێوەرۆكی شیعرەكانتدا باسی مۆسیقا و هەستی مۆسیقی دەكەی، ئایا هیچ شارەزاییت لە بواری مۆسیقادا هەیە؟
بەداخەوە! من كەمێك شارە زایم هەیە لە بواری مۆزیك . بەڵام زۆرم حەز لە گوێگرتنی هەندێك مۆزیكە، چونكە دڵ و دەروونم ئارام دەكاتەوە، بە تایبەتی هەندێك مۆزیكی كلاسیكی، كە تامو چێژێكی تایبەتم پێدەبەخشێ.
❊ شیعر بە لای تۆوە چی دەگەیەنێت ؟
شیعر هەڵقوڵانی هەست و نەستە لە ناخی دڵ و دەروونەوە دەرەچێت بۆ سەر پەڕەی سپی و بە نۆتەكانی دەینەخشێنێ، شیعر گڵۆپێكە لە دڵەوە هەڵدەكرێت و هەست بە ئارامی دەكەیت، ئیتر نیشتمانی بێت یا كۆمەڵایەتی یان هەر لایەنێكی دیكە بێت.
❊ ئایا شیعر گوزارشتی ناخی خودی شاعیرە یان گوزارشتە لە كۆمەڵگەو دەوروبەرو سرووشت؟
شیعر تەنها گوزارشت لە ناخی خودی شاعیر ناكات، بەڵكو گوزارشت لە دەورو بەرەكەشی دەكات، كاردانەوەی ڕووداوەكانە، تا ڕووداوێك كارت تێنەكات، كاردانەوەت نابێ و ناتوانی بنووسی.
❊ تۆ زیاتر چ رێبازێكی ئەدەبی لە هۆنراوەكانتدا پەیڕەو دەكەی؟ بۆچی؟
وەك پێشتر باسمكرد، من زۆر حەزم لە هۆنراوەی كلاسیكییە. سەرەتای دەستپێكرنیشم زیاتر شیعری كلاسیكی بوو، لە هەمانكاتدا شیعری نوێشم دەنووسین. هەروەها هەموو شاعیرێكیش شێوازێكی تایبەت بە خۆی هەیە.
❊ سوودت لە رێبازی كلاسیك و شاعیرانی كۆن وەرگرتووە؟
من شیعر بە زۆر ڕێكناخەم وەك باسمكرد، بەڵكو لە ناخمەوە دەردەچێت، جا كات و ساتی بۆ نییە، هەر ئەو كاتانەی لە ناخمەوە دێت نەیخەمە سەر پەڕەی سپی و نەینووسم لە فكرم دەچێتەوە و بار دەكات.
❊ چۆن لە كلتوور و داب و نەریتی كۆمەڵایەتی دەڕوانیت؟
من شانازی دەكەم بە داب و نەریتە كۆمەڵایەتییەكانی خۆمەوە، بە مەرجێك گوڵبژێر بكرێت، ئازاردان و ژنكوشتن و توندو تیژییەكانی تێدا قەدەغە بكرێت.
❊ ئایا گرنگ و پێویستە، كە شاعیر سوود لە كلتووری نەتەوەكەی وەربگرێت؟ بۆچی؟
بە دڵنیاییەوە. پێویستە ئێمە سوود لە كەلتوری نەتەوە پێشكەوتووەكان وەربگرین، وەك هەر هەموو نەتەوەیەكی دیكەی پێشكەوتووخواز پێویستمان بە نوێخوازی هەیە، پێویستە شتە جوانەكانیان وەربگرین، بۆ ئەوەی كۆمەڵگای ئێمەش وەك هەموو كۆمەڵە پێشكەوتووخواز ەكانی دیكەی لێبێت و لە پێشكەوتن بێبەری نەبین.
❊ زیاتر سوود لە كلتوورو دابو نەریت و واقیعی ناوچەكەت یان نەتەوەو نیشتیمانەكەت وەر دەگری؟ بۆچی؟
من وەك كوردێك داب و نەریتی كوردەواریی خۆم لە دەستنەداوە و زۆر ڕێزم لێگرتووە و پاراستوومە. سوودم لێوەرگرتووە بۆ خۆم و منداڵەكانم و هەوڵی زۆرم لە گەڵدا داون، تا ڕادەیەك لە سەر داب و نەریتی كوردەواریی خۆمان ڕامهێناون . لە وڵاتی غەریبیدا زۆر قورسەو زۆر پێیانەوە هیلاك دەبم . چونكە منداڵەكانم لە كۆمەڵگەیەكی جیاواز و كەلتورێكی جیاواز و داب و نەریتێكی جیاوازدا دەژین، هەر لە سەرەتای ژیانیانەوە، لەگەڵ كەلتوری ئەوروپی گەورە بوون. بەڵام لە هەمانكاتدا پێویستە سوود لە داب و نەریتی وڵاتەكانی دیش وەربگرن كە سوودمەند بن و ئیستیفادەی هەبێت بۆ نیشتمانەكەم.
❊ ئەگەر لە بەرهەمەكانی داهاتووتدا، هەر بەتەمای لە سەر ئەو شێوازە بەردەوام بیت، یان گۆڕانكاری لە شێوازتدا دەكەی؟
بە تاكید ئەگەر هەر بەردەوام بم لە نووسین لەگەڵ ڕۆژگاردا گۆڕانكاری بە سەر نووسینەكانیشمدا دێت و شتی جوانترو باشتر دەنووسم.
❊ تۆ ئەزموونێكی بە ئاكام نەگەیوت لە بوارێكی دیكەی گرنگی ئەدەبدا هەیە، ئەویش رۆماننووسییە، ئەگەر باسێكی ئەو ئەزموونەشت بكەی؟
هەر چەندە من تازە وردە وردە دەستم كردۆتەوە بە نووسین، من ماوەیەكی دوورو درێژ بەداخەوە لە نووسین كەوتبوومەوە. ئەویش هۆكاری زۆری لە پشتەوەیە ناوترێت. هەروەها هۆكارێكیش دەگەڕێتەوە بۆ سووتانی ماڵەكەم و بەرهەمی نووسینی چەند ساڵەمی كرد بە سووتوو، بوو بە زووخاو لە دڵمدا، بە ڕاستی زۆر كاری تێكردم و وازم لە نووسینی هەموو شتێك هێنا.. چونكە چەند ساڵێك بوو خەریكی نووسینی ڕۆمان بووم و زۆر دڵم پێیخۆش و ئاسوودە بوو زۆریش لەگەڵی ماندوو بووم و هەنگاوی زۆرم نابوو و زۆرم نووسیبوو، چونكە هەر جارەی هەندێكم دەنووسی و زۆر پەلەپڕووكێم لێی نەدەكرد و هەنگاوی باش و لەسەرەخۆ و پتەوم دەنا.
❊ چەند رۆمانت لە نێو چوون؟
كاتێ ماڵەكەم سووتا، من دوو رۆمانم نووسیبوو، كە بەداخەوە هیچ شتێكم بۆ دەرنەچوو، هەمووی سووتا لەگەڵ چەندەها شیعرم كە هیچیانم بڵاونەكردبوونەوە، چونكە ماڵ سووتانەكەم بە جۆرێك بوو هیچم بۆ دەرنەچوو، بە شێوەیەك ببوە جێی باس لە سۆشیال میدیاكان، لە تەلەفزیونی ئەڵمانیا باسیان لێوە دەكردو رۆژنامەكان لە سەریان نووسی، بە ڕاستی نووسینی ئەو ڕۆمانانەو چەندین شیعری بڵاونەكراوە، كە بەرهەمی چەند ساڵەم بوون، زۆر نیگەرانیان كردم و زۆر بەداخەوەم بۆیان، كە لە چاو تروكانێكدا ئەو رەنجانە لە نێو چوون.
❊ ناتوانی دووبارە بیاننووسییەوە یان بە شێوازێكی دیكە دایانبڕێژیتەوە؟
بەڕاست من ئەگەر بە ئارەزووی دڵی خۆم بێت حەز دەكەم باقی تەمەنی خۆم بە نووسین تەرخان بكەم ، بەڵام وەك دەزانین لەم وڵاتەدا كەمی كات و زۆری كار بوارت پێنادا بە دڵی خۆت بنووسی، چونكە مرۆڤ هەموو كاتێك ناتوانێت بە ئازادی ئیشی خۆی هەڵبژێرێت، جاری واهەیە بە بێ خواستی خۆت كارێكت بە سەردا دەسەپێت، كە ناچاری پەیڕەوی بكەیت. بەڵام گەر كاتم بۆ ڕەخسا هەوڵدەدەم دووبارە تێهەڵبچمەوە بیانخەمەوە سەر پەڕە و بیاننووسمەوە.









