خهبات: هاوار مورتكەی
ئەكادیمای ABC Chess كە ئەكادیمیایەكی ئیكوادۆری تایبەت بە شەترەنجەو ئامانجی سەرەكی فێركردنی منداڵان و لاوانە، تا ئێستاش چەندین یاریزانی پیگەیاندووە كە توانیویانە نازناوی ئیكوادۆر بەدەست بهێنن، لاپەڕەی وەرزشی رۆژنامەی خەبات دیمانەیەكی لەگەل ئیدواردۆ ریناتۆ بەڕێوەبەری ئەكادیمیاكە ئەنجامدا، كە تیایدا تیشكی خستە سەر ئامانج و پرۆگرامی ئەكادیمیاكە و هەروەها ئەوانەی لەو ئەكادیمیایەدا كاردەكەن.
ئیدواردۆ ریناتۆ بەڕێوەبەری ئەكادیمیای ABC Chess لە سەرەتادا گوتی: بێگومان ئامانجی سەرەكی ئێمە لەو ئەكادیمیایە ئەوەیە كە مناڵان فێری شەترەنج بكەین، دیارە هەموو ئەو راستیەش دەزانین كە شەترەنج یارمەتیدەری منداڵانە بۆ گەشەكردنی مێشكیان، شەترەنج یارییەكە لە زۆر رووەوە سوود بە مرۆڤ دەگەیەنێت، دیارە كاركردنیش لەگەڵ منداڵان پیشەیەكی زۆر پیرۆزە.
دواتر بەڕێوەبەری ئەكادیمای ئەی بی سی چێس گوتی: نزیكەی 10 ساڵە ئەو ئەكادیمیایەمان دامەزراندووە، چەندین بەهرەمان پیگەیاندووە كە توانیویانە لە شەترەنجدا ببنە پاڵەوان لەسەر ئاستی ئیكوادۆر، ئامانجی ئەكادیمیاكەمان فێركردنی منداڵ و لاوانە، بەڵام لەهەمووی گرنگتر، فێركردنی قییەم و رەخساندنی ژینگەیەكی لەبار بۆ كچ و كوڕە منالەكان، رەوشتیكی جوانیان بۆ ژیان هەبێت، بۆ ئەمەش شەترەنج زۆر هاوكارە كە بتوانین منداڵان بەو ئامانجانە بگەیەنین، شەترەنج فێرە ئەوەت دەكات كە بڕیاری تایبەت بدەیت، هەروەها رووبەڕوبوونەوە بڕیارەهەلەكانت و چۆنیتی دەرباز بوون لێیان، ئامانجی ئێمە لەم ئەكادیمیایەدا هەر ئەوە نییە فێرە شەترەنجیان بكەین، بەڵكو دەمانەوێ پیشەگەر بن زیاتر لەوەی كە یاریزانێكی شەترەنجن دەتوانم بڵێم ئامانجی سەرەكی ئەكادیمیاكەمان پێگەیاندنی نەوەیەكی دروستە لە رێگای شەترەنجەوە.
لە كۆتاییدا ئەلبرتۆ ریناتۆ گوتی: بەو پێیە من شارەزاییەكی تەواوم لە راهێنانی شەترەنج هەیە و 31 ساڵە لەنێو ئەو بوارەمدام، هەروەها ژمارەیەك لە پاڵەوانەكانی شەترەنجی ئیكوادۆر لەگەڵمن و هاوكارمن لە پێدانی زانیاری، لەگەڵ ئەوەشدا كۆنتاكتمان لەگەڵ زۆرێك لە ئەكادیمیا و سەنتەرەكانی شەترەنج هەیە لە ئالوگۆڕكردنی زانیارییەكان، سەبارەت بە سپۆنسەریش ئەوا بێگومان كاتێك ئەكادیمیاكەمان ئەنجامی باشمان دەبێت دەتوانین سپۆنسەر پەیدابكەین بۆ ئەوەی زیاتر كارەكانمان پەرەپێ بدەین و پێشی بخەین و زۆرترین ژمارە لە قوتابیان لەدەوری ئەكادیمیاكەمان كۆبكەینەوە.









