خهبات: حوسێن رەسوڵ – سۆران
گوندی ناورۆین دەكەوێتە باكووری ڕۆژهەڵاتی ناحیەی دیانا، ژمارەی دانیشتووانی دەگاتە نزیكەی 25ماڵ، ئەم گوندە تا ئێستا لە چەندین پرۆژەی ئاو و كارەبا و رێگاو كەرتی تەندروستی و لە چەند خزمەتگوزاری تر بێبەش كراوە.
قادر خەلیل عەبدولرەحمان موختاری گوندی ناورۆین گوتی: “بە هۆی نەبوونی خزمەتگوزارییەكان دانیشتووانی گوندەكەمان شوێنەكانیان جێ دێلن و كۆچ دەكەن بەرەو شار، هەروەها ناوبراو دەڵێ: جادەی ناو گوندەكەمان قیرتاو نەكراوە لە كاتی زستان ناتوانین پێیدا بڕۆین، چەندینجار داوامان لە حكوومەت و شارەوانی سۆران كردووە لە زۆربەی شوێن نووسراومان كردووە، بەڵام كەس بە هانامان نەهاتووە، ئەو خزمەتگوزارییانەی بۆمان كراوە تەنیا قوتابخانەیە ئەویش تاوەكو پۆلی نۆییە، بۆیە زەحمەتێكی زۆری بۆ قوتابیەكان دروست كردووە، بەمەش قوتابیەكان داوا لە دایك و باوكیان دەكەن یان ئەوەیە بچن بۆ شار یان دەبێ هاتووچۆیان پێبكرێت ئەمەش دەبێتە هۆی كۆسپێك بۆ خەڵكی گوندەكەمان.
لە درێژەی قسەكانی باسی لەوە كرد: نزیكەی 15 ماڵ بە هۆی نەبوونی ئەم خزمەتگوزاریانە گوندەكەیان چۆلیان كردووە، تا ئێستا كەرتی تەندروستیمان نییە زەحمەتێكی زۆری بۆ درووست كردووین، رزگار عەلی: گەنجێكی گوندی ناورۆینە و قوتابییە لە زانكۆی سۆران ئەو دەڵێت :”ئێمە وەك گەنجانی گوندی ناوڕۆین تا ئێستا شۆێنێكمان نییە كە تایبەت كرا بێت بە گەنج، نزیكەی پێنج مانگە مۆلیدەكەمان كار ناكەت، گوتیشی: قوتابخانەی ئامادەیی و زانیستیمان نییە چەندان قوتابی وازیان لە خوێندن هێناوە بەهۆی دووریی قوتابخانە بەتایبەتی كچ، چونكە لەبەر ئەوەی دەبێت بچن بۆ ناوندی شار بخوێنن.
ئەمیر فاخر :بەرێوبەری شارەوانی سۆران باس لەكەمی پرۆژە و خزمەتگوزارییەكانی گوندی ناوڕۆین كرد و گوتی :گوندی ناورۆین خەڵكی باش و خەمخۆری میللەتی تێداییە، ئەوان بژێوی ژیانیان بە كاسبی و مەڕ و ماڵات بەسەر دەبەن، ئەو خزمەتگوزاریانەشی كە بۆی نەكراوە بەهۆی قەیرانی دارایی بووە، ناوبراو گوتی : ماستەر پلانەكانی ئێمە ناگاتە گوندی ناورۆین، چونكە بە حوكمی ئەوەی لە دەرەوەی سنووری سۆرانە، بەڵام ئێمە وەك شارەوانی هەوڵدەدەین بەدواداچوون بكەین بۆ گوندی ناورۆین.
لای خۆشییەوە مەغدید عەریف: بەڕیوەبەری ناحیەی دیانا گوتی: گوندی ناوڕۆین یەكێكە لەو گوندانەی سنووری ناحیەی دیانایەو لە ساڵانی رابردوو لە دوای راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری ساڵی 1991وە كە گوندانەكان ئاوەدان بوونەوەو حكوومەتی هەرێم بە پێی توانا خزمەتگوزاری گەیاندۆتە سەرجەم گوندەكان، ئەو دەشڵێت: گوندی ناورۆین لە پرۆژە و خزمەتگوزارییەكان بێ بەش نەبووە، قوتابخانەشی لێیە تا پۆلی نۆ تایبەتە بە خۆیان خوێندنی تێدا دەكرێت، كارەبای نیشتیمانی لێیە و مۆلیدەی تایبەت بە خۆیان هەیە، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی كارەبای نیشتیمانی بەم شوێنانە لە رێگەی بەرێوبەرایەتی دابەشكردنی كارەبا مۆلیدەكان هەڵگیرانەوە، بەڵام گوندی ناورۆین یەكێكە لەم گوندانە كە مۆلیدەكەی هەڵنەگیراوەتەوە.









