خهبات: شكۆ كەناری
هونەرمەندان و رۆشنبیرانی سلێمانی، نیگەرانن لە دیاردەی بێسەروبەری دۆبڵاژكردنی فیلم و دراما بیانییەكان و پێیانوایە دەبێ سانسۆر لەسەر دۆبلاژكردنیان دابنرێ و بە فیلتەردا تێپەڕ ببن، چونكە زۆربەیان لەگەڵ كولتوور و پەروەردەی وڵاتی ئێمە نایەنەوە.
ئازاد پێنجوێنی سینەماكار لەو بارەیەوە دەڵێت: بە راستی من ئەم دیاردە خەراپەم ناوە ئەنفالی سپی بەسەر كۆمەڵگای ڕۆشبیریدا، بەسەر ئەو ئاستەی كە ئێمەی كورد خاوەنی سینەمای خۆمان نەبین، بە داخەوە كاریگەری خراپی بە جێهێشتووە. لە دوای پەخشكردنی ئەم ئاڵقە دوبلاژكراوانە كورد و فەرهەنگی كوردی خراپ كردووە، من پێموایە كۆمەڵگاش كەمتەرخەمە، چونكە ئەگەر وشیارییان ئەوەندە بەرزبێ، دەبێ كارێك بكەن كە ڕێگا نەدەن بەم كەناڵانە ئەو ئاڵقە دوبلاژكاوانە نمایش بكەن كە نەفەرهەنگی ئێمەیە نە خزمەت بە تاكی ئێمە دەكات.
تاكی كوردی بەرەو ماڵوێرانی بردووە، بۆ نموونە با بە راشكاوی قسە بكەین پرسی لایەنە جوانەكانی بەرەو ئاقاڵی خراپ بردوە، چونكە پێموایە تەنها ئەم ئاڵقەی دوبلاژكاوانە بەرەو لێدانی كولتووری كوردییە بۆ لێدانی فەرهەنگی كوردییە، بۆیە چیدیكە ڕێگە نەدرێ بە سەیركردنی ئەم درامایانە كە وەكو دیاردەیەك ئێمە ئێواران كاتەكانی خۆمان بە سەركردنی ئەم ئاڵقە دۆبلاژكراوانەوە بەسەردەبەین. من دەخوازم لە وەزارەتی ڕۆشبیری و لاوان، لە خەمخۆرانی كوردی، كۆمەڵگاو فەرهەنگی كوردی ئەم كەناڵانە بایكۆت بكەن بۆئەوەی بە خۆیاندا بچنەوە، چەندەها درامای كوردیمان هەیە، سینەمای كوردیمان هەیە، فیلمی شاكاری كۆنمان هەیە، بەراستی تاوانە جیلی تازە ئاشنا نەبێ بە دراماكەمان، من وەك ئازاد پێنجوێنی بۆ سینەمام ئاشنا نەبێ ، هەمووی وای لێهاتووە، ئاوڕدەداتەوە بۆ بەرهەمە بیانیەكان، شتی خۆمان وەلا دەنێین، ئێمە هەمیشە بێگانە پەرست بووین، هەمیشە شتی خۆمان پێ سووكە، ئەم كۆمپانیا هونەرییانە بەس ناویان هەیە، هیچ كاری فلیم و درامای كوردییان نەكردوە، دەبێ كەرتی تایبەت درامای كوردی بەرەو پێش بەرن، ئاوڕ لە درامای كوردی بدەنەوە، بەڵام وەزارتی ڕۆشنبیری بە كەمتەرخەم دەزانم.
ئیسماعیل تاڵەبانی شاعیریش لەو بارەیەوە دەڵێت: هیوادارم وەزارەتی ڕۆشنبیری یاخود كەناڵە راگەیاندنەكان كە ئەم فلیم و دراما بیانییانە دەكەنە كوردی بە فلتەردا تێپەرن بە بەرپرسیاریەوە یاخود ئەو دراما یان فلیمانە پەخش دەكەن هیوادارم بەتایبەت وەرگێڕانەكەیان، یاخود دەقەكە یان كۆی فلیمەكە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بێ و خزمەت بە تاكی كوردی بكات، خزمەت بە كۆمەڵگای كوردی بكات كار نە كاتە دەقە كوردییەكان، كاریگەریی نەرێنی نەكاتە سەر منداڵان بۆ ئەوەی ڕوئیای جوانیان هەبێ، دونیای جوانیان هەبێ، هەمیشە تاكی كورد بەگشتی بە ئاقاری جوان بەرن و كارنەكاتە ئاقاری خراپ و دەروونی كۆمەڵگا و هزرو تاكی كورد هیوادارم بە ئاگاوە بە فلتەردا بڕوات.









